• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٠ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

سەربوردەی ئەو پیاوەی دوای ٢٣ ساڵ دوبارە لاقی بڕدرایەوە + وتووێژ (بەشی ٢)

زایینی: ٠٢-٠٢-٢٠١٤ - هەتاوی: ١٣٩٢/١١/١٣ - ١٦:٣٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
سەربوردەی ئەو پیاوەی دوای ٢٣ ساڵ دوبارە لاقی بڕدرایەوە + وتووێژ (بەشی ٢)
کوردستان میدیا: سەدیق عارفی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کەلە ساڵی ١٣٦٩ هەتاوی لە چیای بەمۆ چووە سەر مین و قاچی بڕدرایەوە و پاش ٢٣ ساڵ لە روداوەکە دیسان لاقیان بڕییەوە.


بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی کوردستان میدیا دیمانەیەکی لەگەڵ سەدیق عارفی پێکهێناوە کە سەرنجتانی بۆ رادەکێشین.


کوردستان میدیا: باشە دوای ئەو هەمووە شەڕە گوند و شارەکان چیان بە سەر هات؟

سەدیق عارفی: گوندەکان هەندێکیان چۆڵ کران و خەڵکەکەی چۆلیان کرد و چوون بۆ پاوە و مەریوان، شاری نەوسوود چۆڵ کرابوو، هەمووی ( ١٠-١٥ ) ماڵی تێدابوو، هەندێکیان هاتبوون بۆ پاوە و هەندێکیان لەگەڵ شۆڕش کەوتن.

کوردستان میدیا: ناوی هەندێک لەو گوندانە کە چۆڵ کران لە بیرت ماوە؟

سەدیق عارفی: بەڵی وەزلی، تەشار، نەیسانە، هەر دوو شۆشمێ، لە مەرزەکانی دزاوەر، هانە گەرمەڵە، کێمنە و بێرواس ئەمانە هەمووی چۆڵ کرابوون بەهۆی شەڕەوە. لە خەڵکی ئاسایش کوژران و برینداربوون و دەربەدەر بوون (قابیلە دوژمن لە شەڕدا، کولیچە بڵاو ناکەنەوە!) بێجگە لەوشەڕە، شەڕی ئێران و عراقیش بوو.

ئێمە کە هاتینەوە لای هێزی ژمارە دووی هێزی شاهۆ و پێک شاد بووینەوە، و بەرپرسی کۆمیتە شارەستان کاک حەکیم رەزایی بوو و فەرماندەی هێزیش سەروان سابیر کە خەڵکی مەهاباد بوو، من چوومە لایان وتم دەمهەوێ بچمەوە و لە مێژە منداڵەکانم نەدیتوە و هەندێک نەسیحەت و ئەوانم هەیە بۆ منداڵەکان هەروەها رێ و شوێن دەدۆزمەوە، بەڵام ئەوان بە نەخێر وڵامیان دامەوە، وتم بە تەنیا دەچم و وتیان نابێ.

نوێژی مەغریبم کرد کۆڵەپشتییەکەم هەڵگرت و پڕم کرد لە ئیعلامییە و رۆژنامە بۆ ئەوەی لە گوندەکانی بڵاوی بکەمەوە کە شەو وەڕێ کەوتم لە جادەی هانە گەرمەڵە بۆ دزاوەرە، بە نەزەری خۆم وتم کەلە پاساری جادە مین دانانێنەوە و قەراغی جادەم گرت و چوومە دزاوەر چوومەوە سەردانی ماڵی خۆمانم کرد و منداڵەکانم دیت، دەچوومە هەر شوێنێک لەو کەسانەی لە سەربازی دەهاتنەوە شوێنی پایەگا و مین گوزاری و شتی وام دەپرسی، تەواوی زانیاری ئە ناوچەیەم کۆ کردەوە و گەڕامەوە بۆ هانە گەرمەلە. لەگەڵ فەلامەرز چوومەوە بۆ هێز و چوومە لای کاک حەکیم و سەروان سابیر و وتم ئێوە نەتانهێشت بچمەوە و من چوومەوە و ئەوە هاتوومەتەوە وتیان کە جەریمەت دەکەین.

دوای دوو رۆژ بانگیان کردم وتیان کە دەتوانی ئێستا نەفەر ببەیتەوە بۆ ئەو دیو، وتم بۆ ناتوانم، لەگەڵ شەهید عیزەت حەسەن پوور رەوانەیان کردم دوو نەفەریان لەگەڵ ناردم و نەفەرم پێناساندن و جەولەیەکی کورتمان کرد ئەمجارە هەرچەند ئەوان پلەی تەشکیلاتیان لە من بەرزتر بوو بەڵام من خەڵکم بە ئەوان دەناساند.

لە دواییدا کۆمیتە شارەستان وتیان کە ئایا دەتوانن تیمێکی دە (١٠) نەفەری ببەن و جەولەیەک بکەن و هەتا مەنتەقەی کامیاران ئەوانە بچن؟ وتمان بۆ ناتوانین؟ وەڕێ کەوتین بە تیمێکی چەند کەسی چووین بۆ لای (روار و ئسپەرێز و زۆم و دەڵەمەرز و ناو) و ئەو گوندانە و کاری تەشکیلاتی و رێکخراوەییمان کرد، پێم وابێ دەوری بیست رۆژ بوو و گەڕاینەوە.

لەدوای ئەوە ئیتر رەوابت بەرقەرا بۆوە و ئەمجارە تیم دەچووەوە.

ئێستا دەمهەوێ کە بنەماڵەکەم بێنم،چونکە هەموو رۆژێک دەیانگرتن و دەیان بردنە سپا و چەندین جار خێزانم لە کرماشان لە زیندان کرا و لە نۆدشە حەوت رۆژ لە زیندان بوو لە شوێنێک تفەنگ بتەقیبایە دیانوت مێردەکەی ئەوە و سپای پاسداران دەهات و دەیانگرت یان سوعال و جوابیان دەکرد، یان دەیان نارد بۆ ئیتلاعاتی پاوە یان کرماشان وتم با لەو چەرمەسەریانە نەجاتیان بدەم، چووینە لای هێز و ئیجازەمان وەرگرت بۆ هێنانی بنەماڵەکانی کاک سەعدوڵڵا، کاک سەعید مەقرووزی و بنەماڵەی خۆم سەدیق عارفی، وتیان کە دەبێ زۆر وریا بن وتم هەتا ئەوەی من بزانم هەموومان بە تەجروبەین، وەڵڵا دوو پێشمەرگەی تریان لەگەڵ ناردین یەکیان زاوای خۆم ئەحمەدی مێرابی و زۆرابی موکری چووینەوە دەرە هەجیج و منداڵەکانمان ئاگادر کرد کە سبەی ئێوارە حازر بن دەتان بەین بۆ ئەودیو، من کە چوومەوە کەسێک منی دیبوو بۆ بەیان گوزاریشی بە سپا کەلە گوندەکەی خۆمان بوو دابوو بۆیە بەیانی خێزانی منیان گرت و بردبویان بۆ نۆدشە هەتا بیست دەقە بۆ ئێوارە لەوێ رایان گرتبوو وتبویان کە سبەی وەرەوە، ئێمەش هەر وا چاوەرێ بووین و لە کاتی موعیدەکەمان دا زۆریشی لای دابوو دوایی خۆی گەیاند و وەڕێ کەوتین مانگەشەوی چاردە بوو و هەرکام لە ئێمە منداڵێک بە کۆڵەوە و ئەو دو هاورێیەکەی دیکەشمان کۆڵەپشی گەوەرەیان بە کۆڵەوە کەلە منداڵ گەورەتر و چەکیشمان پێیە و هاتینە (ملەی چووک و نەروی) کە ئێمە بە رووتایی‌یەکدا دێنە خوارێ و مانگەشەوە دەمان بینن و ئێمە چووینە چۆمەکەی نەروی و کەمێک پشوومان دا و هاتینە شوێنێک بە ناوی ملەی بچووک و تەوەنە سوور (بەرزە سوور) وەڵڵا ئێمە لە بەردەکان تێپەر بووین و هاتینە تەختایەکە لێیان داین، وەڵڵا گەراینەوە دوایە لای تاشە بەردەکان (ترامەکان) و کەسمان بریندار نەبوو بەڵام منداڵەکان پێڵاو شتیان لێ بەجێ مابووا هەندێک پەرۆ و شتمان لە لاقیان ئاڵاند و منداڵکانمان برد لە دۆڵێ دامانان و بە رەحمەت بێ کاک سەعدوڵڵامان لە لا دانان و خۆمان هاتین و دەستمان کرد بە شەڕکردن و کەمینەکەمان شکاند و راومان نان بە هات و هاوار وەکوو ئەوەی ئێمە سەد کەس بین ئەوان هیچ ،کاک ئەحمەد، قاوی دەکرد (کورە سروانتون جا موندە) بە فارسی و بە هەورامی و بە سۆران هاوری دەکرد وەڵڵا کەمین شکار و بەرەو ژوور چووین دیتمان کە سیمی خاردارە، دوو نەفەر لەملاوە و دوو نەفەەر لەم لاوە سیمی خاردارمان بەرز کردەوە و منداڵەکان بە ژێری دا تێپەرین و هاتینە ئەو دیو ئێستا ئێمە دوو پایەگامان ماوە تێپەرین کە بێین بۆ دەرەتوێ و وەڵڵا هاتین نزیکی جادەی تەشار نەوسوود بینەوە و دانیشتی کاک ئەحمەد و نازانم کامیان بوون وتمان کە بچن جادەکە تاقی بکەنەوە ئەوان چوون و یەکیان هاتەوە وتیان کە هیچ نییە وەڕێ کەوتین، ناوی خێزانەکەی من رابێعەیە و کەماڵ و شیرین و رەنگین منداڵەکانم و خێزانی کاک سەعیدیش ناوی میسریە و عەتا و عایشێ و خەدیجە منداڵەکانیەتی و کاک سەعدوڵڵاش خێزانی سوەیبە و عەلی کوری و علۆمای کچی لەم چەرمەسەری و کێشەیە دا بەشدارن، منداڵەکان دەیان وت کە ئێمە خۆمان تەحویل دەدەینەوە و ئێوە بڕۆن با نەجاتتان بێ ئێمەش وتمان یان هەر هەموومان بەیەکەوە دەکوژرێن یان هەموومان دەرباز دەبین ئەوە بڕیاری ئاخرمانە لە جادەی تەشاریش تێپەرین و هیچ نەبوو هەتا (چاڵە چەرمێ) کە بەرەو ژوورکێ‌یەکی زۆر سەختە ئێمە سێ چارەک، نیوساعەتە بەو هەورازوەوەین لە سەرەوە دانیشتین پشوومان دا، ئەوە پایەگایەک لەو لاوەیە، بەڵام لەو ناترسێن پایەگاکەی چاڵە چەرموو بوو، لەو کاتەدا تەماشا دەکەین کەسێک بێسیم دەکا، کاک زۆراب جوابی دایە و وتی چییه؟ وتی کە ئەوە شەبەکەیەک هاتەوە بۆ لای مەقەرەکانی و لە هێزیان داوە و دەگەڕێنەوە و منیش ئەوە لە گا کوژەم و بە تەنیام، ئەو کوڕە کاک حەمە عەزیز بوو بەرەحمەت بێ، ئەوەی وا بزووتنەوەی ئیسلامی تەحویلیان دایەوە، ئەو وتی کە ئێوە وەرنە (دواوان و دەرەی شینێ) ئەو شەبەکە لەوێوە دەگەڕێتەوە بەشکم لێیان بدەن، ئەو شەوە شەوێکی پڕ ماجرایە منداڵەکانمان لای کەوێڵێک دانا و دوانمان لە (نەرەی کورە میانی) و دوانیشمان لە (دواوان) دانیشتین هەر چاوەڕێمان کرد بەوێدا نەهاتن، ئەو شەبەکەیە بێجگە لەوەی کەلە هێزیان دابوو لە رێگاکانیش مینیان دانابوو، ئێستا دەمەو بەیانییە و ئێمەش هاتینە (شێنێ) لەوێ پشوویەکمان دا و لەوێ ماڵی ناسیاو و ئەوانەی لێ بوو ماڵێکان لەوێ وتیان کە لەبەر منداڵەکان ئەو هێسترانە بەرن و چووین بۆ هەوارە بەرزە و دوای چووین بۆ دەرەتوێ و خەڵک هاتن بە دەمانەوە. وەڵڵا بە پێی هێسترێک مینێک هاتە دەرەوە من وتتم راوەستن کەس تەکان نەخوا وتیان چیە وتتم تەکان مەخۆن و بچنە بەر رێگا ئەو رێگایە مین گوزاریە، خولاسە لەوێ نەچوون بەسەر مین دا و لەوێش نەجاتمان بوو و هێزی شاهۆ و خەڵکیشمان ئاگادار کردەوە کە بەو رێگایەدا نەچن. گەیشتینە جێ و منداڵان دڵخۆش بوون. (بە پێکەنینەوە وتی) بێخەبەر لەوە کە لەوێ هەموو رۆژێ تۆپبارانە.

دوای چوار مانگ حکوومەت دیسان هێرشی کردەوە و ئێمەش شکستمان پێدا، ا نێزیک ٤٧٠ کەس لەو شەرە دا کوژران و هەتا شێخان راومان ناو شەرەکە بە ناوی شەری (هەوارە بەرزە) ناو نرا و ئامانجی رێژیمیش گرتنی مەقەرەکانی حیزب لە دەرەتوێ بوو و سێ کەسیشمان شەهید بوو شەهید عیزەت ئەحمەدی ، سەعدی نۆدشەیی (شەبرەنگی)مەحموود گەلێنی لە دوای دا هاتینەوە بۆ مەقەرەکان وتیان کە خەبەریان هێناوە کە هەڵەبجە گیراوە و ئێوە بێن خۆتان دەرباز بکەن ، بەر لە مەخریب بوو و کەس پێی نەکرا کە هیچ شتێک هەڵگرێ و وەرێ کەوتین بەڵام بەر لە شەری هەوارە بەرزە ئێمە بەشێک لە بنەماڵەکانمان ناردبوە بۆ هەڵەبجە ، ئەو شەوە وەرێ کەوتین و بۆ رۆژەوە بون گەیشتینە عەنەب لە نێزیکی هەڵەبجە،خەبەریان هێنا کە سوپای پاسداران لە هەڵەبجەن بۆیە لە عەنەب ماینەوە و هەندێک لە بنەماڵەکان هاتن بۆ عەنەب بەڵام ئەوانەی ئێمە نەهاتبوون و هەر لە مەقەری حیزب مابونەوە وەڵا فەرماندەکانی خۆمان کۆبونەوەیان گرت و وتیان کە لە عەنەب دەرۆین ، لەگەڵ ئەوەش مەڵبەندی یەک و هێزی بەیان لە هانەگەڵمەڵ بوون ئێمە لە عەنەب چوینە دەرەوە و دوایی عەنەبی شیمیایی باران کرد ئێمە کە هەوا تاریکی کرد هاتینە بیاوێڵە ، لەوێ مەکتەب و جوجەخانەیەکی لێ بوو کۆمەڵەییەکان لە جوجەخانەکە دابوون ، پێمان وتت با برۆین لێرە بەڵام ئەوان وتیان بە بەلەم دەرۆین لە هانەگەرمەڵە خەبەر هات وتیان کە ئێمەر ئەوە هاتین بەرەو لای ئێوە و وتمان کە وەرن بۆ لای سەرکەندی تاوێرە لەوێ یەکترمان گرتەوە، لەوانەیە هەزار و خوردەیەک نەفەر بوین دەوروبەری دە پازدە بنەماڵەشمان لە گەڵ بوو هەڵەبجەش ئەوە شیمیایی باران کراوە و پەتو شتیان داوە بە پەنجەرە و هەتا ئێوارە نەیانهێشتوون بێنە دەرێ هەتا ئێوارە ئێوارەش لە مقەر هاتونەتە دەر و داویانە بە شاخ.

ئێمە خۆما لە گەڵ هێزەکانی تر یەکمان گرتەوە و سێ رۆژ لە سەرکەندی تاوێرە ماینەوە و ئەوە هیچیشمان نیە کە بیخۆین ، گیاش تازە سەری دەرهێنابوو بۆ رۆژی دووهەم چوون ئاردیان لە هاوار هێنا و دایان بە خەڵک و هەرکەسە بۆ خۆی بەهەر جۆرێک بێ کولێرەیان کرد دوایش چوون سێ چوار سەر کاوڕ و شتیان هێنا و سەریان بری و تیان کە گۆشت ببرژێنن لەوانیە کە ئێمە دوو سێ رۆژ بە رێگاوە بین ئێوارەیەک وتیان کە ئامادە بن دەرۆین، ئەوەم بوارد لە رۆژی یەکەم سێکەسمان گرت کە ئی بزوتنەوەی ئیسلامی بوون و هەتا رۆژی ئاخر بەرمان نەدان ، لەولاشەوە د.قاسملوو لەگەڵ کاک غەفوور هەمزەیی بەردەوام لە تەماس دان بۆ ئەوەی رێگایەک ، چارەیە بۆ ئێمە بدۆزنەوە ، ئێمە کەوتینە رێ ئاخر هەزار کەس ریز بێ بە دوای یەک زۆرە و کەوتینە سەر جادە و گەیشتینە سەر جادەی خورماڵ - هەلەبجە ستونێکی ئێران هات ،ئێمە چوار پێشمەرگەی یەکیەتیمان لەگەڵ بوو یەکیان لەمبەری جادەوە راوەستا بوو یەکیای تریان لەو بەری جادە ، یەکیان لە پێشەوە ی ئەویتریان لە دواوە بوو و وتیان کە ئەوانە پێشمەرگەی خۆمانن (یەکییەتی) ئێمە لەوێ تێپەرین و چووینە خورماڵ وتیان ئێرە کیمیا باران کراوە دەبێ هەر کەسە و دەسماڵێکی تەڕ شتێک بدا بە دەموچاوی هەتا لێرە رەت دەبین. ئەو براژنە فریشتە لەلام بوو وتی (سەدیق ئانە نەفەرێنێ؟ واتم نا حەویوانا مڕار بیەنۆ، ماچۆ وەڵڵا ئادیچ نەفەرا) ئێتر کەلاک کەوتبوو... لە خورماڵ تێپەرین شەوێکی سەخت ، تاریک و سارد ، شەری ئێران عراق بوو گەیشتینە سێتەپان و لە دۆڵێک پێشمەرگەکانی یەکیەتی لەوێ وتیان کە ئێمە هەتا ئێرە دەێین ، لەوێوە سێکەسی سوسیالیست هاتن چووین بۆ سورێن ، بەرەوژورکێیە ئەوهێزە ماندوە و کاتوشاباران و گڤە گڤە و بارانە. ئێمەیان هێنا دوایی سوسیالیستەکان وتیان ئێمە هەتا ئێرە دەتوانین لێرەوە ئێتر شانەدەرە هیچی لێ نیە ،بنەمالەکانیشمان کە لەوێ لە هەڵەبجە هاتبونەدەر ، منداڵەکانی ئێمە و مەحمود برای کاک ئەحمەدی ئامۆزای خۆم دەچن بەرەر شنێروێ عەبابێلێ و ئەوانە و هەر چەند دەست لە تەراکتۆر و ماشێن هەڵدەگرن بۆ یان راناگرن بە شاخی شنروێ دا دەرۆن و بەو پێچاو پێچانە دا نازانم چۆن دەبێ کە یەکێک لە کچەکانی ئێمە، گەورەکە، گم دەبێ دوای دوو سێ ساعەت کەسێک هەیە بە ناوی ئەولەسەن کەم ئەندامە ، کچەکامان ئەو دەبینێ و دەڵێ کە من گم بووم دوایی یەک دەبینەوە دەچنەوە هاوار لەوێ دەبینن کە سوپای پاسدارانی لێیەو ( من باسی منداڵەکانی خۆم دەکەم نازانم منداڵی خەڵکی تر چۆن نەجاتیان دەبێ ) ماڵی کاک سەید عەبدوڵکەریم لەوێیە دەچنە ماڵی ئەوان و نان و شتیان پێدادا و ، هەمویان بەرەوه ئێران بەرێ دەکەون و لە شێخاوە کە بە دەست ئێرانەوەیە خەڵکەکە دەکەنە ناو کۆمپرێسی دەیانبەنوە بۆ پاوە ، منداڵەکان سوێندیان خوارد وتیان کە لەوێ لە کۆمپرێسیەکە هەڵیان رشتین .

ئێمەش کە لە پێشمەرگەکانی سوسیالیست جیا بوینەوە لەو ماویەدا سێکەسمان لێ بریندار بوو ئتر خەریکبوو رۆژ دەبۆوە و نێزیک شانەدەی دەبووینەوە کە تۆپباران دەست پێکر و بە دەبابا و هەلیکۆپتێری عراقی گەمارۆ دراین وتیان کەس لە رێگاکە لا نەدەن کەسێک بە ناوی ئەڵا کەرەم کەوتە سەر مین و لاقی پەری وەڵا بەهەر شێوەیەک لەوێ نەجاتمان بوو ، هاتینە زەرایەن لەوێ پێشوازێکی گەرمیان لێ کردین ، لەوێ کوردی ئاواری ئێرانی لێ بوو ، رۆژی یەکەم نا دووهەم د.قاسملوو تەشریفی هێنا قسەی بۆ کردین و وتتی کە تەنها هێزی شاهۆ توانیوێتی ئەو قارەمانییەتیە بخوڵقێنێ ، لەو روداوە دا سوپای رزگاری و کۆمەڵە و بەشێک لە سوپای عراق تێداچوون.

دوایی سێ رۆژ چووین بۆ لێوژەی لە ئێرانیش منداڵەکانمان لە دوای دا دەیانگرن هەتا نەفەری خۆمان دەچن بە زەمانەت ئازادیان دەکەن سوپای پاسداران پەیان دەڵێن کە دەبێ بچنە نۆدشە ، ئەوانیش دەڵێن کە ئێمە لە نۆدشە کەس ناناسی ئەوان دەڵێن ئێمە کارمان نیە ، دوایی منداڵەکان دەچنە پاوە لە ماڵی براکەم لە تەبەقەی بنەوە دەمێنەوە. لە لێوژێ دە پازدە(١٠-١٥) خێمەیان بۆ هەڵداین ، ئێتر لەوێ بووین کە بەهار هات و ئێستا دەمانهەوێ بچینەوە بۆ مەنتەقە ، هاتینەوە بۆ لای نەوسود و و مەرکەزیەتمان لە شوێشمێ بوو هەندێک عەمەلیاتمان کرد و پایز هات لە دوایش دا وتیان کە دەبێ بچنە قسڵان لە شاخی بەمۆ . ساڵی دوایش چوینەوە بۆ مەنتەقە و بۆ ماوەی دوو سێ مانگ دوایی گەرانیوە . بەیانیەک وتیان کۆبوونەوەی پێشمەرگەیە تەواشات دەکرد هەر مەقۆ مەقۆیە و ئاوا شتێک هەیە ، کەس هیچ بە کەس ناڵێ و وەڵا لە کۆبوونەوە وتیان کە کاکە شتێک بوو تەقیان لە کاک دوکتوور کردوە بەڵام نازانین شەهید بوە یان نا (کاک سەدیق بۆ ماوەیەک راوەستا، دەموو چاوی تێک چوو دەنگی دەر نەدەهات بوخز گەلووی گەرتبوو) وتی هەموومان تەزاین (ئێستا هەنیسکە هەنیسکی دێ) کاک سەدیق دووبارە وتی هەموومان تەزاین هەموو نارەحەت بووین( ئەوە دووهەمین جارە کە کاک سەدیق دەگری یەکەمیان ئەوکاتە بوو کە شۆرشی مەلا مستەفا تێکچوو و ئێستا کە هەوالی ترۆری د،قاسملوو دەگێرێتەوە ) وتی : لە کۆبوونەوەکە دا وتیان نازانین کە شەهید بووە یان نا ( لەو کاتە دا تەلەفونەکەی زەنگی لێ دا بەڵام وڵامی نەدایەوە ) کەمێک هاتەوە سەر خۆ وتی دوای دوو ساعاتی تر هەواڵیان هێنا کە د،قاسملوو شەهید بوەوە ، هەموو کەس نارەحەت بوو پێشمەرگە دەگریا. دڵخۆشی خۆمانمان دەدایەوە کە نابێ ورە لە دەست بدەین . ئێمە وتمان هەر ئێستا حازرین هێزی شاهۆ بچینەوە بۆمەنتەقە بۆ تۆڵە سەندەوە .و گەراینەوە لەگەڵ مەڵبەندی یەک هەتا کامیاران ومەریوان ئەوان عەمەلیاتێ زۆر هەروەها هێزەکانی تریش بێستوون ئەوانە عەمەلیاتیان کرد ئەو ساڵەش تێپەری ئیتر شۆرش بەردەوام بوو.
کارەکەی من زۆرتر کاری تەشکیلاتی و شتی وا بوو لە سەدا هەشتای کاری تەشکيلاتي بوو لە بەر ئەوەی کە من خەڵکم دەناسی و مەنتەقەکە بەڵەد بووم .

ساڵی ٦٩ یە و هاوین بوو گەراینەوە لەبەر ئەوەی فشارما زۆر لە سەر بوو ویستما ن بچین بۆ پاوە و ئامادەباشی بوو ، لە نجار کەوتینە کەمین دوایی گەراینەوە بۆ قسڵان ویستمان بچین بۆ (ترەماس) لە بەمۆ و تەدارکات بێنین و بگەرێینەوە لە سەرتەکی( بەمۆ) مقەرمان هەبوو دەبوا بچیتە بەرزایی بۆ تەماس وەڵاهی تەماسمان گرت و شەو لە مقەر ماینەوە و بۆ بەیانی هەر وا لە دەوری مەقەرەکە دەسورامەوە وتیان کە ئێرە پاک کراوەتەوە لەو دیویی کەپرەکەی مام یەدە ویستم ترێ لێبکەمەوە هەموشیان دەچونە ئەوێ ، ئاوا دەستم بەرز کردەوە پەلێک بێنم هەندێک ترێ لێ بکەمەوە وەڵا یەکسەر چوومە بە ئاسمانا ، مینێک تەقی پێما لە تەنیشت کەپرەکەی مام یەدێ ، هەر لەوێ دەسرەیەکم دەر هێنا و لاقەکەم بەست و بە پێشمەرگەکانم وت کە وەرن لاقم پەریوە، وەرن بەمبەنەوە وەڵا (کاک باوا) هات منی بە کۆڵەوە گرت و ئەوانتر رێگاکەیان بە سەرەنێزە پاک کردەوە و هێنامیانەوە مەقەر ، هیچی لێ نەبیوو بمبەنە خوار و ئەو رۆرژە (منع تەجەموع) بوو یەک ماشێن نەدەهات هەر چی بێسیم مان دەکرد وتیان کە (منع تەجەموعە) ، هیچ وەڵا لەو کاتە دا سەیارەیەکی عەسکەریەی عراق هات ، یەکدانە جووندی تێدا بوو پێشمەرگەکان چوون بەریان پێگرت و وتیان بریندارێکمان هەیە بیبە خوارێ وتی وەڵا ناتوانم مەعمورێتم هەیە ئەگەر بگەرێمەوە زابتەکەم ئێعدامم دەکا وەڵا بە زۆر هێنایان . وەڵا منیان هێنایە قسڵان ئەو کاتە دوکتورێکی سەرەتایی هەبوو دکتوور تاهیر بوو بەرەحمەت بێ ئەویش هەر بە مین شەهید بوو ، لاقمی پانسمان کرد و منیان برد بۆ سولێمانی شەوێک لە سولێمانیە بووم زۆر ئەزیەت بووم ئەو بەشەی بەنجەکانم نەمابوو . وەلا بەیانی زوو بردیانم بۆ قەندیل لەوێ بیمارستانی خۆمان هەبوو و دوکتوورەکان هاتنە سەرم د.پیل بوو د.محێدین بوو ئەوان چاویان لێ کرد وتیان کە دەبێ عەمەل بکرێ وەڵا کەمێک سەرەوەی کوێزینگی قاچمیان بریەوە ، لە خەستەخانە مامەوە و دوای ماوەیەک چاک بوومە و دوای چوومە ئاسایشگا ، بیست شەو لەوێ مامەوە و دوای هێنایانمەاوە بۆ قسڵان دوای دوومانگ ناردیانم بۆ ئەوەی کە لاقی مەسنوعیم بۆ دروست بکەن ،لاقیان بۆ دروست کردم ئیتە هێرش بۆ سەر قسڵان بەردەوام بوو ئێمەش هاتین بۆ دەربەندیخان و ناوتاق ، لەوێ وتیان تۆ ئەنباردا بە ، دوای ئەوە لە ناوتاق ساڵی بەسەر دا نەهاتەوە کە ئەوێش تۆپاران کرا ئەوێشمان لە دەست دا هاتینە باینجان ئێستا زۆر درێژە دەمهەوێ کۆتایی پێ بیێنم . لە باینجانیش ئەو شەبەکە و شتانە دەهاتن ، لێیان دەکوژرا و لە ئێمەش شەهید دەبوو لە سەیتەرەکان کەمینیان دادەنا و و ترۆر دەستی پێکرد لەدوایش دا ئێمە هاتین بۆ کۆیە ئازادی و ماڵم ئەو ماڵە بوو کە ئێستا مالی مەتی فریشتەیە، وەڵا دوای ماویەک حیزب بریاری دا کە ئێمە کەم ئەندامەکان کە دەوروبەری بیست (٢٠) بنەماڵەیەک بووین ناردیانین بۆ هەولێر و لەوێ خانویان بۆ گرتین و وتیان کە دوایی دەتاننێرین بۆ دەرەوە ئێتر لەوێ هەر ماینەوە و ماینەوە و ئێستاش هەر لەوێین. ئێستاش لەگەڵ بنەمالەکەم لە کورانی عەنکاوە دەژیم .لەم ماویانە دا قاچم بوو بە برین و گۆشتی زیادەی هێنا وتیان کە دەبێ دوبارە عەمەل بکرێ ، لە نەخۆشخانەی ( تەواری رۆژئاوا)(٣٠\١١\٢٠١٣) لاقیان عەمەل کردم ، دەوری دە تا پازدە سانتیان لێ بریوەتەوە ،دوای بیست و سێ ساڵ دوبارە بریانەوە.

کوردستان میدیا: ناخۆشترین و خۆشترین بیرەوەریت چییە؟

سەدیق عارفی: خراپترین کاتی ژیانم کاتێک بوو کە هەواڵی شەهید بوونی د. قاسملوویان پێ داین، هەر چەند ناخۆشیم زۆر دیتوە، بەڵام ئەویان ناخۆشترینە و ئەوە خەسارەتێکی گەوەرە بوو لە کورد درا هەر چەند دوایش دیسان زەربەیەکی تریشمان هەر وا خواردەوە ، کە ئەویش شەهید بوونی د. سادق شەرەفکەندی بوو. خۆشترین خاترەم ئەوەیە کە وتیان کە کەرکووک ئازاد کراوە ( دیسان بوخز گەروی گرت) وتی کە ئەوە خۆشترین کاتی ژیانم بوو.

کوردستان میدیا: کاک سەدیق ئێوە لە ژیانتان دا چەرمەسەری و بەدبەختی زۆرتان کێشاوە ئایا پەشیمان نیت؟

سەدیق عارفی: نەخێر جێی ئیفتیخارە بۆ من کە پێشمەرگایەتیم هەڵبژاردووە و جێی شانازیمە ، هەرچەند بەهۆی منەوە بنەمالەکەم توشی دەربەدەری بوون،. منداڵەکانم هەندێکیان بە نەخوێندەواری مانەوە ، نەیان هێشتووە کە خوێندنی بەرز بە دەست بێنن ، نەیانهێشتەوە کارێکی باشیان هەبێ و بە بێ سەرپەرەست گەوەرە بوون ، سەرەرای ئەوانەش ئیفتیخارێکی گەورەیە بۆ من کە بوومە پێشمەرەگی حیزبی دێموکرات.

کوردستان میدیا: ئەگەر جارێکی دیکە کات بگەڕێتەوە بۆ دواوە ئایا دووبارە هەڵی دەبژێریتەوە؟

سەدیق عارفی: لە پێشدا، وەسیەتم ئەوەیە بۆ بنەماڵەم کە لە رێگەی کوردایەتی بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچکات لانەدەن ، بەڵام بۆ خۆم ئەگەر (٧) جاری دەیکە بمرم و لە دایک ببمەوە ئەو رێگایە هەڵدەبژێرمەوە و هەتا خوێن لە بەدەنی من دابێت هەر پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبم.

کوردستان میدیا: چ شتێک وای لە تۆ کردوە کە دووبارە و چەند بارە ئەو رێگایە هەڵبژێرییەوە؟

سەدیق عارفی: حیزب رێگایەکی رێکی هەڵبژاردەوە و منیش ئەو رێگایەم بە ویستی خۆم هەڵدبژاردووە.

کوردستان میدیا: بنەماڵەی تۆ بەبێ تۆ ژیانیان بردۆتە سەر ئەوان لە سەر تۆ و رێگاکەت چۆن بیر دەکەنەوە؟

سەدیق عارفی: ئەوان ئیفتیخار دەکەن بە پێشمەرگایەتی من، ئەوان لەوانەیە گلەیی لەمن بەکەن لەبەر ئەوەی بژیوی ژیانم بۆ جێ بەجێ نەکردوون ( ئەوە جاری سێهەمە کە گریان بەر بینگی پێ دەگرت) من قەرزداری ئەوانم قەرزداری منداڵەکانمم (گریان نەیدەهێشت کە وشەکان بەباشی بڵێ) نەمتوانیوە وکوو منداڵی خەڵکی بەخێویان بکەم ، من مەدیوونی ئەوانم بەس مەدیوونی کورد نیم چونکە هەرچیم کردووە لەڕێ کورددا کردوومە، بەڵام مەدیوونی خێزانم و کچەکانم و کورەکانمم، من کوردایەتیم لەوان پێ گرینگتر بوو بۆیە دەستم لەوان بەر داوە.

کوردستان میدیا: ئاواتت چییە؟

سەدیق عارفی: ئاوات و ئامانجی من ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەر بکەوێ و حکوومەتێکی دێموکرات و خەڵکی لە ئێران و کوردستان پێک بێت و خەڵک لەچەرمەسەری، ترس و تۆقاندن رزگاریان بێت، هەروەها بچمەوە بۆ گوندەکەی خۆم، دەرەهەجیج کە ئێستا چۆڵە خانە باخێک بۆ خۆم دروست بکەم و تێیدا بژیم.

کوردستان میدیا: چی بە نەوەی داهاتوو دەڵێی؟

سەدیق عارفی: وەڵڵا بە خەڵکی خۆمان دەڵێم بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ کار و جینایەتەکانی کۆماری ئسلامی لە قاو بدەن و هەردەم رێگای کوردایەتی بە منداڵەکانیان وەبیر بهێنەوە.

سپاس بۆ ئیوە کاک سەدیق کە لەم وتووێژەدا ئامادە بوون.

وێنە/ سەلاح نادری

بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا