کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بۆ حیزبی دێموکرات جێی شانازییە کە شۆڕشگێرانی نەتەوەکانی ئێران رزگاریی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا دەبیننەوە

21:19 - 30 خەزەڵوەر 2713

ئامادەبوانی بەڕێز!

خوشک و برا بەڕێزەکان!

بەڕێز کاک مەسعوود تەک سکرتێری گشتیی حیزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیە و هەموو هاوڕێیانی بەڕێز!
بەخێر بێن بۆ رێوڕەسمی رێزگرتن لە یادی هاوڕێ و هاوسەنگەری خۆشەویست موهەندیس رەزا خەیاتی.
ئێمە بە لەدەست دانی کاک موهەندیس، بەداخەوە یەکێک لە باشترین هاوسەنگەرەکانمان و یەکێک لە کەسایەتییە خەباتگێڕەکانمان لە دەست دا.
دیارە وەکوو شۆڕشگێڕ، وەکوو هێزێکی بەرهەڵستکاری رێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەلە خەباتێکی سەخت و خوێناویدا بووین و هەین، مردن بۆ هەموو ئێمە لەپێناوی بیر و باوەڕمان شتێکی چاوەڕوانکراوە و شتێکی نوێ نییە، شەهیدبوونی موهەندیس خەیاتیش نە ئەوەڵین شەهیدمانە و نە ئاخرینیش دەبێت، تا ئەو رێگایەمان بەردەوامە، تا دیکتاتۆری و زوڵم و زۆرداری لە وڵاتەکەماندا بەردەوامە، خەباتیش هەر بەو شێوەیە بەردەوامە، ئێمە و نەسڵەکانی داهاتووی پاش ئێمەش درێژەی دەدەین، هەر وەکوو نەسڵەکانی پێش ئێمەش ئەو خەباتەیان درێژە داوە و گەیاندوویانەتە ئێمە. تەنیا شتێک کە رەنگە بۆ هەموومان جێگای داخ و کەسەر بێت ئەوەیە کە ئێمە لەو حاڵەتەدا بە بۆنەی ئەو زوڵم و زۆر و فەزا ئەمنیەتییە توندەی کەلە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرقەرارە، ناتوانین لە حاڵەتی مەرگدا لە نزیکی ئازیز و خۆشەویستەکانماندا بین و ببوە حەسرەتێک هەم لە دڵی ئێمە تێکۆشەراندا و هەم لە دڵی ئەو خۆشەویستانەماندا کەلە ئێمە دوورن و لە ئێران یان لە وڵاتەکانی دیکەدا دەربەدەرن و ناتوانین لە دوایین ساتەکانی ژیانماندا لە دەوری یەکتر کۆ بینەوە. موهەندیس خەیاتی تەمەنێکی پڕ لە شانازیی لە حیزبی دێموکراتدا تێپەڕ کرد، بۆیە کۆچی دوایی ئەو بۆ ئێمە وەکوو لەدەستدانی هاوڕێیەک، زۆر سەخت و ناخۆشە، بەڵام ئەو بارەش هەڵدەگرین، ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا فێر بووین کەلە شەهیدبوونی کەسایەتییەکانمان پەند وەربگرین، دەرس فێر بین، نەک بێ هیوا بین و ماتەمبار بین، پێم خۆشە پێش ئەوەی کە لەسەر کەسایەتی و خزمەتەکانی موهەندیس خەیاتی باس بکەم، باسێک لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی بەشداریی هاونیشتمانانی تورکی ئازەربایجان کەلە خەباتی دوور و درێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەشدار بوون، بکەم. رەنگە بەشێک لە ئێوە خۆشەویستان کەلە هەڕەتی لاویەتی دان، یا بەشێک لە خەڵکی کوردستان، زۆر شارەزای ئەو بابەتە نەبن، بەڵام پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە موهەندیس رەزا خەیاتی یەکەمین تورکی ئازەربایجان نەبوو کە رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد لەبەر ئەوەی کە رزگاریی نەتەوەکەی خۆی لە چوارچێوەی دروشم و بەرنامەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەبینییەوە، ئێمە لە رابردووشدا لەو هاونیشتمانە خۆشەویستانە زۆرمان هەبووە، من بۆخۆم لەبیرمە کاتێک کە مێرمنداڵێک بووم لە شارەکەی خۆمدا، لەگەڵ تورکەکانی ئازەربایجانی پێکەوە دەژیاین، ئەودەمی بۆ منیان باس دەکرد کە فڵان بنەماڵەی تورکی دانیشتووی شارەکەی من کەسانێکیان هەیە لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا و هەبوون ئەو کەسانەی کە هەتا دوایین ساتی ژیانیان وەکوو موهەندیس خەیاتی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا مانەوە و تا دوایین هەناسەیان وەفادار بوون بە رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. ئەوە لە راستیدا شانازییەکە هەم بۆ شۆڕشگێڕەکانی غەیری کورد لە نەتەوەی تورک، بەلووچ و و عەرەب کە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بڕگە جیاوازەکانی مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەشدار بوون و هەم شانازییەکە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بیر و باوەڕ و بەرنامە سیاسییەکانی نەک هەر توانیویەتی خەباتکارانی کورد بە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە، بەڵکوو بووەتە چەترێک کە نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش رزگاریی خۆیان لەو چوارچێوەدا دەبیننەوە. ئێمە لە ریزی پێشمەرگەکانماندا، کادرەکانماندا لە هاونیشتمانانی تورکی ئازەربایجانی زۆرمان هەبوون کە هەر لەو جەمعەدا کە تەشریفییان لێرە دانیشتووە دەیانناسن و ئەمنیش زۆریان دەناسم کە لە خەبات و بەربەرەکانێ دژ بە کۆماری ئیسلامی شان بە شانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانی خۆیان لە دەست داوە زۆر کەس هەبوون کە کەمەندام بوون و وەکوو کوردەکان دەربەدەر بوون لە وڵات و لە زێدی خۆیان و ناچار بوون لەبەر زوڵم و زۆرداری، خۆشەویستەکانی خۆیان و وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن. بەڵام ئەوەی کە موهەندیس خەیاتی لەو خۆشەویستانە جیا دەکاتەوە خەبات و بەربەرەکانێی موهەندیس خەیاتی بوو لە سەردەمێکدا کە سەردەمی دامەزراندنی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە باری تەکنیکییەوە بوو، لە سەردەمێکدا کە نە ئینترنێت هەبوو نە تەلەفیزیۆن بوو بەو شێوەی کە ئێستا هەیە و نە راگەیاندنەکانی دیکەش هەبوو، ئەودەمەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خەباتێکی خوێناویی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێکردبوو، دەنگی بە دونیا نەدەگەیشت، بە ئێران نەدەگەیشت و بە تەنیا مابووەوە لە کوردستاندا، ئەودەمی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو بە تاکە سەرچاوەی هەواڵی دروست و جێگای باوەڕ نەک هەر بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئازادیخوازانی دیکەی ئێران، بەڵکوو تەنانەت بۆ بەشێک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە هەرکات ویستبایان هەواڵی دروست لە مەیدانەکانی شەڕ ببیستن، گوییان دەدایە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران. رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لەو سەردەمەدا بە بۆنەی ئەو دەور و رۆڵی کە لە خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەماندا بووی، ببوو بە ئامانجی هێرشی کۆماری ئێسلامیی ئێران و هەمیشە لە ژێر بۆمباران و تۆپباران و هەمووجۆرە پیلان و پیلانگێڕییەکی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوو و بەم هۆیەوە موهەندیس خەیاتی بەپێی بەرپرسایەتییەکەی بە ناچار لە ناوەندی ئەو پیلانگێڕییانەدا بوو، بەڵام بە هەموو ئەو فشار و بۆمباران و مەترسییانەوە کە رووبەڕووی مووهەندیس خەیاتی و ئەو کۆمەڵە کادر و پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات کە موهەندیس خەیاتی رایهێنابوون دەبوونەوە، قەت نائومێد نەبوون، نەترسان و تەنانەت قەت بۆ سەعاتێکیش ئەو رادیۆیەیان بەجێ نەهێشت. لەو ماوەیەدا کە موهەندیس خەیاتی بەرپرسیاریەتیی ئەو ئەرکە گرینگەی بەئەستۆ گرت و لە سەرەتاوە بە کەمترین کەرەستە و ئیمکانات توانیی ئەو دەستگا راگەینە پڕبایەخە بۆ حیزبی دێموکرات دەستەبەر بکات، زیاتر لە دە جار لەو شاخ بۆ ئەو شاخ، لەو کونەبەرد بۆ ئەو کونەبەردەوە لە ژێر رەهێڵەی باران و بەفر و سەرما و گەرمادا ئەو رادیۆیەیان دەگواستەوە، بەڵام وەک لەبیرم بێ ، کەم وابوو خێرایی گواستنەوە و کارکردن و دامەزراندنەوەی دوبارەی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران 24 کاتژمێری تێپەڕاندب ێ. لە راستیدا رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران کە ئەمەکداری زەحمەت و تێکۆشانی زۆر کەس و لە پێش هەموواندا موهەندیس خەیاتی بوو، لەو دەمیدا تەنها دەنگێکی راستەقینە بوو کە هاواری مەزڵوومییەتی میللەتی کورد و خەباتکارانی ئازادیخوازی ئەو بەشەی کوردستانی بە گوێی خەڵکی ئێران و تەنانەت بە گوێی بەشێک لە خەڵکی دونیا دەگەیاند. ئۆگریی و خۆشەویستیی دەنگی رادیۆ دەنگی کوردستان گەیشتبووە رادەیەک کە بەشێکی زۆر لە هاوڕێیانی ئێمە لە دەرەوەی وڵات، لە ئورووپا، دەگەڕان بە دوای باشترین نەوعی رادیۆدا بۆ ئەوەی کە دەنگی کوردستانی ئێرانی لێ ببیسن و ئێمە زۆربەمان ئەوەمان لەبیرە کە کاتێک لە وڵاتێکی ئورووپایی بە زەحمەتێکی زۆر گوێیان لە دەنگی رادیۆ دەنگی کوردستان دەبوو، ئەوەیان وەکوو مزگێنی بە یەکتری دەدا و بە ئێمەیان رادەگەیاند کە ئێمە لێرەش رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەبیسین، ئێمە ئەو رۆژانە و ئەو خزمەتە گەورەیە لەبیر ناکەین لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا بە خۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەی شارەزا و پسپۆڕە لە بواری راگەیاندنەوە و خاوەنی راگەیاندنێکی پێشکەوتووە، بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانەشدا جێگای رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و لەسەرووی هەمووشەوە، کە باسی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەکەینەوە خزمەتەکانی موهەندیس رەزا خەیاتی پێکەوە گرێ دراون و بۆمان لێک جیاواز نابێتەوە. ئەو خزمەت و گرینگییە بوو کە موهەندیس خەیاتیی کردبووە خۆشەویستی هەموو کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هەموو ئەو کەسانەی کە موهەندیس خەیاتییان دەناسی، بۆیە هەر لە سەرەتاوە سکرتێرەکانی حیزبی دێموکرات وەکوو شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و باقی ئەندامانی رێبەرایەتیی حیزب، رێزێکی تایبەتیان بۆ موهەندیس خەیاتی دادەنا و ئەگەر لەبیرتان بێ چەند ساڵ لەمەوپێش بە بۆنەی دامەزرانی ساڵیادی رادیۆ دەنگی کوردستان بوو کە لێرە و هەر لەو ساڵۆنەدا موهەندیس خەیاتی وەکوو راوێژکاری سکرتێری حیزب لە کاروباری رادیۆدا دیاری کرا. من دڵنیام کە ئێستا ئەو خەبەرە ناخۆشە کە لە نێو هەموو کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە نێو لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە کوردستانی ئێران و لە ئورووپا و لە هەر جێگایەکی کە خەڵک بیستوویەتەوە هەموویان بەو کارەساتە ماتەمبارن، ئەوەش لە لایەکەوە نیشانەی وەفاداریی حیزبی دێموکراتە بە هەموو ئەو کەسایەتییانەی کە لە درێژایی مێژووی خەباتی خوێناویی حیزبی دێموکراتدا خزمەتی ئەو حیزبەیان کردووە و بەردێکیان لەسەر دیواری پتەوی حیزبی دێموکرات داناوە، لە لایەکی دیکەشەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو فیداکاری و زەحمەت و خاکەڕایی و ئەمەگناسییەی کە موهەندیس خەیاتی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەبوو. لە بیرمە کاتێک کە لە شاخ بوین، خێزانی هات و سەردانی کرد، لە گەڕانەوەدا خێزانیان گرت و زیندانیان کرد، لە زیندانی کۆماری ئیسلامدا تووشی هەموو چەشنە ئەشکەنجە و بێڕێزییەکیان کرد و مۆهەندێس خەیاتییان لە بەرامبەر دوو رێیانێکدا دانا کە یا دەبێ لەگەڵ ژن و منداڵەکانی بێ و بگەڕێتەوە بۆ ئێران، یان ناتوانێ لەگەڵ خێزانەکەی بێ، بەڵام موهەندیس خەیاتی رێگای دووهەمی هەڵبژارد. ئامادە بوو لە منداڵە خۆشەویستەکانی و لە خێزانی دوور کەوێتەوە، بەڵام لە حیزبی دێموکراتدا بمێنێتەوە و هەر ئەوەی کرد و تا دوایین هەناسەکانی لە حیزبی دێموکراتدا خزمەتی کرد و وەفاداریی خۆی بردەسەر. ئێستاش بەو خزمەتانەوە کە کردوویەتی، موهەندیس خەیاتی بۆتە یەکێک لەو کەسایەتییە ناسراوانەی حیزبی دێموکرات کە نێوی خۆی لە مێژووی پڕ لە شانازیی حیزبەکەماندا تۆمار کردووە و ئێستاش و لە داهاتووشدا، چ ئەو نەسلەی ئێمە کە خەبات دەکەین، چ نەسلەکانی داهاتوو کە رێچکەی ئەو خەباتە درێژە دەدەن، تا گەییشتن بە ئامانجی نەتەوەکەمان، کە رزگارییە لە دەستی زۆڵم و زۆرداری، ناو و کەسایەتیی موهەندیس خەیاتی وەکوو کەسایەتییەکانی دیکەی سیاسی لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەمێنێتەوە. تەنانەت پێم خۆشە لێرەدا ئاماژە بە مەسەلەیەکی دیکەش بکەم لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا، ئێستا ئێمە ساڵانێکی زۆرە شاهێدین کوڕی موهەندیس خەیاتی، هاوڕێمان ئەمیر وەک پێشمەرگەیەکی وەفادار و بووکە جەوانەکەی کە وەکوو بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران یا سکرتێری گشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بێ زێدەخوازیی و بە خاکەڕاییەوە، ئەوپەڕی کار و تێکۆشانی خۆیان لەگەڵ ئێمە درێژە دەدەن. ئەمن شارەزای شایستەگی و لێهاتوویی هەردوو ئەو کەسایەتییە هەم لە حیزبی دێموکراتدا و ئاگاداری بیروباوەڕی قووڵی وان هەم بە حیزبی دێموکرات و خەبات لە رێبازی حیزبی دێموکراتدا، بەڵام گومانیشم لەوەدا نییە کە مانەوە و درێژەدانی کاری ئەوان بەشێکی لە ژێر کاریگەریی و هاندانی مەرحوومی بابیاندایە کە لە حیزبی دێموکراتدا ماونەتەوە. لە جیاتی ئەوەی کە رێگای هەندەران بگرنەبەر و بە دوای ژیانی ئاسوودە و رەحەتدا بگەڕێن، ماونەتەوە لەگەڵ ئێمە بۆ ئەوەی کە لە بێبەشییەکانماندا، لە زۆڵم و زۆرێکی کە لەخەڵکەکەمان بە تورکی ئازەربایجان و عەرەب و بە لووچ و کوردەوە دەکرێ بەشدار بن و ئەوانیش وەکوو موهەندیس خەیاتی ئەو شانازییەیان پێ ببڕێ کە لە رۆژی سەرکەوتنی خەباتەکەماندا بەشی خۆیانیان تێدا هەبێ. ئەمن بەو بۆنە ماتەمینیەوە کە لە راستیدا لە گەڵ ئەوەی کە ئێمە و لە حیزبی دێموکراتدا شینگێڕی ناکەین، بەڵام خەمباری لەدەستدانی هاوڕێیەک و هاوسەنگەرێکی خۆشەویستمانین، ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە کە ئەو خەمە دابەش بکەین بەسەر هەمووماندا بۆ ئەوەی کە قورسایی ئەو خەمە تەنها لە سەر شانی کوڕە پێشمەرگەی و ئەو بووکە رووسوورەی نەبێ کە لێرە لەگەڵ ئێمە هاوسەنگەرن و هەروەها ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لەهەر جێگایەک کە هەن، بۆ ئەوەش کە نیشان بدەین لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ئەوەی کە گرینگە بیروباوەڕە، ئیمان بە رزگارییە، خەبات لە پێناوی میللەتدایە لەو چوارچێوەدا تورکی ئازەربایجان و خاوەنی ئایین و بۆچوونی جیاواز و نەتەوەکانی جیاواز لە حیزبی دێموکراتدا هەموو حەق و حقۆقی وەک یەکییان هەیە، حیزبی دێموکرات لە رۆژی ئەوەڵەوە لە سەر ئەو بنچینەیە شین بووەتەوە و هیوادارم و دڵنیاشم تا رۆژی ئاخریش هەر ئەو دارە بەهێز و بە توانایەی بەو لق و پۆپانەیەوە دەژی تا ئەو کاتەی کە دەگاتە چڵەپۆپەی سەرکەوتن و درێژەدانی خەبات، چوونکە تا زوڵم و زۆر هەبێ خەبات بۆ رزگاریش تەواوبوون و کۆتایی نییە. بۆیە من ئیزن وەردەگرم لە هەموو لایێک سەرەخۆشی بکەم، لە هەموومان، بە تایبەتی ئێوە خۆشەویستان کە لە نیزیکەوە موهەندیس خەیاتیتان دەناسی، هەمووتان خۆشتان دەویست، لەو هاوڕێیانی کە لە ئۆرگانەکەیدا کاریان دەکرد و )ئۆرگانی راگەیاندن( و لە ئەندامانی بنەماڵەی کە لە ئێستادا لە هەرجێگایێکی ئێران یا هەر جێگایەکی دیکەدان، بەتایبەتی لەو دوو هاوڕێ خۆشەویستەمان، ئەمیر و ئیلهام سەرەخۆشی بکەین و پێیان بڵێین کە ئێمە هەموومان کوڕ و شاگردی ئەو کەسایەتییە بەرزانەی حیزبین و دڵنیاش بین کە هەر وەکوو بە لەدەستدانی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرفکەندی و پێش ئەوانیش قازی محەممەد و بە دەیان تێکۆشەری دیکە، خەباتی کورد نەک لە کوردستانی ئێران، بەڵکوو لە هیچ بەشێکدا رانەوەستاوە، لەوە بەدواش راناوەستێ و درێژەی هەیە. ئێمە شادییەکانمان هەموویەکە، خەم و پەژارەکانمان هەموو یەکە و هەموومان خۆشی و ناخۆشییەکان بەسەر یەکدا دابەش دەکەین، بۆیە ئەو توانایە بە حیزبی دێموکرات دەدەین کە لەبەرامبەر گەوەرترین کۆسپەکاندا شانی لە ژێر باری خەم و خەفەتدا نەچەمێتەوە و هەروەها سەربەرز و قاییم لە مەیدانی بەربەرەکانێدا خۆڕابگرین. جارێکی دیکە سەرەخۆشی دەکەم لە هەموو ئێوە لە هەموو تێکۆشەرانی ئازادیخوازی ئێران بە هەموو نەتەوەکانیانەوە و سەرەخۆشی دەکەم بە تایبەتی لە هاوڕێ خۆشەویستەکانمان ئەمیر و ئیلهام و سپاس بۆ بەشداریی هەموو ئێوەش کە لەو رووداوەدا سەمیمانە وەکوو ئەرکێکی مرۆیی، حیزبی و نیشتمانی بەشداریتان کردووە و کادر و پێشمەرگەی حیزبیش هەر ئەو چاوەڕوانییەی لێدەکرێ. زۆر سپاستان دەکەم و هیوام تەندرووستی و سڵامەتی بۆ هەمووتانە بە تایبەتی بۆ ئەندامانی بەڕێزی بنەماڵەی موهەندیس رەزای خۆشەویستی هەموو لایێکمان. ساغ و سڵامەت و سەرکەوتوو بن.

زۆر سپاستان دەکەم.