کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرک و ڕۆڵی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرانبەر ڕاساندا

15:29 - 1 سەرماوەز 2716

ئەلبۆرز ڕووئین تەن

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵ لەوەبەر کاتێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسیی و حیزبییەکاندا باس لە خەسار ناسیی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرابا، بەردەوام چەند خاڵ هەبوو کە وەک ڕەخنە و ڕاستییەکانی بزاڤەکەمان باسی لێوە دەکرا.

لەوانە بۆچی شۆڕش لەو بەشە لە کوردستان لاواز بووە، بۆچی هێزەکانی ڕۆژهەڵات کار ناکەن بۆ ئەوەی بتوانن شۆڕش لەو بەشە جارێکی تر ببووژێننەوە، بۆچی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هیچکام لە هاوکێشە سیاسییەکاندا نیە. ئایا هێزە سیاسییەکان بە تەواوی کەمپ نشین بوونە و ناتوانن جاریکی تر شۆڕش بگەشێنەوە و زۆر خەساری تر کە دەتوانرێ بەشێکیان بە حەق و لە ڕووی دڵسۆزی بووبێت.

بێگومان چاوەڕوانییەکان لە هێزێکی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆرتر بوو، ئەوەش بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئەو حیزبە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە کە چاوەڕەوانیەک لە جێی خۆیەتی. ئەو ڕەخنانە و زۆر بابەتی تر و هەست کردن بەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە وای کرد کە حیزب جارێکی تر لە ژێر ناوی ڕاسان دا شۆڕش زیندووتر بکاتەوە، گەلێک بەرنامە و پلان جێبەجێ بکات و هەروەها بەستێنێک دروست بکات کە لە ساڵانی داهاتوو دەتوانێ چارەنووسی کورد لەو بەشەدا بگۆڕێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوەها بارودۆخێکی زۆر سەخت و دژوار لە ژێر گوشاری جیا جیا بە فیدا کردنی کادری زۆر بەوەجی خۆی و دانی نرخێکی زۆر توانی بەشێک لەو خەسارانە و ڕەخنانەی کە لە سەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لەو بەشە هەبوو بڕەوێنێتەوە و وا بکات کە دووبارە بابەتی شۆڕش لەو پارچەیە ببێتە بەشێک لە هاوکێشەکان کە هیوای زیاتر لەو بوارەدا هەیە.

بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە هێز و لایەنەکانی تر یا ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی بازنەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندان دەبێ لە دەرەوەی ڕاسان بمێننەوە یا ئەوەی، ئەوە تەنیا ئەرکی حیزبێکەوە و ئەوانی تر دەبێ سەیر بکەن بزانن دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوا تا دوایی لە سەر بابەتەکان ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. نابێ سەیری بەهێزی و یا لاوازی هێزەکان بکرێت، بەڵکوو دەبێ سەیری فەلسەفە و بنەماکانی ڕاسان بکرێت، ئەگەر لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی کورددا بێت کەواتە بۆ نەتەوەکەمان بابەتێکی بە سوودە و پێویستە، و هەموو لایەک دەبێت لە پشتیوانی و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو شۆڕشە زۆر زۆر زیاتر هەوڵ بدات.

بێگومان باوەڕ ناکەم هێز و لایەنێک هەبێت کە بانگەشەی خەبات لە پێناو گەلی کورددا بکات و خۆی لە کاراکتەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بزانێت و بۆ داخوازیی گەل تێبکۆشێ لەگەڵ بنەمای ڕاسان و پێویست بوونی بۆ ئەوڕۆی بزاڤی گەلەکەمان گرفتی هەبێت یا بڵێت بۆ ئەمڕۆی کورد کە بەو شێوەیە لە ژێر پۆتینی داگیرکەردایە شۆڕشێکی وەکو ڕاسان پێویست نیە یا جووڵانەوەیەکی وا لە دەرەوەی بەرژەوەندیی کورددایە. کەواتە هەموو لایەنێک لە بەرانبەر وەها شۆڕشێکدا خاوەن ئەرک و بەرپرسیارەتین.
ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتیە خۆی لە پشتیوانی و هاوکاری و هاوسۆزی بۆ ڕاسان دەبینێتەوە، ئەوکات ئیتر شەڕەفی بەشداری لە شۆڕشدا بۆ هەموو لایەک دەگەڕێتە و لاواز یا بچووک یا گەورە بوون ئەوە ناگەینێت کە لە دەرەوەی بازنەی ڕاساندا بمێنیتەوە، بەڵکوو بە گوێرەی هێزی هەر لایەک هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە گرتن و بەشداری و پشتیوانی گەورەترین کاریگەری دەبێت.

ئەو چەندە گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە چوونکە ئەوکات بنەمای کارکردنێکی هاوبەش و دروست کردنی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوە هێزە سیاسیەکان دروست دەبێت، ئەو پشتیوانییە بۆ گەلی کورد دوو ئەوەندە زیاتر هیوابەخش دەبێت و بۆ دوژمن زیاتر ترس و داڕمانی لێدەکەوێتەوە چوونکە دەبینرێت کە هەموو بە دەورێ بەرنامەو پیلانێکی نەتەوەیی واتە ڕاسان کۆبوونەتەوە.

هەربۆیەش بەجێ‌هێنانی ئەو ئەرکە لە لایەن هەموو هێز و لایەنەکان وێڕای بەجێ‌هێنانی بەرپرسیارەتی خۆیانە لە بەرانبەر گەل و نیشتمان، ڕاسان زیاتر لە سەرکەوتن نزیکتر دەکەنەوە. هەروەها لەوەها بارودۆخێکدا ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر وەکوو پێشتر و تا ئێستا کە ئەنجامی داوە، بۆ هەوڵدان و هەماهەنگی و هاوکاریی هێز و لایەنەکان قورستر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دوای ماوەیەکی کورتی تر ئەو ڕەخنەش لە سەر بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاببەین کە دەڵێت بۆچی کورد یەکگرتوو نیە لە شۆرش و خەباتدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.