کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلۆ بۆچی دەبێ ناوی \'\'شەقامی سمکۆی شکاک\'\' بگۆڕدرێ؟ (داریووش رەشیدی)

13:12 - 28 رەزبەر 2713

(داریووش رەشیدی)

سمکۆی شکاک کە بە باوکی ناسیۆنالیزمی کورد ناسراوە، ٨٣ ساڵ بەسەر شەهید بوونیدا تێدەپەڕێ و رۆژ لەگەل رۆژ لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا زیاتر خۆشناو دەبێ و لاپەڕەی دیرۆکی خەباتەکەی زیاتر دەدڕەوشێتەوە.
سمکۆی شکاک لە ساڵی ١٨٨٢ لە شاری \'\'ورمێ\'\'ی کوردستانی رۆژهەڵات هاتۆتە دونیا. ئەو لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و بە باندۆر بوو، کە هەر لە گەنجییەتیی خۆیدا خولیای خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی کوردی لە لا دروست بوو.
سمایل ئاغا سمکۆی شکاک رێبەری نەتەوەیی کورد کەسایەتییەکی ناسراوی کوردە کە لە جیهاندا ناسراوە و خەباتێکی بەرینی گەلەکەی رێبەری کردووە و بۆ بەدەست هێنانی ئازادیی گەلەکەی چەندین ساڵ شۆڕشی کردووە.


بەداخەوە ئەو رێبەرە گەورەیەی نەتەوەی کورد لە شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٣٠ لە شاری \'\'شنۆ\'\'ی کوردستانی رۆژهەڵات بە فەرمانی شای ئێران تیرۆر کراوە و ناو و خەباتی ئەو و خزمەتەکانی بە نەتەوەکەی وەک ناسیۆنالیستێکی کورد لە مێژووی کوردستاندا تۆمار کراوە.
چەند ساڵێکە شەقامێکی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە شەقامی سمکۆ شکاک ناودێر کراوە و وەک زۆر شەقامی‌تری کوردستان بە ناوی رێبەران و کەسایەتییەکانی کورد ناودێر کراون، یان پەیکەریان بۆ دروست کراوە. بەڵام ئەوەتە ئاشوورییەکانی عێراق کە رۆژنامەوان و سیاسەتوانی ئەوان لە بەیاننامەیەک دا داوا دەکەن کە ئەو ناوە بگۆردرێ و ناوی سمکۆ لابەرن!
بەڵام بەداخەوە چەندین کەسایەتیی ئاشووری کەلە نێویاندا وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ژۆنسێن سیاوەش یش هەیە داوای گۆڕینی ناوی شەقامی سمکۆی شکاک دەکەن.
گۆڕینی ناوی شەقامەکە هیچ لە گەورەیی ئەو رێبەرە مەزنەی باوکی ناسیۆنالیزمی کورد کەم ناکاتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سرنجە ئەوەیە کە بۆچی دەبێ ئاشوورییەکان ئەو ئیزنە بە خۆیان بدەن هەتا داوایەکی وەها بکەن؟ راستە لە هەرێمی کوردستان ماف و ئازادییەکانی ئەوان دەستبەر کراون، راستە دێموکراسی هەیە، پێویستە رێز لە بوونی هەموو لایەک بگیرێ، بەڵام نابێ ئەوان تەوهین بکەن، تەوهین بە سمکۆی شکاک تەوهینە بە گەلی کورد و نابێ هیچ کوردێک ئەو مەسەلەیە پشت گوێ بخاتەوە و ئەو بەیاننامەیەی ئاشوورییەکان پێویستە ئیدانە بکرێ و وا بە سووک و ئاسانی پشت گوێ نەخرێ.
کاتێک هیچ بەڵگەیەک لە دەست ئەواندا نییە جگەلە چەند پەرتووکێک، یان دژبەرانی سمکۆ، ئەو بوختانە بڵاو کردوونە، چۆن ئەوان دێن ئەو داوایە دەکەن و بەیانییە دەردەکەن؟ دژایەتیی سمکۆی شکاک دەکەن؟ لە کاتێکدا هەم نەتەوەی کورد و هەم کەمینەی ئاشووری هەتا ئێستاش بە ئاشتی و برایەتی، پێکەوە ژیاون. سروشتیشە کە کاتێک لایەنێک جاوی تەماع دکێشیتەوە خاکی میللەتێک، ئەو میللەتەش مافی پاراستنی ئەو خاکەیان هەیە. جەریانی کوژرانی مارشیمۆنیش لەو چەمکەدا جێ دەگرێ.
لە کۆتایی دا دووبارە داوا لە کوردپەروەران و دڵسۆزانی نەتەوەکەم ئەوەیە کە ئیزن نەدەن ئەو داوا ناڕەوایە سەربگرێ و ئەگەر داوای ناڕەوای تریش بە دوای داهات، بە دیقەتەوە پێداچوونەوەی لەسەر بکەن و سەهل و سادە پشت گوێی نەخەن.
ئاشوورییەکان دەبێ ئەوە بزانن کە ئەوان لە کوردستان و لەگەل نەتەوەی کورد هەمیشە پارێزراو بوون و دەبن، با وا بیر نەکەنەوە کە خاکێکی ئەمینتر لە خاکی کوردستان و میللەتێکی پاکتر لە میللەتی کورد دەدۆزنەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە