• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زایینی: ٢٠-٠٣-٢٠١٤ - هەتاوی: ١٣٩٢/١٢/٢٩ - ٢٠:٥٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی نەورۆزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی پەیامی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:


هاونیشتمانانی بەڕێز !

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان !


بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێوە، گەرمترین پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانتان پێشکەش دەکەین، هیوادارین ساڵی ١٣٩٣تان وەک بەهاری جوان و رازاوە پڕ بێ‌ لە پشکوتن و پڕ بێ‌ لە شادی و خۆشی، ژیان بە کامتان بێ‌و دوژمنانمان سەرشۆر بن و روو لە نەمان.


با لەو دەرفەتە پیرۆزە کەڵک وەربگرین و هەموومان پێکەوە سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان بنێرین بۆ بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز و هەمیشە زیندووی رێگای رزگاریی وڵاتەکەمان لە چنگ زۆرداری، دواکەتوویی و ستەم، ئەو شەهیدانەی کە هەمیشە لە یادمانن و رێگایان تا گەیشتن بە ئاواتەکانیان بەردەوام دەبێ.


نەورۆز لە ئێوەش پیرۆز بێ، رۆڵە کۆڵنەدەر و چاونەترسەکانی گەل لە نێو زیندانە تاریکەکانی رێژیمی نەزانی و سێدارە، کە بە تاوانی مافخوازی لەم رۆژانەی جێژندا، بە دوور لە ئامێزی گەرم و پڕ لە خۆشەویستیی بنەماڵە و ئازیزانتان و بێبەش لە جوانیی بەهار و خۆشیی رۆژانی جێژن، لەگەڵ زیندانە‌وان و ئەشکەنجەگەرانی دڵڕەش، دەبێ‌ لە زیندانەکاندا بمێننەوە، ورەتان بەرز و دڵتان پڕ لە هیوای دوارۆژی رزگاری.


پیرۆز بێ‌ لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات و هەموو ئەو تێکۆشەرە ئاگا‌ و وشیارانەی کەلە نێوخۆی وڵات و لەژێر مەترسی و هەڕەشەی بەکرێگیراوانی رێژیم لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تا بە شێوەی گونجاو دژی رێژیم بەربەرەکانی بکەن و ئامادەن لە پێناوی ئازادیدا نرخەکەی بدەن.

خۆشەویستان!

ئێستا، کە بە هیوایەکی نوێ‌وە بەرە‌و پیری ساڵێکی نوێ‌ دەچین، جێی خۆیەتی ئاوڕێک لە یەک ساڵی رابردوو، ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بدەینەوە، ساڵێکی دژوار و پڕ کوێرەوەری وەکوو هەموو ماوەی تەمەنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو خەڵکی ئێران و بە تایبەت بۆ نەتەوەی کورد لەو وڵاتە. لەو پێوەندییەدا ئەگەر بمانەوێ‌ ئاوڕ لە هەموو رووداوەکانی ئەو ساڵە بدەینەوە بۆ خۆی پێویستیی بە کاتێکی تایبەتی هەیە و لەو پەیامەدا ناگونجی، بۆیە بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵی گشتی بۆ وێنە دەکەین:

ـ بە پێی هەڵسەنگاندنی سندووقی نێونەتەوەیی دراو، رێژەی بێکاری لە ئێراندا، لە ساڵی رابردوو لە هەڵکشاندا بووە، هەر بە پێی ئامارەکانی خودی رێژیمی ئیسلامیش، ئەو رێژەیە لە کوردستانی ئێران، بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی ئێران لە سەرەوەتر بووە.

ـ بە پێی ئامارە نارەسمییەکان و تەنانەت ئامارە جێی گومانەکانی رێژیمیش، توشبوون بە مادەی سڕکەر لە ساڵی رابردوودا زۆرتر و زۆرتر بووە. بە وتەی وەزیری کار‌وباری ناوخۆ ٦ میلیون ئێرانی بە شێوەی راستەوخۆ گیرۆدەی مادەسڕکەرەکان بوون و ٩٢%ی خەڵکی ئێران نیگەرانی ئەو دیاردەیەن. سەرپەرەستی دەبیرخانەی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی بەربەرەکانێ‌ لەگەڵ مادە سڕکەرەکانی پارێزگای سنە دەڵی نزیک بە بیست هەزار تووشبوو بەو مادانە لەو پارێزگایە هەیە.

ـ گرانی و هەڵاوسانی ئابووری و توشبوون بە مادە سڕکەرەکان، دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتیی زیاتری بە دوای خۆیدا هێناوە و ژمارە و ئاماری خۆکوژی و تەڵاق و خۆکوشتنی ژنان روو لە هەڵکشانە. بە پێی ئاماری ناوەندی پزیشکی قانوونیی کرماشان، تا کۆتایی مانگی سەرماوەز ٣١٢٥ کردەوەی خۆکوژی لەو پارێزگایەدا رووی داوە کەلە چاو ساڵی پێشوو ١٠% زیادی نیشان دەدا. سەبتی ئەحواڵی ئەو پارێزگایە رایگەیاندوە لە ٦ مانگی سەرەتای ئەو ساڵەدا رادەی تەلاق ١٣،٣% زیادی کردووە و لە بەرانبەر هەر ٤ هاوسەرگیری ٣ تەڵاق سەبت کراوە.

ـ لە ساڵی رابردوودا کارنامەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەردەوامی توندوتیژی و سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ رەش‌تر لە جاران بووە.


بابەتێکی دیکەی جێگای سەرنج کەلە هەمان کاتدا وەک ئەزموونێک جێگای لێ‌ فێربوونە، جێگۆڕکێی بەرپرسانی رێژیم لە نێوان ئەحمەدی‌نژاد و رۆحانی وەک سەرکۆماری وڵات بوو، لەو شانۆگەرییەدا کە رێژیم وەک هەموو جارەکانی دیکە رێکی خست، رۆحانی بە گوتاری جیاواز لە ئەحمەدی‌نژاد و بە قەول و بەڵێنیی دابینکردنی داخوازە سەرەتایی‌یەکانی خەڵک، توانیی سەرنجی بەشدارانی هەڵبژارن بۆ لای خۆی رابکێشێ.
دیاریکردنی رۆحانی لە ئاکامی ئەو بە ناو هەڵبژاردنەدا، خۆشی و هیوایەکی وەهای لە نێو بەشێکی خەڵکدا پێکهێنا وەک ئەوەی ئەزموونی بەڵێنەکانی کاندیداکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو‌ چارەنووسی ئەو بەڵێنانەیان لە بیر کرد بێ و لایان وابێ‌ بەراستی رۆحانی باوەڕی بەو بەڵێنانە هەیە‌و وەک سەرکۆماریش لە توانای دایە کە جێ‌بەجێ‌یان بکا! لە بەڵێنەکانی دەتوانین ئاماژە بەمانە بکرێ:

لابردنی فەزای ئەمنییەتی لە سەر وڵات، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکانی مەهدی کەروبی و میرحوسێن مووسەویشەوە، بەڕێوە بردنی یاسای بنەڕەتی، سەربەخۆکردنی دەزگای قەزایی، ئازادیی رادەربڕین، خوێندنی زمانی دایکی لەو ناوچانەی کە نەتەوەکانی غەیرە فارسی لێ‌ نیشتەجێن وەکوو کوردستان، دیاریکردنی بەرپرسانی ئەو ناوچانە لە نێو کەسانی خۆجێی و تەنانەت بەڵێنی دیاریکردنی جێگرێکی سەرکۆمار بە مەبەستی پێراگەیشتن بە کێشەکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان. کەسانێکیش ـ هەرکام بە مەبەستێکەوە ـ لەسەر ئەو قەول و قەرارانە کەوتنە پڕ‌وپاگاندە کردن بۆ رۆحانی و ئەوەندەی لە توانایاندا بوو لە راستای سەرکەوتنی رۆحانی و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن درێغییان نەکرد، بەڵام رۆحانی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە نەک بەڵێنەکانی فەرامۆش کرد و پشت گوێ‌خستن، بەڵکوو راست بە پێچەوانەوە کاری کرد، ئەویش دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە:

یەکەم ـ رۆحانی کەلە ماوەی هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە مۆرەکانی ئەمنییەتی ئەو رێژیمە بووە و وەفاداری خۆی بەو رێژیمە ‌و وەلیی فەقیهـ سەلماندووە، لە بنەڕەتدا باوەڕی بە پێکهاتنی ئەو ئاڵوگۆڕانە لە رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نییە.
دووهەم ـ لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوە سەرکۆمار نییە کە دەسەڵاتی هەیە، بەڵکوو تەنیا وەلیی فەقیهـ دەسەڵاتی دیاریکردنی سیاسەت و بەرنامەی کاری دەرەوە و ناوخۆی هەیە، وەک خاتەمی لە کاتی خۆیدا گوتی لەو سیستەمدا سەرکۆمار لە تەداروکچییەک زیاتر هیچی دیکە نییە.

لە رێوڕەسمی ناساندنی پارێزگاری نوێ‌و بەڕێکردنی پارێزگاری پێشووی سنەدا، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی رۆحانی بۆ سووکایەتی کردن بە گەلی کورد رایگەیاند کە ئەو زۆری پێخۆش بوو کە کەسێک لە خەڵکی خۆجێی بۆ ئەو بەرپرسایەتییە دیاری بکا، بەڵام بە داخەوە کەسێکی شیاوی لە نێو کوردەکاندا نەدۆزییەوە، بەڵێنی خوێندن بە زمانی دایک بە راگەیاندنی دژایەتی ناوەندی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی لە بیر کرا و لە جیاتیی جێگری سەرکۆمار بۆ کار‌وباری کەمینەکان لە نێو خۆیاندا، عەلی یوونسی وەزیری پێشووی ئیتلاعات وەک راوێژکاری تایبەتیی سەرکۆمار دیاری کرا.


سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین، داخستنی چەند رۆژنامە و دەسبەسەرکردنی چەند تێکۆشەری جیابیر لەو ماوەیەدا ئاکامی بەشێکی دیکە لە بەڵێنەکانی رۆحانی بووە. جێگای سرنجە کە ئازادی رادەربڕین لەو ماوەیەدا بە شێوەیەک کەوتە ژێر مەترسی کە سەرکۆمار بۆ خۆی و دەوروبەری، دەپاڕێتەوە و دەڵێ‌: "ئەوانەی رەخنەگر و دژی دەوڵەتن ئازادن، بەڵام ئیزن بدەن هەر لەو ئاستەشدا، هاوڕێیانی دەوڵەت لە ئازادی و ئەمنییەت بەهرەمەند بن و رەخنەی بنیاتنەر بگرن''.

هاوڕێیانی بەڕێز!

هەموو ئەو ستەمکارییانە لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە و بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە لە نێوخۆی وڵات سیاسەتێکی نوێ‌ نیە، بەڵکوو هەر لە بنەڕەتەوە، رێژیم لەسەر ئەساسی ئەم جۆرە سیاسەت و بیرکردنەوانە دامەزراوە و لە وەها سیستەمێکیش لەوە زیاتر چاوەڕوان ناکرێ، بەڵام ئەوەی جێگای چاوەڕوانی نییە، هیوا بەستن بەو رێژیمە بە تایبەت لەلایەن کۆمەڵێک لە هاونیشتمانانی کوردەوەیە کە بە بێ‌ وەبیرهێنانەوەی بانگەشە و بەڵێنییەکانی بەناو هەڵبژاردنەکانی پێشوو و بە درۆ و فریوکارییەکانیان کە لەو رێژیمەدا مەشرووعییەتی ئایینی پێ دراوە، جارێکی دیکە دەکەونە ژێر شوێندانەریی هێندێک بەڵێن و دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی بۆ دەدەن.

بەڕێزان!

رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای بەخۆدا هەڵگوتن‌و رواڵەتی درۆینی بەهێز لەخۆ نیشاندان، لە هەموو کاتێک بێ‌هێزترە، چونکە بەهێزبوونی حکوومەت نە بە ژمارەی زۆری هێزە سەرکوتکەرەکانی و داپڵۆسینی خەڵکی بێ‌تاوانە، بەڵکوو بە رادەی قایمبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی و متمانەی خەڵکەکەیەتی.

لە ئێستادا کەمترین ژمارەی خەڵک متمانەی بەو رێژیمە و هیوای چاکسازی ماوە، خەڵک ئەو رێژیمە وەک داگیرکەر چاو لێ‌ دەکەن و بە دوای بچووکترین دەرفەتەکانەوەن کە حکوومەت لە چنگ داگیرکەر دەر بهێنن و رادەستی نوێنەرانی راستەقینەی گەلانی بکەنەوە. دەسەڵاتدارانی رێژیمیش باش لەو راستییە تێگەیشتوون بۆیە هیچ دەرەتانێک بۆ ئازادی رادەربڕین و جیابیران ناڕەخسێنن.

رێژیمێک کە پشتی بە خەڵکی خۆی قایم بێ‌ ترسی لە رەخنەی رۆژنامەنووسێک، داواکاریی مافخوازێکی نەتەوەیی و تەنانەت خوێندن بە زمانی دایک نییە و بەو تاوانانە ئەو خەڵکە زیندانی و ئیعدام ناکا. رێژیمێک کە خۆشەویستیی خەڵک بە هێز و توانای خۆی ئەژمار بکا، لە بەرانبەر داخوازیی وڵاتانی دیکەدا بە بیانووی ''نرمش قهرمانانە" سەردانانەوێنی و ئەوەندە زەلیل و داماو نابێ. ــ هەر چەند ئێمە لەو باوەڕەدا بووین و هەین کە پرۆژەی ناوکیی ئێران بە مەبەستی دەست راگەیشتنی رێژیم بە چەکی ناوکی هەر لە رۆژی یەکەمەوە سیاسەتێکی هەڵە و سەرەڕۆیانە بووە، هەتا زووتر دەست لەو خەون و خەیاڵە ئاژاوەگێڕانەیە هەڵ بگرێ‌، زۆرتر بە قازانجی خەڵکی ئێرانەــ .

بێجگە لە لاوازی و داماویی رێژیم، بەگشتی سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەو شێوە حکوومەتانە بەسەرچووە، چونکە توانای ئاڵوگۆڕ و هاوئاهەنگ کردنی خۆیان لەگەڵ رەوتی سەردەم نییە، بۆیە هەر وەکوو هەموو ئەو شێوە حکوومەتانەی لە دوور‌ و نزیکی خۆمان دەیانبینێن مەحکووم بە نەمانن، کەوابوو کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەک بە یەکگرتوویی بە دژی راوەستین و چی دیکە فریوی درۆ و دەلەسەکانیان نەخۆین، ئەرکێک کە لەم راستایەدا دەکەوێتە سەرشانی هەموو تاکەکان ئەوەیە کە لانیکەم بۆ خۆمان یارمەتی بۆ سەرکەوتنی چەواشەکارییەکانی نەکەین. باوەڕ بە هێز و توانای لە بڕان نەهاتووی خۆمان بێنین وەکوو هەموو ئەو خەڵکانەی کە لەماوەی ٤ ــ ٥ ساڵی رابردوودا بە دەستی بەتاڵ بەگژ دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا هاتنەوە و سەرکەوتن.

با بەو هیوایەوە هەموومان بە پێشوازیی ساڵی تازە و بچین و، ئاگری نەورۆز‌ و خۆشی و هەڵپەڕکێیەکانی ئەم بۆنە پیرۆزە بکەین بە هەوێنی گوڕوتینی خەباتکارانەمان و سەهوڵبەندانی تاریکی و سارد و سڕی ستەم و دواکەوتوویی رێژیمی پێ‌ بتوێنینەوە.

بە بڕوا بە نوێ‌بوونەوە و خەبات و تێکۆشان، نەورۆز و سەری ساڵی تازەتان پیرۆز، ساڵێکی پڕ شادی و جێژن و سەرکەوتن و نەمانی ستەم و ستەمکاریتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.


حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٢٩ی رەشەمەی ١٣٩٢
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک