کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری داخرانی هێڵی هەوایی ئێران لەئارادایە

11:49 - 22 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری ڕێگەوبانی ئێران باسی لە ئەگەری داخرانی شیرکەتەکانی فڕۆکەوانی کرد.

سەرەڕای ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەبارەی چوونە سەری دوو یان سێ قاتی نرخی بلیتی فڕۆکە، جێگری وەزیری ڕێگەوبانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە شیرکەتەکانی فڕۆکەوانی بەهۆی نەدانی ئەرزی دەوڵەتی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مەترسی داخرانیان لەسەرە.

مێهرداد تەقی زادە، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ لە بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا ڕایگەیاندووە کە بانکی ناوەندی پێی ڕاگەیاندوون کە چیدیکە ناتوانن پارە و ئەرز بە شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان بدەن.

ناوبراو جەختی لەوە کردۆتەوە کە دەبێت شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان لە بازاڕی ئازاددا دراوی پێویست دابین بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە یەک مانگی ڕابردووەوە بانکی ناوەندیی ڕێژیم پێدانی پارە و ئەرزی بە شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان ڕاگرتووە.

ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژ، حورمەتوڵا ڕەفیعی  سەرۆکی شۆرای سێنفی خزمەتگوزارییەکان بە موسافیرانی ڕاگەیاندبوو: "نرخی بلیتی فڕۆکە بۆ سەفەرەکانی دەرەوەی وڵات دوای جێبەجێکردنی سیاسەتە ئەرزییە نوێیەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی، دوو هەتا سێ قات بەرزبووەتەوە".

ئابووریی ئێران لە مانگەکانی رابردوودا لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری دەسپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوە خراپتر بوون دەڕوات. نرخی ڕیاڵ بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرانبەر دۆلار دابەزیوە، کە ئەم مەسەلە بووەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی نالەباری ئابووری بۆ هاووڵاتیانی ئێران کە ڕوونە وەک هەمیشە هاووڵاتیان، قوربانیانی یەکەمی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانن.