کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی‌ گۆڤاری‌ \'\'واڵاپرێس\'\' ژمارە ٦٥ لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری (بەشی‌ یەک)

15:40 - 4 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ گۆڤاری واڵا پرێس پێکهێناوە.
بەشی یەکەمی دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:
وەک گۆڤاری واڵاپرێس، لە بارەگای سەرەکیی سکرتارییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبووینەوە بۆ سازدانی ئەم دیدارە.
هیجری سکرتێری حیزبێکە کەلە رابردوودا لە خەبات و تێکۆشانێکی سەختدا بووە و خاوەنی چەندین سەرکردەی تێکۆشەری وەکو \'\'شەهید قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی\'\'یە و لە چەند ساڵی رابردوودا لە بەردەم چەندین مەترسیی گەورە و تیرۆر و هەڕەشە و ترس و تۆقانێکی زۆردا بووە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بارەگای سەرەکیی خۆی، سەبارەت ‌بە بارودۆخی کۆنگرەی نەتەوەیی و بارودۆخی سیاسیی کورد و کێشە و گرفتەکانی حیزبی دێموکرات و ئەگەرەکانی یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی حیزب، ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکهاتووە، بیر و بۆچوونەکانی دەخاتەڕوو.

واڵا پرێس: با لەوەوە دەست پێ بکەم حیزبێک کە خاوەنی کۆمار بێت، حیزبێک خاوەنی قازی و قاسملوو و هەزاران پێشمەرگە، هەزاران شەهید بێت، حیزبێک لە رابردوودا خاوەنی دەسەڵات بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا دەبینین لە ئوردووگایەک قەتیس ماوە، ئەو حیزبە بە ئوردووگانشین ناسراوە و گلەیی ئەوەی لێ دەکرێت ناتوانێت خەباتی چەکداری دەست پێ بکات و ناتوانێت خەباتی مەدەنی بەرەو پێش بەرێت، چۆن وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەیتەوە؟
هیجری: واقیعەکە ئەوەیە، بە گوێرەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کەلە دونیا و ناوچەکە و وڵاتدا دێتەپێشێ، ئاڵوگۆڕەکان کاریگەریی خۆیان لەسەر هەموو جووڵەی کەسایەتی و کۆمەڵ و حیزب و دەسەڵاتێک دادەنێن، بۆیە ئەو رابردووەی جەنابت باست کرد بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەواو راستە، رابردوویەکی پڕ لە شانازی و پڕ لە خەبات و تێکۆشان و فیداکاری هەبووە، بەڵام ئێستا وەزعییەتی دنیا و ناوچەکە گۆڕاوە، نەک بۆ ئێمە وەکو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە حیزبێکی ئوپۆزسیۆنی ئێرانین، بەڵکوو لە ناوچەکەدا و لە دنیادا هەڵسووڕانی حیزبەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. ئێستا هەڵسووڕان و تێکۆشانی حیزبەکان وەکو (٣٠) ساڵ (٤٠) ساڵ، لەمەوپێش نەماوە، کۆمەڵگا گۆڕاوە، بیر و بۆچوونەکان گۆڕاون، ئەو گۆڕانانە پێویستیی نوێیان بەدوای خۆیاندا دەهێنن. لێرەدا مەسەلەکە ئەوەیە کە ئایا بە راستی ئەو دەورەی کەلە رابردوودا هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی هێزە سیاسییەکانی کورد روویان لە خەباتی چەکداری و خەباتی پێشمەرگایەتی بوو، ئایا ئێستا ئەو ویست و داخوازییانە لەنێو کۆمەڵگادا بەو شکڵەی خۆی، خەڵک دەیەوێت؟ ئایا شوێندانەری خۆی هەیە لەسەر دەسەڵات کە بتوانێت دەسەڵات بێنێتە سەر مێزی وتووێژ و داخوازییەکانی نەتەوەی بەسەردا بسەپێت؟ ئەوەی کە ئێمە لە رابردوودا کردوومانە بەتایبەتی لە دوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئێستا ماوەی چەند ساڵێکی بەسەردا تێدەپەڕێت، هەموو ئەو شێوە خەباتەمان لە رابردوودا تاقیکردووەتەوە، وەکو خەباتی چەکداری، خەباتی مەدەنی، خەباتی سیاسی، راگەیاندن و رێکخستن و هەموو ئەوانە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوسەنگیی هێز، ئێمە وردە وردە پاشەکشەمان کردووە و هاتووینەتە سنوورەکان و ئێستا وەک باسمان کرد بەشی ئاشکرای حیزبەکەمان لە کەمپەکانی حیزب لە کوردستانی عێراقدا نیشتەجێیە کە لەو کەمپانەدا کاری حیزبی دەکەین بە پێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێت کە ئەوە کەمپنشینییە و بێ دەسەڵاتییە! بەڵکوو ئێمە لەو ماوەیەدا کاری زۆر چڕ و پڕمان هەیە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی میدیایی، لە پێوەندی لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ هێز و رێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە هەموو بەشەکاندا، هەروەها رێکخستن لە ناوخۆی وڵاتدا بە شێوەی نهێنی کار و تێکۆشانێکی زۆر بەرچاومان هەیە، ئەوەی ئێستا بەشێکی زۆر لە خەڵکی کورد لە بەرچاویانە راگیرانی خەباتی چەکدارییە لەلایەن حیزبی ئێمەوە، بێجگە لەو بەشە هەموو بەشەکانی دیکەی کار و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات ئەکتیڤ و کارایە، بەڵام بەگوێرەی لێکدانەوەیەک کە حیزبی ئێمە کردوویەتی، لە ئێستادا دەست پێ کردنەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی ئێراندا بە قازانج نازانین، پێمان وایە دەبێت ئێستا لە خەباتی دیکە سوود وەربگرین، هەروەک هەتا ئێستا کردوومانە و لە کاتێک کە گونجاو بێت خەباتی چەکداری دەست پێ بکەین، خەباتی چەکداری بە بۆچوونی ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌خەباتێک نییە کە بسەپێت بەسەرماندا وەکوو خەباتێک کە ئیلزامەن ئێمە ئەگەر خەباتی چەکداری نەبێ دەست رابگرین و کاری دیکە نەکەین، بەڵکوو پێمان وایە کەلە هەر سەردەمێکدا رەنگە شکڵێک لە خەبات و تێکۆشان گونجاو بێت لە وڵاتدا، بەپێی لێکدانەوەیەکی سیاسی کە هەمانە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی مەنتیقەدا لە ئێراندا و لە دنیادا واقیعەتەکە ئەوەیە کە خەباتی چەکداری وەکوو رابردوو خەباتێک نییە کە خەڵکی و لایەنەکان پێشوازیی لێ بکەن، بۆیە فیعلەن‌ ئێمە ئەو بەشەمان راگرت‌، بەڵام بەشی کارەکانی دیکەمان زۆر فەعالە.
واڵا پرێس: ببورە خەباتی چەکداریتان راگرتووە؟ یان بە ناچاری راگیراوە، واتە بۆ نموونە وەزعییەتێک کە ئێستا هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە لە دەرئەنجامی شەڕ و خەباتی چەکداری بووە، لە کوردستانی تورکیا سوڵح کە دەکرێت لە دەرئەنجامی هاوسەنگی هێز و خەباتی چەکداریدا بووە، لە کوردستانی سووریە خەباتێک هاتووەتە کایەوە دەرئەنجامی خەباتی چەکدارییە، راستە ئاڵوگۆڕێک پێکهاتووە لەو ناوچەیەدا. تۆ پێت وانییە هێشتا بۆ ئێوە خەباتی چەکداری یەکێک بێت لە پێشەنگی کارەکانی ئێوە، وەکوو جەنابیشت باست کرد، بۆ ئێوە هەلومەرجێک نییە بۆ کاری رێکخراوەیی و کاری ئازاد لە ئێران، لە رێگای کاری تەشکیلاتی و نهێنیشەوە لە ماوەی پانزە بیست ساڵی رابردوودا نەتانتوانیوە کاریگەریی گەورە دابنێن، یەعنی پێتان وانییە کە خەباتی چەکداری بۆ ئێوە گرنگ و پێویستە، دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت؟
هیجری: خەباتی چەکداری کاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام هەموو شتێک نییە، من لەو باوەڕەدا نیم ئەو گۆڕانانەی لەم ناوچەیەدا روویان داوە چ لە کوردستانی عێراق بێت یان سووریە و تورکیە، ئەوە خەباتی چەکداری هێزی کورد هێنابێتیە پێشێ! لەگەڵ رێزم بۆ هەموو خەباتێک کە گەلی کورد لە مێژوودا کردوویەتی، بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا کە خەباتێکی زۆر دوور و درێژ و پڕ لە قوربانیی داوە، بەڵام ئەوەی هاتە کایەوە لە کوردستانی عێراقدا بەشی هەرە زۆری بەسترابوو بەو ئاڵوگۆڕانەی کەلە ناوچەکەدا هاتۆتە پێشێ. ئەو هێرشەی کرایە سەر عێراق، \'\'سەدام حوسێن\'\'ی بەڕووخان دا، دەزانین هێزەکانی کوردی عێراق لەگەڵ هەموو فیداکارییەک کە کردیان نەیانتوانی کاریگەری دابنێن کە ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد لەو بەشەدا لەگەڵ سەدام حسێن چارەسەر بکەن، ئەوەی کە ئێستا لە کوردستانی سووریەشدا دەیبینین کە بەشێک لە کوردستانی سووریە ئازادە و هێزەکانی حکوومەتی تێدا نییە، لەبەر ئەوە نییە کە بە چالاکی هێزی کورد ئەو ئاڵوگۆڕە هاتووەتە پێش، بەڵکوو ئەو وەزعەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێ هێناویەتیە پێشێ کە بەشار ئەسەد تووشی شەڕێکی توندوتیژ و خوێناوی بووە و لاواز بووە، بۆیە ئەو وەزعییەتە لەوێدا خوڵقاوە.
لە تورکیاشدا کورد فیداکاریی بەرچاوی کردووە، بەشێکی بەرچاوی ئەو ئاڵوگۆڕانەی ئێستا لە تورکیادا هەیە بە خەباتی مەدەنی دەچێتە پێشێ و ویست و داخوازیی کوردی تێدا زەق بۆتەوە، ئێستا پڕۆسەیەک دەستی پێ کردووە لە نێوان pkk و حکوومەتی تورکیادا، بەشێکی بنچینەیی دەگەڕێتەوە سەر بیر و بۆچوون و هەڵسوکەوتی حیزبێک کە ئێستا لەسەر کارە، چونکە ئێمە پێش ئەو حیزبەش لەگەڵ ئەوەی خەباتی کورد لە تورکیەدا هەر بووە، چ بە شەرتی چەکداری چ بە شەرتی مەدەنی، بەڵام حکوومەت جوابی ویست و داخوازیی کوردی نەداوەتەوە و باوەڕی پێی نەبووە، بەڵام ئاڵوگۆڕەکانی دنیا و ناوچەکە، وەکو عەرزم کردیت وای لێ هاتووە ئەو مەسەلانە زەق بوونەتەوە. بەڵام لە ئێراندا بەگشتی حکوومەتێکی وا لەئارادا نییە کە ئەو شتانە دەرک پێ بکات و تا ئێستا کەوتبێتە ژێر کاریگەری ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە دنیادا هەیە، بۆیە ئەو حکوومەتە ئێستاش بەستراوەیە، فرسەتی حەرەکەتی مەدەنیش نەک بە کورد بە کەسی دیکەش‌نادا. لە کوردستانی تورکیە، خەبات بەشێوەی مەدەنی ئیمکانی هەیە، فەزاکە کراوەتەوە بۆ خەباتی مەدەنی، دەبێت کەڵکی لێ وەربگری، کوردستانی عێراق وەزعییەتەکەی بە تەواوی گۆڕاوە و بووەتە حکوومەتێکی خۆجێیی، لە سووریەش وەزعییەتەکە بەو جۆرەیە کە هەموومان ئاگادارین. وەکوو باسم کرد دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە بەشێکی زۆری ناوچەکەدا نەماوە، مەبەستمە ئەوە بڵێم لە هەموو مێژووی کورددا کە خەباتی چەکداری توندوتیژ کراوە و کورد فیداکاری زۆری کردووە، لە راستیدا کەس نەبووە کە بەخەباتی چەکدارییەکەی حکوومەت ناچار بکات مل رابکێشێت بۆ ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد.
واڵا پرێس: بڕواتان بەخەباتی چەکداری نەماوە؟
هیجری: بڕوامان بەخەباتی چەکداری ماوە، بەڵام نەک خەباتی چەکداری وەک هەموو شتێک ببینین، ئەگەر خەباتی چەکداری نەبوو پێمان وابێت هەموو شتێک تەواو بووە، بەڵکوو خەباتی چەکداری وەکوو هەموو بەشەکانی دیکەی خەبات دەبێت لە کاتێکدا کە گونجاو بێت ئەو دەمە دەستی پێ بکەیت.
واڵا پرێس: ئێستا گونجاو نییە بۆ ئێوە؟
هیجری: نا بۆ ئێمە ئێستا گونجاو نییە.
واڵا پرێس: بۆ؟
هیجری: بە دەلیلی ئەوەی کە خەباتی چەکداری ئەگەر دەستی پێ بکەیت پێویستیی بەپشتی جەبهەیەکی موتمەئین هەیە کە ئێمە ئەوەمان نییە، لە وڵاتێکی گەورە و فرەنەتەوەی وەکوو ئێراندا کە کورد نەتەوەی سێیەمە لەباری ئابوورییەوە یەکێک لە بێ دەرەتان‌ترین نەتەوەکانی ئێرانە، ئیمکاناتی ژیانی زۆر بەرتەسکە، ناکرێت کورد لە وڵاتێکی ئاوا گەورەدا بە تەنێ دەست بداتە خەباتی چەکداری و قوربانی بۆ بدات، لە حاڵێکدا کە تا ئێستا نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی لەگەڵ ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکی زۆریان لە حکوومەت هەیە، بەڵام تا ئێستا ئامادەییان بۆ ئەو مەسەلەیە نییە، کورد بە تەنیا ناتوانێت ئەو کارە بکات، بۆیە دەبێت فرسەتێکی گونجاو هەبێت.
واڵا پرێس: چییە ئەو فرسەتە؟
هیجری: ئەو فرسەتە ئەو کاتەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەمێکە پڕۆسەی لاوازبوونی دەست پێ کردووە چ لەبارەی ناوخۆوە چ لەبارەی نێونەتەوەیی‌یەوە، ئەو لاوازی و بێ دەرەتانییەی کۆماری ئیسلامی بگاتە نوقتەیەک کە نەک هەر کورد، بەڵکوو نەتەوەکانی تریش جورئەتی ئەوەیان هەبێت، ئەگەر خەباتی مەدەنی جوابی نەداوە، خەباتی چەکداری دەست پێ بکات، حیزبی دێموکرات تەنیا حیزبێک نەبێت کە لەو وڵاتەدا خەبات بکات، ئەوە پێم وابێ فرسەتەکە ئاوا دەبێت، بەڵام بۆ ئەو کاتە حیزبی دێموکرات دەبێت ئامادەیی هەبێت، ئێمە ئەو ئامادەییەمان هەیە، ئێستاش پێشمەرگە وەردەگرین، فێرگەی نیزامیمان هەیە، پێشمەرگە پەروەردە دەکەین، ئەو پێشمەرگانە بەشێکی زۆریان لە کەمپەکانی حیزبیدا دەمێننەوە بۆ پارێزگاری حیزب کاردەکەن و تێدەکۆشن، شتی تازە فێر دەبن، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکی مناسبدا بۆ ئەوەی بتوانین لە دەرفەتەکە کەڵک وەربگرین چ وەکوو خۆمان چ وەکوو راکێشانی نەتەوەکانی‌تر کە ئامادەگی ئەوەیان هەبێت خەباتێکی هاوبەش لە ئێراندا بەدی بهێنین.
