کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری داخران و مان‌گرتنی قەسابییەکان لە شاری سەقز

18:28 - 6 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان لەهەمبەر گرانی و بێکاری و نەبوونی دەرەتانی ژیان ئەگەری مانگرتنی جەماوەری و ئێعترازەکانی سەر شەقامی زیاتر کردووە.

لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کوردستان میدیا، هاووڵاتییکی شاری سەقز ڕایگەیاند: لەژێر سێبەری ناکارامەیی وبەڕێوەبەری هەڵە و سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیم، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک زیاد دەبێ و گرانی بەرۆکی خەڵکی بەتەواوی دادڕیوە.

بەوتەی کارناسێکی بازاڕیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بەرزبوونەوەی پەیتا پەیتای نرخی هەموو شتێک و بەتایبەت خواردەمەنیکان ، هەم دوکاندارەکان و هەم کڕیارەکانی تووشی سەرلێشێواوی کردووە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئیدارەی بازرگانی و تەعزیراتی حکومەتی واقعییەتەکان نابینێت و زۆر بێشەرمانە زەخت دەخاتە سەر دوکاندارەکان کە کەلوپەلەکانیان بە نرخێک کە ئەوان تەعیینی دەکەن بفرۆشن .

یەکێک لە بازاڕییانی شاری سەقز لە وڵامی پرسیارێکی کوردستان میدیا سەبارەت بەم دۆخە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە زۆربەی زۆری قەسابەکانی شاری سەقز بە هۆی گرانی نەیانتوانی ئاژەڵ کوشتار بکەن و هەر بەم هۆیەشەوە بەشێکی بەرچاوی قەسابییەکانی ئەم شارە بێ گۆشت بوون .

نرخی گۆشتی نەرمە لە شاری سەقزدا ٤٢٠٠٠ تمەنە و گۆشت بە ئێسکەوە ٣٢٠٠٠ تمەنە . ئەگەر هەر قەسابێک بیهەوێت ئەمڕۆ ئاژەڵ بکڕێت و کوشتار بکات نرخی گۆشت بە ئێسکەوە بۆ قەسابەکان زیاتر لە ٣٦٠٠٠تمەن دەکەوێت . ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئیدارەی تەعزیرات و بازرگانی سەقز زەخت و گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر قەسابەکان کە دەبێت هەر بە نرخی پێشوو واتە [ ٣٢٠٠٠ و ٤٢٠٠٠ ] تمەن گۆشت بفرۆشن !!!!

وێدەچێ درێژ بونەوەی ئەم وەزعییەتە لە ڕۆژانی داهاتودا مانگرتنی قەسابەکان لە ناو شاری سەقزی لێبکەوێتەوە .