کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێکی ١٣ ساڵەی کورد لە فیستیڤاڵی \'\'کائۆ\'\'ی وڵاتی ژاپۆن سەرکەوتنی بەدەست هێنا

16:19 - 18 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: تارا عیزەتی‌زادە شێوەکاری کوردی تەمەن ١٣ی ساڵەی خەڵکی گەیلان‌غەربی پاریزگای کرماشان، لە چوارەمین کێبڕکێی نێودەوڵەتیی شێوەکاریی پاراستنی ژینگە لە وڵاتی ژاپۆن توانیی سەرکەوتن بەدەست بێنێت.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، ئەو مێرمنداڵە شێوەکارە، هەوڵ و ماندووبوونی بنەماڵەیەکی کورد لە کاتی سێوڕنین لە چوارچێوەی کارێکی هونەریدا خولقاندووە.
تارا تاقە بەشداربووی کورد و ئێرانیی کێبڕکێیەکانی \'\'کائۆ\'\'یە کە وێڕای وەرگرتنی خەڵات، دیپلۆمی ئیفتیخاریشی پێ بەخشراوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە، ژنان و پیاوانی کورد بە جلوبەرگی کوردییەوە لەنێو باخێکی پڕ لە دارسێودا کە سەرقاڵی چنینینی سێوەکانن، کێشاوەتەوە.
لە هەمان کاتدا دایکێک کە سەرقاڵی دەم کردنی چایی‌یە و باوکێک کە خەریکی خواردنی ژەمی قاوەتووە و منداڵێک کە سەرقاڵی خوێندنی وانەکانییەتی و هەروەها منداڵیکی دیکە کە خەریکی کایەکردن لە قەراخی چۆمێک دایە، توخمە سەرەکییەکانی ئەو بەرهەمەی \'\'تارا\'\'ی پێکهێناوە.
کێبڕکێی نێودەوڵەتیی شێوەکاریی ژینگە (کائۆ) لە وڵاتی ژاپۆن چوارەمین خولی خۆی بە بەشداریی ٤٩ وڵات لە چوارچێوەی ٨ هەزار و ٥١٦ بەرهەمی شێوەکاری بەڕێوەچوو.