کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولێکی فێرکاری لەلایەن ژنێڤاکاڵەوە بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بەڕێوەچوو

15:58 - 12 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: کۆنفرانس و خولێکی راهێنانی چاوەدێری و جێ‌بە‌جێ کردنی بەڵگەنامەی پابەندبوون بۆ رێکخراو و لایەنە کوردییەکانی ئێران لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، خولێکی راهێنانی چاوەدێریی ژنێڤاکاڵ بۆ حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی نوێنەرانی رێکخراوی ژنێڤاکاڵ و هەروەها نوێنەرانی ژمارەیەک لە حیزبە کوردستانییەکان، رێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی لە هوتێل \'\'مەم ‌و‌زین\'\'ی شاری سلێمانی دەستی پێ کرد.
ئەم وۆرکشاپە فێرکارییە کەلە چوارچێوەی کۆنفراسێکی زانستیدا بەڕێوە دەچێت، ئامانجەکانی راهێنان و گرینگی دانە بە تواناکانی لایەنە بەشدارەکان بۆ رێزگرتن و بەشداری کردنیان لە بەکارخستنی ئەرکەکانیان سەبارەت بە ئەو رێکەوتننامەی کەلە پێوندی لەگەڵ بە کارنەهێنانی مینی دژە نەفەر ــ پاراستنی منداڵ، لە ناکۆکییە چەکدارییەکان و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی جینسی لە کاتی شەڕدا، لە ژنێڤ واژۆیان کردووە.
نوێنەرانی ژنێڤاکاڵ و هەروەها نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی پابەند بەو بەڵگە‌نامەیە زۆر بە وردی لەسەر چوارچێوەی رێکەتننامەی ژنێڤاکاڵ، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و هەتا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەز و لە هاوکاری کردنی یەکتر لە پێوندی لەگەڵ بەڵگەنامەکانی واژۆکراوی ژنێڤاکاڵ بەردەوام دەبن.
حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران وەک لایەنێکی واژۆکەری بەڵگەنامەکە بە هەیئەتێکی ٣ کەسییەوە بەشداری ئەو کۆنفرانسەیە.
هەئیەتی نوێنەرانی حیزب بۆ بەشداری کردن لەم کۆنفڕاسە کە زیاتر لە شێوەی کارگەیەکی فێرکاری و راهێنان بەڕێوە دەچێت، بریتین لە: رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومێسۆنی سیاسی ــ نیزامی، فاتیح ساڵحی جێگری کۆمیتە ناوەندی و نوێنەری حیزب دێموکرات لە ژنیڤاکاڵ لە پێوە‌ندی لەگەڵ پاراستنی منداڵ لە کاریگەری ناکۆکییە چەکدارییەکان و هەروەها خاتوو فاتمە عوسمانی نوێنەری حیزب لە ژنێڤاکاڵ لە پێوە‌ندی لەگەڵ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی جینسی لە ناکۆکییە چەکدارییەکاندا.
رۆژانی داهاتوودا لە هەر پانێلێکی فێرکاریدا بابەتێک دەکەوێتە بەر باس و لە کۆتایدا نوێنەرانی ژنیڤاکاڵ و نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی واژوکەری بەڵگەنامەکە لە کوردستان رۆژهەڵات لەسەر چۆنیەتی و شێوازی هاوکاریی کردنیان لە داهاتوودا بگەنە ئەنجام.