کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی \'\'ژنێڤ ٢\'\' و داهاتووی کوردستانی سووریە (تەیموور ئەلیاسی)

12:55 - 28 بەفرانبار 2713

وەرگێران لە فەرانسەوییەوە: رەحیم محەممەدی
لە ٢٤ی ژووئیەی ١٩٢٣ی زایینی بەگوێرەی پەیمانی لۆزان لەلایەن سەرکەوتوانی شەڕەوە، بەتایبەتی فەرانسە و بریتانیا بە بێ بەشداری نوێنەرانی کورد، کوردستانیان بەسەر چوار وڵاتی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش کرد. لەو کاتەوە کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی کوردستانی سووریە تووشی سیاسەتێکی توندی زەبر و زەنگ و سەرکوت و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی هاتووە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٦٢ی زایینی لە سەرژمارییەکدا ٣٠٠ هەزار کەس لەلایەن رێژیمی بەعسەوە ناسنامەی ئەو وڵاتەیان لێ ئەستێندرایەوە. لە سەردەمی حافز ئەسەدی باوکی بەشار لە ناوچە کوردنشینەکان \'\'پشتوێنێکی ئەمنی\'\' دروست کرا کە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی کوردستان، عەرەبەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا نیشتەجێ دەکران.
ئەمڕۆ نەوەد ساڵ پاش پەیمانی لۆزان، کوردی سووریە خۆی ئامادە دەکا تا بە تەواوی تواناوە بەشداری لە کونفرانسی ژنێڤی ٢دا بکا کە، بۆ ٢٢ی ژانوویەی ٢٠١٤ی زایینی پێشبینی کراوە. لە راستیدا ئەنجومەنی باڵای کورد کەلە ٢٠١٢دا پێکهاتووە و ١٧ پارت و رێکخراوی سیاسی لە خۆ گرتووە، لە مانگی دسامبری ٢٠١٣ی زایینیدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کەلە رووخانی سەدام حوسەینەوە ناوچەیەکی تارادەیەک سەربەخۆیە کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی دەستەیەکی نوێنەرایەتی بۆ بەشداری لە ژنێڤ ٢ بەڕێ بکەن.
لە مەیداندا، ی پ گ باڵی چەکداریی پارتی دێموکراتیکی یەکیەتیی کورد (پ ی د) کە رێکخراوێکی لائیکە و نیوەی هێزەکانی لە ژن پێکهاتوون، توانیویە ناوچە کوردنشینەکان بەتەواوی کونترۆڵ بکا. کورد نزیکەی ١٢% دانیشتوانی سووریە پێک دێنن کە بە دریژایی سنووری تورکیە هەتا قامیشلوو لە سنووری کوردستانی عێراق نیشتەجێن. جگە لەمەش هێزەکانی (پ ی د) هەموو هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانیان لەو ناوچانەی کە زۆرینە و تەنانەت کەمینەی کوردیان تێدایە دەر کردووە. لە لایەکی دیکەوە کوردەکان ٨٥% لە چاڵە نەوتییەکانی سووریە کە دەکەونە کوردستانەوە، کونترۆڵ دەکەن.
کوردەکان لە سەرەتای دەست پێ کردنی ناڕەزایەتییەکانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١، سیاسەتێکی \'\'نە بۆ دژایەتی کردنی لایەنی رێژیمی عەلەوی و نە بۆ دژایەتی کردنی لایەنی ئیسلامییە سوننیەکان\'\' گرتە پێش. ئەم سیاسەتی بێ لایەنییە دەرفەتی ئەوەی بۆ پێکهێناون کە رۆڵێکی \'\'کینگ مەیکر\'\' واتە بڕیاردەر و نێوبژیوان بگێڕن وەکوو کوردەکانی عێراق کە پاش رووخانی سەدام حوسەین لە ٢٠٠٣ کە، رۆڵی نێوبژیوانیان هەبوو لە نێوان شیعە و سوننییەکان. لە رێکەوتی ١٢ نۆڤامبری ٢٠١٣، کوردەکانی سووریە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی خۆیان راگەیاند و ئامانجیان دامەزراندنی حکوومەتێکی فیدراڵ و دێموکراتیکە لە سووریە کە رێز لە مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان و ژنان بگرێ.
لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە هەوڵی رازی کردنی لایەنە پێوەندیدارەکانە بۆ بەشداری لە کونفرانسی ژنێڤ ٢، دەوڵەتی تورکیە بەردەوام دژایەتی بەشداری کورد لەم کونفرانسە دەکا. جگە لەمەش دەوڵەتی رەجەب تەیب ئوردۆگان کێشانی دیوارێکی لە نێوان نوسەیبین و قامیشلوو کە ناوەندی دەسەڵاتداری کوردی لە سووریە دایە دەست پێکردووە. بەگوێرەی رێپۆرتاژێکی بی‌بی‌سی دەوڵەتی ئەردۆگان پشتیوانی لە گرووپی توندڕەوی \'\'ئەلنوسرە\'\' دەکا. بەرەی نوسرە لقێکی رێکخراوی ئەلقاعیدەیە کە لە فێڤریەی ساڵی ٢٠١٣ەوە دژی کوردەکانی سووریە لە شەڕ دایە. ئەوان چەند کۆمەڵکوژییەکیان دژی کورد لە شاری سنووری \'\'رەئسولعەین\'\'دا ئەنجام داوە.
لە کۆتاییدا کوردەکان لە خۆ دەپرسن. داخۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە ژێر فشاری تورکیەدا ئەمجارەش وەکوو جاری پێشوو کە لە پەیمانی لۆزاندا لە ١٩٢٣دا کردیان، کورد پشتگوێ دەخەن؟

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە