کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی \'\'ئــــــیندر قــــــاش\'\' (حوسێن رەسووڵی)

19:34 - 14 خەزەڵوەر 2713

حوسێن رەسووڵی

ساڵی ٥٩ی هەتاوی کە تەنیا چەند مانگێک لە به دە‌سەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی تێپەڕی بوو، دوای چەندین هێرش لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە بۆسەر گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان لە ناوچەی نەغەدە خەڵکی بێ تـــاوانی ئەو گوندانەیان قەڵاچۆ کرد و دەیان کەسیان شەهید و بریندار کرد، ئەو هێزە دژی گەلییانە بەرادەیەک جینایەتکار بوون کە تەنانەت بەزەیی‌یان بە مەلای ئاواییش دانەهات کە قورئانی بە دەستەوە بۆ تکا بەرەو پیریان چووبوو و شەهیدیان کرد.
رێژیم ویستی هەر لە سەرتاوە گەلی کوردی ئازادیخواز چاوترسێن بکات و نەتوانێ داوای مافی رەوای خۆی بکا، بۆیە هەر بە جینایەتی قەڵاچۆ کردنی گوندەکانی ناوچەی شنۆ و نەغەدە رانەوەستا و بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی خۆی درێژەی بە سەرکوت و خەفەقان و قەڵاچۆ کردنی ناوچەکانی‌تری کوردستان دا.
لەدرێژەی کۆکوژییەکانـــــــی خەڵکی کوردستان هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی حەسەنی نوێنەری خومەینی لە پارێزگای ئازەبەیجانی رۆژئاوا رۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٩ی هەتاوی بە مەبەستی قەڵاچۆکردنی خەڵکی بێ تاوانی گوندی ئیندرقاش هێرشێکی بەربڵاویان دەست پێکرد.
ئەو هێزە سەرکوتکەرە کە بریتی بوون لە پاسدار و بەسیج و قەرەپەپاغ سەرەڕای چەکی گەرم بە چەقۆ و تەور تەیار بوون و لە هیچ جینایەتێک لە دژی خەڵکی ئیندرقاش دەستیان نەپاراست. لە کاتی هێرشی ئەو هێزانەدا کۆمەڵێک پێشمەرگەی حدکا لە نێو ئیندرقاشدا بوون، بەڵام بۆ ئەوە خەڵکی ئاسایی تووشی گیر و گرفت نەبن و لەسەر داوای دانیشتوانی ئیندرقاش، پێشمەرگەکان ئیندرقاشیان بەجێ هێشت و بەرەو گـــــونــدی گوێکتەپە پاشەکشەیان کرد.
خەڵک کە ئاگایان لە نیازی گڵاوی ئەو هێزانەی رێژیم نەبوو بۆیە داوایان لە پێشمەرگەکان کرد ئاوایی بە جێ بێڵن، بەڵام هێزەکانی رێژیم لەگەڵ هاتنیان بۆ ناو ئاوایی دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵی خەڵــک و تووشی هەر پیاوێک دەبوون بەر ئەبوونە گیانی و بەدەم لێدان و کوتانەوە بەرەو مزگەوتی ئاوایی راپێچیان دەدا.
هێزەکانی رێژیم بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک هەر ماڵێک دەگەڕان لە دوای خۆیان ئاگــــــــریان تێبەردا و روویان لە هەرکۆڵانێک دەکرد بێ‌بەزەیی‌یانە تەقەیان دەکرد بەم جۆرە چەندین کەسیشیان بریندار کــــرد.
دوای ئــــــەوه بەشێک لە خەڵک لە مەبەستی تاڵانچییەکان ئاگادار بوونەوە هەرچۆنێک بێ خۆیان دەرباز کـــــرد، بەڵام ‌هێزەکان توانییان کۆمەڵێک خەڵک لە ناو مزگەوتی ئیندرقاشدا دەست بەسەر بکەن.
لەو ماوەیەدا کە بەشێک لە هێزە وەحشییەکان بە لێدان و کوتان پیاوانی گوندیان بەرەو مزگەوت راپێج دەکرد کۆمەڵێکی دیکە لە هێزەکان خەریکی سووتاندنی ماڵی خەڵک و بێ حورمەتی کردن لە ژن و منداڵی خەڵکی بێ تاوان و بێ دەرەتان بوون.
سەر‌بازە بێ ناو و نیشانەکانی ئیمامی زەمان دوای سووتاندنی ماڵی زۆربەی خەڵکی بێ دەرەتان بەتایبەت لە گەڕەکەکانی دەوروبەری چۆمی ئیندرقاش، لە مزگەوت کۆبوونەوە و بەربوونە گیانی ئەو کەسانە کەلە نێو مزگەوتدا دەس بەسەریان کردبوون و لە ماوەیەکی کەمدا ٣٤ کەسیان بە تەور و چەقۆ و لێدان قەڵاچۆ کرد.
ئەو تاوانە بۆیە کۆمەڵکوژی بوو چونکە ئەوان تەنیا ٣٥ کەسیان شەهید نەکرد بەڵکوو دەیان منداڵیان بێ باوک کرد، دەیان ژنیان بێوەژن کرد، سەدان کەسیان تازیەبار کرد، دڵی سەدان خوشکیان هەڵقرچاند و دەیان دایک و بووکیان جەرگ سووتاو کرد.
ئەمڕۆ دوای ٣٠ ساڵ لە روودانی ئەو کۆمەڵکوژیە کاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسە دەکـــــــەین کە لەم قــــەڵاچــۆکردنە رزگاریان بووە فرمێسک لە چاوانیاندا قەتیس دەمێنێ و جەستەیان دەلەرزێ.
چەندین کردەوەی‌تر هەن‌کە پارێزەرەانی ئیسلامی نابی محەممەدی لە دژی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کاتی کوشتارە بە کۆمەڵەکەی ئیندرقاشدا بەڕێوەیان برد کە باس کردنیان تەنیا شوورەیی بۆ رێژیمی بارهێناوە.
بەڵام بـــــــە هەڵوێستەیەکی کورت و سەرپێیانە مرۆڤ بۆی روون دەبێتەوە کە ئەوە فەلسەفەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و خومەینی رێبەری ئایینیی کۆماری ئیسلامی لە فتوا کۆنەپەرەستانەیەکەی خۆیدا کەلە دژی گەلی کورد دەری کـــــرد ئەوەی بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی بە روونی باس کردوە و مەبەستی لە دەر کردنی فتوا لە دژی گەلی کورد هەر ئەوە بوو کە لە رێگای دینەوە رەوایی بدا بە قڕان و قەڵاچۆ کردنی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
بەپێی فتوا کە لەلایەن رێبەرێکی ئایینییەوە دەدرێ ئەو کەسە، یان ئەو گەلە کە فتواکەی لە دژی دەد‌رێ سەر و ماڵ و خاک و هەرچی کە هەیەتی بۆ کەسی فتوادەر یان بۆ نەتەوی فتوادەر حەڵاڵ و رەوایە، هەر بۆیە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستانیشدا ئەو کردارە بەڕێوەچووە و تاڵانچییەکان نە لە تاڵان سڵیان کردۆتەوە و نە لە دەستدرێژی کــــــردن و قەڵاچۆی ژن و پیاو و پیر و لاو خۆیان پاراستوە ئەویش لە نێو مزگەتدا، یان وەک دەڵێن لە نێو ماڵی خـــــوادا و بـــۆ رەزای خودا بە دەستووری رێبەرەکەیان کوردیان تاڵان و قەڵاچۆ کرد.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم کۆمەڵکوژییەدا لە هیچ تاوانێک دەستیان نەپاراست و بەزەیی‌یان نە بە ژن و نە بە منداڵ و پەککەوتوو تەنانەت بەزەیی‌یان بە برینداریشدا نەهاتەوه، بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە پێویستە ئاماژە بە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگەر بکرێ، ئەویش شەهید مام عەوڵای عەلایی ناسراو بە عەڵا شەلە کە ناوبرا دوای ئەوەی کە هــــێزە سەرکوتکەرەکان روو لە هەر شوێنێک دەکەن تەقە لە خەڵک دەکەن بە سەختی بریندار دەبێ و کاتێک خێزانەکەی بەو هەواڵە دەزانێ بە گریان و پاڕانەوە هانا بۆ تاڵانچییەکان دەبات و داوای هاوکاری و تیمارکردنی هاوسەرەکەیان لێ دەکا، هێزە سەرکوتکەرەکان لە وڵامدا پێی دەڵێن باشە ئێستا دەیبەین و دەرمانی دەکەین و لەگەڵ خۆیان دەیبەنــــــە قەراغ ماڵان و هەر لەوێ بە برینداری گولەبارانی دەکەن و دوای ماوەیەک دێنەوە نێو ئاوایی و دڵێن بڕۆ مێردەکــــەت بێنەوە بۆمان دەرمان کردووی،کاتێک خێزانی دەچێ بۆ لای هاوسەرەکەی ئەبینێ مام عەوڵا شەهید کراوە!!!
کۆمەڵکوژییەکەی ئیندرقاش و شوێنەکانی‌تری کوردستان تاوانێکی رەشە کە دژی رۆڵەکانی گەلی کورد بەڕێوەچووە و لە بیر هیچ کام لە رۆڵەکانی نەتەوەکەمان ناچێ و کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو دوژمنەکانی گەلی کورد باش ئـــەو راستیە دەزانن کە گەلی کورد گەلێکی ئازادیخواز و کۆڵنەدەرە، ئاشقی شەهید بوون نییە، بەڵام لە قوربانیدان ناترسێ و بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانی لە هیچ کەند و کۆسپێک ناسڵەمێتەوە و هەزاران جاری دیکە قەڵاچۆ بکرێ ئامادە نابێ واز لە داوا رەواکانی بێنێت و سەر بۆ داگیرکەران و دوژمنانی شۆڕ ناکات.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکەی ئیندرقاش و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.
مردن و سەرشۆڕی بۆ هەموو دوژمنانی گەلی کورد و هەموو ئەوانە بڕوایان بە مافی ئازادیی گەلا‌ن نییە.
لیستەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەی ئیندرقاش:

١ ــ سەید رەحمان نەغەدەیی
٢ ــ حیسمەت دەشتی
٣ ــ مەحموود شێخە
٤ ــ محەممەد بابەکری
٥ ــ رەسووڵ سەیدە (رەستگار فەڕ)
٦ ــ عەلی شێخە (بابایی)
٧ ــ رەحمان مەولوودی (ناسراو بە رەحمان کوێتێ)
٨ ــ خدر قەنبەری
٩ ــ حەسەن قەنبەری
١٠ ــ عەلی قەنبەری
١١ ــ خوسرەو مام مووسا
١٢ ــ ئیرەج پاکزاد
١٣ ــ زبـێدە علایی (دایکی ئیرەج پاکزاد کەلە کاتی شەهیدکردنی ئیرەجدا خۆی بەسەر تەرمی ناوبراو کێشابوو)
١٤ ــ سولەیمان کەریم سەیدە (بێهرووزی)
١٥ ــ کەریم سەیدە بابی سولەیمان سەیدە
١٦ ــ مەحموود پیرۆتی (مەحموود حەمەد ئاغا)
١٧ ــ حاجی خوسە
١٨ ــ عەلی خوسە
١٩ ــ ئەحمەد رەسووڵ‌پوور
٢٠ ــ رەحیم ئەندارز
٢١ ــ ساڵح ئەندارز (بابی رەحیم ئەندارز)
٢٢ ــ بیلال سوهراب‌فەڕ (بیلال عەجەم)
٢٣ ــ سەلاح بەرخانە
٢٤ ــ عەبدوڵڵا عەلایی (عەوڵا شەل)
٢٥ ــ کەریم عەلایی (کوڕی عەبدوڵڵا عەلایی)
٢٦ ــ عەبدوڵڵا رەحیمی (عەوڵا گۆلە)
٢٧ ــ عوسمان دیوازی (ناسراو بە عوسمانی سەعید لۆلۆ)
٢٨ ــ حوسێنە خوس
٢٩ ــ حوسێن خزر حاجی (ناسراو بە کا وسێن)
٣٠ ــ سەید عەلی قادر حوسێنی
٣١ ــ مەحەممەد کەریمی (ناسراو بە محەممەد مڕە)
٣٢ ــ باب و کوڕێک کە وەک میوان لەو ڕۆژەدا لە ئیندرقاش بوون
٣٣ ــ کەسێکی دیکە کە میوان بووە و نەناسراوە

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە