کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرابی دەسەڵات (یاسین پاڵانی)

12:49 - 30 خەزەڵوەر 2713

یاسین پاڵانی

دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران و رووخاندنی رێژیمی پادشایەتی لەلایەن رۆڵە ئازادیخوازەکانی وڵاتەوە، هەموو گەلانی ئێران لە چاوەڕوانی هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێک بوون کە رێز لە بەهاکانی دێموکراسی و بەندەکانی مافی مرۆڤ بێت، تا وەکو لەو ڕێگەیەوە مافی هەموو نەتەوەکانی‌تر و کەمینە ئایینییەکان تێیدا پارێزراو بێت، وڵات بەرەو کەناری ئارام ئاراستەی خۆی بگرێت، بەڵام مخابن ئەو ئاواتەی کە لەمێژبوو نەتەوە بندەسنەکان و نەتەوەی کورد بەتایبەتی قوربانیی زۆری بۆ دابوو لەلایەن ئاخووندە تاریک پەرستەکان لە نێو برا. ئەویش لە رێگای بە کارهێنانی مینبەری مزگەوتەکان و جووڵاندنی هەستی ئایینی و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان نەتەوە و مەزهەبەکانی‌تر پێدانی هەندێک وەعد و بەڵێن توانییان دەسەڵاتی پاوانخوازی خۆیان بە سەرشۆڕشدا بسەپێنن.

هەر زۆر زوو کەوتنە بەربەرەکانێی هێز و رێکخراوە سیاسییەکانی‌تر که لەگەڵ ئامانجی سیاسیی خۆیان نەدەگونجا، هەڵمەتی گرتن و ئەشکەنجەدانی سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانیان دەستی پێکرد، نەتەوەی کورد و هێزە سیاسییەکانی زۆر توندتر کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و کوشتن بە جۆرێک کەسی یەکەمی رێژیم بڕیاری جیهادی دژ بە میللەتی کورد بەرپاکرد. لە لایەکی‌تریشەوە ئەم رێژیمە خۆویستە گەل نەویستە وڵاتی تووشی شەڕێکی کاولکاری کرد کە تێیدا بە هەزاران رۆڵەی وڵاتیان تێدا کردە ئامانجی سیاسەتی نگریسی خۆیان و بە میلیاردها دۆلار زەرەر و زیان بەر ئابووریی وڵات کەوت، بە جۆرێک ئاسەواری تا ئێستاش بە زەقی هەر ماوە، ئێستاش دوای زیاتر لە سێ دەیە بە سەرتەمەنی رێژیمدا و دوای تێپەڕینی ٢٥ ساڵ لە شەڕی هەشت ساڵە هێشتا رێژەی بێکاری، هەژاری، تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لە هێڵێکی زۆر مەترسیدار دایە بە جۆرێک ئێستا ئێران یەکێکە لەو وڵاتانە لە ریزی پێشەوە دایە لە تووشبوون بە مادەی هۆشبەر لەسەر ئاستی جیهان کە ئەمەیان بەشێک بووە لە سیاسەتی نگریسی رێژیم، بە تایبەت لە نێو رۆڵەکانی کورددا دەسەڵات خۆی هەوڵی بڵاوە کردنەوەی بۆ داوە، بۆ ئەوەی رۆڵەکانمان لاوەکانمان هەمیشە لە گرفتاریدا بن نەوەک سەرقاڵ بن بە چالاکی سیاسی و فەرهەنگی خۆیان بە خۆشییەوە تا ئێستاش ئەو نیەتە گڵاوەی بۆ نەهاتووەتە دی هەر بۆیە هەمیشە زیندانەکانی رێژیم پڕبووە لە چالاکانی سیاسیی کورد، ئەوەی لێرەدا مەبەستماتە باسی لێوە بکەین لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم جارە دەرکەوتنی مۆرەیەکی‌تری ویلایەتی فەقیهـ ئاغای حەسەن رووحانی کە ئەم ئاخوندە بە ناو مۆدێڕنە بە کرانەوەی زیاتری سیاسی دەستی پێکرد بە تایبەت گوایە زیاتر کردنەوەی فەزایەکی سیاسی بۆ نەتەوە بندەستەکان کە ئەمەیان تا وەکو ئێستا پێچەوانەکەی زۆر راست‌ترە کە ئەمە سەرەتاکەی بێت کۆتاییەکەی خوا رەحم بکات وە بەشداری پێکردنیان لە بەڕێوبردنی وڵات و کایە گرنگەکانی دەسەڵات کە ئەمە خۆی لە خۆیدا بە پێی قانوونی وڵات رێگە پێ نەدراوە، جگە لە نەتەوە و مەزهەبـێکی دیاریکراو نەبێت تەنانەت باسکردن و خۆپاڵاوتن بۆ هەندێک پلە و پۆست سزادانی توندی لێ دەکەوێتەوە،ئاغای رووحانی قەولی دا گەر سەر بکەوێت هەوڵ بۆ بەرقەرارکردنی فەزایەکی کراوه بۆ ئازادیی سیاسی و ئازادی نووسین و ئازادی رادەربڕین بدات هەمووکەس بتوانێت بە ئازادانە رای خۆی دەربڕێت چالاکانی مافی مرۆڤ بە بێ راپێچ کردنیان بۆ سووچی زیندان و لەوێشەوە ‌بۆ بەردەم پەتی سێدارە چالاکی خۆیان بکەن، ژێرخانی ئابووری وڵات بگەشێنێتەوە ئەو میلیتاریزە سەربازیەی کە هەمیشە لە هەندێ ناوچەی وڵات و ناوچە کوردییەکان بە تایبەتی هەبووە نەمێنێت، پێدانی مافی نەتەوەکانی‌تر هەرچەند بەشێوەیەکی رەها دانی بە کێشە و مافی نەتەوەکانی بندەست نەدەنا، دواتر توانی بە هۆی ئەم وەعد و بەڵێنانە دەنگی زیاتری مسۆگەر بکات.
بەڵام ئەوەی لەم سەرۆکە چەند مانگ تەمەنییەدا بینیمان سەد و هەشتا پلە جیاواز بوو لەو وەعد و بەڵێنانەی کە دایبوو، بە جۆریک هێشتا پۆستەرەکان لە نێو شەقەمەکاندا مابوون دەنگی شوعارەکانی لە گوێدا دەزرەنگایەوە شەپۆلی سێدارەی چالاکوانی سیاسی و مەدەنی دەستی پێکرد زیندانەکان لە جاران زیاتر ئاخێنران لە دەنگە نارازییەکان نووسینە ئازادەکان بە تەواوی مانا سیاسەتی کپ کرانەوە نە وەک سیاسەتی کرانەوە ئەگەر وا بڕوات ئاغای سەرقافڵەی کرانەوە لە خوێنمژەکانی پێش خۆی خرابتر دەبێت، بە جۆرێک ئێستا لە سەربچوکترین ناڕازی دەربڕین لە سەرنووسینێکی رەخنە ئامێز دەنگ هەڵبڕینێک رووبەڕووی زیندان و توندترین ئەشکەنجە دەبیتەوە، مرۆڤ کە خوا بە ئازادی دروستی کردووە دەشبێ بە ئازادی بژی بەڵام ئەگەر ئێستا کەسێک کەمترین پێوەندی بە هێزێکی سیاسی ئوپۆزسێونەوە هەبێ خۆی رووبەڕوو دەکات لەگەڵ سێدارە، کار بە قسەی ئەو خوایەش ناکەن کە خۆیان بە نوێنەری دەزانن، ئەوەی جێگای باسە لە ئێراندا تەنانەت خۆ پاڵاوتن بۆ سەرکۆماری دەبێت لە ژێر کۆمەڵێک فیلتەری ولایەتی فەقیهدا بڕوات وەک فیلتەری ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، بۆ نموونە نەتەوەیەکی وەک کورد ناکرێت بیر لە هەندێ پۆستی وزاری و لەو خوارتریش بکاتەوە لەم لایەنە میللەتی کورد دوو جار دەچەوسێتەوە بە هۆی مەزهەب و نەتەوەیی بوونەوە ئەگەر هەمان مەزهەبیشی هەبێ ئەوە لە بەر کورد بوونی نابێ.
ئاخۆپرسیارەکە لێرە دایە کەسێک توانای بڕینی ئەم هەموو فیلتەرانەی‌هەبێت بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە پەیڕەو و ئەساسنامەیەک بکات کە تێیدا سەپاندنی نەتەوەیەکی کەمینە بە سەر هەموو نەتەوەکانی‌تردا، سەپاندنی ئایین و مەزهەبـێک بەسەر هەموو ئایین و مەزهەبەکانی‌تردا، حیساب بۆنەکردنی کەسە بێ دینەکان، بڕوانەبوون بە مافەکانی مرۆڤ لە بەرچاونەگرتنی مافی ژنان دژایەتی کردنی دێموکراتیەت بە عنوانی ئەوەی دێموکراتیەت شەڕە دژی خودا، یاساغ بوونی ژنان بۆ بەشداری کردن لە کایە گرنگەگانی دەسەڵات، دژایەتی کردنی زۆربەی فەرهەنگەکان دژایەتی کردنی هونەر، تەنانەت لە بەرکردنی جلوبەرگ و شێوازی قژتاشین بە شێوەیەکی ئازاد نەبێت، بۆت نەبێت بە زمانی زگماکی خۆت بخوێنیت بنووسیت تەنانەت بەو زمانەش بۆت نەبێ ڕای خۆت دەربڕی ئەمانە هەموو لە قانوونی وڵاتدا جێ کرابێتەوە و هەر لەلایەن خۆشیان نووسرابێت و پەسندیش کرابێت، کەسێک بڕوای بەم شتانە هەبێت، دەکرێت کرانەوەی سیاسی بکات؟! دەکرێت بڕوای بە یاساکانی مافی مرۆڤ هەبێت هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەب و زمان و رەنگەکان بە یەک چاو سەیر بکات!
بڕوا کردن بەم رێژیمە و دەست و پێوەندەکانی وەک ئەوە وایە سووڕانەوە لە ناو بازنەیەکی داخراودا بۆ دەرچوون.
کۆماری ئیسلامی و کرانەوە؟

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە