کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندییەکانی ئێران و ئورووپا لە کۆنفڕانسێکدا لە بلژیک تاوتوێ کرا

21:04 - 16 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک، لە کۆنفڕانسی \'\'کرانەوە و میکانیزمەکانی پێوەندیدار بە پێوەندییەکانی ئێران و ئورووپا\'\' بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆنفڕانسی \'\'کرانەوە و میکانیزمەکانی پێوەندیدار بە پێوەندییەکانی ئێران و ئورووپا\'\' بە بەشداریی شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی \'\'جەمیل فەرحی\'\' نوێنەری حیزب لە وڵاتی بلژیک، لەلایەن یەکیەتیی لیبرال دێموکراتەکانی پارلمانی ئورووپاوە بەڕێوەچوو.
\'\'حەمید سابی\'\' پارێزەری دانیشتووی لەندەن و یەکێک لە دامەزرێنەرانی \'\'ئێران تریبۆناڵ\'\' لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران، لەسەر نەبوونی دێموکراسی و هەروەها زیاد بوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پاش هاتنە سەرکاری سەرکۆماری نوێی ئێران پێداگریی کردەوە و وتی: رێژیمی ئێران رێژیمێکی گەندەڵ و دیکتاتۆرە و گەندەڵی تێکڕای رێژیمی ئیسلامیی داگرتووە.
هەروەها مۆنیک سمیتس ئەندامی شاندی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک، لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ و حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان چەند باسێکی هینایە ئاراوە و وتی: لە دانووستانەکانی رێژیمی ئێران وڵاتانی رۆژئاواییدا دەبێ پرسی مافی مرۆڤ تاوتوێ بکرێ.