کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری بێکاربوونی ٤٥٠هەزار کەس بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی ماشین

13:05 - 23 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: چەند ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی قەتعەسازانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە ئاستی بەرهەمهێنانی ماشین بۆ ٨٠ لەسەد دادەبەزێت.

لە پرێسکۆنفرانسێکدا چەند ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی قەتعەسازان ڕایانگەیاند: قەیرانی ئەرز دەبێتە هۆی بێکاربوونی ٤٥٠هەزار کەس و ئاستی بەرهەمهێنانی ماشین بۆ ٨٠ لەسەد دادەبەزێت.

شاپور سامعی جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی قەتعەسازان ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژ وتبووی: قەتعەسازان بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان شیفتەکانی کارکردنیان کەم کردووەتەوە و بەرهەمهێنانی ماشین بۆ ٤٠ هەتا ٥٠ لەسەد دابەزیوە.

مازیار بەیگلو، بەرپرسی ئەنجومەنی قەتعەسازان هەر لەو پرێسکۆنفڕانسەدا ڕایگەیاندووە بەهۆی قەیرانی ئەرز ١٤ هەزار کەس لەم پیشەدا بێکاربوون و ئەگەری بێکار بوونی ٤٥٠هەزار کەسی دیکەش لە داهاتوودا هەیە.

پێشتریش شاپور سامعی وەزیری پێشووی کاری ڕێژیم ڕایگەیاند‌بوو کە هەتا کۆتایی ئەمساڵ بەهۆی زەختە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران و دەسپێکردنی هەردوو دەوری گەمارۆکانی ئامریکا ئەگەری بێکاربوونی یەک میلیۆن کەس هەیە.

بەوتەی بەیگلو، قەتعەساز و ماشین‌سازەکان ڕایانگەیاندووە کە لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە ئیمکانی بەرهەمهێنانی قەتعەیان نابێت و "ماشین‌سازانیش دابەزینی ئاستی ٨٠ لەسەدی بەرهەمهێنانیان لە پێش دەمە".

لەهەمان کاتدا هەواڵدەریی حكومەتی "ئیسنا" ڕۆژی دووشەممە بڵاوی کردەوە کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەرهەمێنانی چوار جۆری ماشین ڕاوەستاوە کە بریتین لە:  MVM550، لیفان ئێکس٦٠، هیۆندا ئای ١٠ و جەک جی ٥.

دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام زۆربەی شیرکەتە ماشین‌سازییەکان لە ئێراندا لە ترسی کەوتنە ناو لیستی ڕەشی ئامریکا چالاکییەکانی خۆیان ڕاگرت.