کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی مستەفا هیجری بەبۆنەی جێژنی خاوەنکار جێژنی ئایینی یاری

21:19 - 27 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: هیجری لەو پەیامەدا پاڵپشتی و پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ گەیشتن بە مافە بەرهەق و رواکانی پەیڕەوانی کوردی لایەنگری ئایینی یاری پێداگریی کردووەتەوە.


خوشک و برا خۆشەویستەکانی پەیڕەوی ئایینی یاری!
سڵاوی گەرمی بەرخۆدان!

بە بۆنەی جێژنی ئایینیی خاوەنکارەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانتان پێشکەش دەکەم، ئاواتم ئەوەیە رێوڕەسمە پیرۆزەکەتان ئەمساڵ پڕ لە خۆشی و شادی و دوور لە زوڵم و زۆرداری رێژیمی دژی ئازادی تێپەڕ بێ.
هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایی ئەم رێوڕەسمە ناکرێ بەرخۆدان و فیداکاریی خوشک و براکانی یاری لەم ساڵدا وەبیر نەهێنینەوە و رێزیان لێ نەگرین. ساڵی 1392 پەیڕەوانی ئایینی یاری زۆرتر و زەق‌تر لە ساڵانی رابردوو کەوتنە بەر هێرشی دڕندانە‌و ئیهانەکردنی بەکرێگیراوانی رێژیم، ئەو هێرش و ئیهانەکردنە گەیشتە رادەیەک کە حەسەن رەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو هەموو ئیهانە و زەختەی کە دەرهەق بە پەیڕەوانی ئایینی یاری رەوا دەبینرێ ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و بە داخەوە گیانیان لە دەست دا.
بێجگە لەوانە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو خوشک و برا کوردانەمان لە بەر دەرکی مجلیسی شۆرای ئیسلامی، کۆبوونەوەی یارسانییەکانی ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام هاوکات لەگەڵ سەردانی هاشمی رەفسەنجانی لە کرماشان و تەنانەت چاوپێکەوتنی نوێنەری یارییەکان لەگەڵ سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ‌و قەول و قەرارێکی لەوێ پێیان درا بوو، توندوتێژی و سەرکوتی تێکۆشەرانی مافی یاری هەروا بەردەوامە. هەر ئێستا ژمارەیەک لەو تێکۆشەرانە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دان. بە پێی زانیارییەکانی کە بە دەستی ئێمە گەیشتووە لە ناوچەکانی بیلەواری کرماشان، سەرپێڵی زەهاو لە دەوروبەری میاندواو ‌و باقی شوێنەکان، بنەماڵەکانی یارسانی لە ژێر هەڕەشەی جیددی دان بۆ ئەوەی دەست لە بیر‌ و باوەڕی خۆیان هەڵگرن. هەموو ئەو ستەم و سەرکوت کردنانەی پەیڕەوانی ئایینی یارسان تەنیا لە بەر ئەوەیە، لە بەرانبەر هەڕەشە و زەخت و زۆری کۆماری ئیسلامیدا سەردانانەوێنن و لەسەر داواکانیان کە بە رەسمی ناسینی ئایینەکەیان و لابردنی جیاوازییەکان لەسەریان بۆ ئەوەی چی دیکە بە تاوانی پێداگری لەسەر باوەڕمەندی بە ئایینەکەیان سەرکوت نەکرێن سوورن، بەڵام بەداخەوە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەزیەت و ئازاری یارسانییەکان هەروا بەردەوامە.

خوشک و برا بەڕێزەکانی ئایینی یارسان!

بە بۆنەی جەژنی خاوەنکارەوە جارێکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هەمیشە پشتیوانی لە داخوازە رەوا ‌و دێموکراتیکەکانی ئێوە رادەگەیەنێ، لە خەم و ئازارەکانتاندا خۆی بە بەشدارتان دەزانێ و یادی قوربانییەکانی یارسانی بەتایبەت ئەو 3 بەڕێزەی کە لە چەند مانگی رابردوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە زوڵم و زۆری رێژیم ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و کۆتایی‌یان بە ژیانی خۆیان هێنا بەرز دەنرخێنێ و دووبارە سەرەخۆشیی خۆی پێشکەش بە ئەندامانی بنەماڵەکانیان و هەموو ئێوەی بەڕێز دەکا.
هەروەها رێز‌و قەدردانی خۆمان پێشکەش بە هەموو ئەو تێکۆشەر و ئازادیخۆازانەی یاری دەکەین کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەژێر ئەشکەنجە و ئیهانەتەکانی بەکرێگیراوانی رێژیم سەر دانانەوێنن و سوورن لەسەر بیر‌وباوەڕی خۆیان.
هەر لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانین جارێکی دیکە ئەو راستییە وەبیر خەڵکی کوردستان بێنینەوە کە بە پێچەوانەی وەعدە و قەوڵ و قەرارەکان کە رووحانی لە سەردەمی تەبلیغاتی هەڵبژاردندا بە گەلانی ئێرانی دەدا و ژمارەیەک لە خەڵکیش زۆر ساویلکانە دڵیان بەو قەول و قەرارانە خۆش کرد بوو، تەنانەت هەتا ئیستاش بە مەبەستی بە لاڕێدابردنی بۆچوونی خەڵک بە تایبەت کوردەکان، تەبلیغاتی بۆ دەکەن. هەروەک حیزبی دێموکرات زۆر جار رایگەیاندووە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ریفۆرم هەڵگر نییە و ماهیەتەکەی هەر ئەوەیە کە ئێستا لەبەر چاومانە و نموونەیەکە لە شێوەی رەفتاری لەگەڵ هاونیشتمانانی یارسانیمان ‌و باقی جیابیرانی ئێران.
بۆیە جارێکی دیکە ئەو سیاسەت‌و بەرنامەی حیزبی دێموکرات دووپات دەکەینەوە کە هەر چەشنە ئازادی و گەیشتن بە مافی نەتەوەکان یەک لەوان نەتەوەی کورد بە هەموو پێکهاتەکەیەوە، بەستراوەتەوە بە نەمانی کۆماری ئیسلامی. ئەو بۆچوونەی حیزبەکەمان لە ئەزموونی زیاتر لە 3 دەیە لە دەسەڵاتداریی ئەو رێژیمە و بنچینەی بیر‌ و باوەڕەکەیەوە سەرچاوە دەگرێ.
لە کۆتاییدا داوا دەکەین جارێکی دیکە پیرۆزباییمان بە بۆنەی جێژنی خاوەنکار و هاودەردیمان لەگەڵتان قەبووڵ بکەن.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
٢٧ خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی