کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی یادی \'\'پیری کۆسار\'\' لە بێستوون بەڕێوەچوو

15:03 - 30 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: یاد و بیرەوەریی شاعیری ناسراوی کورد و بەتایبەت ناوچەی کەڵوڕنشین مەجید محەممەدی، بە بەشداریی هونەردۆستان و ئەدەب‌پەروەرانی کورد لە پارێزگای کرماشان بەرز راگیرا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، شاعیرانی کرماشان لە داوێنی چیای بێستوون بە مەبەستی بەرز راگرتنی یاد و بیرەوەریی \'\'مەجید محەممەدی ناسراو بە پیری کۆسار\'\' کۆبوونەوە.
ئەو رێوڕەسمە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیران و شیعردۆستانی کورد لە داوێنی چیای بێستوون بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەو رێوڕەسمەدا کۆمەڵێک شیعری کوردیی پیری کۆسار لەلایەن لایەنگرانی \'\'مەجید محەممەدی\'\'یەوە خوێندرانەوە و دواتریش چەندین تابلۆی مووزیکی کوردی لەلایەن هیدایەت قادری و گرووپی مووزیکی \'\'سارەنگ\'\'ـەوە پێشکەش کران.
مەجید محەممەدی (پیری کۆسار) لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە بێستوون چاوی بە ژیان هەڵێنا و لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی لە شوێنی لەدایک بوونیدا کۆچی دوایی کرد.
پیری کۆسار لە دەگمەن شاعیرانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی کەڵوڕنشینە کە بە باشی زام و گرێ کوێرەکانی کۆمەڵی کوردەواریی لەو ناوچەیەدا، لە شیعرەکانیدا دەربڕیوە.
ئەو رێوڕەسمە بە سەرپەرستی و بەڕێوەبەریی \'\'ئەردەشیر مووسەوی\'\' چالاکی فەرهەنگی و سیاسی بەڕێوەچوو.