کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئەدەبیی هانا لە ئیلام، سێ کۆمەڵە شێعری کوردیی لە چاپ دا

15:05 - 5 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: سێ کۆمەڵە شێعری کوردی کە لەلایەن ناوەندی ئەدەبیی هاناوە چاپ بوون، لە بنکەی ئەندیشە ئیلام خرانە بەر دیدی بینەران.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان، سێ کۆمەڵە شێعری کوردی لە وەرگێڕانی \'\'جەلیل سەفەربەیگی\'\'، بە پاڵپشتیی بنکەی هونەریی ئیلام، لەلایەن ناوەندی ئەدەبیی \'\'هانا\'\'وە چاپ و بڵاو کرانەوە.
بوودای کورد هۆنراوەی حوسێن شەکەر بەیگی، گیرفانم پڕە لە جێ پێ بەرهەمی فەرهاد شامورادیان و وێنەی یادگاری لەگەڵ مەرگ لە هۆنینەوەی سامان بەختیاری، ناوی ئەو سێ بەرهەمە شێعرییەیە کە لەلایەن ئەو وەرگێرە کوردەوە، بۆسەر زمانی کوردی پاچەڤە کراون.
ناوەندی ئەدەبیی هانا ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، لەلایەن زاهیر سارایی، جەلیل سەفەربەیگی، فەرهاد شامورادیان و نوورموراد رەزایییەوە دامەزراوە.
ناوەندی ئەدەبیی هانا لە کۆتایی‌یەکانی وەرزی هاوینی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا پاش ماوەیەک قەدەغەکردنی چالاکییەکانی، جارێکی دیکە چالاکییە فەرهەنگییەکانی خۆی بە بەشداریی نووسەران، شاعیران و لایەنگرانی ئەدەبیاتی کوردی دەست پێکردەوە.