کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بە سێدارەدانی زیندانییان تۆڵە لە هاووڵاتییان دەکاتەوە

20:53 - 28 سەرماوەز 2713

نووسینی/ تەیموور ئەلیاسی
وەرگێڕان لە فەڕەنسییەوە/ کەژۆس حاجی


هاوشان لەگەڵ کرانەوەی رێژیمی ئێران بە رووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەپێی رێککەوتننامەی ژنێف، سەبارەت بە دۆسیەی پیتاندنی ئۆرانیۆم، سەرکوتکردن و داپڵۆساندن لە نێوخۆی ئێران رووی لە زیادبوون کرد. بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ١٤\\٦\\٢٠١٣ رۆژی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران تاوەکو ئەمڕۆ ٣١٦ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا جێ‌بەجێ کراوه. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و راگەیاندنی وڵاتانی رۆژئاوا هیچ کاردانەوەیەکیان بۆ لێشاوی ئەم لە سێدارەدانانە نەبووە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا ٥٨ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا جێ‌بەجێ کراوە، کەلە ناویاندا سێ لاوی کورد بە تاوانی \'\'دژایەتی کردنی خودا\'\' لە سێدارە دراون. تاوانی \'\'دژایەتی کردنی خودا\'\' داهێنانێکی سیستەمی دادوەری ئێرانە کە دەتوانرێت لە هەموو کاتێک و هەر کەسێکی پێ تاوانبار بکرێت کە ملکەچ نەبێت بۆ پڕنسیپەکانی رێژیمی ئیسلامی. لە وڵاتی ئێران رەخنەگرتن لە خامنەیی یان رەخنەگرتن لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەنانەت وەڵامدانەوەی دەزگاکانی راگەیاندنی بیانی دەکرێت بە تاوانی (دژایەتی کردنی خودا) لە قەڵەم بدرێت و سزاکەی بگاتە لە سێدارەدان.

لە ساڵی ١٩٧٩ تا ئێستا ٤٠٠٠٠ کەس لە وڵاتی ئێران لە سێدارە دراون

سزای لە سێدارەدانان کە پاش هەڵبژاردنی حەسەن رۆحانی جێ‌بەجێ توندتر بووەتەوە پشکی زۆری بەر کەمینە نەتەوەکانی ئێران کەوتووە وەک کورد و بلوچ و ئازەری و عەرەبەکان. ئەو ٥٨ کەسەی که لەم دوایی‌یانەدا لە سێدارەدران سەربە کەمینە نەتەوەکانی ئیران بوون. ئەمە رۆڵی هێزەکانی پاراستنی ئینقلابی ئیسلامی دەردەخات و ئەو هەیمەنەیەی کەلە دوای ساڵی ١٩٧٩‌ئەم هێزانە بەسەر ئابووریی ئێران هەیانبووە.

پاش هەڵبژاردنی ئەم دوایی‌یانەی سەرکۆماریی ئێران، ژمارەی ئەم هێزانە لە ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستانی ئێران بۆ قەڵاچۆکردن و ئازاردانی خەڵکی ئەو ناوچانە چەند قات زتادی کرد.

بەم جۆرە هێزەکانی پاسداران لە هەوڵی دروست کردنی هەندێک ناسەقامگیری دان کە بتوانن لە رێگەیەوە‌ پێگە و بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیان بپارێزن، ‌بە پێی ئامارەکان نزیکەی ٧٠% بازاری نەوتی ئێران لەژێر دەستی ئەم هێزانە دایە و هەروەها کۆنترۆلی تەواویان بەسەر دامەزراوە تایبەتەکانیان بۆ دابەشکردنی پارە بەسەر هەژاران و چەکدارانی بەسیجدا هەیە.

ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی لەسەر بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەسەر ئێراندا سەپێنران ، لەلایەن حسن رۆحانییەوە لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە کارەسات وەسف کرا و پشتگیریی دەوڵەتی رێژیمی ئێران لە بەشار ئەسەد لە رووی مرۆیی ئابوریی‌یەوە بارگرانییەکی قورسی بۆ ئێران بەدوادا هات. هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و (کرانەوە)کەی پێویست بوو لەگەڵ هەوڵەکانی رێژیمی ئیسلامی بۆ دەربازبوون لەو کارەسات و بارە سەختە ئابوورییە و لەو وەلاخستنە نێودەوڵەتییە هاوتەریب بێت.

سەرچاوە: LE TEMPS

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە