کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

22:43 - 2 جۆزەردان 2712

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی دژبەری رێژیم، لەلایەن لقی یەکی دادگای سنەوە ٦ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پا.


بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران بەناوی سەباح خەیات بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە، سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٦ ساڵ کەم کرایەوە.
سەباح خەیات، ماوەی زیاتر لە ٢ مانگە لە گرتنگەدا بووە و هەنووکەش ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدا تێپەڕ دەکات.
ناوبراو ٢ ساڵ پێش ئێستاش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و رەوانەی زیندان کرابوو.
بەندی ١ و ٢ی مادەی ١٩ی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مەدەنی و سیاسی، کە باس لە قەدەغە بوونی دروست کردنی کەش و دۆخی ترس و تۆقاندن بە بۆنەی بیروڕای جیاواز و مافی ئازادیی رادەربڕین و هەروەها مادەی ١٩ راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ کە باس لە مافی ئازادیی بیر و بڕوا و رادەربڕین دەکات، لە سزای داسەپاو بەسەر سەباح خەیات لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە پێشێل کراوە.
راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران