کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراوی کۆتایی هاتنی پلینۆمی ٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

15:30 - 16 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٥، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
رۆژانی ١٢ ــ ١٤ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی (١ ـ ٣ی مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی) پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداری ئەندامانی رێبەری و نوێنەری کۆمیتەی حیزبی کار‌وباری دەرەوە بەڕێوەچوو.
پلینۆم بە خولەکێک بێ‌دەنگی بە یادی شەهیدانی کوردستان دەستی بەکار کرد و بە دوای ئەودا سکرتێری گشتیی حیزب مستەفا هیجری دەستووری کاری پلینۆمی خستە بەر رای بەشدارانی پلینۆم و پاش پەسندکردنی، راپۆرتێکی سیاسیی پێشکەش کرد. راپۆرتەکە ئاڵوگۆرەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و بەشە جیاجیاکانی کوردستان، هەروەها ئەو حکوومەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە لە ماوەی نێوان دوو پلینۆمی دواییدا خستبووە بەرباس کە دوای باسێکی تێر‌وتەسەل لەلایەن هاوڕێیانی بەشداری پلینۆمەوە پەسند کرا.
سەبارەت بە ئاڵوگۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راپۆرت ئاماژەی بە ناسەقامگیریی بەشێک لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە کردبوو کە بە دوای ئاڵوگۆرەکان کە بە بەهاری عەرەبی ناسراون روویان دا، کەلە وڵاتانی وەکوو سووریە و چەند وڵاتێکی ئەفریقایی بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و ماوەیەکی دەوێ کە بۆ جارێکی دیکە سەقامگیری لەو وڵاتانەدا وەدی بێ‌، لە راپۆرتەکەدا ئەو ماوەیە بە ماوەی تێپەڕین (گوزار) ناسرا بوو.
راپۆرت لەسەر ئەو بۆچوونە بوو کە دوو رێژیمی سووریە و ئێران ئەکتەری سەرەکین لە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکە:
ـ سووریە دوای دوو ساڵ کوشتار ‌و وێرانی هەروا چەقی ئاڵوزی و شوێندانەری لەسەر ئاڵوگۆرە سیاسییەکانی ناوچە بە تایبەت وڵاتانی دراوسییە. ئەگەر لە سەرەتای دەست پێکردنی ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە و کوشتاری خەڵکی ناڕازی و وێران‌کردنی وڵات بە فەرمانی بەشار ئەسەد کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بەشێک لە وڵاتانی ناوچە بە تایبەت تورکیە و عەرەبەستانی سعوودی خوازیاری لاچوونی بەشار ئەسەد لە حکوومەت بوون و بۆ ئەو مەبەستە هەر لایەنە و بە شێوەیەک یارمەتی دەگەیاندە ئوپۆزیسیۆنی سووریە، بە درێژبوونەوەی ئەم وەزعە و دەست تێوەردانی ئێران لە ئاڵوزییەکانی ئەو وڵاتە و گەیاندنی یارمەتی هەمەلایەنە و جیددی بە حکوومەتی بەشار ئەسەد لە لایەک و کۆبوونەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەلقاعیدە لە سووریە و شەڕکردنیان دژی ئەرتشی سووریە و تەنانەت دژی ئەرتشی ئازاد، بوون بە هۆی پێکهێنانی گومان لە داهاتووی سووریە و لە ئاکامی ئەم ئاڵوگۆرەدا یارمەتییەکانی رۆژئاوا بۆ ئوپۆزیسیۆن کەم کرانەوە و دەستی بەشار ئەسەد بۆ سەرکوت و وێرانی ئاوەڵاتر بوو. ئەو وەزعیەتە هۆی ئاڵوگۆر لە سیاسەتی زۆربەی ئەو وڵاتانەدا بوو کە بەرنامەی خۆیان لەسەر وەلانانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات هەڵچنی بوو.
لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی دوای ٣٥ ساڵ کار کردن لەسەر پیتاندنی ئورانیۆم بە مەبەستی دەست وێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی و سەرفی سەدان میلیارد دولار لە داهاتی خەڵک لەو راستایە، لە ئاکامدا لە بەرانبەر گەمارۆکانی ئەمریکا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە چۆکدا هات و رۆژی ٢٤ی نۆڤامبری ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە ژنێڤ بە ناچار ملی راکێشا بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەک کە هەموو مەبەست و داخوازییەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە خۆ گرتبوو، لە بەرامبەر ئەو بە چۆک هاتنەدا، تەنیا هێندێک ئیمتیازی وردی وەرگرتبوو. بەم چەشنە هێندێک ئاڵوگۆر لە سیاسەتی ئەو وڵاتانەدا پێکهات کە پێوەندییەکانیان لەگەڵ رێژیمی ئێران کەم کردبووەوە.
سەبارەت بە وەزعی نا‌وخۆی ئێران راپورتەکە ئاماژەی بە‌و راستییانەی کرد کە لە ماوەی٥ ــ ٦ مانگی رابردوودا سەرکوت و زەبر و زەنگ و زاڵبوونی فەزای ئەمنیەتی، بێکاری، پێ‌شێلکردنی مافی مرۆڤ بێ‌داهاتیی خەڵک، گرانی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان کە ئاکامی سیاسەتی رێژیمن، هەروا لە پەرەسەندن دان، ژمارەی ئیعدامییەکان زیاتر بوو، بە پێچەوانەی وەعدەکانی رووحانی لە کاتی هەڵبژاردندا رەوتی رووداوەکان بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە دەچنە پێش. بە کورتی تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر رۆژئاوا، بە قیمەتی سەرکوت و نەهامەتی زیاتری خەڵک لە نێوخۆدا بووە.
راپۆرتەکە باسی لەسەر چڕبوونەوە و زیاتربوونی ئیعدام و زندانی‌کردنی تێکۆشەران و مافخوازانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا کرد بووە و ئەو راستییەی بۆ جارێکی دیکەش هێنابووە ئاراوە کە گەلی کورد و باقی نەتەوە مافخوازەکان بە زەبر و زەنگ و تۆقاندن ورەیان بەر نەداوە و بەربەرەکانێ دژی رێژیم بۆ بە دەستهێنانی مافە رەواکانیان هەروا بەردەوامە.


لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاوڕدانەوەیەک بە پرسی کورد و دوایین ئاڵۆگۆڕەکان لەسەر بەشە جیاجیاکانی کوردستان کرد بوو و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە:

لە کوردستانی سووریە دەرفەتێکی گونجاو خولقاوە کە ئەگەر کوردەکانی ئەو بەشە بە وریایی و یەکگرتوانە بەرەو پیری بچن و بەرنامەیەکی شیاوی بۆ دابنێن دەتوانن داهاتوویەکی باش بۆ ئەو بەشە دابین بکەن، سەبارەت بە راگەیاندنی کانتۆنەکانی ئەو بەشە بۆ ئیدارەکردنی ‌و بەرێوەبردن، پلینیوم لەو باوەڕەدا بوو کە:
ـ سپاردنی ئیدارە و بەڕێوەبەریی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان بە خەڵکی خۆجێیی لە رێگای هەڵبژاردنێکی ئازاد، یەکسان و دێموکراتێک و کورت‌کردنەوەی دەستی زۆرداری دیکتاتۆرەکان لەسەر کوردستان ویستێکی رەوا و دێموکراتیکی خەڵکە و حیزبی دێموکرات پشتیوانی لێ دەکا.
ـ لە هەمان حاڵدا نیگەرانیی خۆی دەردەبڕی لە هەر چەشنە خۆسەپاندن و تاکڕەوی لەو پێوەندییەدا لە لایەن هەر گرووپ و حیزبیکەوە بێ، چونکە ئەم شێوە هەڵسوکەوتە بە قازانجی خەڵک تەواو نابێ و دەبێتە هۆی لەدەست چوونی دەرفەتەکان.
ـ بێجگە لەوانە لە ئیدارە و ناساندنی ئەو کانتۆنانەدا هیچ هێما و نیشانەیەکی کوردستانی و نەتەوەیی بەدی ناکرێ. بۆیە پلینۆم هیواداری دەربڕی کە خۆشک و براکانمان لەو بەشەی کوردستاندا بە رۆحێکی دێموکراتیک و دوور لە هەر چەشنە پاوانخوازی و زەق‌کردنەوەی بەرژەوەندی حیزبی لە بەرانبەر بەرژەوەندی نەتەوەییدا هەنگاو بنێن و لە دەرفەتە لە بارەکانی کەڵکی شیاو وەربگرن.
لە کوردستانی باشوور سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنێکی جێگای پەسند بۆ دیاری کردنی نوێنەرانی پارلمان بە سەرکەوتوویی لەو ماوەیەدا کۆتایی پێ هات، بەڵام وەدواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت بووەتە هۆی نیگەرانی دانیشتوانی ئەو بەشەی کوردستان و هەموو دلسۆزانی کورد.
بەڵام ئەوەی کە زۆرتر جێگای نیگەرانی پلینۆم بوو دەست تێوەردانی کۆماری ئیسلامی لەو بەشەی کوردستان و لە نێو هێندێک حیزب و لایەنەکان بوو کەلە ئێستا ئاشکراتر خۆی دەنوێنی. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی شارەزایی و ئەزموونێکی ٣٥ ساڵەی لەگەڵ رێژیمی جمهووری ئیسلامی لای روونە کە ئەو رێژیمە دژی کوردە و سەقامگیری و ئاشتی بۆ کوردستان ناوێ و دەست تێوەردانەکانی ئەو رێژیمە بۆ نانەوەی ئاژاوە، دووبەرەکێ و تێکدانی ئەم وەزعەیە کەلە کوردستانی باشوور هاتوونەتە ئاراوە و بووەتە چقڵی چاوی ‌و بە هەموو شێوەیەک لە دژی پیلان دەگێڕێ، بۆیە پلینیۆم هیوای دەربڕی کە حکوومەتی هەرێم و حیزبەکانی ئەو بەشە بە چاوکراوەیی و وریایی‌یەوە بڕواننە کۆماری ئیسلامی و هەڵسوکەوتەکانی لەم بەشەی کوردستان.
پلینۆم سەبارەت بە کوردستانی باکوور لەو باوەڕدا بوو، کە پرۆسەی ئاشتی کە نزیک بە ساڵێک لەمەو پێش لە نێوان حکوومەتی تورکیە و P.K.K هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هەروەک پێشتر نیگەرانی حیزبی دێموکرات دەربڕا بوو، ئێستاش زۆر بە لاوازی دەچێتە پێش و هیوادارین کە رەوتی ئاشتی لەو بەشەی کوردستان بەرە‌و دابین‌کردنی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد بچێتە پێش.
پلینۆم هیوای دەربڕی کە لایەنەکانی ئەم پرۆسەیە بە تایبەت حکوومەتی تورکیە هەنگاوی جیددی لە راستای چارەسەر کردنی ئەم پرسە هەڵبگرن.
لە بەشێکی دیکەی کاری پلینۆم گەڵاڵەکانی حیزب و هاوڕێیانی پێشوو سەبارەت بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات خرایە بەرباس و دوای لێکدانەوە، پلینۆمی شەشەم بەو ئاکامە گەیشت کە:
حیزبی دێموکرات ئامادەیە وتووێژەکانی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بە مەبەستی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو لەسەر ئەو بنەمایانە درێژە بدا:
١ ــ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی پێشوو لەسەر بنەمای پەسندکراوەکانی کۆنگرەی سێزدە دوایین کۆنگرە پێش لە جیابوونەوە کە لەلایەن هەموانەوە پەسندکراوە. ئەو پەسندکراوانە ناو، ئارم و هەموو ئەو پێناسانەی حیزب لەخۆ دەگرێ‌کە لەو کاتەدا دەنگی بۆ دراوە.
٢ ــ باقی وردەکارییەکانی پێویست کە یەکریزیی حیزب بەهێز دەکەن، هەروەها چۆنیەتیی ئامادەکردنی کۆنگرەی هاوبەش پێویستە پێش کۆنگرە، تەوافوقی لەسەر بکرێ ‌و کۆنگرەی داهاتوو بە رەوالی عادی بە مەبەستی دیاریکردنی سیاسەتی گشتی کەلە راپۆرتێکی سیاسیدا پێشکەش بە کۆنگرە دەکرێ ‌و دەنگی بۆ وەردەگیرێ‌، پەسندکردنی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ و هەڵبژاردنی ئەندامانی رێبەرایەتی پێک دێ ‌و هەموو لایەک پابەند دەبن بە بڕیارات و پەسندکراوەکانی کۆنگرە.
لە کۆتایی کاری پلینۆم، کۆمەڵێک خاڵی تەشکیلاتی و ئۆرگانی حیزبی لەسەر ئەساسی پێشنیاری دەفتەری سیاسی خرانە بەرباس و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٥/١١/١٣٩٢ی هەتاوی
٤/٢/٢٠١٤ی زایینی