کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربوردەی ئەو پیاوەی دوای ٢٣ ساڵ دووبارە لاقی بڕدرایەوە + وتووێژ (بەشی ١)

19:00 - 13 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: سەدیق عارفی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کەلە ساڵی ١٣٦٩ هەتاوی لە چیای بەمۆ چووە سەر مین و قاچی بڕدرایەوە و پاش ٢٣ ساڵ لە روداوەکە دیسان لاقیان بڕییەوە.

بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی کوردستان میدیا دیمانەیەکی لەگەڵ سەدیق عارفی پێکهێناوە کە سەرنجتانی بۆ رادەکێشین.
دەقی وتووێژەکە:
کوردستان میدیا: کاک سەدیق زۆر سپاس لەوەی کاتی خۆتان لە ئێخیاری ئێمە دانا.

سەدیق عارفی: سپاستان دەکەم و بەخێرهاتنتان دەکەم.
سەرەتا بەناوی خوای بەخشەندە و میهرەبان. من ناوم سەدیق عارفی لەدایک بووی ( ١٣٢٤) هەتاویم لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی لە ئاوایی \'\'دەرەهەجیج\'\' سەربە شارستانی پاوە لە دایک بووم. لە تەمەنی منداڵیمەوە کە ئاوایی‌یەکەمان قوتابخانەی تێدا نەبووە و من نەچوومەتە بەر خوێندن.
کوردستان میدیا: کاک سەدیق سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵیت چۆن بەسەر بردووە؟
سەدیق عارفی: من لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکم وتی کە رۆڵە گوندەکەی ئێمە مەدرەسەی نییە و تۆ دەبێ سەنعەتێک بزانی، منی نارد بۆ ئەوەی فێری جۆڵایی بم من لەگەڵ کابرایەکی نۆدشەیی بە ناوی دەروێش فەتاح شاگردی جۆڵاییم دەست پێ کرد، من چووم بۆ شاگرد جۆڵایی بۆ بـێتواتە، عەلا کوولی زۆری درێژ نەکەینەوە من چوومە بێتواتە بۆ شاگرد جۆڵایی، ئاوم دەهێنا و چاییم دەهێنا و ژوورەکەم خاوێن دەکردەوە و لوولەی پێ دەڵێن لوولەم هەڵدەکردەوە بۆیان و تەقریبەن حەوت (٧) مانگ، یان هەشت(٨) مانگ کارم کرد.
کوردستان میدیا: لەوێ بێجگەلە تۆ منداڵی دیکەشی لێ بوو؟
سەدیق عارفی: بەڵێ لێی بوو شاگرد جۆڵای لێ بوو سێ (٣)ی تری لێ بوو، یەکیان خەڵکی نۆدشە بوو یەکیان خەڵکی دزاوەر بوو و هەر لە تەمەنی مندا بوون
کوردستان میدیا: چەند ساڵی پێ چوو هەتا فێری جۆڵایی بووی؟
سەدیق عارفی: ساڵێکی پێ چوو هەتا فێری جۆڵایی بووم، دوای ساڵێک من لە ئاوایی خۆمان پێچاڵی جۆڵاییم دانا.
کوردستان میدیا: یەکەم کەس بووی لە گوندەی خۆتان کە جۆڵایی دابنێی؟
سەدیق عارفی: وەڵڵاهی نازانم لە قەدیم دایان نابێ، یان نا؟ بەڵام لەو فەسڵەدا بەڵێ من یەکەم کەس بووم کەلە گوندەکەی خۆمان (دەرەهەجیج ) جۆڵاییم دانا، ئاوا هەندێک سەنعاتی خەڵکی و هی نۆدشە، نۆدشە کارگەیان هەبوو بڵێین رەییس و ئەوانەیان هەبوو، دەیان هێنا دەیانبردە لای جۆڵاکان و دەیانکرد، مەسەلەن دەیانگوت دەستێک رانکو چۆغە بە دە تمەن، یان پێنج تمەن، دوای ئەوە ساڵێکی‌تر دوو ساڵی دیکە من وەردە وردە گەورە بووم لەگەڵ کابرایەک بەناوی حاجی عەلی هاتین بۆ مەنتەقەی خۆشناوەتی ناوچەی گراڵ و قامیش، لەوێ (٣-٤) مانگ جۆڵاییمان کرد، مەوج و بەرماڵ و ئەوانەمان چنی، ئەو ساڵە لەوێ کارمان کرد و دوایی چووینەوە بۆ ئەو دیو.

کوردستان میدیا: ئەو کاتە هاتوچۆ لە سنوورەکاندا چۆن بوو؟
سەدیق عارفی: ئێستا بۆت باس دەکەم، ئەو سنوورە ئێمە بە قاچاغ دەهاتین چونکە زەمانی شۆڕشی مەلا مستەفا بوو، ئێمە نەماندەتوانی لە جاددەوە بێین لە بناری شارەزوورەوە لە تەوێڵە هەتا قامیش و بەرزەنجە و مۆریاس و چوارتا کە بەدەست حکوومەتی ئەو کاتی عێراقەوە نەبوو، ئێمە بەپێیان پێنج شەو و رۆژ بەرێوە بووین.
کوردستان میدیا: باشە بۆچی ئێوە دەهاتن بۆ ئەم دیو بۆ کار؟
سەدیق عارفی: لەبەر ئەوە لە لای خۆمان لە ئێران کار نەبوو، دەهاتین پووڵێک پەیدا بکەین، دەهاتین بژیوی ژیان پەیدا بکەین.
دوای ئەوە من سەربەخۆ کارم کرد، خۆم بڕیارم دا کە بچم بۆ جۆڵایی بۆ ئەو مەنتەقەیە (قامیش) سەرت نەیەشێنم جارێکی تر چوومەوە بۆ قامیش و دوو شاگردم لەگەڵ خۆم هێنا، یەکێکیان پوورزای خۆم بوو یەکێکی دیکەش جۆڵایی نەدەزانی هەر بۆ بەردەستی خۆمان بوو، ئەو ساڵە لەوێ کارمان کرد و سەنعاتی خەڵکیمان راپەڕاند و تەواومان کرد، من برایەکم لە \'\'گەڵاڵە\'\' لە حاجی ئۆمەران بوو، ئەو زەمانی شۆڕشی مەلا مستەفا بوو، لە گەڵاڵە بازار و دووکانێک هەبوو من بەو دوو کەسەم وت کە دەچم بۆ لای کاکم و ئەوان لەگەڵاڵەن، پێم نەدەزانی هەر وا شاخ بە شاخ و دۆڵ بە دۆڵ هاتم برایەکم و ( ٣-٤ ) خزمان لەوێ بوون ئەو زستانە لە لای ئەوان مامەوە، کاسبیمان دەکرد، پارچەی ئێرانیمان دەهێنا دەمانفرۆشتەوە.
کوردستان میدیا: لە کوێوە هەتا کوێ بە دەست پێشمەرگەکانی مەلا مستافا بارزانییەوە بوو؟
سەدیق عارفی: ئەگەر لە من بپرسی بنارەکە لە هەورامان یانی لە تەوێلە هەتا گەڵاڵە هەمووی بە دەست پێشمەرگەوە بوو، حکوومەت سەیتەرەی بە سەرەوە نەبوو، هەمووی ئازاد بوو بەدەست پێشمەرگەوە بوو، قەسر دیلمان و ماکوس هەمووی بارەگای پارتی بوو ئەو وەختە مەلا مستەفا لە دیلمان دادەنیشت کاک ئیدریس کوڕەکەی لە قەسرێ دادەنیشت، ئەوێ جێی مەحکەمە بوو، ئەو ساڵە ئێمە لە گەڵاڵە بەسەرمان برد و ساڵی دوایی ویستمان بێینەوە وتیان کە ئەوەیە رێککەوتنێک کراوە (رێککەوتنی ئەلجەزایر) ئێمە هاتین لە تەوێڵە دووکانمان دانا.
کوردستان میدیا: باشە ئەو کاتە چی رووی دا بارودۆخەکە چۆن بوو؟
سەدیق عارفی: کارەساتەکە لە تەوێڵە رووی دا، ئێمە دوو (٢) مانگ بوو لە تەوێڵە دووکانمان دانابوو تەقریبەن پاییز بوو، خەبەریان هێنا و وتیان کە هەرچی کەلوپەلتان هەیە بیبەنەوە بۆ ئێران چونکە جەیشی عێراقی دێت بۆ ئێرە، بۆ تەوێڵە، وتمان چۆن شتی وا دەبێت وتیان بەرێوەڵڵا هەرچیکتان هەیە لەگەڵ خۆتان بیبەن، ئێمە لەوێ بووین خەڵک یەکسەرە دەستیان کرد بە گریان و بە ناخۆشی، و لە تەوێڵە مەیدانێکی گەورەی هەیە هەر خەڵک بوو دەهات و چەکەکەی فرێ دەدا و دەگریا (کاک سەدیقیش لەو کاتەدا دەستی کرد بە گریان) وتی کە پێمان ناخۆش بوو، (بە گریانەوە) زۆرم پێ ناخۆش بوو وەکوو پشتی ئێمە بشکێ وابوو بۆ هەموو کورد و خەڵک نەی دەزانی چ بکا، نەی دەزانی بەرەو ئێران بڕوا باشە، یان بەرەو عێراق، نەیدەزانی چەکەکەی فڕێ بدا یان پێی بێ، کەسەک نەبوو بڵێ دەی کاکە ئەو هەموو پێشمەرگە، یان بیداتە شاخ، یان بڕواتە شوێنێک بۆ ماوەیەک، بەرنامەیەکی دارێژراو نەبوو بۆیە خەڵکەکە وەیلان بوو. عەلا کولی ئەوە تێپەری و ئێمە چووینەوە بۆ نەوسوود و دیتمان کە (٢٠٠-٣٠٠ ) ماشێنی عەسکەری لە \'\'شوێشمێ\'\'وە هاتن چوون بۆ تەوێڵە شۆڕش ئاوا کۆتایی پێهات.
کوردستان میدیا: ئەو کاتە لە کوردستانی ئێرانیش شۆڕش هەبوو و حیزبی دێموکرات بە نەهێنی کاری کردووە، ئایا لە مەنتەقەی پاوە و نەوسووددا حیزیبی دێموکرات حزووری هەبوو؟ یان ئەندام و لایەنگری هەبوو؟
سەدیق عارفی: بەڵێ ئەوەوشم وەبیر دێ، پێم وابێ هەر لەو سەردەمەدا بوو، ئێمە مقەرێکمان هەبوو دەیانگوت مەقەری ئێرانییەکان هەر لەو سەردەمەدا لە بیارە بوو لە (مەلگای چنار) ئێمە جارێکیان لامان دا وتمان بزانین کێن، ئەوانەی ئێمە دەمان ناسی مام ئەسکەندەر نۆدشەیی بوو، فەتحوڵڵای بابا حەمە کەریم ئێستاش ماوە، حمەی کوێخا حەمەمین ئەویش هەر نۆدشەییە، مستەفا ناوێک هەبوو، حەمە کاڵ بوو و هەندێک کەسی‌تر، ئەوانەی ئێمە دەمان ناسین ئەوانە بوون، ئەوان دەیان وتت ئێمە ئەوە لێرەین. هەر کات کارێکتان هەبوو ،خەڵک دەیان وتت ئەوانە جەماعەتی ئەحمەد تەوفێقن.
کوردستان میدیا: خۆیان دەیان وت کە کێن؟
سەدیق عارفی: خۆیان دەیان گوت ئێمە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانین و بۆ کوردستانی ئێران کار دەکەین؟
کوردستان میدیا: ئەگەر وە بیرت بێ ئەوان چۆن کاریان دەکرد؟
سەدیق عارفی: ئەوان یەک کەرەت هاتن بۆ ناوچەی ئێمە سێیان هاتبوون لەگەڵ کەسێکی نەناس، ئێمە باخەکەمان لە دەرەهەجیج کەمێک دوورە و هیچ باخێکی بەدەورەوە نییە و چۆڵە. من برایەکەم هەبوو بە ناوی مەلا سەعید عارفی ئەو پێوەندی هەبوو لەگەڵ ئەوان، منیش چووم بۆ باخەکەی خۆمان لەوێ کاک فەتحوڵڵا و کاک ئەسکەندەر و ئەوانم ناسییەوە کەسێکی تریان لەگەڵ بوو بە سۆرانی قسەی دەکرد ئەوم نەناسی براکەم وتی کە ئەوانە جەماعەتی چریکن زاتی نەبوو لە بەر من، وتم برا خۆ من هیچ نالێم چریکی چی من خۆ ئەوانە دەناسم (بە پێکەنینەوە وتی کاکم وتی ئەوانە چریکن) وتم من خۆ ئەوانە دەناسم و ئەوانە مام ئەسکەندەر و ئەوانن، چریکی چی و شتی چی، عەلا کولی ئەوان دوو سێ رۆژ لەوێ مانەوە، بەو ناونیشانە کەڵێکیشیان کوشت ــ کەڵەکێوی ــ باخەکەی ئێمە پڕی بوو لە کەڵەکێوی و حەیوان و شتی وا، دواتر وتیان دەچین بۆ مەنتەقەی ئەسپەرێز و هەجێج و ناو و ژاوەرۆ، ئاوایان وت.
کوردستان میدیا: ئەوان دەچوون بۆ ئەو ئاوایی‌یانە کە چی بکەن؟
سەدیق عارفی: ئەوان دەیانوت کە دەچین تەبلیغات دەکەی و ئیعلامیە بڵاو دەکەینەوە جا نازانم هیچیان دا بە براکەم یان نا لەوانەیە پێیان دابێت، ماوە ماوە براکەی منیش سەفەری دەکرد دەیگوت دەچم بۆ پاوە و بۆ کرماشان دوو رۆژ سێ رۆژ نەدەهاتەوە، کە دوایی ئاشبەتاڵەکە هات ئەوانیش نەمان. من و کاک سەعدوڵڵا و حەمە تەوفیق و کاک سەعید، لە سەدی (لار)یان پێ دەوت ئێمپێرجێلۆتیسا دوای (٣-٤) رۆژ وەریان گرتین، بە بەرتیل و ئەو شتانە لەوانەیە نەفەری دووسەد تمەنمان دابێت، چارمان نەبوو شیرکەتێکی ئیتالیایی بوو کە تونێلی لێ دەدا، عەلا کولی سەرت نەیەشێنم ئێمە دوو سێ ساڵ لەوێ کارمان کرد. دوو ساڵ کە لەو شیرکەتە کارم کرد ژنم هێنا. مەقۆ مەقۆ دەستی پێکردبوو دیانگوت کە ئینقلاب دەکرێ، دوای ماوەیەک کاکە ئێران تێکچوو، بوو بە هەڵا هەڵا، ئەو تورک و فارس و شتە کە لەوێ کاریان دەکرد قسەیان پێ دەوتین، من وتم کاکە رۆژێ میلوێنێکم پێ بدەن من لێرە کار ناکەم، وتیان بۆ؟ وتم ئەوە نییە چۆن چاومان لێ دەکەن و چیمان پێ دەڵێن!، چەند نەفەرێک بووین تەحەمولمان نەکرد و هاتینەوە، کە هاتینەوە لە مەنتەقەی ئێمە ئینقلاب کراوە و پێشمەرگە و رێکخراو و حیزبە کوردییەکان پێک هاتوون.
کوردستان میدیا: ئەو کاتە لەو ناوچانە حیزبی دێموکرات حزووری هەبوو؟ چ کەسانێک بوون کە کاریان دەکرد؟
سەدیق عارفی: وەڵڵا ئەو وەختە ئەوانەی قەدیم کە وتم وەک مام رەسوول، مام فەتحوڵڵا، مام ئەسکەندەر و شەهید کاڵ کاڵ، رەسووڵ رەفعەتی و بە رەحمەت بێ شەهید حەکیم رەزایی بوون کە کاری تەشکیلاتییان دەکرد. ئەوانە لەوێ رێکخراوێکیان دامەزراندبوەوە. من بوومە بەرپرسی رێکخراوی گوندەکەی خۆمان، ئاوایی دەرەهەجیج، هەرچەند سەوادم نەبوو، وتیان لە ناو خەڵک کار بکە و خەڵک بە ئێمە بناسێنە، هەر ئەو زەمانیش یەکیەتی لاوانیان هەبوو هەر هەماهەنگ، برێک لە مندالەکانی دەرەهەجیجیش لەو رێکخراوەدا بەشدار بوون، دوو برای خۆم هەبوون بە ناوی محەممەد و ئیبراهیم عارفی، کورێکی مامم بە ناوی وەیس بوو، دەوری ١١ کەس بوون، هەفتەی دوو جار دەچوون بۆ نۆدشە، رێکخراوی گشتیان هەبوو لەوێ.
رێکخراوەکەی خۆشمان وردە وردە زۆر بووین دوای چوون چەکمان هەڵگرت، پێم وابێ ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی بوو، من خۆم بووم ، ئامۆزایەکم هەبوو بە ناوی محەممەد عەبدی، محیەدین بەرزکار، زۆراب موکری، کاک سەعدوڵڵا و کاک سەعید و کاک ئەورەحمان مەقرووزی سێ کەس لە بنەماڵەیەک بوون هەروەها کاک عەلی غەفووری و براکەی و کوڕی پووریان (شەهید سەردار) و کاک سەدیق بەرزکار و براکەشی بوو ئەوانە بووین زۆر بووین لەوانەیە نزیکەی بیست(٢٠) کەس بووین، (بە پێکەنینەوە وتی) بە ناوی یارمەتی (٥٠) تمەنیان دەدا، من وەکوو بەرپرسی تەشکیلاتی دەچووم لە نەوسود وەرم دەگرت، سەرتای پشمەرگایەتیم بەو شێوە دەستی پێکرد، بۆ کاری تەبلیغاتی بۆ ناوچەکانی هەجیج، ئەسپەرێز، ناو، زۆم، دەڵەمەرز و ئەوانە دەچووین. لە ئاوایی‌یەکان بۆ خەڵک کۆبوونەوەمان دەگرت، زۆرتر شەهید کاڵ کاڵ (حەممە سەعید یاقووبی کە لە بەر جوان خاسی پێیان دەوت کاڵ کاڵ) و کاک رەسووڵ رەفعەتی قسەی دەکرد، (١٠-١٥) ئاوایی دەگەڕاین، لەو ئاوایی‌یانەش خەڵکمان پێ پەیوەست دەبوو، خەڵک دەیان وت کە بۆ ئێمە جێی ئیفتیخارە کە پێشوازی لە پێشمەرگە دەکەین. لە بەر ئەو کاتی خۆی رێژیمی شا زوڵم و زۆریی کردبوو، مەسەلەن ژاندەرمەری بۆ خۆیان دەچوون فیشەکیان لە ماڵی خەڵک دەخست لە دواییدا دەچوون بیانوویان بە خەڵک دەگرت و پوولیان لێ دەستان ئەزیت و ئازاریان دەدان.

کوردستان میدیا: کەمێک باسی ژنهێنانەکەتمان بۆ بکە، چۆن ژنت هێنا؟

سەدیق عارفی: تەسمیمان گرت کە ژن بێنم، براکانم و باوکم و ئەون وتیان کە دەبێ ژن بهێنی، ئێمەش ناسیاوێکی خۆمانمان هەبوو بە ناوی حەمەمین کە خوشکێکی هەبوو، وتیان ئەوت بۆ بێنین؟، دیارە مەسەلەی جوانیم بۆ گرینگ نەبوو بەس کار و سەلیقە و حیا و حەیسیەتی ئەو و بنەماڵەکەیم لە بەر چاو بوو، وتم قەبووڵمە، وەڵڵا چووینە خوازبێنی و بێ ئەملاو ئەولا قەبووڵیان کرد، دەست ماچ کردن و ئەوانە تەواو بوو دوای (٢-٣ مانگ گواستمەوە، ئەو رۆژە کە چووینە خوازبێنی ئەویش بە پێکەنینەوە دەهات و دەچوو و دوای ئەوەش هەموو رۆژێ دەچووم بۆ مالیان و جار و بار کارم بۆ دەکردن، ناویشی رابعەیە و کورەکانم، یەکەمیان ناوی ئیدریس، دووهەم یاسین بوو کە مرد، سێیەمیان کامیل و چوارەم فایەق، کچەکانیشمان، گەورەکە شیرین، تووبا ئەویش مرد، رەنگین.

ئەگەر ئێستا وچانێک بدەین، (کەمێک بێ دەنگ بوو بوغز گەرووی گرتبوو) وتم کەمێک ئیسراحەت بکەین؟ هیچی نەوت، بێ دەنگی بەردەوام بوو، دوای کەمێک وتی:

ئێستا نۆبەی ئەوەیە کە بڵێین، نۆبەتی پێشمەرگایەتییە ها،! ئێستا ئێمە بوینەتە پێشمەرگە و حکوومەتی جمهووری ئیسلامیش خەریکە هێرش دێنێتە سەر مەنتەقەی نەوسوود و نۆدشە و ئەوانە، هەتا نزیک پاوەش بە دەست پێشمەرگەوەیە، ئەو زەمانەش پاوە بەدەست پێشمەرگەوە بوو چونکە ئێمە چووینە پاوەش، دوای تەحەسوونەکەی قۆڕی قەڵا ،قۆڕی قەڵا لە نێوان پاوە و کرماشان دایە دوای ئەوە حکوومەت پلانی داڕشت بۆ تێکدانی ئەو ئەزموونە دەستی کرد بە هێرش. پێشمەرگەش ئامادەگیی هەبوو. ئێمە لە شار چووینە دەر وتیان با لە ناو شار شەڕ نەبێ دیارە دوو سێ هێرشی هێنا، بە هەموو جۆرە چەکێک، هات نزیکی پاوە بووە پێشمەرگەش لە نزیک پاوە هەبوو، شەرێکی نابەرابەر دەستی پێکرد پێم وابێ دوو سێ (٢-٣) رۆژ بەردەوام بوو دەیهەویست بێتە ناو شاری پاوە، یەکم جار کە هات ( ٩) کەسی ئێعدام کرد کە تەنیا ناوی مەلا ئەبدولوەهابم لە بیرە، ئێمە پاشەکشەمان کرد هاتینە نجار و نووریاو و خانەگا،شەڕ هەر بەردەوام بوو، ئەمجارە هێرشێکی گەورەی کرد بە هەموو جۆرە چەکێک بە حیسابی خۆی هات کە نجار بگرێ، شەڕێکی گەوەرە دەستی پێکرد و دوبارە شکستمان دا، ئێمە دوو کەسمان \'\'حەملە رووش\'\' (حەمەدەمین نادری ) خەڵکی نووریاو (فەرماندە) بوو بەهۆی جاشێک کە خزمی خۆی بوو شەهید بوو و پێشمەرگەیەکی تریشمان بە ناوی حەمەشەریف خەڵکی وڕا شەهید بوو. نزیکەی مانگێک، دوو مانگ جار جار شەڕ دەبوو، وتیان ئەمجارە هێرشێکی گەورە دەکا، هەندێک کەس ببونە جاشی عێراق نازانم کێ بوون و دوایی خۆیان تەحویلی ئێران دابۆوە و لە شەڕدا زۆر شارەزا بوون، ئێمە پاشەکشەمان کرد ئێمە هاتینە ئەو دیوی سیروانەوە، پردی دواو، دوایی حکوومەت هات کۆماندۆی لەسەر (کۆی نەروی) پیادەی کردن و پێشمەرگە پێزانی و چوون، هەندێک کوژراو و کۆماندۆیەکی زۆر بە دیل گیران و ناردیانن بۆ مەنتەقی دەفتەری سیاسی. دوای ئەوە شەڕێک کرا، بەیانیەکی زوو بوو گوێم لە تەقە بوو من لە ماڵ بووم و منیان بۆ ئەو شەڕە ئاگا دار نەکردبۆوە، هەستام چەک و رەختم بەست و ئەو وەختە سەلیبیم پێ بوو (بڕنۆ)، شوێنێک هەیە بە ناوی رێزێو ئەو بەریش ناوی گولیجێیە رێیەکی سەختەبە قوڵینگ و ئەوانە چاکیان کردووە و لە زەمانی شێخەکاندا بەرامبەر ئەوێ دانیشتم وتم ئەمڕۆ ناهێلم هێزی یارمەتی بچێ بۆ ئەو هێزە، بەگیانی تۆ نا بە گیانی کوڕم ئەو رۆژە پێنج جار هێرشیان کردووە هەر بەو بڕنەوە، دەیانەویست چەک و موهیمات بەرن بەو رێیەدا. چوار جار هاتن نەمهێشت، لەو لاوە لە لای هەجیج و وڕا و ئەوانە پێشمەرگە لێیان دا و بۆ نیوەڕۆ حکوومەت شکا. لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکمان بریندار بوو بە ناوی سەردار رەزایی کوڕی پووری کاک عەلی عەفووری لەو شەڕەدا بریندار ببوو و ریخۆڵەی هاتبوە دەر، داوای ئاوی کرد نەماندایە ئێمە بریندارەکانمان دەهێنا بۆ تەوێڵە، بێ ماشێن ئیتر لە دەوری (ملەهەندی) شەهید بوو و دوایی هێنایانەوە و بەخاکمان سپارد.

ئێمە چوار لک بووین، لکی ئێمە ناوی ٢٥ی گەلاوێژ بوو، هەر لکەی ( ٢٠٠-٢٥٠ ) نەفەر هەبوو، ئەو کاتە فەرماندە لکەکان یەکیان \'\'حەملە رووش\'\' بوو، مستەفا یەیناخی بوو، تەوفیقە رەش بوو.

ناوچەی ئێمە لە ئابلۆقەی ئابووریدا بوو، شەڕ هەر بەرداوام بوو، ئەمجارە هێرشێکی گەورەی دیکەیان کرد و ئەمجار هاتنە ئەم دیوی سیروان، بەڵام کەلی چنار و نەروێ و نۆدشە و ئەوانە نەگیراون، ئەمجارە ویستی نۆدشە بگرێ، نۆدشەی زۆر بۆ گرینگ بوو ئێمە هەموو لە نۆدشە بووین، ئەمجارە نیرووی لە لای شمشێرە و کەلی شەهاب و قوتە بەرزەکانی بەرانبەر بە نۆدشەی ئەوانە بە هەلیکۆپتێر نیرووی داینان و شەڕ دەستی پێکرد و ئێمە سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون، شەهید حەمە شەریف ،شەهید مەحموود و ئەوەی دیکەشیان ناوەکەی لە بیرم نەماوە، هەر سێکیان لە یەک سەنگەردا بوون ،لە دوای ئەو شەڕە لە بەرزایی‌یەکانی نۆدشە تۆپ و شتی دامەزراند. رۆژێک خەبەریان هێنا وتیان هێرش دەکاتە کەلی چنار ،(کەلی چنار) بەرامبەر نۆدشەیە بە چاش و پاسدارێکی زۆر هێرشی کرد، هێرشیان بۆ ئێمەش کرد کە لە (کەلی شەڕەکان) بووین، ئێمە شێ جار هێرشەکەمان تێکشکاند، لە دواییدا خەبەریان بۆ هێناین لە لایەن پێشمەرگەکانی خۆمان کە بابا کەلی چنار گیراو ئێوە چی دەکەن، وەڵا لە لای ئێمە کەسێکمان بریندا بوو، زاواکەی ئێمە بە ناوی زۆرابی موکری. دوای ئەوە ئەو گەردەنەیە گیرا.

ئێستا بڕیاریان دا کە هێزەکە بکەن بە دوو دەستەوە، وتیان کە کێ دێ بۆ ناوچەی ژاوەرۆ و بوو بە هێزی شاهۆی ژمارە یەک و هێزی شاهۆی ژمارە دوو ،ئێمە لە ژمارە یەک بووین بە شەو وەڕێ کەوتین بۆ ژاوەرۆ مام تاهیر، بە رەحمەت بێ زووتر چووبووە ئاوایی روار و موهیمات و شتی وای بردبوو، هێزی ژمارە دووش هاتە لای هاوار و ئەوانە، لە ژاوەرۆ موستقەر بوون. ناو بە ناوە هێرشمان لەسەر بوو، ئەمجارە لە سێ شوێنەوە هێرشیان کرد لە مەریوان و کامیاران و شاهۆ لەو بەینەشدا شەڕی کۆمەڵەش دەستی پێکردبوو، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو ناوچە بووین، لە سالی ١٣٦٢دا پاشەکشەمان کرد هاتینەوە بۆ لای هێزی ژمارە دووی هێزی شاهۆ لە مەنتەقەی دەرەتوو و هاوار و نەوسوودیشمان بە دەستەوە بوو، نەوسوود هەتا کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە نەگیرا.

درێژە