کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی رێژیمی سووریە هەتا کۆتایی ئەمساڵ شكست دێنێت

23:55 - 2 جۆزەردان 2712

کوردستان میدیا: سەرچاوە ئەمنیەتییەکانی ئەمریکا بڵاویان کردۆتەوە کە پارەی نەغتیی رێژیمی سووریە لە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانەوە هەتا ئێستا ٦ هەتا ٩ میلیارد دولار کەمی کردووە.


بەگوێرەی راپۆرتی تەلەفزیۆنی CNN و بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئەمنیەتییەکان، رێژیمی سووریە پێش دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان پارەیەکی زۆری لەبەر دەستدا بووە، بەڵام پاش دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان بۆ سەرکوتەکانی خۆی مانگانە یەک میلیارد دولاری سەرف کردووە.
داراییەکانی سندووقی خەزێنەی ئەرزیی سووریە پێش ناڕەزایەتییەکان ٣٠ میلیارد دولار دەبوو، بەڵام بەپێی پێش‌بینیی چەند لێپرسراوێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێژیمی بەشار ئەسەد هەتا کۆتایی ساڵی زایینی لە بواری ئابوورییەوە دەڕووخێت.
سەرچاوەگەلێکی دیکە ئاشکرایان کردووە رێژیمی ئێران لە رێگەی بانکەکانی لوبنانەوە هاریکاری ماڵیی بەرفراوانی بە سووریە کردووە.
هەروەها رووسیە یارمەتی ماڵی و سیاسیی بە رێژیمی بەشار ئەسەد کردووە.
دژبەرانی رێژیمی سووریە، تاران لەمەڕ پاڵپشتیی رێژیمی بەشار ئەسەد و دانی یارمەتیی ئابووری و چەکوچۆڵ بۆ درێژەدان بە سەرکوتەکان، تۆمەتبار دەکەن.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی نهێنیدا کە چەند بەشی لە راگەیەنەکاندا بڵاو بۆتەوە، رێژیمی ئێرانی بە پێشێل کردنی تەحریمی چەکوچۆل لە دژی رێژیمی سووریە تۆمەتبار دەکات و پێداگریی کردۆتەوە کە رێژیمی ئێران لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە هەتا ئێستا چەندین جار چەکوچۆڵی بە سووریە فرۆشتووە.
راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران