کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیکتاتۆرەکان، پێشێلکارانی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤن (حوسێن نازدار)

19:29 - 23 خەزەڵوەر 2713

حوسێن نازدار

مێژووی مرۆڤایەتی گەواهی دەدات کەلە قۆناغ و سیستم و وڵاتانی جیاوازدا بە شێوازی جۆراوجۆر مافەکانی مرۆڤ پێشێل کراون. دیکتاتۆرەکان هەمیشە کانگا و سەرچاوەی پێشێلکاریی ماف و کەرامەت، هزر و ئەندیشە، هەست و سۆز، سیما و ئاکار و جیلوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوون، لەپێناوی بە کۆیلە کردن و بێ ‎‎بەها نرخاندنی مرۆڤدا بەشێوازی جۆراوجۆر ئازادی و ویست و ئیرادەی تاک و کۆمەڵگایان کۆت و بەند کردووە، مافی سەر بەخۆیی لە بڕیاردان و ئازادی له ‌جۆری بڕیاردانی مرۆڤیان پێشیل کردووە، هەردەم راستییەکانیان شێواندوون و چەواشەیان کردوون و هەقیان بە ناهەق و ناهەقیان بە هەق کردووە، بەشێوازی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە که ‌سەر زیندوویی و وشیاری و ئازایەتی لە مرۆڤەکاندا بکوژن و زەین کوێر و کڵۆڵ و کۆڵەواریان بکەن و وەک بوونەوەرێکی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ و مۆره ‌و مورید کەڵکیان لێ وەرگرن، هاووڵاتییان گەوجاندووه ‌و دەمیان پێداخستوه ‌و گوێیان کەڕ کردووە و چاویان کوێر کردووه، تاکیان لە پەل و پۆ خستوه ‌و سەریان پێ شۆڕ کردووه و ئەگەر بە پێویستیان زانیبێ ملیان پەڕاندووە، شەوق و زەوق و دڵخۆشی‌‌‌ و خەندەی مرۆڤیان نەهێشتوە، هێز و وزه ‌و توانا و لێهاتوویی خەڵکیان پڕووکاندووه.
دیکتاتۆرەکان، هەمیشە گوشاریان خستۆتە سەر جیابیران و بیر و بۆچون و دەنگ و رەنگە جیاوازەکانیا ن بەرتەسک و پەراوێز و سەر کوت کردوون، بوونەتە بە شێرپەنجەی ویژدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگایان کردووەتە به ‌زیندانێکی گەورە بۆ کۆمەڵانی خەڵک.
دیکتاتۆرە ستەمکارەکان، هەمیشە لە نەزانی و ناوشیاری و دواکەوتوویی کۆمەڵانی خەڵک کەڵکی خراپیان وەرگرتووە، زەحمەت و کوێرەوەری و رەنج و ئازاری هەژارانیان چەواشە کردووە و به ‌پێچەوانە نیشانیان داوە، رەفتار و ئاکار و خوو و خدەی دزێو و بێزراوی خۆیان گریم کردووە و بە شێوەیەکی دیکە نیشانی خەڵکیان داوە، دەغەڵکاری و درۆ و دزی و تەزویر و ساختەکاری و گەندەڵییان کردووەتە بە پیشەی هەمیشەیی خۆیان، سەروەت و سامانی گشتییان تاڵان کردووه ‌و سیمای جوانی سروشتیان تێک داوە، بازاڕی بێدەنگی و چاونووقاندن و چاوپۆشییان لە هەموو کردەوەیەکی نەشیاو و نامرۆڤانە گەرم کردووە و برەویان پێ داوه، بە پشت بەستن بە نەزانی و بێدەنگی و نەجووڵان و وەستانی هەژاران و بەش مەینەتان تۆوی ستەمیان چاندووه ‌و زەبری ستەمیان وەشاندووه ‌و درێژەیان بەستەمکاری داوە.
دیکتاتۆرە چەقبەستووەکان، لەپێناوی پاوان و قۆرخ کردنی دەسەڵات و بەئەبەدی کردنی تەمەنی نەگریسی حکوومەتی رەها و بێ‎سنووری خۆیاندا سیاسەتیان سووک و چرووک کردووە، هەمیشە بۆ رەخساندنی بارودۆخی چەقبەستوو هەوڵیان داوه ‌و بەردەوام بوون لە چەقپەروەری، هەر کاتێک بە پێویستیان زانیبێ هەموو سنوورێکی یاسایی، ئەخلاقی ومرۆڤانییان بەزاندووە و بە شێوازی جۆراو جۆر دژایەتی مافی مرۆڤ و مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلان و نەتەوە ستەم لێکراوەکانیان کردووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە