کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک و نیمچە ئاوڕێک لە ئێران (رەحیم رەشیدی)

19:47 - 4 رەشەمه 2713

رەحیم رەشیدی

لە راستیدا، هاتنە گۆڕێی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە بنەڕەتدا کردەوەیەکی شوناسخوازانە بوو کە لەگەڵ دەربڕینی ناڕزایەتییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆکانی بنگلادیش لە ساڵی ١٩٥٢ زایینی دەستی پێکرد و لە دایک بوو.
کاتێک کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی بەنگاڵی بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر سەپاندنی زمانی ئوردوو وەک زمانی فەرمیی لە بەنگلادیش (پاکستانی خۆرهەڵاتی ئەوکات) لەلایەن دەوڵەتی پاکستانەوە، لە دەوروبەری داکا و لەلایەن هێزە نیزامییەکانی دەوڵەتی ئەودەمی پاکستان، درانە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە خوێندکارانی شوناسخواز و عەوداڵی یەکسانی؛ کوژران و بریندار بوون.
لەو سەردەمەدا، خوێندکارانی ناڕازی بە مەبەستی بە فەرمی ناسینی زمانی دایکیی خەڵکی وڵاتەکەیان واتە نگڵا یا “بەنگاڵی، دەستیان بە خۆپیشاندانی بەرین کرد. لەبەر ئەوەی زمانی فەمی کەلە خوێندنگا و زانکۆکانی بەنگڵاش دەگوترایەوە، زمانی پاکستانیی ئوردوو بوو. درێژەی خۆپیشاندانە گەورە و بەرینەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی داکا لە رۆژانی ٢١ و ٢٢ی فێورییەی ساڵی ١٩٥٢ی زایینی رووی دا.
هێزەکانی دەوڵەتی پاکستان لە ئاکامی تەقە کردنێکدا لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ، ژمارەیەک لەوان و هەر یەک لە مامۆستا عەبوو ئەلبەرەکەت\'\' مامۆستای زانکۆ، رەفیعەدین ئەحمەد، خوێندکار و شوفێر رەحمان کارمەندی باڵایی دەزگای دادی بەنگلادشیان کوشت و هێزە نیزامییەکانی پاکستان هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ هەتا خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ دەست لە خواستە مرۆیی‌یەکانی خۆیان هەڵبگرن.
بەڵام خەبات و خۆڕاگری قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆکان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی بەنگلادش و پێداگرییان لەسەر وەدیهاتنی خواستەکانیان، بووە هۆکاری سەر لە نوێ بە فەرمیی ناسینەوەی زمانی بەنگالی لە ساڵی ١٩٥٦ی زایینیدا. درێژە پێدانی خەباتی خەڵک و چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی بەنگلادش، وای کرد کە ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٧١دا، بە یەکجاری جیابوونەوەی خۆی لە پاکستان راگەیاند و سەربەخۆیی بە دەست هێنا.
پاش بە دەستهێنانی سەربەخۆیی بەنگلادش، رێوڕەسمی رۆژی نەتەوەیی زمانی دایک، هەموو ساڵێک لەم وڵاتەدا و لە رۆژی ٢١ی فێورییە بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە دەچوو، کە لەودا لە خەباتی خەڵک بۆ سەربەخۆیی و پارێزگاری و هەوڵدانی بێ پسانەوەی خوێندکاران و مامۆستایان بۆ پاراستنی شوناس و زمانی دایکی، رێز دەگیردرا.
دواتر، وڵاتی بەنگلادش داوای لە یۆنسکۆ رێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەتا رۆژی ٢١ی فێورییە وەک رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکی بە فەڕمیی بناسێت.
سەرئەنجام پێشنیاری وڵاتی بنگڵادش بۆ راگەیاندنی رۆژی ٢١ی فێورییە وەک رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە ١٧ی نۆڤامبری ساڵی ١٩٩٩ی زایینیدا پەسند کرا و ١٨٨ وڵاتی ئەندامی یۆنسکۆ دەنگی ئەرێنییان پێ دا.
لەو کاتەوەو دوای ئەو رووداوە، بۆ یەکەم جار رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە مانگی فێورییەی ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی لە پاریس و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان، زمانناسان و سەرۆکی ئەو کاتی یۆنسکۆ، بەڕێوە چوو.
بە بۆچوونی شارەزایان، بوونی مەترسی بۆ لە نێو چوونی زمانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ لە نێوچوونی قەوم و خێڵە بچووکەکان کە ئەوەش بە هۆکاری لە نێوچوونی سروشت و ژینگەکانیانە. یان کۆچ پێکردنی ئەوان بۆ قەراخ شارە گەورەکان و شوێنگەلی دوور لە زێدی خۆیان و مەڵبەندی نەتەوەیی‌یان، بە یەکێک لە هەڕەشەکان بۆ فەوتان و سڕینەوەی زمانی دایک بە ئەژمار دێت.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و بەپێی پرۆسەیەکی مێژوویی، زۆر لە عەشیرەکانی دارستان‌نشین، زمان و شوناسی نەتەوەیی‌یان لە دەست داوە. شەڕی نێوخۆیی و کۆچی بەربڵاوی نەتەوە بن دەستەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ، یەکێکی‌تر لە هۆکارەکانی لە نێوچوونی زمانی دایکییە.
لە ئێستادا و بەهۆی گۆڕانکارییەک کەلە بنچینەی نەریتی ژیانی مرۆڤدا رووی داوە، گۆڕەپانی ژیان بۆ تاقم و گرووپە بچووکەکان بەرتەسک‌تر بۆتەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی پەرەپێدان و زاڵبوونی چەند زمانێک لە نێوان زۆرینەی کۆمەڵگای جیهانیدا.
ئەو زمانانەی قسەیان پێ دەکەن و ژمارەکەیان بە پتر لە ١٢٠٠ زمان مەزندە دەکرێ، زیاتر هەڕەشەی لە نێوچوونیان لەسەرە. بەشێکی بەرچاو لەم زمانانە تایبەت بە خەڵکی قارەی ئەفریقایە کە بە ٢ هەزار زمان قسەیان پی دەکرێ.
بە گوێرەی مەزندەی یۆنسکۆ، لە کۆی ٦ هەزار زمان کەلە جیهاندا قسەیان پێ دەکرێ، پتر لە ٣ هەزار دانەیان لە حاڵی لە نێوچوون دان. ئەم زمانانە لە ئێستادا لەلایەن گرووپی بچووکەوە بە کار دەبردرێن و  تاکوو رادەیەک هیچکام لەوانە شانسی مانەوەیان نییە. ٩٦ لە سەدی سەرجەم زمانەکان، بە تەنیا لە نێوان ٤ لە سەدی حەشیمەتی جیهان  بەکار دەبردرێن، یان برەویان هەیە. بۆ وێنە لە دوورگەی پاپۆئاگینە هەڵکەوتوو لە ئەقیانووسی ئارام، زیاتر لە ٨٠٠ زمان بوونی هەیە کە هێندێک لەوانە تایبەت بە گرووپێکی کمتر لە ٢٠٠ کەسین، ژمارەی سەرجەم دانیشتووانی ئەم دوورگانە کەمتر لە حەوت میلیۆن کەسە.
بە پێی تێگەیشتنی رێکخراوی یۆنسکۆ، پێویستە هەوڵ بدرێ هەتا ئەو زمانانەی کە بە زۆری کەڵکیان لێ وەرناگیردرێ، لە تەنیشت زمانگەلێک کە زیاتر بە کار دەبردرێن، کەڵکیان لێ وەربگیردرێ هەتا بەم چەشنە شانسی زیندوو مانەوەیان هەبێ. هەوڵگەلێکی لەو چەشنە بە سەرنجدان بە رۆڵی زمان لە وێناکردنی کەسایەتیی تاک و شوناسی کولتووریی نەتەوەکان، دەتوانێ کولتووری جیهانی زەنوێر و رازاوەتر بکات.
کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی بایەخی زۆری زمانی دایکەوە، ساڵی ٢٠٠٨ی بە ساڵی جیهانی زمانەکان ناوزەت کرد. ئەم رۆژە لە رۆژمێری فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا سڕاوەتەوە. جێگای سەرنجە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ئەندامانی واژۆکەری بە فەرمی ناسینی رۆژی ٢١ی فێورییە لە رێکەوتی ١٧ی نۆڤامبری ١٩٩٩ی زایینی لە یۆنسکۆیە کە بەپێی ئەو بڕیارە، ١٨٨ ئەندام دەنگی ئەرێنییان بەو داواکارییە دا.
بەندی پازدەی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی نێوچەیی و قەومی لە میدیا و بڵاوکراوەکان و خوێندنی ئەو زمانانە لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی بە رەوا دەزانێت. لێ ئەم مافە یاسایی و مرۆیی‌یە هەرگیز لە کردەوەدا نەخراوەتە خانەی جێبەجێ کردن و تاکوو ئێستا کاری پێ نەکراوە.
هەنووکە بۆ ئێمە پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە گەڵو قەدەغە کردن و رێگەری لە پەرەئەستاندن و کار پێ کردن  بە زمان و ئەدەبی خەڵکانی غەیرە فارسی دانیشتووی ئێران، ستەمێکی ئاشکرا نە تەنیا لە دژی ئەو خەڵکە، بەڵکوو لە دژی کولتوورە جیاجیاکانی جیهان نییە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە سیاسەتوانان، کەسایەتییەکان، گرووپ و رێکخراوە سیاسییە سەرانسەرییەکانی ئێران، بە هۆی ئەو زوڵم و ستەمانەی لە نەتەوەکانی‌تری ئێران دەکرێ، داوای لێبوردنیان لێ بکەن و بە شوێن قەرەبووکردنەوەی خەسارەکانەوە بن؟
پێویستە چ کەسێک وڵامدەری بێبەشکردنی منداڵانی نەتەوەکانی ئێران لە سەرەتایی‌ترین مافە مرۆیی‌یەکانی ئەوان، بۆ وێنە خوێندن و نووسین بە زمانی دایک بێ؟
پیرۆز بێ رۆژی جیهانی زمانی دایک
ژێدەر: ماڵپەری یۆنسکۆ
وەرگێڕان بۆ کوردی، رەشید زەرواوی


ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە