کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە یادی نیلسۆن ماندێلا لە پاریس

19:40 - 20 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە، خوسرەو عەبدوڵڵاهی بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمی یادی نیلسۆن ماندێلا لە شاری پاریس بەشداریی کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بە ئامادەبوونی باڵوێزی ئەفریقای باشوور لە فەڕانسە، رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە بینای ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە رێوڕەسمی یادی نیلسۆن ماندێلا بەڕێوەچوو.
لەم رێوڕەسمەدا نزیک بە ٥٠٠ کەس لە خەڵکی فەڕانسە و نوێنەرانی حیزب و لایەنەکان بەشداربوون.
لەو رێوڕەسمەدا پاش واژۆی دەفتەرچەی کۆڕیاد و نووسینی رستەگەلێک بۆ رێزگرتن لە ماندێلا، ژمارەیە کەسایەتی و بەرپرسی حیزبی و حکوومی چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.
نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای واژۆی ئەو دەفتەرچەیە و نووسنی چەند رستەیەک بەناوی حیزبی دێموکراتەوە لە یادی ماندێلادا، چاوپێکەوتنێکی کورتی لەگەڵ \'\'مسیمانگ\'\' باڵوێزی ئەفریقای باشوور ئەنجام دا و پەیامی هاودەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەبۆنەی کۆچی دوایی ماندێلا پێ راگەیاندن.