کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی هەوشار شەهید کرا

15:34 - 30 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکرات بەناوی ئەلیاس نووری، لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبی لە ناوچەی هەوشار شەهید کرا.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی \'\'ئەلیاس نووری\'\' کوڕی حوسێن تەمەن ٢٧ ساڵ و خێزاندار، خەڵکی گوندی \'\'مەمەر\'\'ی سەربە ناوچەی هەوشار، لە کاتی بەڕێوەبردنی مەئمووریەتی حیزبی لە بەرەبەری ٢ی رێبەندان ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، شەهید کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: شەهید ئەلیاس نووری لە کاتی بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێر بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، شەهید کرا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی رێگای رزگاری و سەربەستیی کوردستان بوو\'\'.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکرات کاتژمیر ١ی شەو رێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار لە حاڵی بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبیی خۆی شەهید کراوە.
هەواڵی شەهیدبوونی ئەلیاس نووری سەرلە بەیانیی رۆژی دواتر لە کاتێکدا تەرمەکەی لە نێوەڕاستی گوندەکەدا دۆزراوەتەوە، بڵاو بووەتەوە کە نایلۆنێکی رەشی بەسەردا کراوە و رەشایی بە قوڕگیەوە دیار بووە.
خەڵکی ئاوایی مەمەر لەو بڕوایە دان کە هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو گوندە ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکراتیان خنکاندووە و شەهیدیان کردووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری شەهید ئەلیاس دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و هیوای سەبوورییان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.

رۆحی شاد و رێگای پڕ رێبوار بێت