کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موهەندیس رەزا خەیاتی کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد

15:11 - 26 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: موهەندیس رەزا خەیاتی کادری لێهاتوو و بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٧ی پاش نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، تێکۆشەری ناسراو \'\'موهەندیس رەزا خەیاتی\'\' کادری بە رابردوو و ماندوویی نەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەهۆی رووداوی دڵتەزێنی ماشین گیانی لە دەست دا.
موهەندیس رەزا خەیاتی لە ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە شاری خۆی لە دایک بوو و ساڵی ١٣٣٢ لە ئەرتشدا دامەزرا.
لە ساڵەکانی دەیەی ١٣٥٠ی هەتاوی لە مەهەباد نیشتەجێ بوو و لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و پاش بێ ئاکام مانەوەی هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران، کە گەمارۆ و هێرشی هێزەکانی رێژیمی بەدواوە بوو، موهەندیس رەزا خەیاتی چووە ریزی تێکۆشەرانی دێموکرات و وەکوو بەرپرسی بەشی فەننیی رادیۆ هەم لە دامەزرانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و هەمیش لە درێژەدان بە کاری ئەو رادیۆیە رۆڵی بەرچاوی گێڕا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری موهەندیس خەیاتی و هەموو هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.
یادی بەخێر و بەهیوای وەدیهاتنی ئاواتەکانی