کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران لە سووریە کوژرا

15:35 - 29 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەرگری کردن لە بەشار ئەسەد چووبووە سووریە، لە تێکهەڵچوونێکدا لە شاری دیمەشق کوژرا.


ماڵپەڕی حکوومەتیی \'\'عەقیق\'\' بڵاوی کردەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، ئەندامێکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری دیمەشق پایتەختی سووریە کوژرا.
هەنووکە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران و بەسیج لەژێر ناوی گرووپی \'\'پارێزەرانی حەرەمی زەینەب\'\' لە سووریە لە تەنیشت بەشار ئەسەد لەدژی دژبەرانی ئەو رێژیمە شەڕ دەکەن.
پێشتریش فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بەناوی \'\'محەممەد جەماڵی پا قەلعە\'\' و فەرماندەرانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە سووریە بە کوشت چوو.
سپای پاسدارانی رێژیم وەکوو یەکێک لە گرینگترین هێزەکانی دەرگیر لە سووریە بە مەبەستی مانەوەی تاقە هاوپەیمانی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوڕەاستدا دێتە ئەژمار و لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە هەتا ئێستا دەیان کەس لە هێزەکانی پاسداران کوژراون.
دژبەرانی رێژیمی ئەسەد لەو بڕوایە دان هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە راستەوخۆ لە شەڕ دان هەتا بەرگری لە مانەوەی بەشار ئەسەد بکەن.
هەتا ئیستا چەندین جار وڵاتانی عەرەبی، یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا لەهەمبەر دەستێوەردانی نیزامیی رێژیمی ئیران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و پاڵپشتیی رێژیمی بەشار ئەسەد نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.