کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە باسکی بە هێزی گەله (حوسێن نازدار)

13:01 - 26 سەرماوەز 2713

حوسێن نازدار

پیشمەرگە ئەو مرۆڤە راستەقینەیه کەلە پێناوی رزگاری و ئازادی و بەختیاریی گەل و نیشتمانەکەیدا، له هەموو خۆشی و ئاسوودەیی‌یەکی ژیانی گوزەراوە و لەو رێبازەدا بە شێوازی رەوا و گونجاو، شێلگیرانە، ئازایانە و چالاکانە خەبات دەکات.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە مافخوازەیە کە دژی چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ و لەپێناوی بنبڕکردنی هەرچەشنە ستەمێکی چینایەتی، رەگەزی، ئایینی، نەژادی و نەتەوایەتیدا خەبات دەکات.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤه ‌تێکۆشەرەیە کەلە پێناوی چەسپاندن و سەر‌کەوتنی دێموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی نەتەوایەتی، فرەچەشنی و پلۆرالیزمی سیاسیدا خەبات دەکات.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤه ژیر و بیرکراوەیه کە‌لە پێناوی بەرزکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری، هوشیاریی نەتەوایەتی و بە هێزکردنی ئیرادەی سیاسی گەلەکەیدا خەبات دەکات.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە پێشکەوتنخوازەیه کەلە پێناوی چاکسازی، نوێ بوونەوە،گۆڕان و گەشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی نیشتمانەکەیدا خەبات دەکات.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە خۆشناو دەست و زمان و داوێن پاکەیە، کە پارێزگاری لە حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ، سەروەت و سامانی گشتی، مێژوو، زمان، کولتوور و کەلەپووری رەسەنی نەتەوەو نیشتمانەکەی دەکات.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە هوشیارەیە کە بە زانین و تێگەیشتنەوه یاسا و رێسا و نەزم و دیسیپلینی گەل و نیشتمانەکەی پەسند دەکات و لەپێناوی سەلماندن و چەسپاندن و سەرکەوتنیدا خەبات دەکات.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە ئاشتیخوازەیە کەلە مەیدانی \'\'شەری رەوا‌و وتووێژی شەرافەتمەندانە و ئاشتی سەربەرزانە و دادپەروەرانەدا لێهاتوو و ئازا و چاونەترسە.
پێشمەرگە چرای رووناکی رێگای خەباتە،سۆمای چاوە، چاوگەی هیوایه، قەڵای ورەیە، باسکی بە هێزی گەلە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە