کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپورت/ ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان + وتووێژ

14:29 - 16 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: ژنانی جیهان لە ٨ی مارسی هەموو ساڵێکدا وێڕای رێزگرتن لە خەبات و دەسکەوتەکانیان، بەبێ لە بەرچاو‌گرتنی جیاوازییەکان هەوڵی دابین‌کردنی مافە زەوتکراوەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا دەدەن.

مێژووی رۆژی‌جیهانیی ژنان بۆ ساڵی ١٨٥٧ی زایینی دەگەڕێتەوە، لەو ساڵەدا هەزاران ژن لە شاری‌نیویۆرک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کۆمەڵێک داواکارییەوە هاتنە سەرشەقامەکان هەتا دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی‌ویلایەتە یەکگرتووەکانی‌ئەمریکا لەو داواکارییانە ئاگادار بکەنەوە، کە بەرەوڕووی وەڵامدانەوەیەکی‌نەشیاوی پۆلیس بوونەوە.

لەو ناڕەزایەتییانەدا خۆپیشاندەران توانییان کاریگەری‌لەسەرسیاسەتمەداران دابنێن هەتا داواکارییەکانیان بخەنە بەرنامەی‌کاری‌سیاسی ‌‌و کۆبوونەوە رۆژانەکانیانەوە.

داواکاریی ژنان لەو خۆپیشاندانەدا بریتی بوون لە: زیادکردنی کرێی کار و کەمکردنەوەی کاتی کارکردن.

بەهۆی بەردوامی و سووربوونی ژنان لەسەر داواکارییەکانیان، یەکەم سەندیکای تایبەت بە ژنان لە کارگەی رستن و چنین دامەزرا.

مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران هەموو ساڵێک بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا بەردەوام بوو هەتا رۆژی ٨ی مارسی ١٩٠٧ی زایینی بۆ جارێکی دیکە ژنانی ئەمریکا بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر \'\'١٠ کاتژمێر کاری رۆژانە\'\' خۆپیشاندانیان کرد کە هەمدیس لەگەڵ کاردانەوەی توندی پۆلیس ئەمریکا بەرەوڕوو بوونەوە و کۆمەڵیکی زۆریان دەسبەسەر کران.

7978.jpg


ساڵیک دواتر واتە ساڵی ١٩٠٨ ژنانی ئەمریکا وێڕای ئەوەی کە نانی \'\'وشک و گوڵ\'\'یان پێ بوو، بە کۆمەڵێک داواکاریی نوێوە وەکوو \'\'کەمکردنەوەیکاتی کارکردن، دوورخستنەوەی منداڵان لە ناوەندەکانی کارکردن و مافی دەنگدانی ژنان\'\' هاتنەوە سەر شەقامەکان.

خۆپیشاندان و مانگرتنی ژنانی ئەمریکا، دروستبوونی بزاڤێکی گشتگیری جیهانیی لێ کەوتەوە و داواکارییەکان گەیشتە ئاستێک کە داوای یەکسانیی ژن و پیاو بوو بە رۆژەڤ. بزووتنەوەیی جیهانییی ژنان ناویی \'\'سۆفرا گیستیس\'\'ی لێ نرا.

لە کۆنگرەی نێونەتەوەی سوسیالیستەکان کەلە ساڵی ١٩١٠ لە کۆپنهاک، پایتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو \'\'کەڵارا زتکین سەربە حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی ئەڵمان، رۆژی ٨ی مارسی بۆ روژی خەباتی ژنان لە سەراسەری جیهان پیشنیار کرد و لەلایەن کۆنگرەوە پەسند کرا.

رۆژی‌٨ی‌مارس کە وەک رۆژی‌ژنان ناسرا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆپیشاندان‌ و رێپێوانەی‌ساڵی‌١٩٠٩ کەلە نیۆیۆرک‌بەڕێوەچوو، خۆپیشاندانەکانی‌ژنانی‌ئەمریکاش بووە پاڵنەر ‌و پشتیوانییەک بۆ ژنانی‌ئورووپا هەتا ئەوانیش ئەو رۆژە وەکوو رۆژی ژنان بناسن، هەرچەندە رێکخراوی‌نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا ساڵی‌ ١٩٧٧ بەشێوەیەکی‌فەرمی‌دانی‌بەو رۆژەدا دانەنا.


ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بۆ زیاتر تاوتوێی ٨ مارس رۆژی جیهانیی ژنان، لەگەڵ نوێنەری ٦ رێکخراوی ژنانی کوردستانی ئێران وتووێژی پێک هێناوە کە دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:


7961.jpg
زینەب حوسێنی کۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران


کوردستان میدیا: بۆ چی دەبێ رۆژێک هەبێ بە ناوی رۆژی ژن؟ وەکوو ژنێک چۆن چاو لە ٨ی مارس دەکەی؟ ئایا بە بڕوای ئێوە ٨ی مارس رۆژ جیهانیی ژن تەنیا ئەو روژەیە کە ژنان دەنگی ناڕەزایەتیی خویان دەرببڕن؟

زەینەب حوسێنی: مێژوو پێک دێت لە ململانێی نێوان چین و نەتەوە و ئایین و ئاینزاکانی دونیا. بەدرێژای تەمەنی مرۆڤایەتیی چەوسانەوە و هەروەها چەندین قۆناغی پڕ لە نەهامەتیی وەک کۆیلایەتی و نیزامی فیۆداڵی و هەتا هەوڵی چینی حاکم بەسەر مەحکومدا، ئەم رەوتە درێژەی هەبووە و ئێستاش هەر هەیە. ئێمە لە کۆمەڵگایەکی بەرابەر و یەکسان نین، یان بەگشتی بڵێم جیهان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی مرۆڤەکان وەک یەک بن و هیچ کاتێکیش وەک یەک مافی بەرابەریان نەبووە. کەوایە شۆرش وبەرخودان هەبووە وهەتا زوڵم وئیستبدادیش هەبێت خەبات بەردەوامە ودەبێت گیانبازی بکرێت. ئەم گۆڕانکارییەی ئێستا و ئەم نیمچەکرانەوە لە ئازادی، بەرهەمی خەبات و فیداکاری کۆمەڵێک خەڵکە کەلە پێناو مرۆڤایەتی و دادوەری و هاوکات هێنانەی ئارای مافی ژنان وەک نێوەی کۆمەڵگا، گیانی خۆیان فیدا کرد. ئەوانە بوونە هۆی رۆشن بوونەوەی بیر و هۆشی بەشێک لە مرۆڤایەتی و رێگەیەکی سەختیان بۆ خۆش کردین. دەبـێت رێزیان لێ بگرین و نەک لە ساڵدا رۆژێک بەڵکوو پێویستە هەمیشە لەیادمان بن. لە جیهاندا زۆر رۆژ و بۆنە هەن کە رۆژیان بۆ دیاری کراوە. دیاری‌کردنی ئەو رۆژی ٨ی مارسیش بۆ ژنان یەکێک لەو رۆژانەیە کەلە مێژوودا بەرجەستە کراوە و بەرهەمی چەندین دەیە تێکۆشان بووە. لەگەڵ ئەوەی دیاری کردنی رۆژێک بۆ ژنان کۆتایی بە زوڵم و ستەم نەهێناوە، بەڵام تا رادەیەک ژنان لەو رۆژەدا توانیویانە کێشەکانیان و ماف و ئەرکەکانیان بەڕووی کۆمەڵگادا باس بکەن. ئەو رۆژە بۆ ئێمەی کورد و ژنان کە بە درێژایی مێژوو چەوساوینەتەوە و دەردی بێ‌مافی و زوڵم و ستەممان زۆر چەشتووە گرینگی زۆرە. ئەو واتایەی هەیە کە خەبات بۆ دەستەبەرکرانی ماف و ئازادی و قوربانیی گەرەکە و ئەگەر سوور بین لەسەر داواکانمان سەرکەوتن بۆ ئیمەیە و هەر سەردەکەوین.

من وەک ژنێک کە زادەی ئەم کۆمەڵگایەم و بە بەردەوامی تێکەڵ بەکێشە و ئازاری بێ‌بڕانەوەی ئافرەتانم، بە گرینگیەکی زۆرەوە دەڕوانمە ٨ی مارس و تەواوی ئەو رۆژانەی کە ژنان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەوڵیان داوە. هەوڵدان بۆ نەهێشتنی نابەرابەری بە ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی دەزانم و هەر کەسێک لەم پێناوەدا بەردێک بخاتە سەر بەردێک لای من جێگەی رێز و پێزانینە. ئێمە وەک کۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کە مێژووی دامەزرانمان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دەیەیەک،هەموو ساڵێک ئەم رۆژەمان بە گەرم و گۆڕی یاد کردۆتەوە و رێزمان لەو چالاکانەمان گرتووە کە تێکۆشاون. لاشم وایە چونکە ئافرەتی کورد لە بێ‌مافیدا دەژین و قوربانیی کۆمەڵگان، دەبێت زیاتر ئەم یادە بەرز رابگرن و گرینگیی زیاتری پێ بدەن.

بەنەزەری من پێویستە لەم رۆژەدا ژنان چالاکییەکانیان بەرفراوان بکەن و زیاتر خەڵکانی ئەو وەڵاتانە هان بدەن کە رۆژی ٨ی مارس و باس لە مافی ئافرەتان لەلایەن قەدەغە و بڤەیە. هاوکات دەبێت ببێتە رۆژی هەموو ئازادیخوازان و رێز لەو پیاوە ئازا و مرۆڤ دۆستانە بگیردرێت کە چالاکی بواری ئافرەتانن و بە بێ‌گوێدان بە فەرهەنگی دواکەوتوو، لەم پێناوەدا کار دەکەن. هەروەها دەبێت ببێتە رۆژی هاوپێوەندی و وێکڕا لەم رۆژ و بۆنە پیرۆزەدا پەیمان نوێ‌بکەینەوە کە خەبات لەپێناو مافەکانمان درێژەی هەیە و تا گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوام دەبین. هاوکات لە دژی دەسەڵاتداران و هەموو ئەوانەی کە دژی مافەکانمانن دەنگ هەڵبڕین و هەوڵ بدەین دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بگەیەنینە ئەوپەڕی جیهان و ئەوە بە تێکرای مرۆڤایەتی بڵێن کە ئێستاش کوشتن بەردەوامە و هەموو رۆژێک لە پەناماندا ئەم کارەساتە روو ئەدات.

7958.jpg
گولێ‌پەریزاد رێکخراوی کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات


کوردستان میدیا: بارودۆخی ژنانی کورد لە رووی فەرهنگی و کۆمەلایەتی و پێشکەوتنیان لەو بوارانەدا چۆن دەبینن؟

گوڵێ‌پەریزادی: کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی زیندوو لە حاڵی گەشە دایە. بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێ و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانی جیهان کاریگەریی لەسەر دادەنێت ئاستی پێوەندیی خەڵک لە چاو ساڵانی رابردوو چووەتە ئاستێکی دیکەوە خەڵک بەگشتی بەهۆی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانی ئینترنیتی و لەلایەکی دیکەشەوە میدیاکان ئاگاداری گۆرانکارییە ناوچەی و جیهانن. ئەمە لەکاتێک دایە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک و بە هەر رادەیەک توانیبێتی بە پارازیتی میدیاکان و فیلتیرکردنی سایت و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان هەوڵی داوە بەر بەگەشەی زانیاری و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی بگرێ‌لە کۆمەڵگەی کوردستان بە تابیەتی،
پێوەندییە جیهانییەکان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ توانیویەتی لەسەر ژنی کوردیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان کاریگەریی هەبێ. ئاستی زانیاریی ژنی کورد قۆناغی باشی بڕیوە و ژنان وەک نیوەی کۆمەڵ سەرەڕای هەموو بەربەستە سیاسی و کولتوورییەکان هەوڵیان داوە لە کاروانی پێشکەوتن و زانست دوا نەکەون.

لە کوردستان ئێستا ژنان بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو دەچنە زانکۆکان و ئاستی خوێندەواریی ژنان چۆتە سەرێ و هەوڵ دەدەن لە باری زانستییەوە قۆناغی تازەی پێشکەوتن و گەشەی زانستییەوە. ئەگەر لە دەیەکانی رابردوو ژنی کورد لە دەرس خوێندن و وەدیهێنانی زانیاری بەشێکی زور کەمی هەبوو ئێستا و بە پێی زانیارییەکان و رێژەی چوونە زانکۆ خوێندنی ژنان لە چاو پیاوان زیاترە و هیوادارم ئەم رێژەیە لە ساڵانی داهاتووشدا هەروا لە گەشەدا بێت.

بە لە بەر چاو گرتنی ئەو هەلومەرجەی سەرەوە دەبینین ژنی کورد بە تایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵات ئێستا ملکەچی بڕیاری باوک و برا ئەبن، لەباری کۆمەلایەتییەوە شتێک بە ناوی گەورە بە بچووک، یان ژن بە ژن هەر نەماوە زۆر دەگمەن و کەمە، ژنی کورد زیاتر لە چالاکی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەلایەتییەکاندا بەشداری دەکات بە جۆریک بڕیاریان داوە بە کولتووری باوک سالاری و ئێستا ئیتر تەنیا باوک و برا ناتوانێ چارەنووسی ژن دیاری بکات. ژنان خۆیان هاوسەری داهاتوویان هەڵدەبژێرن و زوربەی بەربەستە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکانیان وەلا ناوە.

7957.jpg
لیلا دیوبەند رێکخراوی نینا


کوردستان میدیا: ئێوە وەکوو رێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنان چ هەنگاوێکتان هەڵگرتووە بۆ ناساندنی مافەکانی ژن و ناساندنی چوارچێوەیەک هەتا ژنی کورد مافی خۆی بە دەست بێنی؟

لیلا دیوبەند: ئێمە وەک رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان ــ نینا، بەپێی ئەو دەرفەت و ئیمکانەی بە شێوەی گشتی ‌له ‌بەردەم رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دایه، کارمان بۆ ناساندنی پرسی ژنی کورد کردووە. کار و چالاکییەکانمان لە چوارچێوەی کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و خولی پەروەردەیی و کۆمەڵێک هەنگاوی دیکە بووه، هەروەها پێوەندیمان ‌لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژنانی چالاک و تێکۆشەری بواری ژنان لە نێوخۆی وڵات هەیه؛ هەڵبەت بە هۆی دۆخی سیاسی و داگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان، نە ئێمه و‌نە هیچ رێکخراوێکی دیکەی ژنانی‌سەربە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، توانا و دەرفەتی چالاکی و هەڵسوورانیان بە شێوەی ئاشکرا لە نێو ژنانی وڵاتەکەمان نییە، بۆیه پێوەندییەکانمان لەگەڵ ژنانی وڵاتەکەمان سنووردارە. هۆیەکانی راگەیاندن بە هەموو لق و بەشەکانییەوە‌کاناڵێکی گونجاوە بۆ چالاکییەکانمان و گەیاندنی دەنگمان بە ژنانی وڵاتەکەمان.

ئێمە بەختەوەریی ژن و خێزان و کۆمەڵگای کوردستان لە هاتنەدی کۆمەڵگایەکی مرۆڤسالاردا دەبینین کە تیایدا ژن و پیاو لە هەموو بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و کو‌لتوورییەکان و ... ، مافی وەک یەکیان هەبێ، ئێمە لەگەڵ بەیەکدا دانی ئەو دوو رەگەزه لە دژی یەکتر نین و پێمان وایه هاوکاری و لێک گەیشتن لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ماف و ئیرادەی بەرانبەر، کلیلی ژیانێکی ئارام و ئاسوودەیە لە نێوان ژن و پیاوی کورددا.

دیارە دۆخی ژنی کورد جیاوازە لەچاو دۆخی ژنی ئەو نەتەوانەی کێشەی داگیرکراوی وڵات و سەروەریی سیاسییان نییە. بۆیە ئێمه لەگەڵ ئەوەدا کە‌سوورین لە خەبات دژ بە هەڵاواردنی رەگەزیی و کو‌لتووریی پیاوسالاری لە کوردستان، پێ لەسەر گرێدانی ئەو خەباتە‌بە خەباتی نەتەوەیی کورد بۆ گەیشتن بە سەروەر‌یی سیاسی و دەوڵەتی نەتەوەیی دادەگرینەوە.

7959.jpg
حەلیمە رەسووڵی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان


کوردستان میدیا: سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەباەرت بە مافی ژن لە ماوەی هاتنە سەر کاری رۆحانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا نیسبەت بە جاران هیچ گۆڕانکارییەک لە مافی ژن رووی داوە؟

حەلیمە رەسووڵی: لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا لە ئێران دیتمان کە سەرکۆماری ئێستای ئێران لە ستادە تبلیعاتییەکانی خۆیدا بەردەوام باسی لە بەرابەری تەواوی نێوان ژن و پیاو دەکرد و لە رۆانگەی جواراوجۆرەوه بۆ نموونە لە نەزەر ئیسلام و لە نەزەر یاسا و هتد هەڵسەنگاندنی دەکرد و دەیگوت کە دەوڵەتی داهاتوو دەوڵەتی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان و پیاون دەبێت و بەم جۆره زیهنییەتێکی تەقریبەن هیوابەخشی بۆ هیندێک لە ژنان و چالاکانی ژن ساز کردبوو.

دوای هاتنە سەرکاریشی چەند خانمێکی لە کابینەکەی خۆیدا هەڵبژارد و نەیهێشت یەک جینسیەتی بە روخساری کابینەکەیدا ببینرێت. بەڵام بەو حاڵەش پێم وایە بارودۆخی ژنان لە ماوەی دەسەڵاتی رۆحانیدا زۆر نەگۆڕاوە هەر وەک چۆن لە پرسەکانی دیکەش گۆڕانێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەدیتووه بۆ نموونە ئێعدامکردن لەم ماوەیەدا نەک کەم نەبۆتەوە بگره زیادیش بووه. بارودۆخی ژنانیش بە هەمان شێوه گۆڕانێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەدیتوه و ژنان ئێستاش لە بارودۆخێکی نایەکساندا کار دەکەن و ئەمنییەتی شوغڵییان نییە و هەروەها تا ئێستاش هەنگاوێکی عەمەلی و جیدی بۆ لابردنی تەفکیکی جینسییەتی کەلە زانکۆکاندا دەکرێ هەڵنەگیراوە و ژنان لە مەسائیلێکی وەک تەلاقیشدا هەر وا لە رێگای یاساوه زوڵمیان لێ دەکرێت و تا ئێستاش لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومێدی رۆحانیدا بە کردەوه هەنگاوێکی جیدی لەسەر باشتربوونی بارودۆخی ژنان نەدیتراوە و پێم وایە هەڵبژاردنی چەند خانمێک بۆ پۆستی وەزارەت چارەسەری کێشە ریشەییەکانی ژنان ناکا.

7960.jpg
سنوور حەنیفی‌پوور رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد


کوردستان میدیا: سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو رێکخراو و NGO و چالاکانی مەدەنی لەمەڕ هوشیارکردنەوە ژنان، کەچی زیاتر لە جاران گۆی بیستی هەواڵی خۆکوژی و بەتایبەتی دڵتەزینترین شێوە واتا خۆسووتاندن و هەروەها کوشتنی ژنان دەبین، هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟

سنوور حەنیفی‌پوور: راستە لە ساڵانی رابردوو چەندین رێکخراوی داکۆکیکاری مافی ژنان سەریانهەڵداوە ‌و سەرەڕای هەموو گرفت و لەمپەرەکان کارەکانیان بۆ بەرگری لەژنان دەست پێکردوە، بەڵام وەک ئاماژەت پێداوە سەرەڕای ئەمەش کوشتنی ژنان هەر بەردەوامە و رۆژانە لانیکەم لەم بەشەی کوردستان کە ئێمەی لێی نیشتەجێین نموونەکانی دەبینین.

بەبڕوای من زۆربوونی ئەم دیاردەیە ناکرێت هەموو هۆکارەکەی بخرێتەسەر شانی رێکخراوەکانی ژنان، ئەگەرچی ئەمە پاکانەش نییە بۆ ئەوان و لە چەندین حاڵەتدا کەمکاری، یان کەمتەرخەمیی ئەوان هۆکاری کوشتنی ژنان بووە. بەڵام بەگشتی دەکرێت لەچەندین خاڵدا هۆکارەکانی زۆربوونی کوشتن و خۆکوژیی ژنان دەستنیشان بکەین.

با لە پرسیارەکەوە دەستپێبکەین و رۆڵی رێکخراوەکانی ژنان. بە بڕوای من رێکخراوەکانی ژنان بەگشتی نەیانتوانیوە بە رۆڵ و ئەرکی خۆیان بگەن و بەرگری لەمافەکانی ژنان بکەن ئەویش بە چەندین هۆکار. یەکەم ئەوەی رێکخراوەکانی ژنانیش لەهەمان کۆمەڵگای پیاوسالار و عەشایەری سەرهەڵدەدەن و مەودا ‌و دەرفەتی کارکردنیان زۆر بەرتەسکە و رەنگە نەتوانن بەناو هەموو کەل و قوژبنەکانی ژیانی ژنان رۆبچن و یاسا و کولتوور ‌و داب و نەریت رێگەیان پێنەدات دەست لە هەموو کارێک وەربدەن. بەڵام سەرەڕای ئەوەیش لەو حاڵەتانەی کە بووە زۆرجار دەور و نەقشی خراپی رێکخراوەکانی ژنان هۆکاری کوشتن، یان گیان لەدەستدانی ژنان بووە. نزیکترین نموونە ئەو کچە تەمەن ١٦ ساڵەیە کەلە رۆژانی رابردوو لەلایەن باوکیەوە بە ١٥ فیشکە کۆتایی بە ژیانی دێت. ئەم کچە پێشتر سکاڵای تۆمار کردبوو لەسەر کەسێک کە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری، پاشان پەنا بۆ رێکخراوەکانی ژنان دێنێت و ئەوانیش لە یەکێک لەشیلترەکانی تایبەت بە ژنان جێگیری دەکەن، بەڵام بەهۆی ناجێگیربوونی باری دەروونی ئەو کچە ‌و نەسازانی لە شیلتەر، بەرپرسانی شیلتر ‌و رێکخراوی ژنان ناچار دەبن رادەستی پۆلیسی بکەن و پاشان بە کەفالەت ئازاد دەبێت و رادەستی باوکی دەکرێت کە پاش سێ رۆژ دەکوژرێت. لێرەدا رێکخراوەکانی ژنان تۆمەتبارن بەوەی کە دەیانزانی ئەو کچە لەمەترسی کوشتن دایە بەڵام نەیانتوانی لە شیلتەرەکان بیهێڵنەوە و رەوانەی شوێنی کوشتنەکەیان کرد.

رێکخراوەکانی ژنان ئەوەندەی خەریکی سەرفکردنی پارە بۆ ۆرک شۆپ و سیمینار لە شوێنە راقیەکانن بۆ کەسە بەناو بانگەکانە، ئەوەندە بە دوای هوشیار کردنی ئەو کەسانەی کە عەشایەرن و لە شوێنە دوورەکانن هیچیانکردووە، هەروەها وەک پێویست نەیانتوانیوە کاریگەری باشیان بێت لەسەر دەسەڵات و یاسا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژن لە بوارە جیاجیاکانە.

بێجگە لەمانە چەندین هۆکاری دیکەش هەن کە جێگەی قسەکردنە و زۆر گرنگە لە زۆربوونی دیاردەی کوشتنی ژنان، ئەوەیش ئەوەیە کە ناهۆشیاری کۆمەڵناسییەکی بەهێز سەبارەت بە خزم و بنەماڵە و خێڵ لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، ناهوشیاری سەبارەت بە چەمکەکانی شەرەف و نامووس لە کولتووری پیاوسالاری کۆمەڵگای کوردی، ناهوشیاری رەگەزی نێر سەبارەت بە مافاکانی ژن وە هەر وەها قبووڵنەکردنی ئەو مافانەی کە لەلایەن پیاوانی کورد و چۆنییەتیی مامەڵە کردن لەگەڵ کێشەکانی ژن هۆکاری ئەم ژن کوشتنەن.

هەروەها نا ئۆمیدی و بێ هیوایی و بوونی فشار و نەبوونی پەناگە و لاوازیی پۆلیس و دادگاکان‌ و دامەزراوە حکوومییەکان هۆکارێکی ترن. ئەو شتانەی کە پاڵپشتن بۆ ئەم خۆکوشتنە و کوشتن ئەم خاڵانەن یەکەم شت کە زۆر گرنگە یاسایە کە بەرامبەر بە پرسی ژن زۆر لاوازە. ئەوەی کە لەلای من زۆر گرنگە حکومەت یان باشتر بڵێم هەر دوو وەزارەتی ناوخۆ و کۆمەڵایەتیە کە وەک پێویست هەڵنەسان بە ئەرکی خۆیان ، وەزارەتی ناوخۆ و کۆمەڵایەتی ئەرکێکی زۆر گرنگیان لەسەر شانە، ئەبوایە وەک پێویست پسپۆر و شارەزای لە بواری پەروەردە کردن دابنایە بۆ ئەوەی ئەم کولتورە کۆنە پرستانەی کە لە ناو کوردەواری داب و نەریتە بسرایەتەوە. هەروەها بە پەروەردە کردنی منداڵەکان لە بواری نە بوونی جیاوازی مافەکانیان لەنێوان نێر و مێ، هوشیاری پێویست بۆ بنەماڵەی خوێندکار‌و قوتابیان.

بەگشتی بۆ نەهێشتن یان لانیکەم کەمکردنەوەی دیاردەی کوشتن‌و خۆکوژی ژنان پێویستە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگا بە یاسا‌و رێکخراوە مەدەنییەکان دەست بە دەستی یەکتر بدەن‌و پاش فەرهەنگسازی‌و هۆشیاری تەواوی کۆمەڵگا رێگە لە دووپاتبوونەوەی دیاردەی کوشتنی ژنان بگرن.

7956.jpg
ئیلهام چایچی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان میدیا: لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا ئێوە وەکو هەر (٦) رێکخراوی یەکیەتی ژنانی رۆژهەڵات راگەێندراوی هاوبەشتان درکردوە؟ مەبەستان لەم راگەیندراوە هاوبەشە چییە؟ یان ئێوە وەکو رێکخراەکان چێتان پییە بۆ ژنی کورد و دەتنانهەوەی لەم رۆژە چی بە ژنی کورد بڵێن؟

ئیلهام چایچی: بە پێی مێژووی ٨ی مارس زیاتر لە یەک سەدەیە لە دەسپێکی خەباتی ژنان بۆ لەنێوبردنی پەت و زنجیری کۆیلایەتی تێدەپەڕێ‌. ئەم خەباتە لە هەر شوێنێک و وڵاتێک بە پێی بارودۆخی جوغرافیایی و فەرهەنگی ئەو شوێن یان وڵاتە، بە شێوازێک و شکلێکی تایبەت بەڕێوە دەچێت. بەڵام داخوازییەکانی ژنان لە شکلێکی بازنەیی بە یەک دەگات و لە زۆر بواردا وەک یەکن، خەبات بۆ مافی مرۆڤ، خەبات بۆ رزگار بوون لەژێر دەستی، وەدەست هێنانی مافی ژیان، مافی هەڵبژاردن و ...

ئێمەش وەک رێکخراوەکانی ژنان، بە لەبەر چاوگرتنی جیهانی بوونی کێشەی ژنان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای خۆمان کە بە داخەوە بەو شێوەیە کە پێویستە ناتوانین لە ئاستی جیهانی حوزوورمان هەبێت و داخوازییەکانی خۆمان وەک ژنانی کوردستانی ئێران مەترەح بکەین، هەوڵدەدەین لە خاڵە هاوبەشەکان یەکتر بگرین و بە هاودەنگی و هاوکاری کاری زیاتر لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانی کوردی کوردستانی ئێران بکەین. بە خۆشی و شانازییەوە لەگەڵ هەموو پێشداوەرییەکان کە بە نیسبەت ژنان و رێکخراوەکانی ژنان هەیە ئێمە لەم کارە سەکەوتوو بووین و تا ئێستاش توانیومانە چەندین کاری هاوبەش ئەنجام بدەین.

ئەوەی کە ئێمە تەنیا ئەم رۆژی تەرخان بکەین بۆ ئەوەی کە پەیامی خۆمان بە ژنانی کوردستان بگەیەنین و یان خەباتەکەمان تەنیا لەم رۆژە و لە چوارچێوەی چەندین سمینار و چالاکی بێت، شتێکی دروست نییە. لانیکەم بۆ رێکخراوەکانی ژنان کە بەردەوام لەگەڵ ئەم ئیتیهامە بەرەوڕوو دەبن بە دوور لە ئینسافە. رۆژی ٨ی مارس رۆژێکی بۆ هەموو جیهان، کە لەم رۆژەدا بە نیسبەت پرسی ژن هەستیارتر بجووڵێن و لە رێگای چالاکییەکانی ژنان و رێکخراوەکان بەم بۆنەیەوە، هێندێ زانیاری نوێ‌لە بوارەی پرسی ژن و یان دەستکەوتەکانی ژنان لە یەک ساڵی رابردوو بە دەست بێنن. دەنا رێکخراوەکانی ژنان لەساڵدا ٣٦٥ رۆژ وەک ٨ی مارسییان هەیە کە ئەرکدارن بۆ بەڕێوەربردنی بەرنامەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانیان..

راپورت و وتووێژ/ مەهاباد قاسمی