کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: بە نەمانی ماندێلا ئازادیخوازانی جیهان سیمایەکی ناسراوی دێموکراسیخوازییان لە دەست دا

20:47 - 16 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی کۆچی دوایی نیلسۆن ماندێلا، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.


دەقی ئەو راگەیەنراوە بەم چەشنەیە:


بە داخەوە راگەیەندرا كە نیلسۆن ماندێلا تێكۆشەری سیاسی و خەباتكاری ناسراوی دژی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور ‌و رێبەری كۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی بەرانبەر بە ٥ی دیسامبری ٢٠١٣ی زایینی پاش ماوەیەكی درێژی نەخۆشی لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
بە نەمانی \'\'نیلسۆن ماندێلا\'\' ئازادیخوازانی جیهان و لایەنگرانی عەداڵەت و یەكسانیی سەمبۆلیكی خەبات و تێكۆشان و سیمایەكی هەر ناسراوی دێموكراسیخوازیان لە دەست دا.
ماندێلا بە دوای هەڵبژاردنێكی دێموكراتیكی گشتی لە ئەفریقای باشوور بە شێوەیەكی بەرچا‌و سەركەوتنی بە دەست هێنا ‌و بوو بە یەكەم سەركۆماری رەش پێستی ئەو وڵاتە، ماندێلا لە پێناو رزگاری و خەبات دژی ئاپارتاید و بەشداری لە خەباتی چەكداریدا رێگای زیندانی كەوتەبەر ‌و ماوەی ٢٧ ساڵ ژیانی كە زۆربەی ئەو ماوەیە لە زیندانی تاكەكەسیدا بوو تێپەڕ كرد.
ماندێلا پاش ئازاد بوون لە زیندان لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینیدا سیاسەتێكی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی گرتە بەر ‌و بە تێكۆشانی بەردەوام، رێگای بۆ گەیشتنی ئەفریقای باشوور بە دێموكراسی و دەسەڵاتێک كە نوێنەری هەموو توێژەكانی كۆمەڵگا بێ خۆش كرد.
رەفتار ‌و سیاسەت و هەڵوێستی ماندێلا لە ماوەی چەند دەیەدا چەند خەڵاتی ئاشتیی بۆ بەدوا داهێنا ‌و كردی بە سیمایەكی هەرە ناسراوی سیاسی و كەسایەتییەكی جیهانی ئەوتۆ كە رێز و خۆشەویستی نەک هەر لە ئەفریقای باشوور بەڵكوو لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ دەستەبەر كرد.
ماندێلا ئەوەی بۆ خەڵكی ئەفریقای باشووری دەویست بۆ هەموو نەتەوەكانی ماف پێشێلكراوی دەویست و لەو پێناوەدا لایەنگریی لە مافی فەلەستینییەكان و كورد روون و ئاشكرا بوو. دیتمان كاتێک كە حكوومەتی توركیە خەڵاتی ئاتاتوركی پێ بەخشی، رایگەیاند: كە لە توركیە مافی نەتەوایەتیی كورد پێشێل دەكرێ و بەم هۆیەوە لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە خۆی بوارد. ئەو رێز و ئەمەگناسییەی كە كۆمەڵگای جیهان چ لە ماوەی ژیان و چ لە پاش مەرگی \'\'نیلسۆن ماندێلا\'\'دا بەرانبەر بە ژیان، خەبات و بەسەرهاتی ناوبراو لە خۆیان نیشان دا دەری خست كە ئەوانەی بۆ مرۆڤایەتی دەژین و لە پێنا‌و دابین بوونی مافی مرۆڤدا خەبات دەكەن چۆن دەبنە جێگای رێزی مرۆڤەكان و هەموان بە هی خۆیانی دەزانن و وەک رزگاریدەرێک سەیری دەكەن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی پەژارەی لەدەست چوونی كەسایەتی و سیمایەكی ناسراوی ئازادیخوازی وەک ماندێلا سەرەخۆشی لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان بە گشتی و خەڵكی ئەفریقای باشوور بە تایبەتی دەكا و هیوای ئەوە دەخوازێ كە نمونەی وەک ماندێلا لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی رزگاریخوازیی جیهاندا زۆر بن بەزیندویی بمێنێتەوە بیر‌ و باوەڕی ماندێلا ‌و ئاواتەكانی لە سەرانسەری جیهان بێنەدی.


حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی
٧ی دێسامبری ٣٠١٣ی زایینی