کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسخوازی وەڵامدانەوە بە گڵۆبالیزاسیۆن (برایم لاجانی)

13:51 - 9 بەفرانبار 2713

برایم لاجانی

 لە کۆتایی‌یەکانی دەیەی ئاخری قەڕنی رابردووەوە، دونیا شاهیدی سەرهەڵدانی دیاردەیەکی سیاسیی تازەیە کە بریتییە لە گەشەکردنی بزووتنەوە سیاسییە شوناسخوازەکان. جەوهەری ئەو دیاردە سیاسییە ئەوەیە کە گەل و نەتەوە و کەمایەتییە میللی ومەزهەبییە جۆراوجۆرەکان، کە هەست بە هەویەتی هاوبەش دەکەن و پێیان وایە لەگەڵ خەڵکەکانی دەوروبەریان لە باری کولتووری و زمان و ئاداب و نەریت و چارەنووسی سیاسییەوە جیاوازن، داوا دەکەن چارەونوسی سیاسیی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بکەن.
تۆماس ئیڕێکسن، ئەنتڕۆپۆلۆگی گەورەی نوروێژی ئەو دیاردەیە بە وەڵامدانەوە بە پرۆسەی گڵۆبالیزاسیۆن دەزانێ. ئەو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە گلۆبالیزاسیۆن بە هەڕشە و مەترسی لەسەر کولتور و فەرهەنگە لۆکاڵ و ناوچەیی‌یەکان بە حیساب دێت. ناوبراو گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی ئیتنێکی لە دەیەی ١٩٨٠ بە دواوە لە ئوررووپادا، وەک ئەوەی لە ناوچەی باڵکاندا دیتمان بە باشترین بەڵگەی ئەو قسەیە دادەنێ. ئەو دیاردەیە هەر تایبەت بە ناوچەی باڵکان نییە. تەنانەت لە ناو جەرگەی یەکیەتری ئورووپاشدا، کە لەباری ئابووری و سیاسییەوە بە هەرێمێکی دەوڵەمەند و پڕ سەبات لە قەڵەم دەدرێ، دێتە بەرچاو. ئەوەتا ئەمڕۆ ناسیۆنالیزمی سکۆتلاندی داوای جیابوونەوە لە ئینگلیستان دەکات. لە نوروێژەوە بگرە هەتا فەڕانسە و ئوتریش و ئاڵمان و دانمارک و سوێد و هتد، هێزە ناسیۆنالیستەکان لە حاڵی پێشڕەوی دان. لە ئاسیاش گەشەکردن و بە هێزبوونی  تاڵەبان لە ئەفغانستان و پێشڕەوی کردنی ناسیۆنالیسمی ‌هیندی، هاتنە سەرکاری حیزبی  بەهاراتیا جاناتا پارتی و پەرەسەندنی بزووتنەوە جیاییخوازەکانی دیکە لەو ناوچەدا دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە. لە زۆر وڵاتی ئەفریقایش سیاسەت رەنگی ئیتنیکی بە خۆوە گرتوە، جیابوونەوەی جنووبی سودان، رووداوەکانی کینیا، گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامییەکان لەو قاڕەیەدا، هەموویان نیشانەی ئەوەن. لە باکوور و باشووری ئەمریکاش  کەمایەتییە جۆراوجۆرەکان  هەر لە ئەفرۆ ئەمریکییەکانەوە بگرە تا خەڵکە بوومییەکان تادێ باشتر خۆیان رێک دەخەن و داوای مافە کولتووری و فەرهەنگی و سیاسییەکانیان دەکەن. بە کورتی سیاسەت لەسەروبەندی دەست پێکردنی هەزارەی تازەوە رەنگی ئیتنیکی و میللی و هەویەتخوازی بە خۆوە گرتووە.
ئەو وەزعە سیاسییە تازەیە بە زەحمەت لە چوارچێوەی زاراوە ودەستەواژە سیاسییەکانی چەپ و راستدا لێک دەدرێتەوە. لیکۆڵەرەوەکان ئەو دیاردەیە بە شێوەی جۆراوجۆر هەڵدەسەنگێنن. ئەوەش لە بەر ئەوەیە کە سیاسەتی شوناسخوازی بۆخۆی لە شکڵی جۆراوجۆردا دەردەکەوێت.
بەشێک لەو بزووتنەوە سیاسییانە، بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و میللین و  داوای جیابوونەوە دەکەن. هەندێک لەوان  خۆیان بەنوێنەری ئەو کەمایەتییە میللی و مەزهەبییانە کە بە درێژایی مێژوو لە ژێر ستەم و چەسانەوە دابوونە دەزانن و داوای مافە سیاسی و فەرهەنگی و شارۆمەندییەکانی ئەوان دەکەن. هەندێکیشیان بزووتنەوە و سیاسەتی هژمۆنیخوازی ئەو دەستە و تاقم و گرووپانە نوینەرایەتی دەکەن کە دەیانەوێت کەمایەتییەکان هەروا لە ژێرچەپۆکەیدا بمێننەوە و دەستیان وە سەرچاوە ئابووری و سیاسییەکانی نێو کۆمەڵگا رانەگات. هەندێک لەوان بزووتنەوەی ئاینی و مەزهەبین. هەندێکیان رەنگی تایفی و ئیتنیکیان پێوە دیارە. هەندێک لەوان بزووتنەوەی ناوچەیین، تۆماس ئیرێکسن باس لە دوو جۆرە سیاسەتی شوناسخوازی و هەویەت تەڵەبی دەکات. سیاسەتی هەویەت تەڵەبی لە سەرەوەڕا و سیاسەتی هەویەت تەڵەبی لە  خوارەوەڕا.
بەشێک لە لێکۆڵەرەوەکان سیاسەتی شوناسخوازیی بە وەڵامدانەوەیەکی ئەنتی‌مۆدێڕن و دژکردوە بەرانبەر بە ئیندیڤیدوالیزم و ئازادی دەزانن کە لەلایەن گڵۆبالیزاسیۆنەوە بەهێز دەکرێت. زۆریشن ئەوانەی سیاسەتی هەویەت تەڵەبی بە بەرگری و دیفاعی دەستە و گرووپ و تاقمە لاواز و چەوساوە و بندەستەکان دەزانن کە وەک ئامرازێک بۆ خەبات و بەربەرەکانێ بە دژی ستەم و چەوسانەوە و دەستەڵاتداریەتیی بێگانە بەکاری دەبەن. هەندێک لێکۆڵەرەوەش سیاسەتی شوناسخوازی وەک ستڕاتیژییەکی مۆدێرنیزاسیۆن دەزانن کە  بەزمانی نەریت و سوننەتەت دەدوێ تا  پشتیوانی بۆخۆی وەدەست بێنی.
هیواش هەن لایەنی سایکۆلۆژی هەویەت تەڵەبی زەق دەکەنەوە و وەک نۆستالۆژیەک سەیری دەکەن کە دەیەوێ لەو سەردەمە پڕ لە ئاڵوگۆڕەدا،  بگەڕێتەوە سەر بایەخ و نرخ و بەها فەرهەنگییە محەلییەکان.
هەندێک لێکۆڵەرەوەش ئەو دیاردەیە بە ململانێ و کێبڕکێی نێوان دەستە و تاقمە جیاجیاکان دەزانن کە پێکەوە لەسەر سەرچاوە جۆراوجۆر و سامانە سروشتییەکان ململانێ دەکەن. هەشن هەویەت تەڵەبی بە ئیدئۆلۆژیەک دەانن کە لەلایەن هەندێک دەستە و گرووپەوە بەڕێوە دەچێت تا دەستە و تاقمەکانی دیکە هەڵاوێرن و لە رێگای برەوپێدانی رق و قین و دوژمنایەتی لەگەڵ دەستە و تاقمەکانی دیکەی دەوروبەریان هەویەت و شوناسی خۆیان بە هێزتر و تۆختر بکەن. بەڵام زۆربەی شارەزایان لەسەر ئەو بڕوایەن کە سیاسەتی هەویەت تەڵەبی، سیاسەتی گەلان و میللەتان و کەمایەتییە چەوساوە و ژێرچەپۆکەکانە بۆ وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و ژیانێکی هاوبایەخ لەگەڵ خەڵکانی دیکە.
هیچکام لەو بۆچوونانەی سەرەوە بە تەنیا بۆ لێکدانەوەی ئەو دیاردەیە بەس نین. لەبەر ئەوەی هەرکام لە بزووتنەوەکان کۆنکرێت و جیاوازن و لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی هەویەت تەڵەبی خۆی لەخۆیدا ئاوێتەیەکە لە چەند توخم پێکهاتووە کە زەحمەتە تەنیا بەیەک جۆرە لێکدانەوە هەموو لایەنەکانی روون بکرێنەوە.
یەک شت روونە، ئەویش ئەوەیە کە چ ئەو بزووتنەوە شوناسخوازانە کە مایل بە مەرکەزن و چ ئەو بزووتنەوە هەویەتخوازیانە کە مایل بە دوورکەوتنەوە لە مەرکەزن، تەواوکەری یەکترن و بە دینامیزمی گلۆبالیزاسیۆن دادەنرێن. هەربۆیەش دەبێ لە پێوەندی دەگەڵ یەکتردا ببینرێن و هەڵسەنگینرێن.
گڵۆکالیزم
گڵۆبالیزاسیۆن دەبێتە هۆی گوڵکردنی گڵۆکاڵیزم. واتە کولتوور و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان تێ دەکۆشن سنوور بەدەوری خۆیاندا بکێشن. بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە جۆراوجۆرە جیاوازیخوازەکان، خودموختاری خوازەکان، فیدڕاڵیخوازەکان، بزووتنەوە  ئاینی و مەزهەبییەکان، بزووتنەوە جۆراوجۆرە فەرهەنگی و کولتووری و زمانی و تایفی و ئیتنیکییەکان، کە لەو ساڵانەی دواییدا گەشەیان کردووە  بەڵگەی راستی و دروستی ئەو قسەیەن. هەر بۆیە گلۆکالیزم، زاراوەیەکی بەرینە و وەک چەترێکی گەورە زۆر دیاردە دەگرێتە ژێر سێبەری خۆی.
لێرەدا تێ دەکۆشین هەندێک خاڵی هاوبەش دیاری بکەین کە  ئەو بزووتنەوانە دەگرنەوە کە دەچنە چوارچیوەی گلۆکالیزمەوە.
پێش هەموو شتێک سیاسەتی شوناسخوازی بریتییە لە ململانێ لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و سامان و سەروەت و دەسەڵات و قودرەت. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە  ئەو سەرچاوانە نەک هەر لە نێوان تاکەکاندا بەڵکوو لە نێو دەستە و تاقم و گرووپە جۆراوجۆرەکانیشدا بە شێوەیەکی ناعادڵانە  دابەش کراون.
دوای ئەوە دەبێ بزانین کە مۆدێرنیزاسیۆن و گلکۆبالیزاسیۆن دەبنە مایەی دەرکەوتنی جیاوازیەکان. ئەو دەستەو تاقمە جۆراوجۆرانەی کە جاران تا ڕادەیەک لێک دووربوون  و ئێستا لەچوارچیوەی سیستەمە هاوبەشەکاندا وێک دەکەون، جیاوازیەکانی نێوانیان زەقدەبنەوە. لە ئاکامدا کێشە و کۆنفلیکت لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدا.گلۆبالیزاسیۆن زەمینەیەک درووستدەکات تا جیاوازیە ئیتنیکی و فەرهەنگی و کولتوریەکان دەربکەون و لەگەڵیەک بەراورد بکرێن. ئەگەر نەزانی هاوسێکەت کێیە، حەسودی پێ نابەیت.
خاڵێکی دیکە کە لەو پێوەندیەدا دەبێت باسی لێبکرێت ئەوەیە کە ئیدەئۆلۆژی کولتوورو فەرهەنگی هاوبەش دەکەوێتە پێشەوەی ئیدەئۆلۆژی چینایەتی و ناکۆکیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان.  ناسێۆنالیزمی ئیتنیکی، بزووتنەوە مەزهەبی و ئایینیەکان تێدەکۆشن شوناسی هاوبەش و هەویەتی هاوبەش بەوکەسانە ببەخشن کە دەچنە بن چەترکەیان.  لە راستیدا ئەوە ئیلیتی خاوەن ئیمتیازە کە لە نێو گرووپەکەدا سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەباتە پێش. سیاسەتی هەویەتتەڵەبی کەمتر گوێدەداتە چین و توێژەکانی خوارەوەی نێو گرووپەکە.
