کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی‌گۆڤاری‌\'\'واڵاپرێس\'\' ژمارە ٦٥ لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری (بەشی‌ دووهەم)

13:47 - 27 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: گۆڤاری واڵاپرێس وتووێژێکی لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجام داوە کە دەقەکەی بەم چەشنەیە.

بەشی یەکەم

واڵا پرێس: پێت وایە ئاڵوگۆڕێک بەسەر بیر و بۆچوون و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دێت؟

هیجری: من زۆر بە دووری دەبینم ئەو ئیدۆلۆژییەی کە کۆماری ئیسلامی باوەڕی پێیەتی کرانەوەی تێدا هەبێت، باس لە مافی نەتەوە و ئازادی و دێموکراسی بکات، چونکە تا ئێستا پیشانی داوە کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ ئەو نورم و پرەنسیپانە لەدژایەتی دایە.


واڵاپرێس:
وازهێنان لە خەباتی چەکداریش داوایەکی مەعقول نییە؟

هیجری: بەڵێ تەبیعەتەن وازهێنان لە خەباتی چەکداری بۆ ئێمە مەعقول نییە تا ئەو کاتەی کە ئێمە لەگەڵ رێژێمێکی ئاوا بەرەوڕووین.
واڵا پرێس: ئەگەر داوایەکی ئاواتان لێ بکرێت لەلایەن کۆنگرەوە هەڵوێستان چییە؟

هیجری: ئێمە ئامادە نابین بچینە ژێر ئیلتیزامێک، نە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی یان هەر لایەنێکی دیکەوە کە لە ئێستاوە هیچ بەرپرسیارتییەک بکەوێتە سەرشانمان، بەبێ ئەوەی کە لایەنی بەرامبەری ئێمە هیچ هەنگاوێک هەڵبێنێت.


واڵا پرێس:
تەنانەت ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بێت؟

هیجری:
بەڵێ لەگەڵ ئەوانیش دیارە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەمان نییە.


واڵا پرێس:
ئەگەر داوایەکی وا بکا؟

هیجری: بەڵێ ئەگەر داوایەکی ئاوا بکەن کە بچینە ژێر باری تەعاهوداتێکی ئاوا، حەتمەن قبووڵی ناکەین.
واڵاپرێس: لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەکەی ئێوە دوو دیموکرات و سێ کۆمەڵە پێش ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت لە بارەگاکەی ئێوە، لە بارەگای حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر کۆبوونەوە و بەرنامەتان داڕشتووە گوایە تاکتیکانە ستراتیژی ئەو کۆنگرەیەتان داڕشتووە سەبارەت بە رۆژهەڵات کە یارمەتی یەکتر بدەن، (پژاک و خەبات و پاک و ئەمیری قازی) لە پڕۆسەکە بکەنە دەرەوە و دواجاریش رەنگدانەوەی هەبوو ئەوان وتیان فێڵتان لێ کردوون سەبارەت بەوەی پێشتر کۆبوونەوەتان کردووە؟

هیجری: ئێمە پێشتر کۆبوونەوەمان کردووە، وەکوو عەرزم کردیت ئێمە مورەتەب لەگەڵ یەکتر لە دانیشتین و وتووێژ داین، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە لە بەر ئەوە نەبووە کە پێکەوە دەنگ بدەین، چونکە ئێمە نەماندەزانی شێوەی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە چۆن دەبێت و چۆن هەیئەتەکان دیاری دەکەن تا بڕیار بدەین لەوێدا دەنگ بەیەکتری بدەین، بەڵام لەسەر ئامانجە گشتییەکانی کۆنگرە پێکەوە قسەمان کردووە و تەوافوق هەبوو، بۆیە کە لەوێ باسکرا هەر بەشەی کوردستان هەیئەتەکەی خۆی دیاری بکات کە ئێمە ئەوەمان نەدەزانی، ئێمە بەسەر بڕیارێکیدا کەوتین کە ئاگادارنەبووین، یەکەمجار ویستمان بە تەوافق بگەین جێبەجێ نەبوو، کە کەوتینە دەنگدان دەنگدانەکە ئەو ئاکامەی‌بوو، من پێم وابێت کەس لە کەسمان زوڵمی نەکردووە، هیچ فێڵیش نەکراوە، هەموو نۆ لایەنەکە لەوێ حزوریان هەبووە، دیارە کاک ئەمیری قازی بۆ خۆی کشاوە لە پڕۆسەکە، بەڵام وتی دەنگ دەدەم، بەڵام باقی هەموومان لە دەنگدانەکەدا بەشدار بووین و دەنگمان داوە و دەنگمان وەرگرتووە، نەتیجەکەی بووەتە ئەوە، کەوابێت هیچ فێڵێک هیچ شتێکی تێدا نییە بەپێچەوانەی ئەو تەبلیغاتەی کردیان و بڵاویان کردەوە، پێموابێت هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان بە‌و شێوە دێموکراتیک هەیئەتی خۆیان دیاری نەکردووە.
واڵاپرێس: تۆ پێت وابوو وتت نەتیجەکەی ئاوایە واتا پێتوایە ئەو پێنج هێزە هێزی سەرەکین و تەواو لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا؟

هیجری: دەزانی ئەوەی رابردووی خەباتی هەبێت لە کوردستاندا لەنێو خەڵکی کوردستاندا ناسراوە دێموکرات و کۆمەڵەیە، ئێستا تۆ لەوەگەڕێ کە ئەوانە دابەشبوون، بەڵام لەگەڵ دابەشبوونەکەشیاندا ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا باسی دەکرێت هەر ئەوانن.
واڵاپرێس: پژاک دەڵێت فێڵیان لێکردووین، لەسەر زاری وتەبێژەکەیانەوە، لەسەر زاری حیزبەکەیانەوە، وە پاک دەڵێت مستەفا هیجری و عەبدوڵڵای موهتەدی ناتوانن خەڵک بانگ بکەن و بیخەنە ژێر چەتری خۆیانەوە؟

هیجری:
باشە ئێمە ئەوانمان بانگ نەکردووە بیانخەینە ژێر چەتری خۆمانەوە، ئێمە کەسمان بانگ نەکردووە بیخەینە ژێر چەتری خۆمانەوە، فێڵیشمان نەکردووە، ئەوان بۆ خۆیان لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون بۆ دەنگدان، ئەی دەنگدان نەتیجەی ئەوەیە تۆ نۆ لایەنی، ئەو نۆ لایەنە دەتوانێ پێنج کەس دیاری بکەیت، تۆ هەرچی بکەیت چوار کەس دەکەوێتە لاوە، تۆ ئەگەر نەتوانی بە تەوافوق کارەکانی خۆت حەل بکەیت، کار دەچێتەسەر دەنگدان، بێجگە لە دەنگدان چ رێگەیەکی دیکە هەیە کە ئەو لایەنانە بەشدار بن لە نۆیەکە دەبێت چوار لایەن بکەوێتە لاوە.

واڵاپرێس:
باشە تۆ و حیزبەکەت پێت وایە پژاک حیزبی رۆژهەڵاتە؟

هیجری: نەخیر.


واڵا پرێس:
چۆن؟

هیجری: ئێمە ئەوەڵەن پژاکمان پێ حیزب نییە، بە دەلیلی ئەوەی پژاک لە واقیعدا هەموو شتێکی هی پەکەکەیە، هەموو بڕیاراتی بەدەست پەکەکەیە، شەڕکردنەکەی پاشەکشەکەی ئەوەی کە دوو ساڵە ئاگربەستی لەگەڵ جمهووری ئیسلامی ئیمزا کردووە، لەژێر سیاسەت و بۆچوونەکانی پەکەکە دایە، کەوابوو پژاک حیزبێکی سەربەخۆ نییە، لقێکە لە پەکەکە.

پەکەکە وەکوو سیاسەتی رەسمیی خۆی باوەڕی بەوە هەیە خۆیان بە تەنیا کوردستان رزگار دەکەن، بۆیە لە کوردستانی ئێران، لە کوردستانی عێراق، لە کوردستانی سووریە لقی خۆیان دامەزراندووە بەناوی حیزبی ئەو وڵاتە، بۆیە پێم وابێت پژاک حیزب نییە و هی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە.
واڵاپرێس: بەڵام ئەوان دیعایەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ئێستا حیزبی یەکەمن و خەباتی چەکداری دەکەن و تەشکیلات و نهێنییەکی زۆریان هەیە، تەنانەت ئەو شوێنانەی حیزبی دێموکرات پێی نەگەیشتووە لە ئیلام و خوراسانی ئەوان تەشکیلاتیان تیا دامەزراندووە؟

هیجری: ئەگەر تەشکیلاتی‌نهێنی‌بێ چووزانن تەشکیلاتی ئەوان لە ئێمە بەقوەتترە، چونکە تەشکیلات نهێنییە، خۆ ئاشکرا نییە، دووەم ئەوانیش ئەوە ماوەی دوو ساڵە ئاگربەستیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزاکردووە لە واقیعدا ئەوانیش خەباتی چەکداری ناکەن، کەوابوو لەو پێوەندەدا لەگەڵ ئێمە فەرق و جیاوازییەکیان نییە، ئەوەی ئەوان دیعایە دەکەن کە ئەوان حیزبی یەکەمن نازانم تا ئێستا هۆیەک، دەلیلێک، ئیتیفاقێکم لەوان نەبینیوە کە نیشان بدات ئەوان حیزبی یەکەمن، ئیدیعا دەکەن دەڵێن حیزبی یەکەمین، بە دیعایەکردنیش نابێت، رەنگە هێزێکی زۆر زۆر زەعیف ئەو ئیدیعایە بکات، تا ئەو کاتەی سندووقی دەنگدان د‌ێتەوە ئاراوە.
واڵاپرێس: قبوڵتانە پژاک کە بەدەنگی خەڵک ڕەئی بێنێتەوە؟

هیجری: بەڵێ ئەگەر خەڵک دەنگی بداتێ حەقی خۆیەتی.
واڵاپرێس: تۆ ناڵێی من بە حیزب نایانناسم؟

هیجری: بە حیزب نایناسم، بەڵام ئەگەر خەڵک ئەوی بە حیزب بناسێت و خەڵک دەنگی بۆ بدات شتێکی زۆر تەبیعییە دەنگی خەڵک زۆر باڵاترە لە دەنگی حیزب.


واڵاپرێس:
ئەگەر سیاسەتی پەکەکەش بەڕێوەبەرێت لە رۆژهەڵات؟

هیجری: ئەگەر سیاسەتی پەکەکەش بەڕێوەبەرێت، خەڵکی کوردستان بیەوێت پشتیوانی لێ بکات حەقی خۆیەتی.
واڵاپرێس: یەعنی ئێوە ترسی ئەوەتان نییە سیناریۆیەک کە لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن پەیەدەوە کۆنتڕۆڵ کراوە لە داهاتوودا لەلایەن پژاکەوە کوردستانی ئێران بەهەمان شێوە کۆنتڕۆڵ بکرێت ترسێکی واتان نییە؟

هیجری:
کۆنتڕۆڵ کردن فەرقی هەیە لەگەڵ ئەوەی خەڵک دەنگی بۆ بدات، من ئێستاش نازانم ئەگەر لە کوردستانی رۆژئاواش دەنگ وەربگیرێت ئایا خەڵک دەنگ دەدەن بە پەیەدە یان نایدەن، بەڵام کۆنترۆڵ کردن چییە، کۆنترۆڵ کردن چەک و هێزە، نازانم لەکاتێکی وادا حیزبی دیموکرات بۆ لەوان کەمتر دەبێت یان هێزەکانی دیکەی کوردستان بۆ لەوان کەمتر دەبن؟


واڵا پرێس:
کاک مستەفا ئەم بۆچوونانەی جەنابتم لە رابەرانی کۆمەڵەش بیستووە، ئەوانیش تێڕوانیان لەسەر پژاک هەمان شتە، بەڵام دواجار لەژێر فشاری پەکەکە و یەکیەتیی و پارتی پژاک هاتەنا و کۆنگرەوە و دێتە ناو کۆبوونەوەکانەوە، ئەمانە حسابیان بۆ کراوە؟

هیجری:
حسابەکە بۆ پەکەکەیە، لە ژێر زەختی پەکەکەدا قبووڵیان کردووە، دیارە ئێمە نەچووینە ژێر بار، ئێمە باسی ئەوەمان کرد ئەو پێنج لایەنە بەشێوەیەکی دێموکراتی بەشداریمان کردووە لە هەڵبژاردندا پژاکییشی تێدا بووە، کەواتە پژاک لەگەڵ ئێمە نییە، بە حسابی حیزبی رۆژهەڵات ئامادە نابێ‌، ئێستا بۆ خۆتان لەژێر فشاردان بەهەر ناوێک بێجگە لەوەی کوردی رۆژهەڵات و لەسەر حسابی ئێمە بەهەر ناوێک کەیفی خۆتانە.


واڵاپرێس:
بەناوی رۆژهەڵات نایەتە کۆبوونەوەکانەوە؟

هیجری: نەخێر.
واڵا پرێس: ئەی بەناوی چی دێتە کۆبوونەوە؟

هیجری: نازانم بە ناوی پەکەکە دێت، بەهەر ناوێکی دیکە.


واڵا پرێس:
بۆ خۆی شوێن و پێگەی هەیە، بۆ بەناوی پەکەکە دێت، ئەوان دیعایەی ئەوە دەکەن بەناوی پژاک، پارتی رۆژهەڵات دێن؟
هیجری: نەخێر ئێمە ئەو پێنج لایەنەی لەوێ دیاری کراین لەوێ بەڕێز کاک مەسعود ئیعلانی کرد بیست و یەک ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار، دەبێت لەو بیست و یەک کەسە پێنج کەس دەبێتە، هی کوردستانی رۆژهەڵات ئەو پێنج کەسەش هەڵبژێردراو تەواو، زۆریش هەوڵیان دا وتمان ئێمە ناچینەژێر باری ئەوەی بۆ خۆتان کەیفی خۆتانە.


واڵاپرێس:
ئەگەر قەرار بێت لە بەینی دوو ‌‌هێزدا سازمانی خەبات و پژاک هەقە خەبات بێت؟

هیجری: خەبات لە دەنگدانەکەدا دەنگی زیاتر لە پژاک هێناوە.


واڵاپرێس:
یەعنی ئەوەندە بـێکاریگەرە پژاک لە رۆژهەڵاتدا؟

هیجری:
پژاک لەنێو رۆژهەڵاتدا وەکوو حیزبی‌ئەو بەشە چاوی‌لێ‌ناکرێ.


واڵاپرێس:
بەس لەناو حزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتدا ئاوایە؟

هیجری:
لە ناو حیزبە سیاسییەکان و خەڵکیشدا.


واڵاپرێس:
ئێوە لایەنگری سیاسەتەکانی پارتی ئازادیش ناکەن بێتە ناو کۆنگرەکەوە و گلەیی زۆر لە حیزبەکەی تۆ و کۆمەڵەکان و دێموکراتەکەی تریش دەکات، پاک کە گوایە ئێوە بەشی ئەوانتان خواردووە نەتانهێشتووە و فشاریان لەسەرەو ناهێڵن؟

هیجری:
نەهێشتن نییە، ئەگەر ئەوانیش دەنگیان هێنا باوە دەهاتنە ناو گرووپەکە، رەنگە یەکێکی کە نەبووایە.


واڵاپرێس:
ئێوە بە ڕەسمی پاک دەناسن؟

هیجری:
بەڵێ بۆ نایناسین، بەڕەسمی دەیناسین، پاک هێزێکە و رەنگە لەگەڵ بۆچوونەکەی جیاوازیمان هەبێ‌، بەڵام وەکوو هێزێک هەیە.


واڵاپرێس:
کاک مستەفا بۆ حیزبەکەی قازی محەمەد کە وێنەکەی لە ژوورەکەتدا هەڵواسراوە، حیزبەکەی قازی محەمەد، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کارێکی باش دەکەن، کە ناهێڵن کوڕەکەی قازی، بێتە ناو کۆنگرەی نەتەوەیی‌یەوە؟

هیجری:
پێم خۆشە بزانن مەسەلەکە کەسایەتی و ئەوە نییە بڕیارێک کە لەسەرەتاوە دراوە ‌و ئێمە تێیدا بەشدار نەبووین رەنگە لە سەرەتاوە بڕیار درابا کەسایەتییەکان بانگ دەکەین، بەڵام ئەوان باسی ئەوەیان کردووە کە هێزە سیاسییەکان بانگ دەکرێن، ئێستا لەگەڵ رێزم بۆ کوڕی پێشەوا، بەڵام حیزبەکەی ئەو دەنگی نەهێناوەتەوە.


واڵاپرێس:
ئێوە لایەنگری سیاسەتی حیزبەکەی ناکەن، یان تەییدی خۆی ناکەن یا هیچیان ناکەن؟

هیجری: پاک هێزێکی سەربەخۆییخوازن، ئێمە بۆ خۆمان حورمەت دادەنێین بۆ ویستی سەربەخۆیی‌خوازی، بۆ هەموو تاکێک، بۆ هەموو گرووپێکی کورد، ئەو لەو حیزبەدا سەرۆکە حیزبەکەی ئەو دەنگی نەهێناوەتەوە.
واڵاپرێس: کاک مستەفا لە من و تۆ کە لەم ژوورە دانیشتووین تا دەگاتە هەر کوردێکی شۆڕشگێڕ و بەشەرەف شانازی بە قازی محەمەدەوە دەکرێت بەهەر چوار پارچەی کورستان؟

هیجری:
بەڵام شانازی بە کوڕەکەیەوە ناکەن.
واڵاپرێس: ویستم ئەوە بڵێم هەم شانازی بە کوڕەکەیەوە ناکەن هەم کوڕەکەی دەبووایە لەم حیزبەیا شوێن بگرێت کە حیزبی باوکییەتی نەک لە حیزبێکی‌تر کە بکەوێتە دژایەتی حیزبەکەشی؟

هیجری:
یەک جیاوازی هەیە لە بۆچوونی من لە کوردستانی ئێران و باقی شوێنەکانی دیکە، ئەو جیاوازییەش ئەوەیە کەلە کوردستانی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی ‌و دەستپێکردنەوەی خەبات تا ئێستاش لەوێدا تاک بۆ خۆی حسابی لەسەر دەکرێت، نەک لەبەرئەوەی لە فڵان بنەماڵەیە، کوڕی فڵان کەسە، برای فڵان کەسە، بۆیە کوڕی پێشەوا دەیتوانی لەکاتی خۆیدا خۆی پیشان بدات، خەڵک باوەڕی پێ بکات، نەک لە بەر ئەوەی کوڕی پێشەوایە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کەسێکە دەتوانێت لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کورددا بێت، بۆیە ئەو حسابانەی کەلە برا کوردەکانمان لە بەشەکانی دیکە بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا دەیکەن، کەوا فڵان کەس، چونکە کوڕی پێشەوایە، فڵان کەس، چونکە کوڕی فڵان سەرۆک عەشیرەتە دەبێت بێت لەسەرەوە قەرار بگرێت، ئەو بۆچوونە لە کوردستانی ئێراندا نییە، بۆیە کوڕی پێشەواش حورمەتم هەیە بۆی، بەڵام خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێراندا لەو جێیەیدا نابینن.
واڵاپرێس: کاک مستەفا لەم کۆنگرە نەتەوەیی‌یەدا قسەیەک هەیە لەسەر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە باڵی حزبی دێموکراتی مستەفا هیجری بەلای پارتیدا رۆیشتووە و پارتی هاوکاری دەکات و موڕاعاتی دەکات، یەعنی ئەم بۆچوونە رەنگە جەنابت رەتی بکەیتەوە پێوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چۆن مەسافەیەک هەیە لە سلێمانییەوە بۆ کۆیە، لە کۆیەوە بۆ هەولێر، مەسافەیەک کەوتۆتە نیوانیانەوە واتە کۆیە چەقی نێوان هەولێر و سلێمانییە یان ئیدارەی سەوز و زەردە یان سەنتەرە، ئایا بەهەمان ئەو مەسافە جوگرافیاییەی کە هەیە سیاسەتیش لەگەڵ یەکیەتیی و پارتیش دەکەن، واتە بەهەمان شکڵ لەهەر دووکیانەوە دوورن یان بەهەمان شکڵ لەهەر دووکیانەوە نزیکن؟

هیجری: من ئەو جیاوازییە بۆ خۆم وەک سکرتێری حیزبی دێموکرات هەست پێ ناکەم، چونکە من پێموایە لەگەڵ هەر دوو حیزب سەردەمانێک بووە زۆر پێکەوە نزیک بووین، سەردەمانێک بووە دڵمان لەیەک هێشاوە، هەموو ئەوانە هەیە، ئێستاش ئێمە ئەوان بە دوو هێزی سەرەکی دەزانین لە کوردستانی عێراقدا، پێمان وایە لەگەڵ ئەوەی کەموکۆڕی لە هەمووماندا هەیە، لە یەکیەتی و پارتیشدا هەیە، بەڵام ئێستا دەوری سەرەکیان هەیە لە ئیدارەکردنی ئەو وڵاتەدا، حورمەتمان بۆیان هەیە و پێوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە، دانیشتمان هەیە، ئێمە هەردوولا بەحورمەتەوە سەیریان دەکەین و تێکۆشاوین کە پێوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان وەکوو یەک بێت، ئەگەر کێشەیەک هەبێت لەو لایەنەدا کێشەکە دەکەوێتەسەر خودی ئەو لایەنە، لەلایەنی ئێمەوە هەنگاوێکی وا، شتێکی وا بەدی ناکرێت کە نیشان بدات ئێمە لایەنگری لایەنێک دەکەین، بەڵام رەنگە لەهەندێک لە کەسایەتییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیدا ئەو بیر و بۆچوونە هەبێت، تەنانەت دوای ئەوەی کەلە کۆنگرەی سێزدەدا ئاڵوگۆڕێک لە رێبەرایەتیدا پێکهاتوو بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە نەبوو بە سکرتێری حیزب، ئەو بۆچوونە لەوێ و لەنێو یەکیەتیدا زیاتر پەرەی گرت بەبێ هیچ هۆیەک، بەتایبەتی لە دانیشتنێکدا کە ئێمە دوای ئەو کۆنگرەیە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانی بوومان کە بەڕێز مام جەلال-یش تەشریفی بوو، لەسەر ئەو مەسەلەیە‌قسە کرا، من لەوێ روونم کردەوە بۆ یەکیەتی، من وەکوو سکرتێری حیزبی دێموکرات ‌ئەوەی بە قازانجی حیزبی دێموکرات بێت، ئەوە دەکەم، چاوم لەوە نییە یەکیەتی چی دەوێت، یان پارتی چیی دەوێت، نە لەگەڵ یەکیەتی دژایەتیی پارتی دەکەم، نە لەگەڵ پارتی دژایەتیی یەکیەتی دەکەم، بەڵکوو قازانجی حیزبەکەم لەوەدا دەبینم کە ئعتیماد و باوەڕی هەردووکیان بەلای حیزبەکەمدا رابکێشم بە سیاسەتێکی دروست، دوای ئەو باسانە مەسەلەکە زۆرباش کۆتایی هات، دوای ئەوە مام جەلال هەر لەو میوانییەدا منی بانگ کرد، وتی من زۆرم پێخۆش بوو ئەو قسانەی تۆ، ئەو قسانەی تۆ کردت من باوەڕم پێیەتی، هەموو شتێک بۆ من تەواو بووە، وا دیاربوو لای مام جەلال-یش زۆر ئەو مەسەلانە باسکرابوون بەتایبەتی لەو گێرە و کێشەی کۆنگرەی سێزدەداو ئەو ئینشعابات و شتانە.