کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران زۆرترین ڕۆچوونی خاکی لە جیهاندا هەیە

13:07 - 23 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بە کۆمەلێک هۆکارەی ناسرووشتی ساڵانە ١١ تۆن لە خاکی ئێران ڕۆ دەچێت کە ئەمە بە مەترسییەکی دیکە بۆ سەر ژینگەی ئێران دەژمێردرێ.

عیسا کەلانتەری بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم، لە تازەترین لێدوانیدا باسی لە ڕۆچوونی خاک لە ئێراندا کردووە و وتوویەتی: تەمەنی ڕۆچوونی خاک لە ئێران ٢٥ ساڵە واتە لە هەر میتری چوارگۆشە ٢٣٠ میلی میتر خاک ڕۆ دەچێت و ئەم ڕەقەمەش لە ئاستی جیهانیدا زۆرترین ڕۆچوونە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، ئاماژەی بەوە کردووە کە لانیکەم ٣٠ ساڵ دەخایەنێت هەتا یەک سانتی میتر خاک شکڵ بگرێت، لە حاڵیکدا ساڵانە ١٠ تا ١١ تۆن خاک لە ئێران ڕۆدەچێت.

عیسا کەلانتەری، هۆکاری سەرەکی ڕۆچوونی خاک لە ئێرانی بۆ بەرداشتی بێسەروبەرە لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوینی و بە گشتی بەتاڵ کردنی سفرە ئاوییەکانی ژێرزەوی، بڕینی دارەکان، هەڵکەندنی کانگا کە دەبێتە هۆی کەمبوونی لێڕەوار و ڕووەکەکان گەڕاندەوە.

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، هەلێنجاندنی ئاو لە سفرە ژێرزەوینییەکان لە ئێراندا، ١٠٠% لە ستانداردی جیهانی بەکارهێنانی ئاوی سفرە ژێرزەوینییەکانە زۆرترە.

پرۆژە ئاوییەکانی ڕێژیمی ئێران و ناکارامەیی بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە لە دەزگا دەوڵەتییەکان، قەیرانی ئاوی گەیاندووەتە ئاستێک کە سنوورە سوورەکانی تێپەڕاندووە و کارناسانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە بڵێن: ژینگەی ئێران لە هەموو بوارێکدا لەحاڵی لەنێوچووندایە.