مەسەلەیەکی دیکە کە پێویستە باسی لێبکەین ئەوەیە کە بزووتنەوە هەویەتخوازیەکان  بۆ مۆبیلیزەکردنی خەڵک و بردنەپێشی خۆیان پەنادەبەنەوە بۆ ڕووداوە مێژوویەکانی رابردوو. ئەو غەدر و زووڵم و ستەمانە وەبیر نەوەکانی ئێستا دێننەوە کە لە ڕابردوودا بەسەر باوک و باپیرانیان هاتووە.  ئەفرۆئەمریکیەکان داستانەکانی کۆیلەتی بۆ نەوەکانی ئێستایان دەگێرنەوە. هیندیەکان، باس لە دەستەڵاتداریەتی مەغۆلەکان و موسوڵمانەکان و ئەو زولم و ستەمەدەکەن کە کاتی خۆی بە هیندوەکانیان رەوادیوە. ئێمە کوردەکان ئەنفال و هەلەبجە، چوارچرا، هەمزاغای مەنگوور، شێخ سەعید، شێخ مەحموود و بەردە قارەمان و خاڵە رەجەب و دوازدەسوارەی مەریوان و وەسیەتنامەی قازی  ،،،،، بە گوێی نەوەکانی ئێستاماندا دەچرپێنین. تا بە لایلایەی هەویەتتەڵەبی گۆشیان بکەین. جولەکەکان تێدەکۆشن کارەساتی هۆلۆکۆست بە زیندووی رابگرن تا سیاسەتەکانی ئێستایانی پێ بەرنەپێش. شیعەکان عاشوڕاوسەحرای کەربەلا بۆ بەرهەمهێنانەوەی  حەقمەداری خۆیان هەموو ساڵی دەبەنەوە سەرشانۆ. حیزب و بزووتنەوە شوناسخوازەکان تێدەکۆشن پرد لە نێوان وەزعی ئێستاو ڕابردوو درووستکەن تا ئیدەئۆلۆژی شوناسخوازی خۆیانی پێ بەرنەپێش. سرودە نیشتیمانیەکان، گۆرانیە سیاسیەکان، شعرو داستان و رۆمان و ئەدەبیاتی مقاوەمەت و شوڕشگێڕانە بەشێکی گرنگی سیاسەتی هەویەت تەڵەبین. هەرلەو پێوەندیەدا دەبێ ئیشارە بە شتێکی دیکەش بکەین. ئەویش ئەوەیە کە ڕێبەرانی بزووتنەوە هەویەتتەلەبەکان تێدەکۆش واقعیەتی مەیدانەکە سادەو ئاسان کەنەوە. ئەویش لە رێگای زەقکردنەوەی دوژمنێکی هاوبەش و گەورەکردنەوەی ئەو دوژمنە تا بتوانن خەلکی خۆیان لەو رێگایەوە بخەنە پشت سەری خۆیان و بەسیجیان بکەن. ئەو شەیتانەی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکاو ئیسرائیل و ڕۆژئاوای درووستکردوە بەو تیئۆریە لێکدەدرێتەوە و بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئۆکسجین حەیاتی ترە. سیاسەتی شوناسخوازی لەسەر پایەکانی خاک، نیشتیمان، میللەت، زمان، کولتوور. فەرهەنگ، رەگەز و قوم و د ین و مەزهەب راوەستاوە.
تا گلۆبالیزسیۆن پتر دەرفەتی ئەوەمان دەداتێ کە وێک بچین، جیاوازیەکانمان پتر دەردەکەون. هەموو هەوڵدەدەین ئەوە نیشاندەین کە ئێمە لەوانیتر جیاوازین. شوناسخوازی منداڵی بەروپشت ئەتڵەسی گڵۆبالیسزاسیۆنە. راستە جلوبەگێکی کۆنی دەبەرخۆی کردووە بەڵام بەرهەمی مۆدێڕنیزاسیۆنە و ناتەباییەکانی نێو مۆدێرنیتەیە. ئەگەر حسی میللی و نەتەوەیی، هەستی ئاینی و مەزهەبی، فەرهەنگ و کولتوورو زمانمان نەکەوەنە ژیر فشار، مۆبیلیزەنابین.
ئینسان پێویستی بەوەیە تەعەلوقی بە نیشتیمانێکەوە هەبێت، پێویستی بەوەیە سەر بەخاک و گەل و هۆز و نەتەوەیەک بێت، ئەوە هەویەت و ئەمنیەت و کەسایەتی و ئاسایشی دەداتێ. ناسۆنالیزم، بزووتنەوە مەزهەبییەکان،  بەشێک لەو پێداویستییەی ئینسانەکان دابین دەکەن. هەر بۆیە دەبێ چاوڕوان بین لە داهاتووشدا بزووتنەوە هەویەتخوازەکان بەهێزتر و کاراتریش خۆیان نیشاندەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە