• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٤ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

راپۆرتی سیاسیی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی

زایینی: ١٣-٠٢-٢٠١٤ - هەتاوی: ١٣٩٢/١١/٢٤ - ١٥:٢٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
راپۆرتی سیاسیی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی
کوردستان میدیا: راپۆرتی سیاسیی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لە رێکەوتی ١٢ هەتا ١٤ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی بەڕێوەچوو، بڵاو کرایەوە.

دەقی راپۆرتەکە بەم جەشنەیە:


رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغی تێپەڕین (گوزار)دا

بە دوای بەهاری عەرەبیدا، سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لانیکەم بەشێک لە باکووری ئەفریقا تێکچووە و بەگشتی تا ئێستا لە حاڵی تێپەڕیندان و ماوەیەکی دیکەشی پێ‌دەچێ‌تا سەقامگیری بێتەوە ئاراوە:

ـ توونس، چەخماخەی ئاڵوگۆڕ و بشێوی: بە پەسندکردنی یاسای بنەڕەتی خەریکە سەقامگیری خۆی لەسەر رێڕەوێکی تا رادەیەک دێموکراتیک بە دەست بـێنێتەوە.

ـ میسر لە ماوەی کورتی چوار ساڵیدا هەر لە کوڵان دایە، پەسندکردنی یاسای بنچینەیی لەوێ‌لە مانگی رابردوودا هەنگاوێکی بەرچاوی بەرەوپێش بەرەو سەقامگیری بوو، بەڵام هێشتا مەودای زۆری ماوە ئەخوان‌وموسلمین هێشتا بەهێزی زۆرەوە خەریکی بەربەرەکانێ و دژایەتیی دەسەڵاتی نوێن، بۆیە دەتوانن ماوەی پرۆسەی تێپەڕین درێژتر بکەنەوە.

ـ لە سووریە زۆرتر بە هۆی بێ‌هەڵوێستی ئەمریکا و رۆژئاوا و دەستێوەرنەدانیان بۆ رووخاندنی خێرای حکوومەتی بەشار ئەسەد هەلومەرجێکی لەبار بۆ ئێران و ئەلقاعیدە پێکهات کە شۆڕشی خەڵکی ئازادیخوازی سووریەیان بە لاڕێدا برد تا ئەو جێگایەی کە بەشار ئەسەد و ئەلقاعیدە بوونە ئەکتەری سەرەکیی کایەیەک کە ئێستا لە سووریە بەردەوامە، ئەوەش بوو بە مەترسییەک بۆ رۆژئاوا، ئیسرائیل و تورکیە.

ئێستاش دوای ٢ ساڵ کوشتار و وێرانی سووریە هەروا چەقی ئاڵۆزی و چ لە باری تەشەنەکردنی ئاڵۆزی و چ لە باری کاریگەریی ئەو رووداوانە لەسەر سیاسەتەی وڵاتانی دراوسێ‌، شوێندانەر بووە.

ـ تورکیە کە بە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی حیزبی ئیسلامگەرایی ئاک پارتی و بێ‌دەسەڵات کردنی ئەرتەش لە بواری سیاسییەوە، بە خێرایی گەشەی کرد و خەریک بوو لە بواری بەڕێوەبردنی حکوومەت بە پێکهێنانی تەبایی لە نێوان دێموکراسی و ئیسلامی سوننە ببێتە ئولگوویەک لە ناوچەدا، بەڵام بە چەند هۆی وەکوو بە تێوەگلانی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە شەڕی سووریە ‌و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕینی ژمارەیەکی زۆر لە سکولارەکان لە جەرەیانی پارکی گزی لە هاوینی رابردو‌ودا و تێوەگلانی بە شێک لە ئەندامانی دەوڵەتی ئەردۆغان لە گەندەڵی و دژایەتیکردن دەوڵەتەکەی لەلایەن کەسایەتێکی بەنفووزی دیکەی ئیسلامگەرا وەک "فەتحوڵڵا گویلەن" تووشی کۆسپی گەورەی نێوخۆیی بووە. بەوانەشەوە ئێستاش بە پێی راپرسی حیزبی ئاک‌پارتی حیزبی یەکەمە. ئەو وڵاتە کە شوێندانەرترین هێزی دەرەکی یارمەتیدەری ئوپۆزسیۆن بۆ لابردنی ئەسەد بوو، خەریکی چاوخشاندنەوە بە سیاسەتەکانی دایە و بۆ ئەو مەبەستە خەریکە لەگەڵ ئێران نزیک ببێتەوە و رەنگە لە سیاسەت و کردەوەکانی لەو پێوەندییەدا ئاڵوگۆڕ پێک بێنێ.
ـ لە عێراقی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە تایبەت لە ماوەی ٧ ــ ٨ مانگی رابردوودا ئەگەر بڵێین حکوومەتێک نییە زۆرمان نەگوتووە هێزی توندئاژۆی دەوڵەتی عێراق و شام کە بە ناوی "داعش" ناسراوە چەند ناوچەیەکی نزیک پێتەختی دەست بەسەردا گرتووە و بەغدای خستووەتە مەترسییەوە. مەترسی بەهێزبوون و پەرەگرتنی زیاتری داعش ئەمریکا، عێراق و ئێرانی بە مەبەستی سەرکوت کردنی ئەو هێزە لێک نزیک کردووەتەوە.

ـ عەربستانی سعوودی کە یەکێک لە یارمەتیدەرانی ماڵی بە هێزی هێزە چەکدارەکان لە سووریەیە، سیاسەتەکەی تووشی گرفت بووە لە ئاڵوگۆڕی هاوکێشە سیاسییەکان زیانی لێ‌دەکەوێ‌. ئەو ئاڵوگۆڕە دەتوانێ شوێندانەریی خۆی لەسەر مەسەلەی کورد لە سووریە و تورکیە دابنێ و سازانی هێزە زەبەلاحەکان بە تایبەت ئێران و تورکیە قوربانی کردنی PYDی لە سووریەی لێ بکەوێتەوە و کورد دەرفەتەکەی لە چنگ بچێ و لە تورکیەش هەنگاوێکی کردەیی ئەوتۆ بۆ وەزعی کوردە هەڵ نەگیرێ.

لە قۆناغی تێپەڕین لەم ناوچەیەدا و تا گەیشتن بە سەقامگیریی دووبارە بێجگە لەو وڵاتانەی کە ئاماژەمان پێکردن و هەندێک وڵاتی دیکە کە شوێندانەرییان کەمترە لە ئێستادا، لە ٥ ــ ٦ مانگی رابردوودا درێژەی شەڕی نێوخۆیی سووریە و ئاڵوگۆڕی سیاسەتی دەرەکیی ئێران لەمەڕ پرۆژە ناوکییەکەی بوونەتە چەقی ئاڵوگۆڕی هاوکێشە سیاسییەکان.
لە ئێراندا چ رووی داوە؟

مل راکێشانی ئێران بۆ بڕیاری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی هەروەک لە پلینۆمی پێشوودا (پلینۆمی پێنجەم) بەو ئاکامە گەیشتین کە رێژیم لە بواری وێرانی ئابوورییەوە گەیشتووەتە خاڵێک کە بێجگە لە تەسلیم بوون لە بەرامبەر رۆژئاوادا هیچ رێگایەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە و مل رادەکێشێ‌. رۆژی ٢٤ی نۆڤامبر رێککەوتنی کاتی لەنێوان گرووپی ١ + ٥ لەگەڵ نوێنەرانی ئێران راگەیەندرا:

ـ ئاکامی ئەو رێککەوتننامە کە بە کورتی بریتییە لەوەی بەرهەمی ٢٠ ساڵ کارکردن لەسەر پرۆژەی ناوەکی و سەرفی تێچوویەک کە هێندێک لایەن بە ١٧٠ میلیار دولاری دەخەملێنن، لە دەست دەدا و لە بەرامبەردا ٤،٢ میلیارد دولار لە پارە دەستبەسەرکراوەکانی ئێران لە بانکەکاندا بە شێوەی قیستی و لە ٦ مانگدا ئازاد دەکرێ، بێجگە لەوە و گەمارۆکان لە چەند خاڵێکی سنوورداردا شل دەکرێتەوە.

شارەزایان لەو بڕوایە دان کە بەرهەمی رێژیمی ئیسلامی لەو ٢٠ ساڵەدا بریتی بوو لە ٧٠٠٠ (حەوت هەزار) کیلوگرام ئورانیۆمی تا ٥% پیتێندراو و ١٩٥ کیلۆگرام تا ٢٠%. بەپێی نرخێک کە رووسیە بەرهەمی وزەی ئەتۆمی دەفرۆشێ‌، بایی هەموو ئەو بەرهەمەی ئێران لە ٧ میلیۆن دۆلار تێناپەڕی.
بەپێی رێککەوتننامەی کاتیی ٦ مانگەی ئێران و گرووپی ١ + ٥ ئورانیۆمی پیتێندراوی ٢٠% دەبێ بکاتەوە بە ئوکسیدی ئورانیۆم و رادەی ئورانیۆمی ٥% پیتێندراویش نابێ زیاد بکرێت.

ـ بەڵام تێچووی لاوەکی پێداگریی ئێران لەسەر درێژەدانی پیتاندنی ئورانیۆمی زۆر زیاتر لەوانەش بووە:

لە ٨ ساڵی رابردوودا بە هۆی پەسندکرانی گەمارۆکان، ئێران نەیتوانیوە تەنانەت یەک فاز لە فازەکانی ''پارسی جنووبی'' کە پەرەپێدانی بەرهەمی گازە جێ‌بەجێ‌بکا. لە حاڵێکدا ئەگەر بیتوانیبا ئەو فازانە بگەیەنێتە بەرهەمهێنان، بەرهەمی گازی ئێران دەکرا ٨/١ میلیارد میتری سێ‌جا لە رۆژدا زیاد بکا، کە ئەوە دەیتوانی ساڵانە تا ١٠٠ میلیارد دولار داهاتی دراوی بۆ وڵات هەبێ.

زیادە تێچووی بازرگانیی ئێران بە هۆی ئەو گەمارۆیانەوە ساڵانە دەیان میلیارد دولارە.

دابەزینی داهاتی دراوی لە هەناردەکردنی نەوت لەو ماوەیەدا ساڵانە ٦٠ میلیارد دولارە.

ئێران تا ئێستا رێککەوتووە کە ماوەی ٣ ساڵ بەڵێنە تەواوکەرەکانی دیکە کە دەکەوێتە سەرشانی (دوای ئەو ٦ مانگە) بەڕێوەی بەرێ‌تا ئەو گەمارۆیانە لەسەری هەڵگیرێ‌، بەڵام ئەمریکا داوا دەکا ئەو ماوەیە (تاقیکاری دروستی) دەبێ‌١٠ ساڵ بێ‌، تاکوو ئێران ئەو مافەی پێ بدرێ‌کە ئورانیۆمی پیتێندراوی پێویست بۆ کار‌وباری وزەو دەرمان، بەرهەم بێنێ.
ئەو کارەساتە ئاکامی سەرەڕۆیی و نەزانکاریی رێبەرانی رێژیم لە پلاندانان و بەدواداچوون و حیساباتێکی هەڵەیە کە ٢٠ ــ ٢٥ ساڵ لەسەر ئەو پرۆژەیە بەردەوام بوون و ئەو هەموو خەسار و زیانە ماددییە و زەربەیەکی گەورە لە ئاستی جیهاندا لە ئیعتباری ئێران کەوت، سەرەڕای ئەوانەش سەرانی رێژیم دروشم دەدەن کە رۆژئاوایان بە چۆکدا هێناوە.

رەنگدانەوەی ئەو رێککەوتننامە لە ئاستی نێونەتەوەییدا:

لە رۆژئاوا ‌و رۆژهەڵاتی نێوەراستدا ئەو بۆچوونە خەریکە زۆرتر جێ دەگرێ کە دەوڵەتی رووحانی بە گوتار و سیاسەتێکی جیاواز هاتووەتە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران، بە پێچەوانەی دەورانی ٨ ساڵەی دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاد دەوڵەتی تازەی رێژیم بۆ بڕیارەکانی نێونەتەوەیی و رۆژئاوا لە باری راگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم، مل رادەکێشێ و ئەدەبیاتی نەرم کە بۆنی جۆرێک سازان و گوێڕایەلێی لێ‌دێ‌بووەتە هۆی گۆڕینی سیاسەتی نێونەتەوەیی لە سەرووی هەموویان ئەمریکا و سەرکۆمارەکەی بە نیسبەت ئێرانەوە.

لەسەر بە دەستهێنانی بازاری ئێران لە چوارچێوەی شل کردنەوەی ئابلوقە لە هێندێک بواری سنوورداردا‌و ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانیان، کێبەرکێ‌درۆست دەکا.

هاتنی هەیئەتی پارلمانی ئورووپا‌و بریتانیا بۆ ئێران‌و بەرنامەی سەفەری هەیئەتی پارلمانی ئێران بۆ لەندەن، دەرگایەکی تازەی دیپلۆماسی بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە.

هێندێک دەوڵەت لە ناوچەدا سیاسەتەکانیان لەگەڵ ئێران لەسەر بنچینەی دوژمنایەتی ئەمریکا لەگەڵ ئێران‌و ملنەدانی ئێران بۆ بڕیاراتی نێونەتەوەیی لەسەر پیتاندنی یورانیوم دارشتبوو کە ئەو مل نەدانەی رێژیمی ئێران جار‌وبار لێکدانەوەی هێرش بۆ سەر رێژیمی ئێرانی لێ‌دەکەوتەوە. ئەم سازانە بۆ رێبەری رێژیمی ئێران‌و گرووپی 1+5 هەڵوێستی ئەوانی گۆریوە، بۆ وێنە:

ـ سەفەری ئەردوغان بۆ ئێران‌و هەروەها عەرەبستانی سعوودیش لە هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانی لەگەڵ ئێران دایە.

ـ وڵاتانی خەلیج لەو بارەوە زۆرتر چوونەتە پێش.

ئاڵوگۆرەکانی دیکەی ناوچە لە هێندێک بواردا ئێران ‌و ئەمریکای هاوئاراستە کردوە. بۆ وێنە مەترسی بەهێزبوونی ئەلقاعیدە لە سووریە‌و عێراق کە بەرژەوەندییەکانی هەر دوولای خستوەتە مەترسییەوە، هەڵویستی یەکسانی لای هەر دووکیان دروست کردوە بە تایبەت لە عێراقدا‌و بە دژی"داعش".

وادیارە سەرەڕای هێندێک گرفتی بچووک لەسەر رێگای بەرە‌وپێشچوونی رەوتی رێکەوتننامەکە، ئەو رەوتە دەچێتە پێشی بەو هۆیانەوە:

1ـ حکوومەتی ئێران لەو ماوەیەدا هەموو رێگا سەختەکانی تاقی کردەوە کە بتوانێ‌دەستی بە چەکی ئەتومی بگا. بەڵام هیچ ئاکامێکی دەست نەکەوت‌و گەیشتە خاڵی کۆتایی. رێژیمی ئێران بە ویستی خۆی نەچووەتە ژێر باری ئەو بەڵێنانەوە، بەڵکوو لە رووی ناچارییەوە‌و، بۆ مانەوەی خۆی‌و پاراستنی رێژیمەکەی ئەو رێگایەی پەسند کردوە، بۆڵەبۆڵەکانی پارلمان‌و هێندێک لە مەلاکان بە جێگایەک ناگا لەبەر ئەوەی وەلی فەقیه حاڵی بووە بێجگە لەوە رێگایەکی دیکە نیە‌و قسەی کۆتایش ئەو دەیکا.

لە رۆژئاوادا بە تایبەت ئەمریکا‌و ئیسرائیلیش بەو رێکەوتننامە رازین، چوونکە ئەوەی ئەوان لێی دەترسان دەست راگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بوو، ئەو رێکەوتننامەیە جێگایەک بۆ ئەو مەترسییە ناهێلێتەوە لە کۆتاییدا ئێزن پێدانی ئێران بۆ پیتاندنی یورانیوم بۆ مەبەستی خزمەتگوزاری بۆ رۆژئاوا زۆر ئاسایییە، چوونکە ئەوان هەر لە سەرەتاوە رایانگەیاند بوو کە ئێران وەک هەموو وڵاتانی دیکە مافی ئەوەی هەیە وزەی ناوکی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەبەدەست بێنێ‌، بەو مەرجەی بیسەلمێنێ‌کە لە هەوڵی دەست پێراگەیشتن بە چەکی ناوکی نادا.

لە درێژخایەندا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەر بەوە لە کۆماری ئیسلامی رازی نابێ‌کە چەکی ئەتۆمی نەبێ‌، بەڵکوو:

یارمەتیدانی بە دەوڵەت‌و گرووپە تیرۆریستیەکان وەک حیزب‌وڵڵا، سوریەی بەشار ئەسەد‌و... .
لە مەترسی خستنی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا لە رۆژهەلاتی نێوەراست‌و شوێنەکانی دیکە دنیا.

هەڕەشە کردن لە ئیسرائیل‌و باقی هاوپیمانانی ئەمریکا لە ناوچە‌و ... .
هەموو خاڵی ناکۆکی نێوان رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە، ئێستا کە خاڵی لاوازی رێژیمیان دیوەتەوە کە دەتوانن بە گوشارهێنان داخوازییەکانی خۆیانی بەسەردابسەپێنن، چاوەڕوان دەکرێ‌بە دوای وەری خستنی یەکجاری رەوتی سازانی پرۆسەی ناوکی، ئەوجارە گوشارەکانی رۆژئاوا بە شێوەی گونجاوی خۆی بۆ سەر رێژیم دەست پێ‌بکاتەوە بە تایبەت کە ئیدئولۆژی‌و عەقلیەتی رێژیم دژی ئەو نۆرم‌و بەهایانەن کە لە قۆناغی تێپەرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شکڵگرتنێکی دیکە‌و سەقامگیری ئەو ناوچەیە کە رۆژئاوا هەوڵی بۆ دەدا بە دڵخوازی خۆی دابرێژێتەوە، هەر بۆیەش درێژەدانی ملهوڕیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە‌و بگرە بوونی رێژیمەکە بەرە‌و کۆتایی دەچێ‌.

سیاسەتی رێژیم لە نێوخۆی ئێران لە دەوڵەتی رووحانیدا

وەک پێشتر پێشبینیمان کرد بوو "سازان لەگەڵ رۆژئاوا‌و سەرکوت لە ناوخۆ" لە دەوڵەتی حەسەن روووحانی بە تەواوی روون بووە‌و لە ئێستادا بەڕێوە دەچێ‌. کارەکەی ترس لە راپەرینی خەڵک بە هۆی ناڕەزایەتییەکانیانە، چوونکە ستەم‌و ناڕەزایەتی بە تایبەت لە ناوچانەی کە نەتەوەکانی غەیرە فارس تێدا زیاترە، بەهێزتر‌و بەر بەرینترە ژمارەی ئیعدامی، زیندانی‌و کوشتاری خەڵکانی ئەو ناوچانە لەماوەی 5 ـ 6 مانگی هاتنە سەر دەسەڵاتی رووحانی بە هەڵسەنگاندنێک لەگەڵ ماوەی "وەک یەک"ی کاتی ئەحمەدی نژاد، ئەو راستییەی ئاشکراتر دەکا. ئاکامی ئەو شێوە رەفتارە لە کۆتاییدا نەک هەر یارمەتیدەری رێژیم بۆ مانەوە‌و سەقامگیری نابێ‌، بەڵکوو دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ لەناوبردنی رێژیم.

باقی گرفت‌و کێشە کۆمەلایەتی، ئابووری، ئەمنییەتییەکان‌و ... هەروا بەردەوامن، لەو ماوەیەدا نەک هەر کرانەوەیەک نەهاتوەتە پێش، بەڵکوو لە هەموو بوارەکاندا وەزعەکە خراپتر بوەتەوە:

تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان ـ ژمارەی جۆراوجۆر باس دەکرێ‌، بەڵام بە تێکرا ژمارەکە روو لە زیاد بووندا بوە.

ئابووری ـ ناوەندی ئاماری ئێران رۆژی 7ی رێبەندان رایگەیاند نرخی هەڵاوسان نیسبەت بە مانگی پێشوو نێزیک بە 5/.% دابەزیوە، بەڵام نێونجی قیمەتی خۆراکی لە مانگی سەرماوەز نیسبەت بە مانگی پێشوو زیاتر لە 26% تاران چووەتە سەرێ‌‌و بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو مانگە لە ساڵی رابردوودا 51% زیادی کردووە.

ئەگەر لە 1 ـ2 مانگی دوای پێکهێنانی حکوومەتی رووحانی هیوایەک پێک هاتبوو کە بەڵێنەکانی جێبەجێ‌دەکا‌و کرانەوەیەک لە ئازادی دەربڕین، ئازادی زیندانیانی سیاسی، لاوازکردنی کەشی ئەمنییەتی‌و برەوپێدانی کار‌و کاسبی پێک دێ‌، تاکوو ئێستا بە پێچەوانەکەی رووی داوە، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی تەنانەت زۆربەی ئەوانەی پرۆپاگەندەیان بۆ رووحانی‌و بەرنامە‌و بەڵێنەکانی دەکرد، پەشیمان‌و بێهیوا بوونە. بەڵام سازان لەگەڵ رۆژئاوا بە هیوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری جارێ‌خەڵکی لە چاوەڕوانیدا هێشتوەتەوە.

دووبەرەکی لە نێوان ئوسولگەراکان‌و دەوڵەت کە بە لایەنی میانەڕەو حیسابی لەسەر دەکرێ‌لە ئێستادا بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ سازانی رێژیم لەسەر راگرتنی پیتاندنی یورانیوم، توندتر بووە‌و هەر لایەنێک بۆ راستیی قسەی خۆی پەنا بۆ قسەی خامنەیی دەبا، ئەویش دوای ئەوەی جارێک بە ئاشکرا پشتگیری تیمی وتووێژکەری کرد بێ‌دەنگ بوو‌و، لەم پێوەندییەدا زۆر بە پارێزەوە رەفتاری کردووە بۆ ئەوەی ئاکامی وتووێژەکان ئەگەر شکستیان هێنا بە خراپ بەسەریدا نەشکێتەوە.

رێفۆرمخوازان ئەگەر لە دەورانی هەڵبژاردندا دەنگیان لێوە دەهات‌و بازاریان گەرم بوو، ئێستا بێجگە لە هاشمی رەفسەنجانی، قسە‌و باسێکی ئەوتۆیان لێ‌ نابیسرێ‌.

بەگشتی دۆخی سیاسیی ئێران بێجگە لە ناوچەی نەتەوەکانی غەیری فارس، تەنانەت بە تورکەکانیشەوە فەزایەکی بێدەنگە، بەڵام گومانی تێدا نیە بەرهەڵستی دژی رێژیم بە شێوەی تاک لە لایەن ئازادیخوازانەوە هەر بەردەوامە، کە بەداخەوە زۆر شوێندانەر نیە، بەڵام ئەو بێدەنگی‌و ئارامی رواڵەتییە کە جێگای دڵخۆشی رێژیمە دەتوانی بێدەنگی پێش توفان بێ‌کە لە کاتی خۆیدا دەتەقێتەوە.

رووحانی بەڵێنی دابوو کە نوێنەرانی نەتەوەکان‌و کەمینە دینییەکان لە کابینەکەیدا بەشدار دەبن بەندی 15ی یاسای بنەڕەتی رێژیم سەبارەت بە خوێندنی بە زمانی دایک لە قوتابخانەکاندا جێ‌بەجێ دەکات‌و چاوەدێری ئەمنیەتی حاکم بەسەر ئەو ناوچانەدا لا دەبا. بەڵام تا ئێستا کە نزیک بە 6 مانگ لە هاتنە سەر کاری رووحانی تێدەپەڕێ هیچ هەنگاوێک لەو پێوەندییەدا هەڵنەگیراوە، لە جیاتی نوێنەری " بەقەولی ئەوان کەمە قەومییەکان"، کەسێکی وەک "عەلی یونسی" وەزیری ئیتلاعاتی پێشوو وەکوو راوێژکاری تایبەتی سەرۆک کۆمار لەو بەشەدا دیاری کراوە.
جار‌وبار باسی جێ‌بەجێ‌کردنی ئەم بەڵێنانەی کە رووحانی داویەتی لە راگەیەنەکاندا دێنە گۆڕێ، بەڵام تا ئیستا هیچ بەرنامەیەکی جیددی بۆ ئەو مەبەستە لە ئارادا نیە‌و فەزاکەش لە کوردستان ئەمنییەتیتر کراوەتەوە، بە دیاریکردنی یونسی بۆ ئەم بەرپرسایەتییە، نەک فەزای ئەمنییەتی لەسەر ئەو ناوچانە لانەچووە، بەڵکوو توندتر بووەتەوە‌و بەڵێنەکانی رووحانی‌و دەورووبەرەکەی بۆ دیاری کردنی ئوستانداری خۆجێ‌یی جێبەجێ‌نەبووە، بەڵام زیاتر لە رابردوو خەڵکی کورد سووکایەتی پێ کرا کاتێک کە رەحمان فەزلی وەزیری نا‌وخۆ لە رێ‌ورەسمی ماڵئاوایی‌و ناساندنی پارێزگاری تازە‌و کۆنی کوردستان دەڵێ "هەرچی گەڕام هەڵبژاردەیەکی خۆ جێی موناسب بۆ ئۆستانداریم پەیدا نەکردوە، زۆرم پێخۆش بوو کەسێکی خۆجێی بۆ پارێزگار دیاری بکەم، بەڵام کەسێک بە تایبەتمەندی باس کراوم بۆ نەدۆزراوە".
لەوەش خراپتر قسەکانی عەلی یونسی لە وتوویژ لەگەڵ رۆژنامەی " ێ‌رمان" دایە ناوبراو دەڵێ " هۆی مەحروومیەتی ناوچە قەومییەکان کردەوەی دەوڵەتەکان نیە، بەڵکوو بە هۆی ئەوەی خوێندن لە شوێنەکانی ئەهلی سوننەت‌و قەومنشین کەمتر بوە بۆیە، پێوەرەکانی شایستە سالاری لە نێو ئەواندا کەمتر سەرکەوتوو دەبن ئەو بەرپرسایەتیانە بەدەست بێنن".

لە رووداوێکی دیکەی سەبارەت بە زمانی دایکی‌و بەتایبەت زمانی کوردیدا فەرهەنگستانی زمان‌و ئەدەبی فارسی دژایەتی خۆی بۆ خوێندن بە زمانەکانی دیکە لە تەنیشت زمانی فارسی راگەیاند، ئەو ناوەندە لەسەرخوێندن‌وبەرنامەی زمانەوانی لە ئێراندا سەرچاوەی بڕیارە.
ـ لە حاڵێکدا بودجەی سپاە، وەزارەتی ئیتلاعات، ئەرتەش‌و هێزە ئەمنیەکان بۆ ساڵی 1393 زیاتر لە 33% زیادی کردوە، ئەندام پارلمانەکانی کورد، عەرەب‌و لوڕستان لە بەر ئەوەی بودجەی ئاوەدان کردنەوە‌و خزمەتگوزاری شوێنی هەڵبژاردنیان کەم بوەتەوە هەڕەشەی دەست لە کار کێشانەوەیان کرد بوو.

دەوڵەتی رووحانی وەک دەوڵەتەکانی پێشوو ئامادە نەبوو کە بەرپرسایەتی باڵا بە بەکرێگیراوترین مۆرە کوردەکان‌و باقی نەتەوەکان کە لە ولایەتدا تواونەتەوە‌و لە جینایەتەکانی رێژیم لە دژی نەتەوەکان بەشدارن، بسپێرێ، ئەو کردەوەی رووحانی ئەو راستییە جارێکی دیکە دەسەلمێنێتەوە کە ناخودییەکان هەرچەند ملکەچ بن، ‌و دژی خەڵکی خۆیان بۆ خۆش خزمەتی ئەو رێژیمە جینایەت بکەن دیسان هەر جێی باوەڕی رێبەرایەتی رێژیم نین.
سەبارەت بە پەرەگرتنی تووشبوون بە مادە سڕکەر‌و فرۆشتنی ئەو مادەیە لە کوردستان زۆرمان بیستوە، بەداخەوە هەمووشیان راستن، بەڵام ئەوەی لەو پێوەندییەدا لە چەند مانگی رابوردوو لە کوردستان ئاشکرا بوو، بەرهەم هێنانی ماددەی هۆشبەری شیشەیە کە بە کەرەسەی سەرەتایی لە هیندێک لە بنکەکانی هاوبەشی جاش‌و پاسداران لە ناوچەی سەردەشت ‌و چەند شوێنێکی دیکە بەرهەم دێت‌و لە شارەکانی دەوروبەر بە هۆی بەکرێگیراوانی رێژیم بە قیمەتی زۆر هەرزان دەفرۆشرێ، هەرزان بوونی نرخی ئەو ماددەیە لەگەڵ کوشەندە بوونی زیاتر لەچاو ماددەکانی دیکە، مەترسی دووچاربوونی گەنجەکانی کورد‌و لە ناوچوونیان زۆر زیاتر دەکا.
بەگشتی نەخۆشی‌و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان وەک بێکاری، تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان، تەلاق‌و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستاندا وەک باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران لە حاڵی پەرەسەندندا بوون.

لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا‌و تا ئیستاش کەسانێک لە ژێر ناوی جیاواز وەک، پەیڕەوانی ئایینی سوننی، نوێنەرانی دەورەکانی پێشووی مەجلیس، ئیسلاح تەڵەبانی کورد‌و... لەژێر دەمامکی بەرگری لە مافی کورد‌و سوننی مەزهەبان وەدوای بەڵێنەکانی تەبلیغاتی رووحانی کەوتوون، ماوەیەک بە هیوای وەزارەتێک لەو بەشەدا دوایە وەک موشاویرێکی بەرز، ئەوەش نەبوو وەک پارێزگارێک‌و بێگومان ئیستاش بۆ فەرماندار‌و ... هەڵدەسووڕین، بەڵام تا ئیستا بۆ هەمووی ئەو داخوازییانە وڵامی (نا)ی خۆیان وەرگرتوتەوە.

لە باری لە ژێرپێنانی مافی مرۆڤ لەکوردستان وەک نموونە ئاماژە بە هێندێک ئامار دەکەین بۆ دەرخستنی رێژەیەک لە راستییەکان.
لەسەرەتای مانگی خەرمانان تا سەرەتای رێبەندانی 1392 هەتاویدا :
ئا ـ بە هۆی دەستڕێژی هێزەکانی ئینتزامی 21 کەس لە خەڵکی مەدەنی کوژراون 23 کەسیش بریندار بوونە، 21 کۆڵبەر کوژراون‌و 28 کەسیش بریندار بوونە، 87 کەس لە هەڵسووڕانی سیاسی، فەرهەنگی، ئایینی‌و کرێکاری سەرجەم حوکمی 135 ساڵ‌و 3 مانگ زیندانی تەعزیری‌و 3 کەس ئەبەدیان بەسەردا سەپاوە.

ب ـ لەو ماوەیەدا بە هۆی تەقینەوەی مین 5 کەسی مەدەنی کوژراون‌و 16 کەسیش بریندار بوون، 265 کەس لە هەڵسووڕانی سیاسی، فەرهەنگی، ئایینی‌و کرێکاری بازداشت کراون، 3 کەس زیندانی سیاسی کورد ئیعدام کراون‌و 3 کەسی دیکەش حوکمی ئیعدامیان پێدراوە، 11 کەس زیندانی عەقیدەتی حوکمی ئیعدامیان پێدراوە.

پ ـ لە ساڵی 1392دا 9 خوێندکاری کورد لە خوێندن بێبەری کراون‌و ژمارەی چالاکانی سیاسی‌و فەرهەنگیش کە لە ژێر زەخت‌و زۆری رێژیمدا ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات بوونە 12 کەسن.

دوای پێکهێنانی دەوڵەتی رووحانی ریفورمخوازان خەریکن خۆیان ریک بخەنەوە لە کوردستانیش رێفۆرمخوازانی کورد بەرنامەیەکی وایان لەبەر دەستدایە‌و بۆ ئەو مەبەستە هێندێک مورەی ناسراو باس دەکەن ‌و زۆرتر هەوڵ بۆ دامەزراندنی کەسانی دەستنیشانکراویان لە پۆستی ئۆستانداری‌و فەرمانداریدا، دەدەن.

گرووپێکی دیکە لەو کەسانەی نێۆخۆی وڵات کەسانێکن لەدەوری رێکخستنێک بەناوی " بەرەی یەکگرتووی کورد" کاردەکەن ئەوانیش بە تەمای رێکخستنێکی نوێی‌و پلاتفوڕمێکن بۆ دەست نیشان کردنی کۆمەڵێک رێ‌وشوێنی کار کردن.


سەبارەت بە راگەیاندنی کانتۆنەکانی کوردستانی رۆژئاوا
پلینۆم سەبارەت بە راگەیاندنی کانتونەکانی کوردستان رۆژئاوا لەو باوەڕەدا بوو کە سپاردنی ئیدارەکردن‌و بەڕێوەبردنی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان بە خەڵکی خۆجێی ئەو بەشانە لە رێگای هەڵبژاردنێکی ئازاد‌و یەکسان‌و دێموکراتیک‌وکورت کردنەوەی دەستی حکوومەتە دیکتاتۆر‌و سەرەڕۆکان لە کوردستان ویستێکی رەوا‌و دێموکراتیکی خەڵکە‌و پشتیوانی لێ‌دەکا.


لە هەمان حاڵدا پلێنۆم نیگەرانی خۆی ناشارێتەوە لە هەر چەشنە خۆ سەپاسندن‌و تاکڕەوی لەو پێوەندییەدا، لە لایەن هەر لایەن‌و گرووپ‌و حیزبێکەوە بێ‌، چوونکە ئەم شێوە هەڵسووکەوتە مەترسی ناڕەزایەتی خەڵک‌و لە دەستچوونی دەرفەتەکانی لێ‌دەکەوێتەوە، هەروەها لە راگەیاندن‌و دیاریکردنی ئەو کانتۆنانەدا هیچ هێماو ناسنامەیەکی کوردستانی‌و نەتەوەیی وەدی ناکرێ‌و جێگای رەخنەگرتنە، بۆیە پلینۆم هیواداری دەبڕی کە خوشک‌و براکانمان لەو بەشەی کوردستان بە رووحێکی دێموکراتی‌و بە دوور لە هەر چەشنە دەسەڵاتخوازییەک، پێکەوە هەوڵ بۆ دامەزراندن‌و بەڕێوەبردنی کیانێکی نەتەوەیی‌و سیاسی لەو بەشەدا بدەن.

بڕگەی کۆتایی باسکردن لەسەر دوو گەڵاڵەی حیزبی دێموکرات‌و هاوڕێیانی پێشوو بوو سەباەرت بە یەکگرتنەوە. لەو پێوەندییەدا پلینۆم لەو بڕوایەدا بوو کە حیزبی دێموکرات ئامادەیە وتووێژەکانی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بە مەبەستی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو لەسەر ئەو بنەمایانە درێژە بدا:

1ـ یەک گرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌و هاوڕێیانی پێشوو لەسەر بنەمای پەسندکراوەکانی کۆنگرەی سێزدە دوایین کۆنگرە پێش لە جیابوونەوە کە لە لایەن هەمووانەوە پەسند کراوە. ئەو پەسند کراوانە ناو، ئارم‌و هەموو ئەو پێناسانەی حیزب لە خۆ دەگرێ‌کە لەو کاتەدا دەنگی بۆ دراوە.

2ـ باقی وردەکارییەکانی پێویست کە یەکریزی حیزب بەهێز دەکەن، هەروەها چۆنیەتی ئامادە کردنی کۆنگرەی هاوبەش پێویستە پێش کۆنگرە تەوافوقی لەسەر بکرێ‌‌و کۆنگرەی داهاتوو بە رەوالی عادی بە مەبەستی دیاریکردنی سیاسەتی گشتی کە لە راپۆرتێکی سیاسیدا پێشکەش بە کۆنگرە دەکرێ‌‌و دەنگی بۆ وەردەگیرێ‌، پەسند کردنی بەرنامە‌و پێڕەوی نێوخۆ‌و هەڵبژاردنی ئەندامانی رێبەرایەتی پێک دێ‌‌و هەموو لایەک پابەند دەبن بە بڕیارات‌و پەسندکراوەکانی کۆنگرە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک