کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا رۆژهەڵاتی \'\'نیشتمان\'\' دەبێتە خاوەنی یەکەمین رۆژنامە؟ (ئەرسەلان یارئەحمەدی)

20:06 - 23 خەزەڵوەر 2713

ئەرسەلان یارئەحمەدی

بڕیار وایە دووهەمین رۆژنامەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای پەسندکرانی مۆڵەتی وەشانەکەی لەلایەن لیژنەی چاوەدێری بەسەر چاپەمەنییەکانی وڵاتی ئێراندا، لە داهاتوویەکی نزیک دەست بە وەشانی خۆی بکات و بێتە بازاڕەوە.
رۆژنامەی \'\'نیشتمان\'\' دوای رۆژنامەی \'\'ئاشتی\'\' کە پاش ماوەیەک داخرا و مۆڵەتی کارەکەی لێ ئەستێندرایەوە دووهەمین رۆژنامەیە کە لەلایەن لیژنەی چاوەدێری بەسەر چاپەمەنییەکانی ئێراندا مۆڵەتی یاسایی وەشانی پێ دەدرێت و بڕیار وایە کەلە چوار پارێزگای کوردنشینی ئێران بڵاو بکرێتەوە.
\'\'نیشتمان\'\' کە بڵاڤۆکێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی بە شێوەی \'\'حەفتە نامە\'\' مۆڵەتی بڵاوبوونەوەی پێ درا و لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوو و لە چەند قۆناغدا بە شێوەیەکی ناڕێکوپێک بڵاو بووەتەوە و لە ٢٢ی رەزبەری ئەمساڵەوە بە خاوەن ئیمتیزایی \'\'شوعلە عەزیزی\'\'مۆڵەتی پێ دراوە کە بە شێوەی رۆژانە وەشانی خۆی دەست پێ بکات.
پارێزگای سنە لە بواری بڵاڤۆک و چاپەمەنییەوە یەکێک لە بێ بەشترین و هەژارترین پارێزگاکانی ئێران بە ئەژمار دێت. ئەم پارێزگایە بە هەبوونی مۆڵەتی ٣٥ بڵاڤۆکی رێگەپێدراو کە ١٥ بڵاڤۆکیان چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران لە ریزی ٢٨دا جێی گرتووە.
هەنووکە لەم پارێزگایەدا دوو بڵاڤۆک بە شێوەی رێکوپێک بڵاو دەکرێنەوە، حەفتەنامەی \'\'سیروان\'\' کە خاوەن ئیمتیازەکەی شارەوانیی پارێزگای سنەیە و حەفتەنامەی \'\'سۆران\'\' کە لەلایەن پارلمانی ئێرانەوە ساپۆرت دەکرێت.
ئەمە لە حاڵێک دایە کەلە پارێزگا کوردنشینەکانی دیکەش وەکوو کرماشان، ورمێ و ئیلام رۆژنامەیەکی رۆژانە کە وڵامدەری ویست و داخوازەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە بێت بڵاو ناکرێتەوە.
رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەلە چەند قۆناغدا وەکوو سەردەمی شۆڕشی سمکۆی شکاک و کۆماری کوردستان لە مەهاباد و هەروەها ساڵەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی گەشەی سەندبوو، لە دەیەی ٩٠ی زایینی و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی رێفۆرمخوازەکان و هەڵبژاردنی محەممەد خاتەمی وەکوو سەرکۆمار، گەشەیەکی رێژەیی بەخۆیەوە بینی.
لەم قۆناغەدا چەندین گۆڤار و حەفتەنامە وەکوو؛ ئاویەر، سیروان، ئاسۆ، رۆژهەڵات، ئاشتی، \'\'پیام مردم\'\'، راسان، هاوار، مەهاباد، کەرەفتوو و ... هتد، مۆڵەتی وەشانیان پێ درا کە زۆربەیان بە دوو زمانی کوردی و فارسی بابەتەکانی خۆیان بڵاو دەکردەوە.
ئەم قۆناغە کە تێیدا زیاتر لە ٤٠ بڵاڤۆکی کوردی مۆڵەتی بڵاو کردنەوەیان گرتبوو، دوای هاتنە سەرکاری بنەماخوازەکان نەک هەر لە گەشەسەندن کەوت، بەڵکوو بە داخستن و دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەران و نووسەرانی ئەم بڵاڤۆکانە پێی نایە ناو قۆناغێکی نوێ و زۆربەی نووسەران و بەڕێوەبەرەکانیان روویان لە دەرەوەی وڵاتی ئێران کرد.
دوای هاتنە سەرکاری ئەحمەدی‌نژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی کە دەتوانین بە وەرزی خەزانی بڵاڤۆکە کوردییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی ببەین، سەرەتا حەفتەنامەی \'\'پیام مردم\'\' و پاشان \'\'ئاسۆ، ئاشتی و رۆژهەڵات\'\' یەک لە دوای یەک داخران و بەڕێوەبەرانیان بەرەوڕووی سزا کرانەوە. لەم قۆناغەدا بڵاڤۆکە کوردییەکان گوشارێکی زۆریان لەسەر بوو و تەنیا ئەو بڵاڤۆکانەی کە لەلایەن حکوومەتەوە ساپۆرت دەکران وەکوو \'\'سیروان\'\' و \'\'سۆران\'\' توانییان درێژە بە کاری خۆیان بدەن.
ئێستە دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و هاتنە سەرکاری رێفۆرمخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەمساڵدا و هەڵبژاردنی حەسەن رووحانی وەک سەرکۆمار، ئایا \'\'نیشتمان\'\' دەتوانێ بەرەوڕووی گیروگرفتەکانی سەر رێگای بێتەوە بۆشایی زیاتر لە ١١ دەیە دوای دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی ، رۆژنامەی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان قەرەبوو بکاتەوە؟
ئەمە پرسیارێکە کە هەر لە ئێستەوە بیری رۆژنامەنووسان و چاودێرانی بواری راگەیاندنی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بەرپرسانی \'\'نیشتمان\'\'یش نەیانشاردووەتەوە و ئاماژەیان پێ داوە.

7256.jpg


کێشەی ئابووری و دابین کردنی تێچووی بڵاڤۆک و بەرزبوونەوەی نرخی کاغەز کە لە ئاکامی گەمارۆکانی رۆژئاوا بۆ سەر وڵاتی ئێران هاتوونەتە ئاراوە لەلایەکەوە و فیلتری حکوومەت و خستنە ژێر چاوەدێریی لە لایەکی دیکەوە، لەو کێشە و گرفتانەن کە بڵاڤۆک و بەڕێوەبەران و نووسەرانی ئەو بڵاڤۆکانە لە کوردستاندا لە گەڵی بەرەوڕوون.
گوشار بۆسەر چالاکانی فەرهەنگی و داخستنی چەندین بنکەی فەرهەنگی وەکوو \'\'ئەنیستیتۆی ئەحمەدی خانی\'\' لە شاری ورمێ و هەروەها داخرانی رۆژنامەی \'\'بەهار\'\' بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێکەوە و دەستبەسەرکرانی نووسەری بابەتەکە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران پاش هاتنە سەرکاری رووحانی، دەرخەری ئەو راستییەن کە ئێستاشی لەگەڵ بێت دەسەڵادارانی وڵاتی ئێران بە روانینێکی ئەمنیەتییەوە دەڕواننە بڵاڤۆکەکان و هەموو ئەگەرێک لەئارا دایە.
بە سەرنجدان بەو خاڵانە و ئەو دۆخەی کە ئێستا بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە، ئایا \'\'نیشتمان\'\' رێگای \'\'سۆران\'\' و \'\'سیروان\'\' دەگرێتە بەر، یان وەک بلاڤۆکە کوردییەکانی دیکە بەرەڕووی داخران دەبێتەوە و هیوا و هومێدەکانی خەڵکی رۆژهەڵات بۆ رۆژنامەیەکی کوردی کە تەنیا ناوی رۆژنامەی لەسەر نەبێت بەڵکوو رۆژانە چاپ و بڵاو ببێتەوە وەک ١١ دەیەی رابردوو پاش دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی، دیسان دەبێتەوە بڵقی سەر ئاو؟
پرسیارێک کە وڵامەکەی هەرچەند روون نییە، بەڵام ئەوەندەش دوور لە چاوەڕوانی نییە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە