کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادیی زیندانیان‌ و چەند سەرنجێک

20:04 - 25 رەزبەر 2713

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای سەپاندنی خۆی بەسەر خەڵکی وڵاتەکەماندا، را‌ونان، گرتن، زیندانی کردن و ئیعدامی جیابیرانی بە تایبەتی ئازادیخوازانی وڵاتەکەمان کە بەشێکی بنەڕەتی لە ماهییەت و نێوەڕۆکی باوەڕ و سیاسەتەکان پێکدێنێ ‌و بە کردەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو پەیڕەوی دەکا و لە هەمان کاتیشدا دەخاڵەت و دەستێوەردان لە کار‌وباری نێوخۆی وڵاتانی دوور‌و نزیکدا وەک ئەرکێکی گرینگ لە پێناو مانەوەی خۆیدا ئەنجام دەدا.
سەرەڕای ئەمانەش هەوڵی بەردەوامی بۆ دەس راگەیشتن بە چەکی ناوکی و لە بەرانبەردا دژایەتیی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ ئەو ئاژاوەگێڕی و مەتەرسییانەی دەست وێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی ‌و بە دواهاتنی گەمارۆ ئابوورییەکان، وەزعێکی نالەبار و هەڵومەرجێکی دژواری لە ژیان، بۆ خەڵکی وڵاتەکەمان پێکهێناوە.
لە رەوتی ئەو سیاسەت و کردەوانەدا هێندێ جار بۆ فریوی بیروڕای گشتیی جیهان و هێوەرکردنەوەی ناڕەزایەتییە نێوخۆیی‌یەکان بە ئاڵوگۆڕی مۆرەکانی ئیجرایی، ویستویەتی وا نیشان بدا کەلە سیاسەت و کردەوەکانی خۆی پاشەکشەی کردوە و زمانێکی دیکە ‌و رەوتێکی دیکەی لە هەڵسوکەوت، هەم لە سیاسەتی دەرەوە و هەم لە نێوخۆدا دەگرێتەبەر، بێ ئەوەی لە ماهییەت و نێوڕۆک و ئیستراتیژیی خۆیدا پاشەکشەی کردبێ.
بە داخەوە ئەم شانۆسازییە هەتا رادەیەک توانیویەتی فریوی بەشێک لە بیر‌وڕای گشتی بە دوای خۆیدا بێنێ و بەشێک لە خەڵکی ئێرانیش بە ئاڵوگۆڕ هیوادار بکا. دواشانۆسازیی رێژیم هاتنە سەرکاری رووحانی وەک سەرکۆمارە، کە بە دانی بەڵێن و هێنانەگۆڕی چەند مەسەلەیەک کراوەتە ئەکتێری ئەم شانۆسازییە.
رووحانی بۆ ئەوەی وا بنوێنێ کەلە کردەوەدا پابەندی قسە‌ و بەڵێنەکانیەتی چەند رۆژ پیش سەفەری بۆ ئەمریکا ‌و بەشداری لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ژماریەکی زیندانیی ئازاد کردن کە زیاتریان ئەوانە بوون کە بە بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی 1388ی هەتاوی، یان شوێندانەرییان لەو خۆپیشادانانەدا تۆمەتبار کرابوون، ئەوەش بۆ راکێشانی سەرنجی ناڕازییانی نێوخۆی رێژیم لەپێنا‌و یەک کاسە کردنی سەرجەم لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیدا بوو.
هەر بۆیە لە نێو ئەم ژمارە ئازادکراوانەدا هیچ یەک لەوانەی کە بە تاوانی ئازادی و دێموکراسیخوازی لە زیندان کراوەن، بە دی نەکرا. چونکە رێژیم ئەوانە نە بە زیندانیی سیاسی، بەڵکوو بە ئەمنیەتی ناو دەبا ئەوەش لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە رێژیم دێموکراسی دژ بە باوەڕەکانی خۆی و بە دیاردەی رۆژئاوایی پێناسە کردووە. هەر لەو پێوەندییەدا رۆڵە بەندکراوەکانی نەتەوەکانی ئێران و لە سەرەویانەوە رۆڵە بەندکراوەکانی نەتەوەی کورد کە بە تاوانی دێموکراسی ‌و مافی نەتەوایەتیخوازی بەندکراون ناخرێنە چوارچێوەی ئەو ئازادکردنانە، چونکە ئەوانیش هەم بە دژی شۆڕش و زیندانیی ئەمنیەتی ناو دەبەن و تاوانی جیاوازیخوازیان وەپاڵ دەدەن. زندانیانی کەمایەتییە ئایینی و ئایینزاکانیش هەر بەم شێوەیە سەیر دەکرێن و ئەوەش لە حاڵیک دایە کە هەموو ئەوانە زیندانیی سیاسین و بە پێی یاساکانی مافی مرۆڤ، مافی ئەوەیان هەیە باوەڕەکان و ویست و داخوازەکانی خۆیان بێننەگۆڕێ، باسی بکەن و کار بۆ دابین بوونیان بکەن.
لە راستیدا ئەوان هەوڵ بۆ دابین بوونی مافەکانی مرۆڤ دەدەن کە رێژیمی ئێران بۆی نییە ئەو زندانییانە بە تاوانی ثێناسەنەکرا‌و لە یاساکانی مافی مرۆڤدا لە بەندیخانەدا بهێڵێتەوە.
ئیستا کە بە وتەی وەزیری ئیتلاعاتی رێژیم قەرارە لە غەدیر خومدا ژمارەیەکی دیکە زیندانی ئازاد بکرێن کە هەرکەس بن بۆ ئێمە جێگای پێخۆش بوونە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەم هەڵاواردن و ئەمنییەتی سەیر کردنەی رێژیمدا وێ ناچێ دیسانیش ئەو بەندکراوانە بگرێتەوە کە چالاکی بواری دێموکراسی بە مانای واقیعی خۆی و بەندکراوانی رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێرانین کە بە تاوانی دێموکراسی، مافی نەتەوایەتیخوازی، یان لەسەر بیر‌وباوەڕەکانیان بەندکراون. خۆ ئەگەر سەیری کارنامەی \'\'رووحانی\'\'ش لەو ماوەیەدا بکرێ دەبینین کە ژمارەی ئیعدام کراوانی ئەو ماوەیە گەلێک لە ژمارەی ئەو بەندکراوانە زیاترە کە ئازاد کراون یا قەرارە ئازاد بکرێن.
بە لەبەر چاوگرتنی ئەو راستییانە داوا لە کۆڕ‌ و کۆمەڵە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ و هەموو ئازادی و دێموکراسیخوازان و لایەنگرانی حەق و عەداڵەت دەکەین کە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەم هەڵاواردن و جیاوازیدانان و بی عەداڵەتییانە کە دەرحەق بە زیندانییانی سیاسی و رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێران بەگشتی و بەندکراوانی کورد بە تایبەتی بەڕێوەی دەبا، بخەنە ژێر گوشار و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی ئەوان بکەن. لە هەمان کاتدا داوا لە رێکخراوە سیاسییەکان، ئین جیۆ ‌و رووناکبیران و گشت چین و توێژەکانی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەین بەرانبەر بەم هەڵاواردن و ماف پێشێلکردنانە هەڵویست بگرن و لە رێگای جۆراجۆرەوە رخنە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن و رێگا نەدەن بەندکراوانی سیاسی لەژێر ناوی ئەمنیەتیدا لە بەندیخانەدا بمێننەوە.
بەو هیوایە هەوڵی هەموولایەک بتوانی شوێن لەسەر چارەنووسی بەندکراوەکان دابنێ و ئەوان بۆ ژیان و بۆ باوەشی کۆمەڵگا و بنەماڵەکانیان بگێڕیتەوە.