کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەمای ئازادیی هەر کۆمەڵگایەک، ئازادیی ژنە (حیدە حەمەدی)

15:28 - 18 رەشەمه 2713

حیدە حەمەدی

ئێمە ژنان لە دار فێربووین کە چۆن لەژێر رێژنەی باران و گلێرەدا بەسەرپێوە بووەستین.
لە هەور فێربووین، بۆ روواندنی گوڵ لە خاکدا، بەسەر تیرەگی چیاکاندا دەرباز بین.
٨ی مارس له راستیدا رۆژی یەکدەنگی و یەکگرتوویی ژنانی تێکۆشەری سەرانسەری جیهان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی رزگاریخوازی و مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و فەوتاندنی هەرچەشنە چەوسانەوە و نایەکسانییه.

رۆژی ٨ی مارسی ١٨٧٥ ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنینی شاری نیۆیۆرک بە ناڕەزایەتیی دەربڕین سەبارەت بە بارودۆخی گەلێک ناگونجاویی کاری و درێژخایەن‌بوونی ماوەی کار و نزمبوونی رادەی مووچە، راپەڕین. پۆلیس گەلێک دڕندانە پەلاماری کرێکارانی ژنی دا و رێپێوانی ئەوانی خەڵتانی خوێن کرد. سەرەڕای سەرکوتکردنی خوێناویی ئەو راپەڕینە لەلایەن پۆلیسەوە، ساڵانی دواتریش کرێکارانی شاری شیکاگۆ و نیۆیۆرک بەشێوەیەکی بەربڵاو و رێکخراوتر، بە مەبەستی بەرز راگرتنی ئەو رۆژە مێژوویی‌یە، خەباتی خۆیان بەردەوام پەرە پێ دا و سەرەڕای دروشمەکانی پێشوو لەبارەی کۆتایی‌هێنان بە کاری تاقەت پڕووکێن، ئەوجار بۆ هەبوونی مافی دەنگدان بۆ ژنان و پێشگرتن لە بەهرەوەرگرتن لە وزە و کاری منداڵان هاتنەسەر شەقام. ئەوە خاڵێکی گەشاوە لە مێژووی تێکۆشانی ژنان دژی چەوساندنەوە و یاسا ئیستیسمارییەکانی جیهانی سەرمایەداری بوو.
٨ی مارس لە راستیدا هێمایەک لە تێکۆشانی بەردەوام و بێ‌پسانەوەی ژنان دژی زوڵم و بەهرەکێشیی ئابووریی سیاسی، فەرهەنگی و جینسییەتیی مەوجوود لە کۆمەڵگای سەرمایەدارییە. ژنانی کرێکار ئەو رۆژەیان بە ئازار و خوێنی خۆیان بنیات ناوە و بە تێکۆشانی ئاگاهانە و ماندوویی‌نەناسانە خواستەکانیان بە ئامانج گەیاندووە. ژنان بەشێوەی سوننەتی و مێژوویی لە تەواوی کۆمەڵگادا بوونەتە کەرستەی توندوتیژی و هەڵاواردن، بۆیە بە تێکۆشانی بێ‌پسانەوە و رۆشنکردنەوەی بیر و هزری کۆمەڵگا توانیویانە لە ئورووپا ئازادی و مافی یەکسانی هاوشانی پیاوان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
مەخابن ژنانی ئێمە هەتا ئێستاش یەخسیر و کۆیلەی یەک ئیدئۆلۆژیی سواو و نیزامێکی دواکەوتووی ئیسلامین. ئەو نیزامە زوڵم و چەوسانەوە بەشێوەی جۆراوجۆر دژ بە ژنان لە کۆمەڵگادا کردووەتە یاسا و گشت بەها و ئەرزیشەکانی نیزامی کۆمەڵایەتیی لەسەر بنەمای کۆیلەتی ژنان و چەوسانەوەی ئەوان و یاسای پیاوسالاری دامەزراندووە. ژنانی کۆمەڵگای ئێمە لە سەرەتایی‌ترین مافی خۆیان، بۆ وێنە مافی ژیان و چۆنییەتیی ژیان و هەستی هەڵبژاردن و خۆشەویستی و مافی ویستن و نەویستن بێبەش کراون. پیاوان خۆیان بە مالیک و خاوەن دەسەڵاتی گیانی ژن و ژیانی ئەوان لە کۆمەڵگادا دەزانن. کوشتن و توندوتیژی بە تایبەت کوشتن لەژێر ناوی پاراستنی نامووس یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زەقی ئەو کۆمەڵگایەیە و قوربانییەکانی ئەو جینایەتە دڕندانەیە لە راستیدا کەسانێکن کەلە بەرامبەر بیر و بۆچوونی دژە ئینسانیی ئەوتۆدا رادەوەستن و گیانی خۆیان بەخت دەکەن.
هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز بە لێوردبوونەوەیەکی سەرەتایی لە یاساکانی حاکم لە ئێراندا، لە قووڵایی توندوتیژی ئاشکرا دژی ژنان تێدەگا و پووچی و دژە مرۆ‌ڤبوون و دژە ژنبوونی رێژێمی ئاخووندی بۆ ئاشکرا دەبێ.
دەسەڵاتداران تەنانەت لەسەر درگای هەر قوتابخانەیەکی کچانە، یاسا و دروشمی بە قەولی خۆیان پاراستنی حیجابیان هەڵواسیوە و هەموو رۆژێک یاسا ئیسلامییەکان بەگوێی کچانی گەنجدا بانگ دەدەن و وەبیریان دەخەنەوە. رێژێمی ئاخووندی لە کاتی هاتنەسەرکارییەوە، جلوبەرگ و خۆداپۆشینی بە زۆرەملێ، واتە حیجابی ئیجبارییان بەسەر ژنانی وڵاتەکەماندا سەپاندووە، بۆوەی ژنان کۆیلەتی و سووکی خۆیان هەست پێبکەن و قەبووڵی بکەن.
لە کۆماری ئیسلامیدا بەشی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییدا تەنیا دەستڕێژی جینسی، کوژران، لەشفرۆشی، سووک کران، جنێو و بێ‌حوڕمەتی و هەڕەشە بووە. تەنانەت لە کاتی هاوسەرگیریشدا، بنەمای پێکهێنانی ژیانی هاوسەری، رەچاوکردنی رێککەوتنی ماڵی وەک مارەیی و جیهاز و شتگەلی ترە، نەک خۆشەویستی و عەلاقەی مرۆڤەکان و مافی یەکسانیی لە ژیاندا.
ئێمەی ژن بۆ گەیشتن بە ئامانج و هیواکانمان بۆ رزگاری، دەبێ هاودەنگ و بەیەکەوە خەبات بکەین و زنجیری یەخسیری هەزارساڵەی زوڵم و چەوسانەوە و هەڵاواردن کە بە درێژایی مەودای مێژوویە و لە دەست و پێمان هاڵاوە، بپسێنین.
بژی یەکگرتوویی جیهانی ژنان بۆ رزگاری لە هەرچەشنە کۆیلەتییەک
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە