کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ئێران پێی ناوەتە دۆخی شۆڕشەوە

ئێران پێی ناوەتە دۆخی شۆڕشەوە

15:32 - 11 بانەمەڕ 2718

ئیدریس ئەحمەدی

لە ئێراندا لەمێژە ناڕەزایەتی هەیە، بەڵام ئەو ناڕەزایەتییە، ئێستاشی لەگەڵ بێ، سنووردارە بە هەرێمی جیاوازی وڵاتەکە، هەروەها سنووردارە بە پێکهاتەی نەتەوەیی و توێژ و چینی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە. ئەمەش وای کردووە، کە لەگەڵ ئەوەی هەتاکوو ساڵی پێشوو لە ئێراندا ناڕەزایەتی بەبێ شۆڕش هەبووە، ئێستە وڵات لە ئاستی گشتیدا پێی ناوەتە دۆخی شۆڕشەوە، بەڵام بەبێ هەبوونی ئوپۆزسیۆنێک کە بتوانێ لە هەموو ئێراندا چالاکیی هەبێت.

کوردستان یەکێک لە هەرێمە هەژارەکانی ئێرانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە ڕووی سیاسییەوە گەشەسەندووتر بووە. ئەمەش بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە، مانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو دامەزرێنەر و میراتی کۆمار لە کاتێکدایە، کە دەڤەرە فارسنشینەکانی ئێران کە بە بەراورد لەگەڵ کوردستان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە پێشکەوتووترن، دواجار هێزە ئیسلامییەکان تێیاندا سەرکەوتن و کۆماری ئیسلامییان پێک هێنا، بەڵام لە کوردستاندا داخوازیی گشت هێزە کوردییەکان، بەردەوام ئازادی و دێموکراسی بووە.

لە کوردستاندا، شۆڕش بەردەوام هەبووە، چ وەک گوتار، چ وەک پراکتیک. مەبەست لە "شۆڕش"، ئامانجی ئازادیخوازی، بیری سکۆلار و هەوڵدان بۆ دێموکراسی بووە، کە ئەوەش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، واتە نیزامێکی تئۆکراتیک کە نەفی ئەو بهاگەلە دەکات، لە ڕەکابەری و دژایەتیدایە. کورد هەروەها کاری ڕێکخستنی بەهێزی لەو پێناوەدا کردووە. هەڵبەت هێرشی نیزامی، سەرکوتی کۆمەڵانی خەڵک و سیاسەتی تیرۆرکردن، بزووتنەوەی کوردی بەرەبەرە لاواز کرد، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە خۆڕاگر بووە و لەوەتی ڕاسان سەری هەڵداوە، بووژاوەتەوە.

لە دەڤەرە فارسنشینەکان و دەڤەرەکانی دیکەی ئێران، بە هەمان شێوە سیاسەتی سەرکوت وای کردووە، کە ئوپۆزیسیۆن پەیتاپەیتا پاشەکشە بکات. لە نێو ڕێژیمدا، باڵی "ڕێفۆرمیست" لە نەوەدەکاندا سەری هەڵدا، بەڵام لەبەر ئەوەی رێفۆرمیستەکانی نێو کۆماری ئیسلامی ڕێژیمپارێزن، نەك ڕێژیمگۆڕ، ئەو ڕەوتەی نێو ڕێژیم شکستی خوارد، هەڵبەت دەبوا شکستی خواردبایە. هەرگێز ڕوون نەبوو کە چ جۆرە رێفۆرمێکیان دەوێ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە نایانەوێ لە "ولایەتی فەقیهی" تێپەڕن، یان گۆڕانی بنەڕەتی لە دەستووردا پێک بێنن.

سەرەڕای ئەوە، لانیکەم بەشێک لە بزووتنەوەی خوێندکاری لە ناوچە فارسنشینەکان لە ساڵی ١٩٩٩ و هەروەها دیسان لە ساڵی ٢٠٠٣دا، داخوازییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێفۆرمدا دەردەبڕی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا، کاتێک دیاردەیەک بە ناوی "بزووتنەوەی سەوز" سەری هەڵدا، زۆربە بە شارە گەورەکان سنووردار بوو و زیاتر چینی ناوەڕاستی لەگەڵدا بوو. بەڵام ئەو بزووتنەوەیەش بە هۆی رێفۆرمیستبوونی، شکستی هێنا.

قەیرانە کەڵەکەکراوەکانی ئێران لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و حکومڕانییەوە دواجار بوونە هۆی ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ و سەرەتای ٢٠١٨دا، ناڕەزایەتییەکان پانتایەکی بەرینتر جوگرافی لە خۆ بگرن، لەوەش گرنتر، خۆپێشاندەران خوازیاری گۆڕینی ڕێژیم بوون و زۆرتر نوێنەرایەتی چینی خوارەوە و هەروەها هەژارانی وەزاڵەهاتووی ئێرانیان دەکرد.

قەیرانە کەڵەکەکراوەکانی ئێران لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسەتی دەرەوەی پڕهەزینە و شەڕخوازانەی ڕێژیم، هەروها قەیران لە پێوەندی لەگەڵ نەبوونی حوکمڕانی باش وێڕای وجوودی گەندەڵیی بەدامەزراوەییکراو و بەربڵاوی دەسەڵات، ناکرێ بە دابڕاو لە یەکتر ببیندرێن، بەڵکوو پێکەوگرێدراون و ئاکامی نیزامی سیاسیی ئێرانن. بە واتایەکی دیکە، ئەو قەیرانانە سیستەمین و تاکوو سیستەمی سیاسی نەگۆڕدرێ، هەر دەمێننەوە و لە ڕەوتی زەماندا، قووڵتر دەبنەوە.

وڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم دۆخە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساختەکارانەیە لە لایەک، لە لایەکی دیکە، بەکاربردنی سەرکوتی بەربڵاو.

بەڵام سەرکوت ناتوانێ وڵامی دایمی بێ بەو بارودۆخە لە ئێراندا. وێڕای بەربەرەکانێی چالاکیی جەماوەری لە شکڵی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ساڵی ١٩٩٩، ٢٠٠٣، ٢٠٠٩ و هەروەها ٢٠١٧ و ٢٠١٨، بەربەرەکانێی ڕۆژانە و سیمبۆلیکی سیاسی، بەردەوام لە ئێراندا هەبووە. نموونەیەک لەمە، بەربەرەکانێی سیمبۆلیکی ژنانە دژ بە ناچارکردنی حیجاب. نموونەی دیکە، ئەو هەموو جۆکانەیە کە ڕۆژانە بە مەلاکان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەگوترێت. ڕاستییەکەی کۆماری ئیسلامی چەندە لە بەربەرەکانێی چالاک و جەماوەری ڕێکخراوە دەترسێ، ئەوەندەش لەم بەربەرەکانێیە ڕۆژانە و سیمبۆلیکە سیاسییەش دەترسێ.

هاوکات، پێش ڕاسان و بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی ڕاسان، ڕۆژی تیرۆرکرانی دوکتور قاسملوو، نەورۆز، رێفراندۆمی باشووری کوردستان و هەڵمەتی فریاکەوتنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراو لە کرماشان، بوونەتە نیشانەی خەباتی مەدەنی لە کوردستاندا. خەباتی مەدەنی یان لە دەروون سیستەم یان لە دەرەوەی سیستەم دەکرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی لە کۆماری ئیسلامیدا ڕێگا بە هیچ کام لەو شێوانە لە خەباتی مەدەنی نادرێ، کوردستان شێوەی خۆی و سێهەمی لە خەباتی مەدەنی بەرهەم هێناوە، کە بۆنە نەتەوەیییەکان، ڕۆژە مێژوویییەکان (بە ڕۆژی تاڵ و شیرینەوە)، هەروەها قەیرانەکانی کردووە بە زنجیرێک لە خەباتی مەدەنی لە دەوری کۆماری ئیسلامیدا. 

هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی ئێران ئیدی پێی ناوەتە دۆخی شۆڕشەوە، گرفت لە نەبوونی هاوزۆریدایە لە نێوان گەلانی ئێران و لە نێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا. کاتێک لە کوردستان خەبات لە ئارادایە، لە بەشەکانی دیکەی ئێران نە خەباتی هاوچەشن لە ئارادایە، نە پشتیوانییەکی ئەوتۆی لێ دەکرێ. کاتێک خوێندکاران خۆپێشاندان دەکەن، بە تەنیا دەمێننەوە. 

کاتێک چینی ناوەڕاست لە تاران و شارە گەورەکانی دیکە خۆپێشاندان دەکەن، چینی خوارەوە پشتیوانییەکی ئەوتۆی لێ ناکەن. کاتێک لە کۆتایی ساڵی پێشوودا، چینی خوارەوە و خەڵکی هەژار و بەزاڵەهاتوو ڕاپەڕین، چینی ناوەڕاست پشتیوانیان لێیان نەکرد. ئێستاش کە لە ئەهواز خۆپێشاندان دەکرێ، هەرێمەکانی دیکەی ئێران ناجووڵێن.

بۆیە، وێڕای سەرکوتی بەردەوام و بەربڵاوی ڕێژیم، ئوپۆزسیۆنی یەكگرتوو لە ئارادا نییە.

ئێران پێی ناوەیە دۆخی شۆڕشەوە، بەڵام ماویەتی تاکوو شۆڕش ڕوو بدا. مەرجی پێویست بۆ شۆڕشێکی دیکە لە ئێراندا بە ڕوونی لە ئارادایە، بەڵام مەرجی کافی هێشتا لاوازە. ئاڵقەی نێوان مەرجی پێویست و مەرجی کافی، ئوپۆزیسیۆنێکە کە لە ڕێگای هاوکاری کردنەوە، بتوانێ لە هەموو ئێراندا چالاکیی هەبێ. ئەمەش پێویستی بە دیالۆگ، یەکتر قەبووڵکردن، میانەڕەویی فکری و سیاسی، هەروەها سینگفراوانی و تەنازولکردن بۆ یەکتر هەیە. 

کۆماری ئیسلامی پێی خۆشە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی بەرەو ئاراستەی زەبروزەنگ ببات، بۆ ئەوەی باشتر بتوانێ سەرکوتی بکا. بەپێی هێندێک ڕاپۆرت، لەم دواییانەدا، کەسانێک سەر بە دەزگای سیخوڕیی ڕێژیم دزەیان کردبووە نێو خۆپێشاندەران لە ئەهواز بۆ ئەوەی لە ڕێگای بەکاربردنی توندوتیژییەوە، پاساویان هەبێ بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران. 

ئەگەر ئوپۆزسیۆنێکی بەرین لە سەرتاسەری ئێران شكڵ بگرێ، باشترین شێوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیم، خەباتی مەدەنییە لە شکڵی سێهەمدایە، واتە ئەوەی لە ڕاساندا لە کوردستان شاهیدی بووین. ئەو جۆرە خەباتەش سەبری دەوێ، ناکرێ چاوەڕوانی بکرێ لە ماوەیەکی کورتتدا ڕێژیم بەچۆکدا بێنێ. 

هەروەها جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕێژیم لە هەموو حاڵەتێکدا زەبروزەنگ بەکار دەبا بۆ ئەوەی بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکا و بەو شێوەیە، هەوڵ دەدا ڕێگری بکا لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بەربەرەکانێی مەدەنی. ڕێژیم نیشانیشی داوە کە زۆرتر بە بەربەرەکانێی مەدەنی لە "ناوەندی" ئێراندا حەساسە، بۆیە زووتر سەرکوتی دەکا. هۆیەکشی ئەوەیە کە ناوچە فارسنشینەکان، نزیکترن لە دەسەڵات و ساناتر دەتوانن بوونی ڕێژیم بخەنە مەترسییەوە. 

کەوابوو، "خەباتی مەدەنی" لە ئێراندا بە هۆی سیاسەت و کرداری ڕێژیمەوە، دوور نابێ لە زەبروزەنگ. بەڵام ڕێژیم لە چاو جاران دووبەرەکێی زیاتری تێ کەوتووە. دابەشکردنی هێزە چەکدارەکان بە سەر ئەرتەش و سپادا، هەرچەند بە مەبەستی پاراستنی ڕێژیمە لە ئەگەری شۆڕشێکی دیکەدا ئەگەر بێت و بەربەرەکانێی مەدەنی بەرین لە سەرتاسەری ئێراندا بێتە کایەوە، ئەو هێزانە نەک تەنیا ناچار دەبن بڵاو ببنەوە، بەڵکوو ئەگەری زۆرە بەشێکیان دەست لە ڕێژیم هەڵگرن و لایەنگری لە هاووڵاتییان بکەن. ئەمە لە شۆڕشی ١٩٧٩دا ڕووی دا، هەروەها لە زۆر وڵاتی دیکەدا کە بەربەرەکانێی مەدەنی تێدا کراوە، ڕووی داوە. 

لە جەوهەری خۆیدا، شۆڕش نیزامشکێن و تێکدەرە. دەگوترێ خەڵک شۆڕش دەکات ڕاستە؛ بەڵام دیوێکی دیکەی ئەو ڕاستییە ئەوەیە، کە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بە هۆی ستەمکاربوون و سیاسەتە چەوتەکانیانەوە، بە دەستی خۆیان بەستێنی شۆڕش پێک دێنن و کۆماری ئیسلامی ئێستا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەوە. 

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.