واڵا پرێس: ئەو فرسەتەی باست کرد، چاوەڕێی دەکەن کە ئەمریکا بێتە ناوچەکە وەک دەخاڵەتی کرد لە عێراق، لە سووریە، چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە ئێرانیش دەخاڵەت بکات ئەوجا دەستبەکار بن؟
هیجری: نا مەسەلەکە تەنیا ئەوە نییە کە چاوەڕێ بین ئەمریکا، یان هێزێکی دەرەکی دەخاڵەت بکات، ‌بەڵکوو لەپێش هەموو شتێکدا لەسەرەتاوە ئامادەبوونی نەتەوەکانی ئێران ئازادیخوازانی ئێرانە بۆ بەڕێوەبردنی خەبات، ئەوە لە سەرەتادا ئەولەوییەتی یەکەمە بۆ ئێمە، بەڵام رەنگە ئەوەی ئێوە ئیشارەتتان پێ کرد کاریگەریی هێزەکانی دەرەکی ئەو فەزایە بۆ ئێمە گونجاوتر بکات و بتوانین کەڵکی لێ وەربگرین.
واڵا پرێس: پشتیوانی لەکام هەلومەرج دەکەن کە وڵاتێکی وەک ئەمریکا دەخاڵەتی تێدا بکات، بکەوێتە جەنگەوە لەگەڵیدا، یان فشار بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێوە پشتیوانی لەکامیان دەکەن؟
هیجری: ئێمە پشتیوانی لە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، پێمان وایە هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران لاوازتر بێت لە قازانجی ئازادیخوازانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کوردە، ئەو تەجروبەیەش هەیە کە تا ئێستا لانی‌کەم بەشێک لەو وڵاتانەی کە ئەمریکا دەستی تێوەرداوە حکوومەتی رووخاندووە و دوایی بەجێی هێشتووە بۆ خۆیان، بەپێی لێهاتوویی خۆیان حکوومەت و ئیدارەی خۆیان دەکەن.
واڵا پرێس: ئەگەر قەرار بێت ئەو هەلومەرجە بێتە پێشەوە و دەرفەتی خەباتی چەکداری بۆ ئێوە لەبار بێت، ئاڵوگۆڕێک روو بدات، تۆ ئامادەی سەرکردایەتی یەکێک لەو شەڕانە بکەیت، یان هەر لە کۆیە، لە دوورەوە سەیر دەکەیت؟
هیجری: راستییەکەی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو زۆر قابیلی پێشبینی نییە، بەڵام من باوەڕم بەوە نییە خەباتی چەکداری لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبچێت، ئەگەر هێزێک بیەوێت خەباتی چەکداری بکات، دەبێت لە نێوخۆی وڵات بێت، دەنا دووراودوور ئەو خەباتە ناکرێت، بەڵام ئەگەر فرسەت گونجاو بێت ئێمە دەیکەین، ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات تەجروبەی شەڕی چەکداریمان هەیە، لە نێوخۆی وڵاتدا کردوومانە، لە شاخەکاندا کردوومانە، شەڕی پارتیزانیمان کردووە، تەنانەت شەڕی مونەزەمیشمان کردووە لەگەڵ حکوومەت.
واڵا پرێس: من باسی جەنابتم کرد، ئامادەی بگەڕێیتەوە؟
هیجری: من ئامادەم، عەرزم کردیت ئەگەر هەلومەرج گونجاو بێت، ئامادەم لە رۆژی یەکەمدا بگەڕێمەوە.
واڵا پرێس: بە بەراورد بە حیزبەکانی باشووری کوردستان، تا ئاستێکی زۆر دوورن لە خەڵکەکەی خۆتان، کەچی کەمترین کێشەتان هەبوو بۆ چوونە ناو کۆنگرەی نەتەوەییەوە کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا چەند دانیشتنێکی سەرەتایی ئەو کۆنگرەیە بەڕێوەچوو، پێتان وایە ئەو تەباییەی نێوانتان دەرئەنجامی چی بوو کە ئاوا بێ کێشە چووبەڕێوە؟
هیجری: ئێمە وەکوو کوردی رۆژهەڵات، وەکوو بەشەکانی دیکە بەداخەوە رابردوویەکی تاڵ و ناخۆش و پڕ لەگێرە و کێشەمان لەگەڵ خۆمان تەجروبە کردووە، لەشەڕی چەکداری دژی یەکتر و بگرە شکاندنی یەکتر و فەوتاندنی یەکتر، ئینشیعابات و دژایەتی کردن لەگەڵ یەکتر، هەموو ئەوانەمان تاقی کردووەتەوە، بە بۆچوونی من پێم وابێت هەموومان لە ئەسەری ئەو تەجروبانەدا گەیشتووینەتە ئەوەی کە ئێستا زەمانی ئەوە نەماوە، ئەگەر بمانەوێت کاریگەریمان لە داهاتووی ئێران، لە داهاتووی کوردستانی ئێراندا هەبێت و بە قازانجی نەتەوەکەمان بجووڵێینەوە وەکوو لە پرسیاری پێشوودا باست کرد، لە دەرفەتەکان باش سوود وەربگرین، دەبێت ئەو سەردەمە بەتەواوی تێپەڕ بووبێت.
لە نەزەری ئێمەوە مەسەلەی شەڕکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە چەک و دژایەتی کردنی یەکتر، لانیکەم لە بۆچوونی ئێمەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تەو‌او بووە، بۆیە ئێمە بەپێی ئەو سیاسەت و بۆچوونەمان ماوەیەکی زۆرە دانووستان و دانیشتن و حورمەت دانان بۆ لایەنەکانی دیکەمان گرتووەتەبەر، بەو شێوەیە هەڵسوکەوتمان کردووە و توانیومانە فەزایەکی وا پێک بهێنین کە بتوانین لە دەوری یەک دانیشین لە جیاتی تەریقکردنەوەی یەکتر و بێبەریکردنی یەکتر، پێکەوە مەشغەڵەت بکەین، تەنانەت ئێمە پێوەندی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەماندا کە پێنچ شەش ساڵ لەمەو پێش لە حیزبی دێموکرات جیابوونەوە، لەگەڵ ئەوانیش فەسڵێکی نوێمان دەست پێ کردووە، ساڵێکە لەگەڵیان لە دانووستان داین لەو مەوزوعە سیاسییانەی کەلە بابەتی ئێران و کوردستان دێنە پێشەوە، پێکەوە مشاورە دەکەین، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەر بەوشێوەیە. ئەوە توانیویەتی فەزایەکی وا پێک بهێنێت کە وەکوو خۆتان باستان کرد لە کۆنگرەی نەتەوەییدا کە بەشێوەیەکی دێموکراتی هەڵبژاردن کرا، نوێنەرەکان دیاری کران، پێکەوە هاوکاری دەکەین و ئەوەشمان مەبەست نییە هەر کەسە بۆ حیزبەکەی خۆمان چیمان دەست دەکەوێت، گرنگ ئەوەیە پێمان وایە کە ئەگەر ئەو کۆنگرەیە سەربکەوێت، دەتوانێت زۆر ئامانجی بەرزی هەبێت و زۆر لە قازانج و بەرژەوەندیی کورددا بێت، بۆیە زۆرتر مەسەلەی نەتەوەیی لەبەرچاو دەگرین، ئەوە نەک هەر لە مەسەلەی کۆنگرەی نەتەوەیی، بەڵکوو لە مەسەلەکانی دیکەشدا ئەوە هەبووە، مەسەلەن لە پێوەندی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێراندا، هەموومان مەبەستم لە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پێکەوە راگەیاندنمان دەرکردووە، هەموومان گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە پێکەوە داوا بکەین خەڵک دەنگ نەدەن، لە مەسائیلی دیکەشدا زۆر پێکەوە کار دەکەین.
واڵا پرێس: بەڵام نەتانتوانی راگەیاندنێکی هاوبەش بڵاو بکەنەوە؟
هیجری: راگەیاندنی هاوبەش هەموومان پێکەوە نا، بەڵام هەموومان یەک شتمان باس کرد، هەر لایەنە بەیانییەی خۆی، بەڵام یەک مەبەست بوو، ئەویش تەحریمی هەڵبژاردن بوو.
واڵا پرێس: ئامادەن بە یەکەوە راگەیاندنێکی هاوبەش لەم رۆژانەدا بڵاو بکەنەوە، هەر پێنج هێزەکە هەر (سێ کۆمەڵە) و (دوو دێموکرات) سەبارەت بە کۆنگرەی نەتەوەیی؟

هیجری: ئێستا لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی پێکەوە ئیشدەکەین، پێکەوە هەڵبژاردنمان کرد.

واڵا پرێس: مەبەستم لە راگەیاندنێکی هاوبەشە لە نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا؟

هیجری: ئەوە راگەیاندنی ناوێت، لەوێ لەگەڵ هەیئەتەکان دادەنیشین، ئێستا ئەو هەیئەتی ئامادەکارە کە دیاری کراوە بیست و یەک کەسە، هەیئەتی ئێمە پێنج کەسە، لەگەڵ ئەوان هەموو مەسەلەکان باس دەکەن، مەسەلەکانیشمان هاوبەشە.
واڵا پرێس: پێت وانییە کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئێوە و حیزبەکانی رۆژهەڵات دەرکەوتنێکی نوێ بوو، میدیاکان گەرموگوڕییەکی زۆری دایەوە بە دەرکەوتنی ئێوە کە لەچەند ساڵی رابردوودا وا نەبوون، لە یەکەم دانیشتنی کۆبوونەوەکەشدا تۆ یەکێک بووی لەوانەی کە قسەی دڵی هەموویانت کردووە، مەبەستم ئەوەیە ئێوە هەست ناکەن کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئێوە دەرفەتێکی تازەی رەخساندووە؟
هیجری: پێم وابێت نەک هەر بۆ ئێمە، بۆ رێکخراوەکانی دیکە، بۆ هێزە سیاسییەکانی دیکەش دەرفەتێکی نوێ بوو، ئەوەش بە بۆچوونی من خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە نزیک بوونەوەی هێزەکانی کورد لە هەموو بەشەکاندا بەتایبەتی کە دێتە پێشێ وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی، لە داهاتوودا کۆسپەکانی دەبێتە چی و چەند سەردەکەوێت، چەند سەرناکەوێت ئەو بەرژەوەندییە هەیە کە هێزەکانی کورد بەرجەستە دەکات و توانا و لێ هاتوویی‌یان زۆرتر نیشان دەدات. بۆ ئێمەش وەک هێزەکانی کوردی ئوپۆزسیۆنی ئێران ئەو دەرفەتە هاتە پێشێ کە ویست و داخوازییەکانی خۆمان نەزەرات و بۆچوونەکانی خۆمان چ لە میدیاکاندا چ لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆنگرەدا بتوانین باسب کەین.
واڵا پرێس: وەکوو ئەوەی باس دەکرێ لە یەکەم دانیشتنی کۆنگرەی نەتەوەییدا بە بارزانیت وتووە، قسە لەسەر ئاشتی چی؟ کێ ئاشتی لە ئێمە وەردەگرێ؟ ئێمە پەیامێکمان پێیە، کێ لێ مان وەردەگرێ؟ ئەوەشت وتووە دوو سکرتێر کە دوابەدوای یەک سکرتێری حیزبەکەت بوون، لەپێناوی ئاشتیدا تیرۆر کراون، ئەم پەیام و قسە کردنەت لە چییەوە سەرچاوەی گرتبوو؟

هیجری: حیزبی دێموکرات بەو رابردووەی کە هەیەتی، بەو شانازییانەی کە هەمانە، من بەش بەحاڵی خۆم وەک حیزبی دێموکرات جێ پێی حیزبەکەم لەنێو خەڵکەکەی خۆمدا قایم دەبینم، لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئێمە دەرفەتی ئەوەی نییە خۆی نیشاندا، بەڵام من لەو پێوەندەدا گومانم نییە کە جێ پێی حیزبی دێموکرات لەناو خەڵکەکەی خۆیدا قایمە، ویست و داخوازییەکانی ئێمە ویست و داخوازییەکی سەردەمییە، ئێمە لە سیاسەتەکانماندا لە رابردووەوە تا ئێستاش فێر بووین واقیعەتەکان زۆر لەبەرچاو بگرین، بۆیە نەک لە کۆنگرەیەکی ئاوا، زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەم بووە لە ئەمریکا، لە ئورووپا لەگەڵ کەسایەتیی زۆر گەورە لە پەرلەمانتاری پەرلەمانی بەریتانیا، هەر بەو هێز و باوەڕ بە حیزب و باوەڕ بەخۆ بوونەوە قسەم کردووە، چونکە وەک عەرزم کردیت بیر و بۆچوونەکانی ئەو سەردەمە رابردوویەکی پڕ لە شانازیمان هەیە، خاڵی مەنفی ئاوامان نییە کە شەرمی لێ بکەین، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە لە فرسەتێکی گونجاودا کە چاوەڕوان دەکەم لەوانەیە زۆر درەنگیش نەبێت کوردی ئێران لە ناوچەکەدا جارێکی‌تر توانا و لێهاتوویی خۆیان پیشان بدەن، بۆیە ئەو قسانەی کردم لە کۆنگرە لە شوێنەکانی دیکە لەو هێز و توانایەوە بوو.
واڵا پرێس: بارزانی وەڵامی چی بوو؟
هیجری: بارزانی وەڵامی نەبوو، لە راستیدا من گلەییەکم کرد کە لەو شتانەی باس کران لەوێ، چونکە ئیدارەی جەلەسەکە لەلایەن بارزانییەوە بە کاک عەدنان موفتی سپێردرابوو، ئەو هەندێک وەڵامی دامەوە، وەڵامەکەی ئەوە بوو لەسەر ئەوەی کە من گلەییم کرد، پێشتر دەبوایە پرس و جوو بکرایە لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکە، بەتایبەت لەگەڵ ئێمە باس کرا کە ئەو کۆنگرەیە بۆیە پێکهاتووە، هەر کەس نەزەری هەیە، قسەی هەیە، نەزەری خۆی دەدات کە پێوەندی لەگەڵ خەباتی چەکداریش لە بەیانییەی کۆنگرەدا ئەوە ئیسڵاح کرا کە خەباتی هەر بەشێک بە لەبەرچاوگرتنی وەزعییەتی حکوومەتەکانی مەنتیقە بچێتەپێش، مەسەلەکە پەیامی ئاشتی بوو بۆ هەموو دەوڵەتەکان و نەتەوەکان، بەڵام کە من قسەم کرد ئەو ئیسڵاحییەتە پێکهات بە لەبەرچاو گرتنی وەزعییەتی حکوومەتەکان.


واڵا پرێس
: باسی ئەوەت کرد کە شانازی بە حیزبەکەم و مێژووی حیزبەکەمەوە دەکەم، هەست بەوە ناکەیت عەیبێک هەیە لە حیزبەکەی تۆدا، ئەویش ئەوەیە کە لە کۆبوونەوە و کۆنگرەیەکی ئاوادا دادەنیشن وا ناوتان دەبرێت مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، خالیدی عەزیزی سکرتێری حیزبی دیموکرات، ئەمە بۆ ئێوە خاڵێکی زەعیف نییە؟

هیجری: دەزانم خاڵێکی زەعیفە، نەک هەر بۆ ئێمە وەک دێموکرات، بەڵکوو بۆ هەموو لایەنەکانی کوردی ئێرانی، مەسەلەن بۆ کۆمەڵەکان کە ئەوانیش سەردەمێک هێزێکی بەرچاو بوون لە کوردستانی ئێراندا، بۆ هەموومان خاڵێکی لاوازە، بەڵام وەک عەرزم کردیت ئەوە دەورانێک بوو تەواو بووە، هیوادارم نەیەتەوە، هەر بۆ کەم کردنەوەی ئەو خاڵە نێگەتیڤەیە کە ئێمە دەستمان کردووە بە دانوستان و پێکهێنانی فەزایەکی نوێ لەگەڵ کاک خالیدی عەزیزی، ئێستا زوو زوو پێکەوە دادەنیشین و هاتوچۆی یەکتر دەکەین و خەریکین بەرە و ئەوە دەچین کە ئێمە بتوانین لە داهاتوودا یەک بگرینەوە.


واڵاپرێس
: ئێوە بە ئیمانەوە دەڵێن کە هێزێکی جەماوەرین، ئەو دەستەواژەیەم لە هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تریش بیستووە، لە دێموکراتەکەی تر، لە کۆمەڵەکان، پێتوایە ئەگەر هەلومەرجێک بڕەخسێت لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە، حیزبی دێموکرات لە پێشی پێشەوە دەبێت؟
هیجری: بەڵێ من بەش بە حاڵی خۆم وا بیر دەکەمەوە، لەوەدا هیچ گومانم نییە، ئەوەش تەنیا بە گومان و لێکدانەوە نا، بەپێی تێکۆشانێک کە ئێمە لە ناوخۆی وڵاتدا هەمانە، بەپێی ئەندامانێک کە هەمانە، بەپێی ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ کەسایەتی و خەڵکی ناوخۆی کوردستاندا هەمانە، گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی، واتە دروشم نییە، من جارێکی دی ئەوە دەڵێمەوە راستە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی چەکداری درێژە نادەین، بەڵام ئەوە نەیتوانیوە کە لە خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات کەم بکاتەوە، بێجگە لەو خاڵەی لە سەرەتادا عەرزم کردیت ئیشارەی پێ دەکەمەوە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت وەکوو سەرەتای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی بیر بکەینەوە، ئەوە دروست نییە، چونکە گۆڕان هەیە، گۆڕان لەناوخۆی وڵاتدا، لەگەڵ خەڵکدا، فکر و بۆچوونی خەڵکەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەو پێوەندییەدا خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات و جەماوەری بوونی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکدا بە نیسبەتی ئەو‌ کات باشترە.


واڵا پرێس
: وتت ئەوەی کە من دەیڵێم ئێمە حیزبی یەکەمین ئەمە دروشم نییە، بەڵام فاکتێکیش نییە؟
هیجری: راستە ئەو دەمەش دەبێت دووبارە سندووقی دەنگدان هەبێت.
واڵا پرێس: لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەو بۆچوونانەی تۆ وادەرنەچوو، ئامادەی لایەنەکانی تر قبوڵ بکەیت کە براوەن، مەبەستم لە ئەنجامی هەڵبژاردنە وەک پڕۆسەیەکی دێموکراتی؟
هیجری: بەش بەحاڵی خۆم لەو باوەڕە دام ئەوەی کورد بەسەری هاتووە تا ئێستا ئەو نەگبەتی و دواکەوتووییەی کە هەمانە، ئەوانە بەشێکی هەرە زۆری موسەبیبەکەی خۆمان بووین کە نەمانتوانیوە یەکتری تەحەمول بکەین و دێموکرات نەبووین، فەقەت لەقسەدا باسی دێموکراسیمان کردووە، بۆیە پێم وابێت چ کورد بەعام چ وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەگەر بمانەوێت نەتەوەکەمان پێش بکەوێت و بە راستی حیزب وەکوو وەسیلەیەک بێت لە خزمەتی خەڵکەکەی، دەبێت هەموو یاسایەکی دێموکراتی قبوڵ بکات، یەکێک لە یاساکانی دێموکراسی ئەوەیە کە تۆ لە هەڵبژاردندا دۆڕاندت، دەبێت دۆڕاندنت قبوڵ بێت، من نەک هەر لە کۆمەڵگای دواڕۆژدا، بەڵکوو لەحیزبەکەشمدا ئەگەر لە هەڵبژاردنێکی دێموکراتیکدا هەست بەوە بکەم دۆڕاندوومە، زۆر بەحورمەتەوە جێگای خۆم دەدەم بە کەسێکی دیکە، هەروەک لە رابردوودا ئەوەم کردووە، من سەردەمێک سکرتێری حیزبی دێموکرات بووم لە کۆنگرەیەکی دێموکراتیکدا کە باوەڕم پێی هەبوو، من دۆڕاندم، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە بوو بە یەکەم، بە حورمەتەوە جێگای خۆم پێشکەشی کردووە، لەو ماوەیەشدا هەموو تێکۆشانی خۆم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە خزمەتی حیزبەکەمدا بم، یەعنی ئەوە باوڕی منە.


واڵا پرێس
: واتە تۆ وەکوو رابەری یەکێک لەو حیزبانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، قەناعەتت بەوە نەماوە جارێکی کە دەست بدەنەوە شەڕی براکوژی کە پێشتر مێژوویەکی تاڵتان هەبووە لەگەڵیدا؟


هیجری
: من باوەڕم بەوەیە کە کورد هەروەختێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی دەستی بۆ چەک بردووە هەڵەی کردووە، دوژمن قۆستویەتییەوە، بۆیە پێم وابێت نابێت ئەوە دووبارە بێتەوە، بە بۆچوونی من کۆنگرەی نەتەوەیی کە هیوادارم بەو شکڵەی کە من دەمەوێت نەک شکڵێکی فۆڕمی جێبەجێ بێت، یەکێک لە کارەکانی دەبێت ئەوە بێت کە چاودێر بێت بەسەر هەڵسوکەوتی حیزبە سیاسییەکانی کوردەوە، ئەگەر رۆژێک حیزبێک، گرووپێک بیەوێت لە رێگای چەکدارییەوە قسەی خۆی بسەپێنێت، بەرگریی لێ بکات، حیزبی من دەبێت یەکێک لە پشتیوانانی ئەو سیاسەتە بێت.
واڵا پرێس: وتت کۆنگرە وەکوو ئەوەی من دەمەوێت، تۆ دەتەوێت چی بێت، کۆنگرە چۆن بێت و چی بکات؟


هیجری
: من دەمەوێت کۆنگرەی نەتەوەیی بە تەنیا هەر دروشم نەبێت، وەک حیزبی دێموکرات هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی ئەو کۆنگرەیە ببێتە کۆنگرەیەک و لەوێدا ببێتە ناوەندێکی بەهێز بۆ قسەکردن و رێگا نیشاندانی هەموو گێرە و کێشەکانی کورد بەتایبەتی ئەو بەشە لە کوردەکان کە حکوومەتییان تێدا نییە و ناتوانن، مەرجەعێک نییە، دادگایەک نییە بۆ ئەوەی کێشەکانی خۆیان بەرنە ئەوێ، دەمەوێت کۆنگرەی نەتەوەیی ببێتە ئەو مەرجەعە، ئەگەر سبەینێ گرووپێک بیەوێت بەهێزی چەک خۆی بسەپێنێت بەسەر خەڵکدا یان بەسەر لایەنێکی دیکەدا، ئەگەر حیزبێک بیەوێت لە رێبازی نەتەوەیی لا بدا، کۆنگرەی نەتەوەیی بتوانێت لەسەر ئەو مەسەلەیە قسە بکات و بڕیار بدات و چارەسەری ئەو مەسەلانە بکات، بۆیە من ئاواتێکی زۆر گەورەم هەیە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کە هیوادارم ئەو کۆنگرە نەتەوەیی‌یە لەو چوارچێوەیەدا پێک بێت.


واڵا پرێس
: بێ گومان ئاشتی، تەوەری سەرەکیی کۆنگرەی نەتەوەیی‌یە، دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستبەردار بوون لە خەباتی چەکداری، هیچ سوودێکی دەبێت؟
هیجری: ئێمە پێمان وایە هەروەختێکی کۆماری ئیسلامی ئێران، یان هەر حکومەتێکی دیکە بە جیددی بیەوێت لەسەر ئازادی و دێموکراسی و مافەکانی نەتەوەی کورد دیالۆگ بکات، ئێمە دەبێت دیالۆگ بکەین، ئاشتی بکەین، لە رابردووشدا وامان کردووە. لەسەر مەسەلەی ئاشتی و پێکەوە دانیشتن، دوو سکرتێرمان لە دەست داوە. لە هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامیشدا لەگەڵ هێزەکانی دیکەی خەبات لە کوردستاندا، هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کوردمان پێکهێنا، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کەوتینە دانووستان، هەموو ئەو رێگایانەمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تاقی کردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە ئەنجام نەگەیشتووین، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕێکی وای بەسەربێت کە بیەوێت لەگەڵ گەلی کورد وتووێژ بکات بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەکانی، ئێمە ئامادە دەبین.