کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھیجری: کورد ئامادەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژ بکات­­

12:40 - 5 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵی وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهێناوە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنە:


سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران مافەکانی کورد بسەلمێنێ ئامادەن لەگەڵی بکەونە گفتوگۆ بەناوبژیوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی.

ئێستا تەنیا حیزبەکانی کوردستانی ئێرانن کە ناتوانن راستەوخۆ لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتەکەیان لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوە حیزبەکان کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە رەت کردنەوەی وتووێژ.
سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مستەفا ھیجری، کە بارەگای سەرەکیان لە شاری کۆیە ٥٥ کم لە باشووری رۆژھەڵاتی شار ھەولێر دایە. لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵAA جەختی کردەوە کورد ھەردەم ویستوویەتی لەگەڵ تاران گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان، بەڵام بە قسەی ئەو کاربەدەستانی ئێران خوازیاری وتووێژ نین.

ھیجری گوتی
: \'\'بۆ نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی کورد، حکوومەت بەچاوی ئەمنی سەیری خەڵک دەکات، کاتێ ھاووڵاتییەک داوای ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خۆی بکات، خێرا تۆمەتی نۆکەری بێگانە و دژە نیزامی دەدەنە پاڵ، بەو ھۆیەوە سەدان تێکۆشەر لە سێدارە دراون ئێستاش زۆرێکیان لە زیندانن، ھەر ئەوەش وای کردووە گەر دەرفەتێک بۆ گەنجانی کوردستانی ئێران ھەڵکەوێ، دێنە باشووری کوردستان یان دەچنە وڵاتانی دەرەوە\'\'.

جیاوازیی کورد لە وڵاتی ئێراندا لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ئەوەیە ئەوان ساڵانێکی زۆرە خاوەن حیزبی سیاسی و کاری رێکخراوەین لەبەرامبەر حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە. چالاکی و خەباتی سیاسی و چەکداریی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٨١ دەست پێ کرد.
ھیجری لەبارەی رۆڵی کورد لە ئێران گوتی: کوردی رۆژھەڵات پێگەیەکی بەھێزیان ھەیە لە ئێران، نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش چاویان بڕیوەتە کورد ھەر ئەوەش وای کردووە رێژێمی کۆماری ئیسلامی سڵ لە ماف و داخوازییەکانی کورد بکاتەوە، ئێران ترسی ھەیە ئەگەر قایل بوو ماف بداتە کورد نەتەوەکانی دیکە داوای مافی خۆیان بکەن، ئەو کاتە وڵاتەکە دەبێتە سەرچاوەی لێک ترازانی جوگرافی\'\'.

ساڵی ٢٠٠٥ نەتەوەکانی کورد، عەرەب، ئازەری، بەلووچ، تورک، ھاوپەیمانییەکیان بەست بەناوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و داوای ئێرانێکی فیدراڵیان کرد، لەپێناو ئەوەی ھەموو نەتەوەکان لە ناوچەکانی خۆیان دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبردنیان ھەبێ.

سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بارەوە دەڵێ
: کۆماری ئیسلامی بە فیدراڵی قایل نابێ و نایەوێ نەتەوەکان بەمافی خۆیان بگەن، خۆ ئەگەر فیدراڵی بێ ھەماھەنگی نێوان نەتەوەکان زیاتر دەبێ وڵاتەکەش لەسەر ئاستی دنیا ئێرانێکی جیاواز دەبێ لەگەڵ ئەوەی ئێستا\'\'.
لە بارەی مافەکانی کورد لە کابینەی نوێی حەسەن رۆحانی، مستەفا ھیجری گوتی: رۆحانی پرۆژەیەکی گونجاو و لەباری پێ نییە بۆ کورد، ھەوڵەکانی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا و لەسەر پیتاندنی ئورانیۆمە و بۆ باش کردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتە، ئەگینا ئێران بەرنامەی نییە ژیانی وڵاتەکەی باش بکات تەنیا لەسێ مانگی رابردوودا دەیان کەس لەسێدارە دراون\'\'.
کوردەکانی ئێران لە ساڵانی ١٩٨٠ بەدواوە کەوتنە ناکۆکی قوڵ لەگەڵ رێبەرانی شۆڕش و ئینقلابی تازە سەرکەوتوو لەتاران، بەڵام گفتوگۆکان شکستیان دەھێنا، دوایین دیداری رەسمی و ئاشکرا ساڵی ١٩٨٩ بوو لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و کاربەدەستانی ئێران کە دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سەرۆکی حیزب بەشداریی تێدا کرد، لەڤیەننای پایتەختی نەمسا بوو. بەڵام لەو دیدارەدا قاسملوو و دوو لە ھاوڕێکانی تیرۆر کران، حیزبی دێموکرات کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو کارە تاوانبار کرد.

مستەفا ھیجری لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی رایگەیاند: بەردەوام ھەوڵیان داوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و وتووێژیان ھەبێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو دەستپێشخەرییانەی رەت کردووەتەوە.

ھیجری گوتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیاری وتووێژ بکا، ئەوا کورد رازی دەبێ بەو شەرتەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی ناوبژیوانی بکات و مافی کورد بسەلمێنێ\'\'.

لە ئێران، بەگوێرەی ئامارە نا رەسمییەکان رێژەی کورد لەوڵاتە دەگەنە ١٠ ملیۆن کەس. ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا گەیشتوونەتەوە حەوت ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس.

لەدرێژەی گفتوگۆکەی لەگەڵ AA، مستەفا ھیجری باسی داھاتووی ئێران دەکات و گوتی: \'\'حیزبی دێموکراتی کوردستان نزیکەی ٦٧ ساڵە بۆ ئازادیی نەتەوەی کورد خەبات دەکات، ئێستاش ھەر بەردەوامین، پێمان وایە سەردەمی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەسەرچووە و لەگەڵ دۆخی ئێستا گونجاو نییە\'\'.