کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوا بۆ گۆڕینی ناوى شەقامی سمکۆی شکاک، یان دەرس وەرگرتن لە راستییەکانی مێژوو؟! (محەممەد ساڵح قادری)

16:35 - 14 خەزەڵوەر 2713

محەممەد ساڵح قادری

وەک دەزانین مێژوو زانستێکی گرینگە که بەهۆی ئەو زانستەوە دەتوانین تیشک بخەینە سەر رووداوەکانی رابردوو و بە دیتنەوەی لایەنە کارتێکەرکانی پێوەندیدار بە هەرکام له و رووداوانه، شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی واقعبینانەیان لەسەر بکەین و بە کەڵک وەرگرتن لە دەرئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنە نەخشه رێگای داهاتووش دیاری بکەین. هەروەها ئەوەش دەزانین که هەر یەک لە رووداوەکان بە بەراورد لەگەڵ هەلومەرجی تایبەت بە خۆیان بە جۆرێک پێوەندییان بە هۆکاری جیاجیاوە هەيه کە کاریگەریی هەرکامیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ شوێندانەرى لە دروستکردنی ئەو رووداوانە دادەنێ.
کەوایە مێژوو غەدر لە کەس ناکات، بەڵکوو ئەوە ئەو خەڵکانەن کە غەدر لە مێژووی خۆیان دەکەن کە نەیانتوانیوە بە مەنتقی سەردەم کەڵک لەو زانستە گرنگە وەرگرن و لایەنە بەهێز و لاوازەکانی رابردووی خۆیان بکەنە سەرمەشقی رێڕەو‌ی بەرەوپێشچوونی داهاتوویان و رێگای دروست پێشانی جیلی تازە بدەن. بەداخەوە زۆر جار بینراوە کە خەڵکانێک بە رەچاو نەکردنی پێوەرە زانستییەکانی مێژوو و بەپشت بەستن بە سۆز و دەمارگرژیی ئایینی، یان نەتەوەیی و ... بوونەتە هۆی کارەساتی گەورە لەسەر چارەنووسی خۆیان و دەوروبەریان.
یەکێک لەو رووداوە هەستیار و کێشەخۆلقێنەره کەلە مێژووی هاوچەرخی جووڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کاریگەریی نیگەتیڤی بەدوای خۆیدا بەجێ هێشتووە و پێویستی بە شیکردنەوە و پەند لێوەرگرتنە، کوژرانی رێبەری ئایینی ئاسوورییەکان بە ناوی بونیامین مارشیمون‌لەلایەن سمکۆی شکاکەوەیە‌. بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر ئەم بابەتە بەرچاوڕوونییەک بخەینە بەردیدی خوێنەران، پێویستیمان بە شۆربوونەوە بە قووڵایی نزیک بە سەد ساڵ لەمەو بەر و لێکدانەوەی هەلومەرجی ئەوکات هەیە.
لە کۆتایی‌یەکانى سەدەى نۆزدەوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بیرۆکەی ناردنەوەی مسیۆنه رۆژئاوایی‌یەکان بۆ ناوچەی میزۆپۆتامیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن وڵاتانی وەک بریتانیا، فەرنسە، رووسیە، ئەمریکا و ئیتالیاوە، بە مەبەستی پەلهاوێشتن و خۆخزاندن لەو ناوچانە کە لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان و ئێرانییەکاندا بووە، ئیتر چارەنووسی ئاسوورییەکان و مەسیحییەکان وەکوو کارتێک بەکار هاتووە و بە مەبەستی سیاسی و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی بیانی کەوتووە ناو تەمومژێکی تاریک و تووشی گەلێک کوێرەوەری و چەوساندنەوەی ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بوون. گوندەکان و دێرەکانیان کاول و وێران کراون و بە کۆمەڵ خەڵکیان لێ کوژراون و دەربەدەر بوون و لەگەڵ نەتەوە جیاوازەکانی ناوچە وەکوو تورک و کورد و ئازەری بناغەی دووبەرەکی و شەڕ و دوژمنایەتییان داڕشتووە. کە بەداخەوە ئەم دژایەتیکردنەی ئاسوورییەکان کە بە هاندانی مسیۆنەکان بووە لە شۆڕشی بەدرخانییەکان لە ساڵی 1843 را دەست پێ دەکات و لە شۆڕشی سمکۆی شکاک و کوژرانی مارشیمۆنی رێبەری ئایینی ئاسوورییەکان لە ساڵی 1918دا کۆتایی پێ دێت.
پێش هاتنی مسیۆنە ئورووپاییەکان، پێوەندیی نێوان کورد و ئاسووری وەک دوو نەتەوەى ژێردەست و هاوسێ کە خاوەنی مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژى پێکەوەژیان له ناوچەکەدا بوون‌بەڕادەیەک باش بووە کە سەرەڕای جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی لەگەڵ یەکتر زۆر جاران لە دژی پەلاماردەرانی بێگانە لە یەک بەرەدا جەنگاون و بەردەوام لە پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە و هاوکاری کردنی یەکتریدا بوون. بۆ نموونە پەنادانی زۆرێک لە ئاسوورییەکان لەلایەن کوردەکانەوە لە کاتی هێرشی تورکەکان و بەپێچەوانەوە پەنادانی شێخ عەبدوڵسەلامی بارزانی لەلایەن ئاسوورییەکانەوە کە بەهۆی هێرشی تورکەکانەوە ناوچەی بارزانی بەجێ هێشتبوو و لە ناو ئاسووریەکاندا گیرسابووەوە. بەڵام دوای هاتنی ئەو مسیۆنە ئورووپایی‌یانە، لەسەروبەندی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، کە بە رواڵەت بۆ کاری چاکە و گەیاندنی پەیامی پیرۆزی مەسیح و خواپەرەستی نێردرابوون، کەچی لە ژێرەوە بە مەبەستی سیاسی خەریکی سازدانی دووبەرەکى و بەگژیەکترداکردنی گەلانی ناوچەکە بە کورد و ئاسووری و تورکەوە بوون. مەبەستی ئورووپایی‌یەکان لەو کارەیان داڕشتنەوەی نەقشە رێگای دابەشکاری دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانییەکان و لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێرانییەکان و خۆشکردنی جێ‌پێی خۆیان لە ناوچەکەدا بووە.
بۆ ئەم مەبەستەش لە رێگای ئەو مسیۆنانەوە کەوتوونەتە دنەدانی ئاسوورییەکان و ئەرمەنییەکان. تامەزرۆیی ئاسوورییەکان و ئەرمەنییەکانیش کە کەمینە ئایینەکانی غیرە موسلمانی ناوچەکە بوون، بۆ رزگاربوون لەدەست دوو دەسەڵاتی موسڵمانی سوننەى تورک و شیعەی ئێران و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەسەر خاکی کوردستان بە پشتیوانى رووسەکان کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لە ساڵی 1915 دوای سەفەری مارشیمۆن بۆ تفلیس و وەرگرتنی بەڵێنیی رووسەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئاسوورییەکان لەبەرامبەر هاوکاری ئاسوورییەکان لەگەڵ بەرەی هاوپەیمان لەدژی عوسمانییەکان کە رووسەکان مەبەستیان ئەمە بوو لە ئاسوورییەکان و ئەرمەنییەکان وەکوو قەڵغانی شەڕ لە دژی عوسمانییەکان کەڵک وەرگرن، لەو کاتە بەدواوە ئیتر بە کردەوە دەبینین کە ئاسوورییەکان چارەنووسی خۆیان دەبەستنەوه به رووسەکان و دەبنە کارتی گەمەی پیلان و بەژەوەندیی زلهێزەکان و بەو هۆیەوە لە ساڵانى دواتردا چۆن تووشی مەینەتی و رۆژەڕەشیی قەرەبوونەکراو هاتوون و لە کۆتاییشدا رووسەکان هیچیان بۆ نەکردوون و پشتی بەرداون.
لە ساڵی 1915 دا پاش ئەوەی سپای رووسی بە ناو کوردستانی دیوی تورکیەدا پێشڕەویان کرد، ئاسوورییەکانی ناوچەی هەکاری لە تورکەکان راپەڕین و پاش شکستیان بە دەستی تورکەکان بە شپرزەیی زۆرەوە پەنایان بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی رووسەکان لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێران هێنا و لەشارەکانی: خۆی، سەڵماس و ورمێ نیشتەجێ بوون و سەرەڕای قاتی و قڕی و بێ دەرەتانی خەڵکی ناوچەکە کە بەهۆی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە بەرۆکیانى گرتبوو‌، ئاسوورییەکانیش بە حەشیمەتێکی زیاتر لە سەد هەزار کەس و برسیەتیی خۆیانەوە بوونەتە سەرباری کوردی هەژار. دواتر بە هەزاران کەس لەو ئاسوورییە پەنابەرانە چوونەته رێزی لەشەکەری رووسی و مەشقی سەربازییان بینیوه و چەکیان هەڵگرتووه و بە فەرماندەیی ئاغا پترۆس لە جەریانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا وێڕای رووسەکان زەبر و زەنگ و کوشتارێکی بێ بەزەیی‌یانەیان لە خەڵکی ناوچەکانى: ئەر‌زڕووم، بتلیس، بایەزید، وان، ورمێ، سەڵماس و سابلاخیان کردووه و کوردستانیان تووشی وێرانکاری و مەینەتێکی گەورە کردووه و به سەندنەوەی تۆڵەی قەتلوعامی ئەرمنییەکان بە دەست عوسمانییەکان لەلایەن ئاسوورییەکان لە کوردی رۆژهەڵات و ئازەرییەکانی شیعە مەزهەبی دانیشتووی ئەو دەڤەرە، دەیان هەزارکوژاوی تێپەڕاندووه.


بۆ دڵنیابوون لە مەبەستى سیاسى ئاسوورییەکان لەو کردەوانە، بڕواننە مەرامنامەی کۆمیتەی ئازادی ئاسوورییەکان کەلە ساڵی 1917 و لە کاتی پێکهێنانی یەکە چەکدارەکانی ئاسووری لە ورمێ بڵاوی کردووتەوە و لە بەندی یەکەمیدا هاتووە، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆمیتەیە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ ئاسوورییەکان لە هەرێمەکانی ورمێ، هەکاری، مووسڵ، جزیرە و ... یە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەموو تواناکانى خۆیان بۆ جۆشدانى کینە و کوشتار لە دژى خەڵکى ئەو ناوچەیە بە کار هێناوە.
بەدوای ئەو بڵاکراوەیەدا ئیتر مارشیمۆن بە ئاشکرا ئاسوورییەکانی هان داوە بۆ چەک هەڵگرتن و پاکتاوکردنی کوردەکان و ئازەرییەکان لەسەر زێدی خۆیان و رێگە خۆشکردن بۆ وەدیهێنانی خەونەکەی. فەرماندەی سەربازیی ئاسوورییەکانیش کە ناوی ئاغا پترۆس بووە، لە ساڵی 1918دا بەر له کوژرانی مارشیمۆن هانی ئاسوورییه چەکدارەکانی داوە کە بە هیچ شێوەیەک رەحم بە کوردەکان نەکەن و دەستیان لێ بووەشێنن. بە دوای ئەو بڕیارەدا دەبینین کە بە هەزاران چەکداری ئاسووری کە لەلایەن رووسەکانەوە چەکدار کرابوون، لەبەرەی ئەواندا لە دژی کورد دەکەونە شەڕ و ئیتر ئەم دوو لایەنە واتە کورد و ئاسووری ئەوەی لە دەستیان هاتبێ بۆ قڕکردن و کۆمەڵکوژى یەکتر درێغیان نەکردووە.
هەڵبەت شەڕی کورد و ئاسووری شەڕێکی ئایینی نەبووە کە وەک زۆر لە لایەنە ناتەباکان لایەنی ئایینی هەبێ، بەڵکوو شەڕێک بووە کە لایەنی سیاسی و نەتەوەیی هەبووە. هەروەک دەزانین کوردەکان بە درێژایی مێژوو نە هێرشبەر و نە داگیرکەریش بۆسەر خەڵک و خاکی دیکە نەبوونە، بەڵکوو تەنیا و تەنیا بەرگریان لە خاک و کەرامەتی خۆیان کردووە. ئەوەش مافێکى رەوا و پارێزراوە بۆ هەموو لایەنێک کە بکەوێتە بەر پەلەمار و داگیرکارىی لایەنى بەرامبەر.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئوکتوبری 1917 کە لینین لە پێناو بەرژەوەندیی ستراتژیی سۆڤیەتدا بۆ پاراستنی پشتێنی ئەمنی و ناوچەی نفووزی خۆی، پەیامی بۆ تورکیە و ئێران نارد که خاکی ئەوانی چۆڵ دەکات و یەکە چەکدارەکانی ئاسوورییەکانیش هەڵدەوەشێنێتەوە و درێژە بە سیاسەتی رووسیەی تزاری لەدژی ئەو وڵاتانە نادات. ئیتر کۆشکی ئاواتی ئاسوورییەکان هەرەس دێنێ و بەو حاڵەش دەبینین ئاسوورییەکان بەبێ لێکدانەوەی هەڵومەرجی دوای شۆڕشی ئوکتوبر کە گۆڕانکارى بنەڕەتى بەسەر سیاسەتى ناوچەدا هاتبوو، دیسانیش درێژەیان بە بەرنامەی پێشوو و دژایەتی کردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە داوه.
لەو سەردەمەدا سمکۆی شکاک کە میراتگری چەند پشت لە خەباتی نەتەوەیی کورد بۆ رزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کورد بووه، وێڕای ئەوەی لە نێو تۆفانی پیلان و لێکەوتەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و زەختی رووسەکان و عوسمانییەکان لە لایەک و دوژمنایەتی و هێرشی دەسەڵاتی ئێرانییەکان بۆسەر هێزەکانی ئەو لە لایەکی دیکەوە، هەوڵی خۆدەربازکردن لەم قەیرانانە و پاراستنی سەروەریی کورد لەسەر خاکی کوردستان دەدا، بەو حاڵەشەوە بەدەر لە ویستی خۆی، دەکەوێتە ناو بازنەی پیلانی رووس و بریتانیاوە کە بە هۆی ئاسوورییەکانەوە ئاراستەی کرابوو، ئەو پیلانە زەنگی خەتەرێکی گەورە و جیددی بوو بۆ فەشەلهێنان بە هەموو خەون و پلانی سمکۆی شکاک بۆ ئازادکردنی خاکی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد. هەر بۆیه ‌سمکۆ رازی نەبووە بە هەر نرخێک بێ رێگا بدا تاکوو پیلانی رووسەکان و ئاسوورییەکان کە دامەزراندنی دەوڵەتی ئاسوورییەکان ‌لەسەر خاکی کوردستانه، سەر بگرێ.
لە ساڵی 1918 لە بارۆدوخێکی لەم چەشنە‌دا بووە کە لەسەر داواى مارشیمۆن، سمکۆی شکاک و مارشیمۆن لە کۆنە شاری سەڵماس یەکتر دەبینن و مارشیمۆن هەوڵی بەتەفرە بردنی سمکۆی داوە و گفتی هاوخەباتی لە دژی ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی هاوبەش دەدات. کەچی سمکۆش نیگەرانە لە لەدەست دانی خاکی کوردستان و دامەرزاندنی دەوڵەتی ئاسووری لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا که ئێستاش بۆ کورد وەک کەرکووکى دووەمى کوردستان وایە. لەو ساته دايه که دەبینین ‌مارشیمۆن و پارێزەرەکانی له ئاکامى تەقەيەکى گوماناوييەوه دەکەونه بەر دەسڕێژى سمکۆ و هەڤاڵانى و دەکوژرێن. بەداخەوە ئەم رووداوە تاڵە بووە هۆی شە‌ڕێکی خوێناویی یەکجار گەورە و کارەساتێکی مرۆڤی دیکه کە لەلایەن ئاسوورییەکانەوە بەسەر کورد هێنراوە و بەو هۆیەوە خوشکى مار شیمۆن بە ناوى سرمە خانم بە هەزاران چەکدارى ئاسوورییەوە بە تۆڵەى کوژرانى مار شیمۆن هێرشیان کردە سەر بارەگاى سمکۆ لە قەڵاى چهریق و ناوچەکانى دەوروبەرى سەڵماس و ورمێ و لە ماوەى چەند رۆژدا بە هەزاران ژن و منداڵ و پیر و گەنجى بێ تاوانى کورد بە دڕندانەترین شێوە قەتلوعام کران و یەکێک لەو کوژراوانە دایکى سمکۆ به ناوى \'\'درێ خانم\'\' بووه. ئێستاش پاش نزیک بە سەد ساڵ پاشماوەى ئێسک و پرووسک و پرچى قوربانییانى ئەو کارەساتە لە مەیدانەکانى ئەو کاتى شەڕدا شاهیدى بۆ قووڵایى ئەو جەنایەتە دەدەن. لەلایەکى دیکەشەوە ئەو رووداوە دژایەتیی هاوپەیمانانی لەدژی جووڵانەوەی کورد لەو سەردەمە هەستیارەدا زیاتر کرد و دەرفەتێکی گەورەى مێژوویی بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى لەبار برد.
لەوانەیە برا ئاسوورییەکانیش ئێستا پێیان وابێ کە ئەمە سمکۆی شکاک بووە کە بە کوشتنی مارشیمۆن، هەرەسی بە خەونى ئەوان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئاسووری هێناوە. هەرچەند رۆڵی مارشیمۆن بۆ ئەم مەبەستە کاریگەریش بووبێ، بەڵام راستی مەسەلەکە ئەوە نییە و نابێ ئەو رووداوە بەرچاویان بگرێت تاکوو راستی کێشەکە لەوەدا نەبینین کە چۆن چارەنووسی خۆیان دایە دەست رووسەکان و رووسەکانیش دوای تەواوبوونی کاریان، ئیتر پشتی ئاسوورییەکانیان بەردا و ئەو جار بە هۆى هێرشى تورکەکانەوە ئاسوورییەکان تووشی ئەو بەسەرهاتە تراژیدییه بوون کە نەدەبوو بەسەریاندا هاتبایە.
دوای تێپەڕبوونی 95 ساڵ بەسەر ئەم رووداوەدا چ کورد، یان ئاسووری لە جیاتیی دنەدان و بریندارکردنی هەستی یەکتر و دژایەتی کردنیان لەگەڵ هێما نەتەوەیی و ئایینییەکانى یەکتر، کە نەک هەر دەرمانی ئەم دەردە تاڵە ناکات کەلە رابردوودا تووشیان بووه،‌بگره خرابتریش دەکات. که وایه باشتره بگەڕێنەوە بۆ مەنتیقی لێبوردەیی و یەکتر قەبوول کردن و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە بکەینە بەدیلی ئەو نەهامەتیانەی کە بە پیلانی بێگانەکان و بەدەستی خۆمان تووشی خۆمان کردووە. بۆیە پێویستیمان بە دروست کردنی کەشێکی برایانە هەیە ‌لەگەڵ یەکتر تاکوو بە پەند وەرگرتن لە رابردوو ئەو نەهامەتییانە بە مێژوو و بسپێرین و رێگە نەدەین ئەم بارگرژییە بۆ جیلی ئێستا و داهاتوو بگوازرێتەوە.
ئەگەر چی داوای ئاسوورییەکان بۆ گۆڕینی ناوی شەقامی سمکۆی شکاک لە شاری هەولێر بە رەواڵەت تەعبیر لە رق و ناڕەزایەتیی ئەوانە لە رووداوی کوژرانی مارشیمۆن لەلایەن سمکۆی شکاکەوە. بەڵام نەفسی ئەم بیرۆکەیە هەم دوورە لە مەنتیقی سەردەمییانە و هەمیش ناڕەوایە که کەمینەیەکی ئایینی له هەرێمی کوردستان وێڕاى دانانى ناوى مار شیمۆن و دەیان کەسایەتىی خۆیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکانى عەنکاوەى هەولێر، بەڵام داوایەکی لەو چەشنەی هەبێت که نابێت ناوى سەرکردەیەکى کورد لەسەر شەقامێکى پایتەختى کوردستان دابنرێت!!! گومان لەوەدا نییە کە ئەو کارە مەترسی دەخاتە سەر ژیانى هێمنانەی کورد و ئاسوورییەکان و کێشەی رابردوو بۆ داهاتوو دەگوازێتەوە.
لەوە دڵنیاین کە چ بە گرتنەبەری وەها هەڵوێستێک لە لایەن برا ئاسوورییەکانەوە و چ بە جێبەجێ کرانی ئەو داوایەیان، ناتوانرێ قەرەبووی ئەو رووداوانه بکرێت کەله رابردوودا روویان داوه. لەلایەکی‌ترەوە پێویستە برا ئاسوورییەکان ئەو راستییە بزانن کە چەندە کەسایەتی مارشیمۆن لای ئەوان جێگای رێز و خۆشەویستی بێ، ئەوندەش کەسایەتیی سمکۆ وەکوو هێما و سەرکردەیەکی شۆڕشگێر و تێکۆشەری نەتەوەی کورد جێگای رێز و خۆشەویستیی گەلی کورده و بەهەزران رۆڵەی کورد بە خۆشەویستیی ئەوەوە، ناوی سمکۆیان لێ نراوە و دەیان شوێنى گشتى و قۆتابخانە و ... بەهەمان شێوە. کەواتە ناوگۆڕین نە کارێکی عەمەلییە و نە چارەسەرى کێشەکانە.
باشتر وایە لە پێناو پێکەوەژیانێکی بە تەبایی و درێژخایەن لە نێوان کورد و ئاسووریدا، بە گیانێکی لێبوردەیی و رۆحی یەکتر قبووڵ کردن، بەرەو داهاتوو هەنگاو هەڵگرین و بەو کاره هاوبەشەمان بەرژەوەندییە گشتی و درێژخایەنە‌کانمان ‌مسۆگەر بکەین.
لە کۆتایی بابەتەکەدا بە پێویستی دەزانم‌ئەو وتەیەی ئاغا پترۆسی فەرماندەی هێزەکانی ئاسووری وەبیر برا ئاسوورییەکان بێنمەوە کە دوای ئەو هەموو شەڕ و کوشتار و وێرانکارییانەی که بۆخۆی رۆلی سەرەکیی تێدا هەبووە، داوای لە لایەنەکانی کورد و ئاسوورى کردووە و گووتوویەتی: براینە داواتان لێ دەکەم کە لەپێناو مرۆڤایەتیدا هەرچی زووتر رۆژگاری ئاشت بوونەوە مسۆگەر بکەن تاکوو لە داهاتوودا پێویستیمان بە خواردنی گوشتی نەوەی خۆمان نەبێت\'\'.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە