کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی ناسراوی شاری ئورمیە کۆچی دوایی کرد

14:32 - 5 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: کەسایەتیی دیار ‌و ناسراوی شاری ئورمیە کە بۆ هونەردۆست و چالاکانی فەرهەنگی‌ و مەدەنیی کوردستان و بەتایبەت شاری ئورمیە ناسراو بوو، کۆچی دوای کرد.
بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، \'\'وەجدی حاتەمی\'\' کەسایەتیی خۆشناو ‌و فەرهەنگی ‌و چالاکی شاری ئورمیە کە ساڵانێکی دوور ‌و درێژ خزمەتی بە فەرهەنگ و کولتووری کوردی کرد، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشیی راوستانی دڵ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
\'\'وەجدی حاتەمی\'\' ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی، لە گوندی \'\'لۆرزین\'\' سەربە شارستانی ئورمیە لە بنەماڵەیەکی ناسراوی هەرکی لە دایک بوو و دەورانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری ئورمیە بە پلەی باش و بەرچاو تەواو کرد و لە زانستگای کرماندا لە بواری ئەندازیاریی خانووسازی و ئاوەدانیدا تەواو کرد.
ناوبراو هەرچەند لە بنەماڵەیەکی دەست رۆیشتوو لە دایک بوو ‌و لە بواری فەننیدا خوێندنی تەواو کردبوو، بەڵام لەگەڵ رەنج و مەینەتییەکانی گەلەکەیدا ئاشنا بوو و بۆ خزمەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەی لە بواری فەرهەنگی و کولتووریدا چالاکیی نواند.
لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران تێکەڵ بە چالاکیی فەرهەنگی بوو، بەڵام دواتر لەبەر گوشارەکانی رێژیم، نەیتوانی درێژە بەو کارە بدا هەتا کوو ساڵی ١٣٨١ کە هەوڵی دامەزراندنی ناوەندێکی کولتووری و فەرهەنگی کوردی لە شاری ئورمیەدا ‌و ساڵی دواتر ١٣٨٢ یەکەم کۆنگرەی ناوەندی فەرهەنگی \'\'ئەحمەدی خانی\'\' بەڕێوە برد ‌و لەم چەند ساڵەدا خزمەتێکی بەرچاوی بە کولتوور ‌و زمانی و ئەدەبی کوردی کرد. بەداخەوە، دەوڵەتی تازەی کۆماری ئیسلامی کە بەڵێنی کرانەوەی بە خەڵکی دەدا، ئەم ساڵ ناوەندی فەرهەنگی \'\'خانییان داخست و ئەم دەلاقەیەی خزمەت بە فەرهەنگی کوردیان بەست.
لە ژێر گوشار‌و ئازارەکانی رێژیمی ئیسلامیدا، دڵی \'\'وەجدی حاتەمی\'\' توانای لێدانی نەما ‌و بە داخەوە رۆژێ ٤ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و کۆمەڵگای کوردی و ئەدەب دۆست و فەرهەنگی و چالاکانی کوردی داخدار کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی \'\'وەجدی حاتەمی\'\' سەرەخۆشی لە کۆمەڵگای فەرهەنگی ‌و مەدەنی کوردستان و شاری ئورمیە ‌و هەروەها بنەماڵەکەی دەکا ‌و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.
رۆحی شاد