کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دیداری نوێنەری حیزب لە بلژیک/ سیناتۆر کارل ڤان: یەکەم جارە لە بارودۆخی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا ئاگادار دەبم

14:53 - 10 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک لەگەڵ سیناتۆر \'\'کارل ڤان لاوڤە\'\' لە مەجلیسی سنای لە ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەلژیک لە مەجلیسی سینای وڵاتە لەگەڵ \'\'کارل ڤان لاوڤە\'\' سیناتۆری یەکیەتیی نوێی ــ فلامان، رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی سەرماوەز دیدار و چاوپێکەوتنی پێکهێنا.
مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی نەتەوەی کرد لە کوردستانی ئێران بە رێبەرایەتیی ئەو حیزبە، سەرکۆماری نوێی ئێران و گۆڕانکارییە رواڵەتییەکانی دەوڵەتی نوێی رێژیمی ئێران و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕە رواڵەتییانە لەو دانیشتنەدا لەلایەن نوێنەری حیزبەوە باس کران.
وتووێژی وڵاتانی ١+٥ و رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە و هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی لە ١٥ ساڵی رابردوودا و هەروەها کاریگەریی گەمارۆکان بۆ ناچارکردنی ئەو رێژیمە بە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی جیهان ئەویش بە مەبەستی کڕینی کات و زیاد بوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی دانووستانەکاندا، بەشێکی دیکەی باسەکانی ئەو چاوپێکەوتنە بوون.
لەو دیدارەدا سیناتۆر کارل ڤان خۆشحاڵی خۆی لە پێوەندی گرتن لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕی و ئاشکرای کرد کە یەکەم جارە لە دۆخی نالەباری نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا ئاشنا دەبێت.