کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی رووحانیەت و ئیلاهییات لە کوردستاندا (برایم لاجانی)

19:43 - 4 بەفرانبار 2713

برایم لاجانی

رۆلێ دین لە سەردەمی گڵۆبالیزمدا، باسێکی ئەکادێمیکە و لە ناوەندەکانی خوێندن و لێکۆڵینەوەدا هەژار وتەنی بۆتە جێگای مشتومڕی زانایان لەو پێوەندییەدا پرسیاری ئەسڵی ئەوەیە کە چۆن دین و بەجیهانی بوون شوێنەوار لەسەریەک دادەنێن؟ دەتوانین پرسیارەکە لە پێرسپێکتیڤێکی تێۆلۆگیشەوە فۆرمۆڵە بکەین و بڵێین دین و مەزهەب لە دەورانی گلۆبالیزاسێۆندا چ نەخشێک دەتوانن بگێڕن؟ ئەو نەخشە لە شوێن و کۆنتێکستە جۆراوجۆرەکان چۆن خۆی نیشان دەدا؟
لێکۆڵەرەوەکان روانگە و بۆچوونی جۆراوجۆریان هەیە. ئایا رەوتەکە بەرەو ئەوە دەڕوا کە دین و مەزهەب خەریکە دەورێکی چالاکتر لە ئاستی دونیادا ببینێ؟(Huntington, 1997; Kepel,1994).
ئایا پێوەندییەک لە نێوان گلۆبالیزاسێۆن و وەحدانییەتدا هەیە.؟ وەحدانییەتێک کە بە پەیامی سەرەکی دین بۆ مرۆڤ دادەنرێ. گۆبالیزاسیۆن وەک سۆنامی خەریکە هەموو دونیا دەشڵەقێنێ. رووداوەکان بە خێرایی باو و برووسکە دێن و دەڕۆن . لەوە بگرەبەر دەبێ وێنەیەدا ئایا دین بایەخێکی زۆرتر لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکاندا پەیدا ناکات؟ ئایا دیسان دین نایەت تا شوێنێکی گەورە لە کۆمەڵدا بۆخۆی داگیر بکات؟ یا گلۆبالزاسێۆن بە جۆرێک بە سەرکەوتنی حەتمی ئەو هێزە پاڵنەرانە دادەنرێت کە ماشێنی سێکۆلاریزم دەبەنە پێش. واتە تکنۆلۆژی و ئێکۆنۆمی و سیاسەت. ئەو سێ ماتۆڕە گەورەی کە ئەوە چەند سەدەیە کۆمەڵگای ئینسانی بەرەو مۆدێڕنیتە پاڵ پێوەدەنێن. ئایا گلۆبالیزاسێۆن گاڵەگاڵی هەوری بەهاری سەرکەوتنی پڕۆژەی مۆدێڕنیتە نییە؟ ئایا بەرەو ئەوە دەرۆیین کە نەخشی دین لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بەرەو لاوازی دەڕوا یا هەر لە بنەڕەتڕا خەریکە دین ئیدی رۆلێکی جدی نامێنێ؟
نوختەی هاوبەشی نێوان هەموو ئەو بۆ چوونە جۆراوجۆرانە ئەوەیە کە هەموویان تیشک دەخەنە سەر ئەوە کە پێوەندیەکی زیندوو لە نێوان مۆدێرنیزاسێۆن، گلۆبالیزاسێۆن و سێکۆلیراسێۆندا هەیە. زۆربەی لێکۆڵەرەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئێمە بەرەو جێگایەک دەرۆین کە تادێ رۆڵی دین لە ئاستی جیهانی دا کەم رەنگتر دەبێتەوە بەڵام لە ئاستی محەللی و لۆکاڵدا، لە ئاستی ژیانی شەخسی و خسوسی ئینسانەکاندا، رۆڵی دین بەرچاوتر و پرڕەنگتر دەبێت. واتە دین لە پێوەندی لەگەڵ شكڵ پێدان بە هەویەتی فەردی و دەستەجەمعی مرۆڤەکان دەور دەبینێ(( Pace,1997. دین دەرفەتی ئەوە بە مرۆڤەکان دەدات خۆیان بناسن و هەویەت پەیداکەن. بەتایبەتی لەو دەورانە پرلە ئاڵۆزی و پەشێوییەی ئێستادا ئەوە زەق خۆی نیشاندەدا. هەربۆیە ئاکامی ئەو رەوتە ئەوە دەبێت کە دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان سنورە سیمبۆلێکەکانی خۆیان تۆخ تر نیشان دەدەن . ئەمەش بەنۆرەی خۆی کرانەوەیەکی کولتووری و فەرهەنگی زۆری بەدواوە دەبێت کە دەبێتە هۆی پەرەگرتنی تێکەڵاویی فەرهەنگی و پلۆڕالیزمی زۆرتر. یا رەنگە ببێتە هۆی گەشەکردنی کێشە و لێکهەڵبەزینەوە و قوڵبوونەوەی ناکۆکی و جێاوازیەکان( ( Pace,1997. بەو جۆرە دین دەتوانێ لەو دونیا فرە فەرهەنگی و فرەکولتووریەدا ببێتە فاکتۆرێک بۆ بەهێزکردن و پڕ رەنگکردنێ هەویەت و ناسنامە تایبەتیەکان. ئەوەش بەو مانایە نیە کە واتێبگەین ئەو نەخشەی دین بۆخۆی دژکردەوەیەکی نێگەتیڤە بەرانبەر بەجیهانی بوون و پرۆسەی گلۆباڵیزاسێۆن. واتە نابێت ئەو مەسەلەیە وا لێک دەینەوە کە ئەگەر دین لە پرۆسەی بەجیهانی بووندا، رۆڵی بە هێزکردنی هەویەت و ناسنامە تایبەتیەکانی وە ئەستۆگرت، ئەوە فاکتۆرێکە کە نایەڵێ هەویەتە ناوچەیی و محەللی و بومییەکان بێنە نێو دەریای پرلە کەفوکوڵی بە جیهانی بووندا. ئاخر بەهێزکردنی هەویەت و ناسنامە ناوچەیی و محەللییەکان خۆی لە خۆیدا ئامراز و وەسیلەیەکە کە ئەو هەویەت و ناسنامە تایبەتیانە بۆ بردنە پێشی خەبات لە پێناو وەدەستهینانی نفووز و ئیعتیبار و دەسەڵات لە ئاستی جیهاندا بەکاری دەهێنن. بەوجۆرە دەتوانین بلێین کە دین لە دەورانی بەجیهانی بووندا، هەم بەجۆرێک هەواداری گلۆبالیزاسیۆنە و لە هەمان کاتیشدا نەیاریەتی. واتە دین لە رێگای راوەستان و بەربەرەکانی کردن لەگەڵ لایەنە مەنفییەکانی گلۆبالیزاسیۆن فاکتۆرێکە کۆمەک بە بەرەوپێش بردنێ گلۆبالیزاسێۆن دەکات(Beyr,1994) ئێستا با بزانین لە بەر رووناکایی ئەو باسە تێۆریکەی سەرەوەدا رۆڵی ئایین و ئیلاهییاتی کوردستانی لەو قۆناخەی گەشەی کۆمەڵگای کوردستان و لەو دەورەیە لە رەوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی میللەتی کوردا چیە؟ ئایا مزگەوت و حوسەینییە و کلیسا و خانەقا و حوجرەکان، مامۆستایانی ئایینی ئایەتووڵا و ئاخوند و شێخ و مەلاکانی کوردستان دەتوانن چ ئەرکێک لە وەزعی تایبەتی کوردستاندا بگێرن تا ئیلاهییاتی کوردستانی ئەو رۆڵەی خۆی بگێڕی کە لەگەڵ رۆڵی دین لە قۆناخی بە جیهانی بووندا بێتەوە و وەک فاکتۆرێکی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی نەخش بگێڕێ.
گلۆبالیزاسیۆن چیە؟

گلۆبالیزاسیۆن بە سەرجەمی ئەو ئاڵوگۆڕانە دەگوترێ کە بەشێوەیەکی زۆر زەق و بەرچاو وەزعی دونیایان لەو دوو دەیەیی دواییدا گۆڕیوە. تۆماس ئێریکسن، ئەنترۆپۆلۆگی بەناوبانگی نۆروێژی پێی وایە کە بە جیهانی بوون ئەو دیاردە یەیە کە لە سەرەتاکانی دەیەیی کۆتایی قەڕنی رابردوودا، بە تەواوبوونی شەڕی سارد و پەیدابوونی ئینترنێت و گەشەسەندنی سیاسەتی هەویەتخوازی سەری هەڵداوە و هەروا پتریش دەرواتەپێش. تکنۆلۆژی راگەیاندن، باڵکێشانی یاساکانی مۆدێلی بازاری ئازاد بەسەر دونیادا و زاڵبوونی ئیدئۆلۆژی و کولتووری رۆژئاوایی نیشانەی هەرە ئاشکراکانی ئەو دیاردەیەن.

واتە هەموو دونیا دەبێتە یەک جێ ( Robertson,1991). بەو مانایە کە کۆمیونیکاسێون هەموو دونیا لێکگرێدەدا و هەموو کون و قوژبنی ئەو دونیا پان و بەرینە تێکدەکرێنەوە.

ئەگەر لەدەیەیی شەستی قەرنی رابردوودا دەگوترا تەلەفزیۆن دونیای کردۆتە گوندێکی چکۆلە، ئێستا دەوترێ دونیا بۆتە شارێکی گەورە. سنورەکان و فاسیلەکان خەریکە مانای جارانیان نامێنێ. سنورە خاکی و ئاوی و سروشتی و تەنانەت سیاسییەکانیش خەریکن تێک دەقرمێن( Beyer,1998). باس لەوە دەکرێ کە جوگرافیا کۆتایی هاتوە( Virilio1997; Bawman 1998). لە یەک قسەدا گلۆبالیزاسیۆن بریتیە لەوە کە دونیا لە حاڵی جوڵە و هاتوچۆی ئازاد و خێرا دایە کە ئەوەش ئاکامی جۆراوجۆری زۆری بەدواوەن.

بەجیهانی بوون لانی کەم سێ لایەنی هەیە. لەباری ئابووریەوە گلۆبالیزاسێۆن ئەوەیە کە تادێ یاساکانی بازاڕ و لیبرالیزمی ئابووری پتر بەسەر دونیادا زاڵ دەبن. رایەڵکەکانی بازرگانی و ئاڵوو وێر و سەرمایەگوزاری و حیساباتی ماڵی هەموو دونیا پێکەوە دەبەستنەوە. هەمووشتیک دەبێتە کاڵا. تەنانەت پارەش. سەروەت وسامانەکامی دونیا لە هەندێک ناوچەو لە دەستی هەندێک توێژدا کەڵەکەدەبن. کۆمپانیا و شیرکەتە فەرا میللییەکان تادێ دەسەڵات و نفووزیان دەچێتە سەرتر. ئەوەش دەبێتەهۆی نائارامی وەزی ئابووری کە لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ماڵی و بانکداریدا سەرهەڵدەدا( Martin & Schuman 1997).
لەباری سیاسیەوە گلۆبالیزاسێۆن ئەوە دەگرێتەوە کە ئۆرگانە سیاسییەکان، دەسەڵاتی سیاسی، کاربەدەستەکانی سیاسی و سیاسەتمەدارەکان لەبەرانبەر ئێکۆنۆمیدا دەسەڵات لەدەست دەدەن. واتە ئیدی بڕیاری چارەنووس ساز لە دەستی بانکەکان و شیرکەت و کۆمپانیاکاندا دەبێت. دەسەڵاتی سیاسی لە ئۆرگانە سیاسییەکانی وەک دەوڵەت و پەڕلەماناوە تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی دێموکراتیکیش هەڵبژێر درابن، دەگوێزرێتەوە بۆ دەستی ئەکتەرە نێونەتەوەیی و فەرا نەتەوەییەکانی وەک کۆمپانیا گەورەکان جا با ئۆرگانی سیاسیش نەبن و با بە شێوەیەکی دێموکراتیکیش هەڵ نەبژێر درابن. ئەو پڕۆسەیە دیارە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دژکردەوەی جۆراوجۆر و هێز و ڕەوتە جیاجیاکانی موخالیف مۆبیلیزە و بەسیج دەکات و هەڵیان دەخرێنێتە مەیدانی چالاکی و بەربەرەکانی.

لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی سیاسی دەگوێزرێتەوە بۆ هەندێک ئۆرگانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی. وەک رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، یەکیەتی ئوروپا یا وەک ئەو رێکخراوانەی کە بۆ هاوکاری و پێکەوە کارکردنی دەوڵەتەکان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا پێکدێن.
لە هەمان کاتدا هەم لە ئاستی وڵاتەکاندا و هەم لە ئاستی دونیادا، ڕەوتەکە بە جۆرێکە کە کۆمەڵگای مەدەنیش خەریکە بە خێرایی خۆی رێکدەخات. ئێستا کۆمەڵگای مەدەنی واتە رێکخراوە غەیرە دەوڵەتیەکان بوونەتە ئەکتەرێکی کاریگەری نێومەیدانی گلۆبالیزاسێۆن. حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان، بزووتنەوە جەماوەرییەکان، سەندیکا و یەکیەتێەکانی کرێکاران، لاوان، ژنان، کەم ئەندامان، جوڵانەوە رزگاریخوازیەکان، بزووتنەوەکانی ژنان، رێخراوەکانی پارێزگاری لە ژینگە، بزووتنەوە ئاینییەکان، رایەڵکەکانی کلیسا و مزگەوت و ناوەندە مەزهەبییەکان. هەموو ئەوانە تادێ زۆرتر چالاکی دەنو ێنن و چالاکییەکانیشانیان تادێ پتر هاو ئاهەنگ دەکەن و مەیدانی گەورەتر بۆ هەڵسورانی خۆیان لە دەرەوەی سنورە ناوچەیی و محەللییەکان دەدۆزنەوە.
لەباری کولتووری و فەرهەنگیشەوە گلۆبالیزاسێۆن دوو رەوتی دژبەیەک دەگریتەوە. لەلایەک گلۆبالیزاسیۆن و خێرابونی هاتوچۆ و گواستنەوە، پەرەگرتنی توریزم و گەشتیاری، موهاجەرەت، زۆربوونی تێکەڵاوی خەڵکەکان و وێککەوتنی کولتوورە جیاجیاکان، دەبێتە هۆی دەرکەوتن و خۆنیشاندانی فەرهەنگەکان و دین و مەزهەب و کودە کولتوری و داب و نەریتە جۆراوجۆرەکان . ئەمە بۆخۆی تێکەڵاویی کولتووری و فەرهەنگی درووستدەکات. پەرە بە پلۆڕالیزمی فەرهەنگی دەدا و وادەکا کە بایەخ و نرخە کولتووری و فەرهەنگیەکان پتر تێکەڵاوی یەکتر بن و شوێن لەسەریەکتر دانێن . واتە فرەکولتووریی و فرە فەرهەنگی، ئیمتیزاجی کولتووری و ئاوێتەبوونی کوولتووری دەبێتە ئاکامیكی راستەوخۆی گلۆبالیزاسێۆن.
بەڵام لەو نێوەدا دیارە ئەو کولتوورە و ئەو فەرهەنگە پتر دەتوانێ کاریگەریخۆی لەسەر ئەوانی دیکە دانێت کە لەباری ئابووری و تکنۆلۆژیەوە دەستی باڵای هەیە. دەزانین کە کولتووری رۆژئاوایی تکنۆلۆژی هاوچەرخی لە پاواندایە، لەباری ئێکۆنۆمیشەوە هەروایە. دەسەڵاتی پێناسەکردن و وێناکردنی دیاردە و شتەکانیشی لە رێگای مۆنۆپۆلکردنی سەنعەتی رێکلام و مێدیاوە بۆخۆی قۆرخ کردوە. بۆیە دەتوانێ کاریگەری بەرین و خێراو قوڵ لەسەر خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دونیا دانێ. خەڵک لەسەنگەسەر و ڕانیە هەروەک خەڵکی ئۆسلۆ حەز لە هەمبەرگر و پیتزا و کۆکاکۆلا دەکەن. خەڵکی دهۆک و دووکان و ترکەش و نەغەدەش وەک خەڵکی ستۆکهۆڵم لە ئایفۆن و ئایپەد و تەلەفۆنی زیرەک کەڵکوەردەگرن. لاوانی سلیمانی وەک لاوانی مۆس و مالمۆ حەزیان لە هیپ هۆپە. لەخۆرا نییە هەندێک کەس پێیان وایە گلۆبالیزاسێۆن بریتیە لە بڵاوبوونەوەی کولتووری رٶژئاوایی. دیاردەیەیەک کە بە کۆلۆنیالیزمی کۆکاکۆلا پێناسە دەکرێت. هەندێک کەسیش ناوی (McWorld) ی لەسەر دادەنێن.
ئەو رەوتە دەبێتە هۆی پەرەگرتنی ئاوێتەبوون و هاوشێوە بوونی خەڵک واتە (Homogenization). ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک لە قاپێلکی خۆیان بێنەدەر، لە جێی خۆیان هەڵقەنێ، لەو بەستراوەیەوە کە بە شوێنی ژیانی خۆیانەوە هەیانە ئازادترن. کە ئەوەش بە نۆرەی خۆی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دژ کردوەی جۆراوجۆر . خەڵک و کولتوورە محەللییەکان بۆ دیفاع لە خۆیان لە بەرانبەر ئەو دیاردە جیهانیەدا کە لە نێو ماڵی خۆیاندا ئارام و ئۆقرەی لێبریون و خەریکە رەگەکانییان شل دەکات، ستراتیژ ی میکانیزمی جیاواز بۆ دیفاع لەخۆیان بەکاردێنێن.
بەمجۆرە گەلان، خەڵکە جۆراوجۆرەکان، میللەتان، دەستە و تاقمە ئیتنیکی و زمانی و ئایینی و مەزهەبی و میللییەکان، هەرکامیان دەکەونەخۆ تا دیفاع لە مان و مەوجودیەتی.خۆیان بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش بایەخی زۆرتر بە زمان و فەرهەنگ و دابو نەریت و شێوەی ژیان و جلوبەرگی محەللی خۆیان دەدەن. خۆیان رێک دەخەن، پێکەوە جەبهە و ئالیانس پێک دێنن. ئەو رەوتی پەرەگرتنی هەویەت تەڵەبی و گوڵکردنی خودموختاریخوازی و جیاوازیخوازیەی ئەمڕۆ دەبینرێ سەرچاوەکەی ئەوەیە. گەشەکردنی ناسێۆنالیزم، گەشەکردنی هەویەت تەڵەبی، سەربەخۆییخوازیی، بۆخۆی وەڵام دانەوەیەکە بەو وەزعە. ئەگەر لەلایەک دەوڵەتەکان لە رێگای بە هێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی خۆیان دەیانەوێت پێش بە کاریگەری ئەو رەوتە جیهانییە بگرن و تێ دەکۆشن کەمایەتییە میللی و کولتووری و ئایینی و مەزهەبیەکان سەرکوت بکەن، کەمایەتییە میللی و مەزهەبیەکانیش لەخوارەوەڕا خۆیان رێک دەخەن و سیاسەتی هەویەتخوازی خۆیان دەبەنە پێش. یانی بە بای گلۆبالیزسێۆن لە ئاستی دونیادا و بە بارانی هەویەت تەڵەبی و خودموختاریخوازی لە ئاستی محەللیدا هەر لە عومری بەفری دەوڵەت بەو شكڵەی ئێستایەوە کەم دەبێتەوە.

ئەو خەبات و بەربەرەکانیە لە هەندێک شوێن و هەندێک جار شكڵی تووندووتیژ و رادیکاڵ بەخۆوە دەگرێ(Huntington,1996). لە لایەکی دیکەشەوە ئەو پرۆسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵ بدرێ هەندێک ئۆرگان و نیهاد و ئەنستیتۆ بۆ هاوکاری و دیالۆگ و پێکەوە کارکردن لەسەر ئەو مەسەلانە سازمان بدرێن. بەم جۆرە دیالۆگ و گفت وگۆ و کارکردنی پێکەوە دەبێتە دیاردەیەکی بەرچاوی ئەو دەورەیە( Kung,1997).
لە هەرسێک لەو مەیدانانەدا کە لەسەری باسمان کردن ململانی لە نێوان فاکتۆرە دژبەر کاندا بەرچاو دەکەوێت.
لەلایەک تادێ دونیا پتر پێکەوە گرێ دەدرێ. خەڵک و کولتوورەکان پێکەوە ئاشنا و تێکەڵاو دەبن. لە یەکتر فێر دەبن، خۆیان دەگەڵ یەکتر بەراورد دەکەن. ئێمە ئەگەر نەزانین جیرانەکەمان کێیە قەت حەسودی پێوە نابەین. بەڵام ئەگەر بیناسین خۆمانی لەگەڵ بەراورد دەکەین و ئەگەر بزانین وەزعی لە هی ئێمە باشترە حسودی پێ دەبەین. لە لایەکی دیکەوە تا دێ ئێکۆنۆمی دونیا دوو قوتبی دەبێت. لە ئاستی دونیادا سەروەت لە ولاتە دەوڵەمەندەکاندا و لە ئاستی هەر وڵاتێکیشدا لە دەستی هەندێک چین و توێژی تایبەتیدا کۆدەبێتەوە. ئەمەش وەک باسمان کرد نارەزایەتی بەدوای خۆیدا دێنی و خەلک و بزووتنەوە جەماوەری و سیاسیەکان بۆ خەبات و بەربەرەکانی هاندەدا. ئەو خەبات و بەربەرەکانییەش تادێ زۆرتر شكڵێكی بەرینتر بەخۆوە دەگرێ و دونیا دەکاتە مەیدانی خەبات بۆ بردنەپێشی داخوازەکانی خۆی. لە لایەک دەوڵەتەکان دەسەڵاتیان کەمتر دەبێتەوە و کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە و رێکەوتننامەی نێونەتەوەیی و جیهانی و ناوچەیی بۆ هاوکاری و سیاسەتگوزاری پێکدێن . واتە ئێمە لە یەک کاتدا هەم تێکەڵاو دەبین، هەم وەخۆ دێینەوە و دەگەرێینەوە سەر رەگ و ریشە و هەویەتی خۆمان و هەم دەبینە فرە فەرهەنگی و فرەکولتووریش. رۆڵان رۆبەرتسۆن ئەو دوو رەوتە ناکۆکە بە باشترین شێوە بەیان دەکات کە دەڵێ گلۆبالیزاسێۆن بریتیە لەوە کە دیاردەو کولتوورە ناوچەیی و محەللییەکان دەبنە جیهانی و گەردوونی و شتە جیهانی و گەردوونییەکانیش دەبنە محەللی و بوومی و تایبەتی( Roberson,1989).
کەواتە لە پڕۆسەی گلۆبالیزاسێۆندا دین فاکتۆرێکی کاریگەرە. دەتوانێ بە رەخنە لێگرتن و راوەستان بەرانبەر لایەنە مەنفییەکانی بە جیهانی بوون، بە جیهانی بوون بە هێز بکات و عەیب و کەموکوریەکانیشی کەمکاتەوە.
لەو چەند دەیەیی دواییدا لە ئەمریکای لاتین، ئیلاهییاتی ڕزگاریخوازی نەخشێکی گەورەی لە خەبات بە دژی ئیستبداد و سەرەرۆیی و ستەم و چەوسانەوەدا گێڕاوە. لەو قاررەیەدا نەخشی دین و کلیسا ئەوەیە رەخنەی تووند لە سەرمایەداری بگرێ، لە دژێ بێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی راوەستێ، دیفاع لە هەژاران و مەینەتبەشان بکات و لەگەڵ دیکتاتۆری و سەەرەرۆیی بەربەرەکانی بکات. هەر لەو کاتە کلیسا لە ئەمریکای لاتین لە بەرانبەر هژمۆنیخوازی کولتووریدا رادەوستێ و دیفاع لە کولتوورە محەللی و ناوچەیی و میللییەکان دەکات.
لە ئەفریقادا کە کێشەی ئیدز مەسەلەیەکی ئەسڵیە، کلیسا نەخشی هەرە بنەڕەتی لەو مەیدانە دەگێڕێ. یارمەتی بە نەخۆشەکان و دابەشکردنی دەوا و دەرمان و پێڕاگەیشتن بەوان بۆتە ریسالەتی دین لە ئەفریقای ئێستادا. لە کوردستانیش دا کە مەسەلەی ئەسڵی ئێمە ستەمی نەتەوایەتی و تەبعیزی مەزهەبی و سیاسی و ئابووری و کۆمەوڵایەتییە، من پێم وایە ر٥ۆڵی دین دەبیت بریتێ بێت لە خەبات و بەربەرەکانی بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی، بەهێزکردنی بزووتنەوەی میللی و دێموكراتی خەڵکی کوردستان، خەبات و بەربەرەکانی بە دژی بێ عەداڵەتی و تەبعیزی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
پاکستانییەکان ئیسلامییان کردە دەستمایەی رزگاری و هاتنەدەر لە ژێر چەپۆکەیی هیند. ئیسلام وڵات و ئاڵا و دەوڵەتی پێ بەخشیون. ئێرانییەکان شیعەگەرییان وەک ئیدئۆلۆژی ناسیۆنالیزمی فارسی و ئیرانی داهێنا تا بەربەرکانی ناسێۆنالیزمی عەرەبی پێبکەن.. تورکەکان بۆ چەند سەدە ئیسلامیان کردە وەسیلەی بردنە پێشی ئیمپڕاتۆڕی خۆیان و ئیستیفادەی خۆیانیان لێکرد و ئێستاش دەیانەوێ بۆ بردنە پێشی قازانجەکانی خۆیان بەکاری بێنن. بۆیە ئیلاهییاتی کوردستانی، خواپەرستی و رووحانیەتی کوردستانیش ئەگەر ببێتە ئەکتەرێکی نێو گۆرەپانی خەبات بۆ ئازادی کوردستان ئەوە راست ئەو ئەرکەی بەرێوە بردوە کە

لە دەورانی گلۆباڵیزاسێۆندا لە دین چاوەڕوان دەکرێ. یانی مامۆستای ئایینی لە کوردستان دەبێت ئەو رۆڵەی هەبێت کە مەلای جزیری و حاجی قادری کۆیی لەکاتی خۆیدا هەیان بووە. رۆڵێک کە هەتاهەتایە بە درەوشاوەییەوە دەمێنێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە