کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

88 کەسی دیکە له نێویاندا 50 منداڵ لە سووریە کوژران

15:54 - 6 جۆزەردان 2712

کوردستان میدیا: چالاکانی دژبەری رێژیمی سووریە دەڵێن، زیاتر لە 88 کەس و لەوانەش 50 منداڵ لە سورييه بە دەستی هێزەکانی ئەرتشی سووریە کورژراون.


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ فەردا لە زاری چالاكانی مافی مرۆڤ لە سووریەوه، لانیكەم 88 كەس لە نێویاندا 50 منداڵ لە گوللەباران و توپبارانێكدا كوژاون و نزیکەی 3٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەڵام ماڵپەڕی بی بی سی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووتەوە كە لە ئەگەری هێرشێكی ئەرتشی سووریەدا بۆ سەر شاری حومس، 50 كەس كوژراون كە 13 لەوان منداڵن و 100 كه‌سى ديكه‌ش له ئه‌گه‌ری ئه‌و تۆپبارانه‌دا بریندار بوون.
ئەو کردەوانەی رێژیمی بەشار ئەسەد لەلایەن چالاکانی دژبەری ئەو رێژیمەوە بە کۆشتاری بە کۆمەڵ لە قەڵەم دراوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد بڵاویان کردۆتەوە، تەرمی منداڵان پاش گوللەبارانی شارۆچکەی حوولا دەبینرێت و لە ئەگەری راستەقینە بوونی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، ئەوە دەبێت بە خوێناوی‌ترین هێرشی رێژیمی سووریە پاش رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ دژبەران کەلە ئاوریلی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە تێکهەڵچوونەکان لە چەند شاری دیکە وەک دیمەشق و حەلەب درێژەی هەیە.
بان‌کی موون، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتوویەتی: گرووپێکی دژبەری رێژیمی سووریە کەلە حاڵی شەڕ لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە دان، هەنووکە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانیان کونترۆڵ کردووە.
چالاکانی دژبەری سووری دەڵێن، لە گوللەبارانەکاندا هێزەکانی رێژیمی سووریە لە تانک، خومپارە و کۆمەڵێک چەکی قورسی دیکە کەڵکیان وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئامارە بڵاو کراوەکان لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ١٤ مانگی رابردوودا لانی‌کەم ١٠ هەزار کەس لە توندوتیژییەکانی سووریەدا کوژراون.

راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران