کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد لە نێوان بەرداشی دوو روانگەدا! (قادر ئەلیاسی)

13:09 - 8 خەزەڵوەر 2713

قادر ئەلیاسی

زۆر جار لێرە و لەوێ دەبیسترێ و دەوترێ کە داکۆکی کردن لە مافی هەژاران ئەوبەرترە لە خەبات بۆ وەدستهێنانی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی. پاساوی ئەم بۆچوونەش لە روانگەی چەپەکانەوە ئەوەیە کە گوایە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە دادپەروەری نەکاتە دروشمی بە کردەوەی خۆی، لەگەڵ دیکتاتۆرە داگیرکەرەکاندا هیچ جیاوازییەکی نییە و بگرە بە خراپتریش دەدرێتە بەر پەلامار. ئەم بۆچوونە ئەگەر زۆری لەسەر بڕۆین، دەمانباتەوە دنیا خەیاڵییەکەی کۆمونیستەکان کە جیهان بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. ئاڵاهەڵگرانی ئەم بۆچوونە، بە بیانووی ئەوەی جیاوازی لە نێوان رەگەزی رەش و سپی ناکەن، یەکەمجار واز لە خەڵکی بندەست و هەژاری نەتەوەکەی خۆیان دێنن و رەش پێستانی ئافریقایی و زوڵم لێکراوانی فەلستینی بە ئەوبەرتر دەزانن و فرمێسکی بۆ هەڵدەڕێژن.
لایەنی دیکەی ئیدئۆلۆژیی ئایینی و بە تایبەت ئیسلامی سیاسییە، کە بە بەڵگەهێنانەوەی هەموومان خەڵک و خاوەنی خالەقێکی یەکتا و خەڵقکراوی ئەوین، و لە بەرامبەر ئەرکی ئایینیدا یەکسان ئەرکدار کراوین، دەبێ لە ژێر سێبەری ئاڵای ئیسلامدا کۆ ببینەوە و بەپێی دەقە ئایینییەکان بەرەو جیهاد و دژی کوفر و کافران بووەستینەوە\'\'. ئەم لایەنەش بەو بیانووە، کێشەی نەتەوەیی لە بیر دەکا و لە قورسایی هێزی نەتەوەیی دەپچڕێنێ و دەیخاتە سەر لەشکری بیر و بۆچوونی ئاماژە پێکراو.
ئاکامی دروێنەکردنی بەرهەمی ئەم دوو ئیدئۆلۆژییە بۆ نەتەوە بندەستەکان بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی، هەتا نها وەک یەک رۆژڕەشی بووە. من وەک کوردێک کە کێشەی نەتەوەکەی خۆم بە ئەوبەرتر دەزانم، لەم نووسراوەیەدا زیاتر جەخت لە کوردستان و مێژووی بندەستی ئەم نەتەوەیە دەکەمەوە:
لە سەلاحەدینی ئەیوبییەوە (۱۱۳۸ـ١١٩٣) بگرە کە بەشێک لە خاکی وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقای بە فەلستینەوە خستە ژێر رکێفی دەسەڵاتی ئیسلام هەتا ئیمپراتووری عوسمانی ( ۱۲۹۹ ـ۱۹۲۲) و دابەش بوونی کوردستان لەنێو ئەو چەند وڵاتەدا، نیشانی داوە کە نەبوونی کیان و دەسەڵاتی کوردی، لە سەردەمە جیاوازەکاندا کوردی کردووە بە قوربانی قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرانە. بە جۆرێک نە سەرکردەیەکی وەک سەلاحەدین توانیویەتی ئەو گەلە بکا بە خاوەنی دەوڵەت و نە سوننیی عوسمانی و نە شیعەی سەفەوی لایەکی دڵسۆزانەیان لێ کردۆتەوە. هەتا سەلاحەدین لە ژیاندا بوو، خۆی و کوردەکانی دەوروبەری کرد بە قەڵغانی سپای دەرەوەی قەڵەمڕەوی ئەو وڵاتانەی ئەو بە ئەمارەتی ئیسلامی ناوی دەبردن. سوڵتانەکانی عوسمانیش هەتا پێویستیان بە شەڕکەر لە بەرامبەر سەفەوی و ئێراندا بوو، لە کورد بە ناوی ئەوەی کە دەسەڵاتەکەی ئەوان (عوسمانی) ئیسلامییە و بۆ خۆشیان خەلیفە و جێنشینی خولەفای راشدینن، کەڵکیان وەرگرت. لەم لاشەوە سەفەوی، بە زەبری شمشێر و دواتر بە داسەپاندنی ئایینی تازەبابەتی شیعە، توانیی تێکەڵاوێک لە ئایین و وڵات بۆ نیزامی ئەو کاتی ئێران پێک بێنێ. ئاکامی ئەم داسەپاندنە بۆ بەشێک لە پەیڕەوانی شیعەی سەفەوی و جڵەوداری دەسەڵاتی ئێران رەنگە باش بووبێ. بەڵام بۆ کورد جگە لە پرش و بڵاوی و سەر بێ کڵاوی، هیچی دیکەی دەست نەکەوتووە. بە جۆرێک ئێستاکەش بەشێکی زۆر لە کوردەکانی ناوچەی ئیلام و کرماشان لە باتی ئەوەی خۆیان بە کورد بزانن و کێشە هاوبەشەکەیان کوردایەتی بێ، خۆیان لە ژێر ناوی شیعە و سوننی و تایفە (یارسان)دا پێناسە دەکەن.
نەبوونی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی لە لایەک و زەبر و زەنگی داگیرکەران لە لایەکی دیکەوە، دەیان شۆڕشی کوردی تێدا تۆمار کراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵاهەڵگرانی ئەو دوو بۆچوونە، هەر جارە و بە ناوێک هاتوونەتە مەیدان و پاساویان بۆ ئەو زەبر و زەنگانە هێناوەتەوە کە بەسەر کوردی بندەستدا هاتووە. بۆ وێنە چەپەکان، نەهاتنەدی ئامانجە خەیاڵییەکەی خۆیان کە بە دنیایەکی بێ‌سنوور و پڕ لە دادپەروەری وێنا دەکەن، دەبەستنەوە بەوەی کە گوایە ئەو دەسەڵاتانە راستەقینە نەبوون. بۆیە نەیانتوانیووە بەو ئامانجە جیهانییە بگەن. سۆڤیەتی جارانیان بە رویزیونیست و لادەر لە ئوسوولی ئەو مەکتەبە تاوانبار دەکرد. لە کاتێکدا دوای رووخانی ئەو سیستەمە، دەرکەوت نەک هیچ بیرێکی جیهان وەتەنی و دادپەوەری و یەکسانی هەبووە، بەڵکوو لایەنێکی بەرژەوەندیخواز و قەیرانخوڵقێن بووە. بە هەبوونی هێزێکی گەورە، وەک سەرکردە و هەڵسووڕێنەری بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دنیای رۆژهەڵات لە بەرامبەر رۆژاوا، هەرچی قازانج و بەرژەوەندی خۆی بووە، لە سەرووی هەموو ئامانجێکی دیکەی وەک (جیهان وەتەنی و دادپەوەری و مرۆڤدۆستی) داناوە. ئێستاش رووسیەی میراتگری ئەو قەوارە بچووک کراوەیە، بە هەمان رێبازدا ملی رێگای گرتووە. سۆڤیەتی دوێنێ، سەددام و رێژیمەکەی دەدیت کە چۆن کۆمونیستەکانی عێراق (جووجەڵەی چاو لە دەستی سۆڤیەت) دەگرێ و ئەشکەنجەیان دەدا و سەرەنجام دەیانکوژێ، هەر وەها بە ئاشکرا کۆمەڵکوژی کوردەکانی بە چەکی شیمیایی و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دەدیت، بەڵام متەقی لێوە نەدەهات. چونکە سەددام و رێژیمی بەعس، بە کرینی چەکوچۆڵ لەو وڵاتە و هاوبەش کردنی سۆڤیەت لە قازانجی فرۆشی سامانە نەوتی و گشتییەکانی دیکەی عێراق، وای لە خادمینی قیبلەی کۆمونیستەکانی دنیا!!! دەکرد لە ئاست ئەو گشت جینایەتەی سەددام دا چاوپۆشی بکەن.
رووسیە و چینی هاوڕێ مائۆتسەدۆنگ، دوای سەددام و قەزافی، بەهانای کۆماری ئیسلامی و بەشار ئەسەدەوە دەچن.
لە لایەکی دیکەوە ئیسلامییەکانی بە رەگەز کوردیش، بە هێنانەوەی پاساوی نەبوونی دەسەڵاتی راستەقینەی ئیسلامی لە دنیای ئەمڕۆدا، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، کورد بەرەو یەکگرتن لە گەڵ خەڵکی نەتەوەکانی دیکەی بە ئایین موسڵمان و کۆکردنەوەیان لە یەک بەرەی جیهادی و خۆتوانەوە لە فەرهەنگی بێگانە و بە ناوی ئومەتی ئیسلام و لە ژێر سێبەری ئاڵای ئیسلامدا، هان دەدەن. ئیتر لە بیریان چۆتەوە، هەزار ساڵ لەمەوبەر سەلاحەددین و پاشان دەسەڵاتی عوسمانی بەم فێڵە و لە ژێر ناوی دیندا، کوردیان لە گەیشتن بە دەسەڵات دورر خستەوە، بە جۆرێک هەتا ئێستا، (جگە لەو بەشە بچووکەی باشووری کوردستان نەبێ، ئەویش بووە بە تانە لە چاویاندا)، نەیانهێشتووە کورد بەو ئامانجە بگا.
لە گێڵ و تەتەڵکردنی ئەم نووسراوە، دەمهەوێ بە کورتی بە خوێنەری ئەم دێڕانە بڵێم: بە ناوی ئایین بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازی، لە هێزی کورد و هەست و بیری کوردایەتی کەم کراوەتەوە و خراوەتە سەر بیری ئایینی و بە قازانجی عەرەب و تورک و تەنانەت فارس شکاوەتەوە.
لە روانگەی چەپ و لە سەرووی هەموویانەوە بە ناوی کۆمونیستەکانیشەوە، زیانێکی قورس بەر کورد و بزووتنەوەکەی کەوتووە. زیانێکی هاوچەشنی ئەو زیانە، بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە لە کورد درا. واتە بە ناوی دنیایەکی خەیاڵی و دوور لە چەوسانەوە، لە هێزی کورد کەم کراوەتەوە و خراوەتەوە سەر خەرمانی هەمان ئەو نەتەوانەی کە لە رێگای ئایینەوە جارێکیتر لە کورد فێڵیان کرد و لێی سوودمەند بوون.
بە شی کردنەوەی ئەم دوو بۆچوونە جیهانییە، واتە ئیدئۆلۆژی چەپ و ئایینی، بەو ئاکامە دەگەین کە هەر گەلێک لەم دنیایە، کاتێک دەتوانێ بە دادپەوەری و یەکسانی و مافی مرۆڤ بگا کە بەر لەم ئامانجانە، دەسەڵاتێکی نەتەوەیی هەبێ. واتە چوارچێوەیەکی جوغرافیایی پاوانکراوی بە ناوی خۆیەوە تاپۆکردبێ. لەو چوارچێوەدا کە ناوی نیشتمان و وڵاتی ئەو گەلەی لە سەرە، ئاڵای نەتەوەیی هەڵکرابێ. لە ئاوەها سیستەمێکدا دەکرێ باسی دادپەوەری کۆمەڵایەتی و مافی یەکسانی ژن و پیاو و ئازادییەکانی دیکە بێتە بەرباس. هەتا کوردستان ئازاد نەبێ، هەتا بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن دەسەڵات(هاوبەش لە چوارچێوەیەکی فیدراڵی یان سەربەخۆ) لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا نەسەلمێندرێ، وەدی هاتنی مافەکانی دیکە خەیاڵێکە و بەس.
ئەگەر ئەمڕۆ هەرێمێکی کوردستان نەبوایە، باسی هەڵبژاردنیش نەدەکرا. مادام هەرێم هەیە، هەڵبژاردن دێتە گۆڕێ. لە هەڵبژاردندا، بەرەی دیموکراسیخواز و چەپ و راستی کۆمەڵ تا بگاتەوە لایەنی ژینگەپارێز و کۆمەڵگای مەدەنی، بۆ سەلماندنی درۆشمەکانیان کە لە بەرنامەکەیاندا هاتووە، دەکەونە ململانێیەکی ئازاد. لەو دەفرەدا کە کەش و هەوایەکی ئازادە، دەکرێ باسی هەژار و دەوڵەمەند بکرێ.
جاران دارا و نەداری کورد چاو لە دەستی دەسەڵاتی داگیرکەر بوون، تا بزانرێ کەی سامانی دارا بە تاوانی دژی شۆڕش تاڵان دەکرێ یان کەی نەداریش بە بیانووی ئەوەی یارمەتی پێشمەرگەی داوە، دەگیرێ و حوکمی بۆ دەبڕدرێتەوە. بەڵام ئەمڕۆی هەرێم، دەتوانن باس لە دادپەوەری و نادادپەوەری، دارا و نەدار و زۆر کێشەی دیکە بکەن، چوونکە خاکێک و چوارچێوەیەکی هەرێمی و دەسەڵاتێکی یاساییان لە بەر دەست دایە. بە پشت بەستن بە وڵات و یاسا و دامەزراوە حوکمی و حیزبییەکان، دەتوانن بپرسن بۆ جیاوازی هەژار و دەوڵەمەن ئەوەندە زۆرە؟ بۆ هەیە کۆشکەکەی چەند قاتە؟ لە پاڵی ئەویشدا کەسی وا هەیە هەژار و لاتە؟
لە دوای خوێندنەوەی ئەم راستییە تاڵانەی مێژووی کوردستان و هەلومەرجی هەرێمی کوردستان، وەک تاکە دەسەڵاتی ئەم سەردەمەی کورد، لە گەڵ پاراستنی بەها جوانەکانی کۆمەڵی مرۆڤایەتیدا، پێویستە بۆ یەکگرتنێکی نەتەوەیی، بۆ وەدیهاتنی دەسەڵاتێکی کوردی و بۆ سەلماندنی یەکڕیزی کورد و رەوایی ئامانجە رەواکەی، پێکەوە هەنگاو هەڵبگرین. ئەمە تەنیا رێگایە. من لە گەڵ ئەوەی دڵم بە حاڵی کورد و حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسووتێ و جیابوونەوەکان بە زەبرێکی گورچووبڕ لە پەیکەری کوردستانی داگیرکراو دەزانم، هەر لەو کاتەشدا دڵم بەوە خۆشە کە لایەنەکان لە چەپەوە بگرە تا نەتەوەخواز و دامەزراوە مەدەنییەکان، لە ئامانجە نەتەوەییەکاندا هاوبەشن و بۆ دەستەبەرکردنی گەیشتن بەو ئامانجانەش، ئەگەرچی لە چاوەڕوانی ئێمەدا نەبن، بەڵام هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە.
بەو هیوایە گشت تاکێکی کورد، بەر لەوەی بیر لە ئیدئۆلۆژی خۆی و ئەو لایەنە بکاتەوە کە خۆی بە گرێدراوی ئەو دەزانێ، بیر لە کورد بە گشتی و کێشەی نەتەوەکەی بکاتەوە. مادام بۆ نەتەوەیەکی بندەست، دەسەڵاتی نەتەوەیی ئامانجی یەکەمە، دەبێ بۆ هەر تاکێکی کوردیش گەیشتن بەو ئامانجە لە پلەی یەکەمدا بێ.
گەل بە هێز و دەست و بازوو و فکری خۆی رزگار دەبێ
هەر کەس بڕوای بوو بە غەیرە، کاری ناهەموار دەبێ

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە