کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆستەم جەهانگیری: جەماعەتی گولەن یارمەتیدەری چارەسەری پرسی کورد لە تورکیەدا نین

17:16 - 11 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: شەڕی ناخۆی تورکیە لە نێوان جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەروک وەزیرانی تورکیە بۆتە مانشێتی راگەیاندنەکانی جیهان و تورکیە.

جەماعەتی گولەن سیاسەتەکانی بە شێوەیەک داڕشتووە کەلە راگەیاندنەکان هێرشی توند دەکەنە سەر (AKP) و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان و زەق کردنەوەی گەندەڵیی ئیداری و سیاسیی ئەو حیزبە لە حکوومەتی تورکیە بۆ راکێشانی شەقامی تورکیە، داوا لە خەڵک دەکەن بێ دەنگ نەبن و لە یەکێک لە کەناڵەکانی تورکیە هەڕەشەی ئەوەیان لە ئەردۆغان کرد کە دەبێت باجی هەموو ئەو دۆسیانە بدات کە پەیوەستە بە گەندەڵیی ئیدارییەوە.

کوردستان میدیا بە مەبەستی تاوتوێ کردنی کێشەکانی نێوان جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەروک وەزیرانی تورکیە و بەرپرسی پایەبەرزی حیزبی داد و گەشەپێدانی (AKP) وتووێژێکی لەگەڵ رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

کوردستان میدیا: دوای ئەو گەندەڵییە ماڵییە کەلە تورکیە رووی دا هەتا ئێستاش ئەو وڵاتە ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە و ماوەیەکیشە بڵاوبوونەوەی دەنگی تۆمارکراوی ئەردۆغان و کوڕەکەی، کێشەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە و شارەزیان لەو باوەڕە دان ئاقاری کێشەکان زیاتر تاکەکەسی کراوە و تورکیە بەرەو گۆڕانێکی سیاسی دەڕوات، رای ئێوە لەو باریەوە چییە؟

جەهانگیری: ئەوەی راست بێ ئەو گەندەڵییە ماڵییەی تورکیە کە بە شێوەیەی راگەیاندن باسی لێوە دەکرێ زیاتر پاش هاتنە ئارای دژایەتییەکانی نێوان لایەنەکان رەنگی داوەتەوە. گرووپی خزمەت کە گرووپێکی ئیسلامییە و لە باری مادییەوە زۆر هاوکاریی خەڵکی کردووە، تەبلیغی ئایینی ئیسلامی لەنێو خەڵکی تورکیەدا دەکات، ئەو گرووپە بە رێبەریی فەتحوڵڵا گولەنە و هەر وەک دەزانن فەتحوڵڵا گولەن و رەجەب تەیب ئەردوغان هاوپەیمان بوون. نفووزی رێکخراوی خزمەت لە نێو کۆمەڵگای تورکیەدا هەیه، بەتایبەت لەنێو دەزگای دادی تورکیە و لە نێو دەزگای ئاسایشی تورکیە، بەڵام دوای ئەوە کە ئەردوغان هێندێک بەدوای خواستی گولەنەوە نەچوو و پێشی ئەوانەی گرت، ناکۆکییان تێ کەوت و هێندێک کاسێتی مونتاژکراو بڵاو کردەوە، بۆ ئەوەی پاشەکشە بە حیزبی ئەردوغان بکەن و بە پێی هێندێک سەرچاوە تەنانەت له خودی ئەردوغانیش هەڕەشە کراوه کە ئەگەر گوێ لەوان نەگرێ زۆر شتیان هەیە لەسەری بڵاو بکەنەوە. هەر ئەوە بوو کە دەنگی ئەردوغان و کوڕەکەیان بڵاو کردەوە کە هەر زوو لەلایەن دەزگای پێوەندیدارەکانەوە راگەیاندرا کە ئەو دەنگە مونتاژە. دادگا ئەوەی تەیید کرد و بۆیە ئەردوغان هەر زوو رایگەیاند کە تەسلیمی شانتاژ نابێ و ئەو کاسێتانه مونتاژە و ئەو بڕە پارەی کە باس کراوە لە یەک دیوی گەورەدا هەر جێی نابێتەوە. وێدەچێ کە نەک هەر ئەو کاسێته توماری دەنگ بڵاوکرانەوە نفووزی حیزبی ئەردوغان کەم کردەوه. بەڵام رێکخراوی خزمەت کە دەوری ٣% نفووزیان هەیە ئەوان ئیتر لە ریزی حکوومەت دوورکەتوونەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە هەر ئەو رێژەیە کە گوترا کەمتر بێت. رێکخراوی گولەن کەوتووتە بەرەی CHP ئەوەش بۆ خۆی ناکۆکیی لە نێو ئەو گرووپەدا دروست کردووە و جودابوونەوەش لە نێوانیاندا هاتووتە پێش. بەڵێ ئەو نەزەرەی شارەزایان دروستە، بەڵام حیزبی ئەردوغان بە تەواوی بە شێوەیەک کە خودی ئەردوغانیش چاوەڕەوانی نەکرد پشتی ئەردوغانیان گرتووە. ئەگەر تەماشا دەکەین جودا بوونەوە لەو حیزبەدا لە سەتحی ٨ پارلمانتێر تێنەپەڕێ. ئەوە بوو گرووپی فەتحوڵڵا گولەن زەربەیەکی زۆر قورس بوو. چونکە فەتحوڵڵا گولەن حیسابی لەسەر عبدوڵڵا گول و بلیند ئارینج دەکرد کە فشار بو ئەردوغان بێنن و لێی جیا ببنەوە، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوە رەخنەیان لە هێندێک هەڵسوکەوتی سەروکی حیزبەکەیان هەیە، بەڵام لێرەدا پشتیان گرت. بۆیە بە نەزەری من کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێ کە بتوانن حیزبی ئەردوغان لەسەر کار لا بەرن، بۆیە حیزبی ئەردوغان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا هەر له پێش دەبێ. چونکە ئەردوغان و حیزبی AKP هێندێک سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ژیانی ئاسووده بۆ تورکیە هێناوه. بۆیە نایانهەوێ ئەو سەقامگیر و ئاسوودەیی کە هەیانە لە دەست بدەن. خەڵکی هیچ ئالتێرناتیڤێک نابینن کە ئەگەر ئەردوغان لا ببەن کێ دێتە جێی ئەردۆغان CHP و MHP ناتوانن جێگرەوەی ئەردوغان بن، چونکە بە درێژایی مێژووی تورکیە تاقی کراونەتەوە و لەو تاقیکرنەوانەدا سەرکەوتوو نەبوون. نفووزیان زۆر کەمە ناتوانن حکوومەت پێک بێنن. دەبێ به هاوپەیمانی پێک بێ که ئەوه ناسەقامگیری جارێکی دیکه لەو وڵاتەدا دێته ئاراوه. بۆیه خەڵکی ئەو وڵاته ئەو سەر ئێشەیە ناخوازن.

کوردستان میدیا: دیارە تورکیە بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و رکابەرییەکان قۆناغێکی دیکەیان بەخۆیەوە بینیوە و هەتا دێت کێشەی نێوان ئەردۆغان و گولەن زیاتر زەق دەبێتەوە و سەرۆک وەزیرانی تورکیە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڕەشەی لە فەتحوڵڵا گولەن کردووە و دەوترێت ئەو پیاوە ئایینییە دژی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیەیە، ئایا کێشەکانی ئەو دوو لایەنە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت؟

جەهانگیری: بە نەزەری من کاریگەریی خۆی هەر دەبێ و ئەو کێشانە زیاتریش پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن و تورکیە وڵاتێکی نیمچە دێموکراتیکە و دوای ئەو هەڵبژاردنەش هەر دەبێ. چونکە گرووپی خزمەت هەزاران قوتابخانە و سەدان کارخانەیان هەیە و ئەوانە هەتا ئێستا داهاتی زۆری ماڵییان بۆ ئەو گرووپە هەبووە. به کورتی بەرژەوەندیی ئەوان کەوتۆته مەترسی، پێ دەچێ حکوومەت دوای هەڵبژاردن سنوورێک بۆ سەرچاوە داهاتی ئەو گرووپە دابنێت. ئەوە بۆ خۆی زەربەیەکی کاریگەرە کە دەتوانێ زۆر لاوازیان بکات. لە لایەکی دیکەوە هەر چەند گرووپی خزمەت خودی فەتحوڵڵا گولەن داوایان کردووە کە خۆێندن بە زمانی دایکی ئازاد بێ، بەڵام بە هۆی بیر و بڕوای مەزهەبییەوە زۆر بە توندی موخالیفی PKKـەن ئەوان موخالیفی ئەوەن کە هەوڵی چارەسەریی مەسەلەی کورد له رێگای سیاسییەوە بکرێت وەک نەتەوەیەک جیا لە تورک چاو لێ بکرێت. لە دیدی ئەوان هەموو کەس ئومەتی ئیسلامە. به نەزەری من لەو باره جیاوازیی فیکریی ئەوتۆیان لەگەڵ رێژیمی ئێران نییه. هەر کەس لەگەڵیان نەبێ، به چاوی نەیار چاوی لێ دەکەن، بۆیه به چاوی ئەمنیەتی و ئیدئۆلۆژیکییەوە چاو لە مەسەلەی کورد دەکەن.

تەنانەت دەڵێن دەبێ روخساری دەوڵەت بپارێزت، پارچەبوونی وڵاتی تورکیه بە قەوڵی خۆیان قەبووڵیان نییە به هێڵی سوور دەزانن، دیارە دەبێ ئەوەش بڵێین که راگەیاندنی فەتحوڵڵا گولەن کە زۆریش بە هێزە زۆریش بەربڵاوە، زۆر بە توندی هێرش دەکاتە سەر حکوومەتی ئەردوغان PKK هەردووکیان بە هاوپەیمانی یەکتر ناو دەبەن. لە بیر و هزری ئیسلامی کەڵک وەرگرتن لە دژی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا هەر بەر دارودەستە ی بێگانەکان و دژە ئایین ناو دەبەن لە تەلەفزیۆنەکانی خۆیاندا فیلم و سریاڵی PKK دروست دەکەن و لەو فیلمانەدا سووتاندنی قورئان و مزگەوت و نیشان دانی کورد دژە ئیسلام و بی دین. لە بیرمان نەچی ئیفشابوونی وتووێژ ئوسولو بە پێی قسەی سەروک وەزیرانی تورک دەبێ ئەو گرووپەی فەتحوڵڵا گولەن کردبێ. قەتڵەکانی کەلە پاریس کران هەر پاڵ بە ئەوانەوە دەدرێت کەلە نێو میتی تورکیەدا نفووزیان هەیە ئەو کارەیان کردووە. بۆ ئەوەی شەڕ دروست بێت و مەسەلەی چارەسەری پرسی کورد تێک بچێ.

کوردستان میدیا: سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دێموکراسی وتبووی، لایەنگرانیی گولەن سەرۆکی جەماعەتی نوور و رەجەب تەیەب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان زۆر بە توندی لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن و ئەگەری ئەوە هەیە کوردەکان لەو نێوەدا ببنە قوربانیی ئەو سیاسەتانە، روونکردنەوەی ئێوە لەو باریەوە چییە؟

جەهانگیری: مەنزوری سەلاحەدین دەمیرتاش نازانم لە چ بارێکەوە گوتووە، بەڵام بەنەزەری من مومکینە نەزەری ئەوە بێ کەلە شەڕی نێوان هەر دوولا چارەسەری پرسی کورد لە بیری حکوومەت بچێتەوە بۆیە وای گوتبێ، ئەوە هێندێک راستە، شەرایەت حەساسە. ئیختلافی نێوان ئەو دوانە تەعسیری خراپی دەبێ لەسەر چارەسەری مەسەلەی کورد. بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە وێدەچی مەسەلەکە هێندە درێژە نەکێشی و حیزبی AKP دەنگی یەکەمی هێناوە و ئەو جار پێ دەچێ تەسویە حیسابی لەگەڵ گرووپی فەتحوڵڵا گولەن توند ببێت و دەستیان لێ دەوەشینێن. بە تەواوی لە مەیداندا دەر دەکەن. لە سەر پرسی کوردیش حیزبی AKP نفووزەکی زۆر لە باکووری کوردستان هەیە، بوویە لە دەستووری کاری ئەردوغاندا رێگە چارەی بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، بەڵام مومکینه ئەو رێگایه به دڵی ئێمە نەبێ، یان باشتر بڵێن بۆ کورد هەنگاوێک لە پێیە. کورد گوتەنی لە نەبوونی باشترە هەر چەند هەنگاوی باش هاوێژراون، چاو لە نامەی رێزدار عبدوڵڵا ئۆجەلان بکەین بێ ئومید نییە و بە جۆرێک پشتی ئەردۆغانی گرتووە. ئەوەی گرووپی فەتحوڵڵا گولەن و هەروەها نەتەوە پەرستەکانی تورک و هەمیش CHPـەی تووڕە کردووە هەر ئەوەیه، چونکە ئەوان پێیان وایە کەلە کێشەی نێوان ئەردۆغان و فەتحوڵڵا گولەن دەبا لە کوردستانیش شەڕ چی بوایەت و جەنازە گەڕابانە بۆ ناو شارەکان، ئەوەش بۆ ئەوان هاوکارییەکی گەورە دەبوو، بەڵام عبدوڵڵا ئۆجەلان دەستوری شەڕ نەدا، یان درگای وتووێژی دانەخست، راگەیاند ئەوان بەنزین لەسەر ئەو ئاگرە داناکەن. ئەوه شەڕی گەندەڵی نییە، بەڵکو شەڕی کورسییە.

کوردستان میدیا: دەوترێت کە لایەنگرانی گولەن سەرجەم دام و دەزگا گرینکەکانی وڵاتی تورکیەیان بە دەستەوەیە و زۆر بە ئاسانی دەتوان رێڕەوی دەسەڵات بگۆڕن، پرسیارەکە لێرە دایە لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەوان لەهەڵبژاردنەکاندا، پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورکیەدا بەردەوام دەبێت؟

جەهانگیری: بەلێ راستە لە هێندەک دام و دەزگای داد و پۆڵیسدا نوفوزیان هەیە و هەبووە، بەڵام وێدەچێ ئێتر ئەو نفووزە نەمابێ، یان کەم بووبێ. چون هەر دوای قەزییەی پارکی گەزی و چاک کردنی پەروەندەی خیانەت بۆ سەرۆکی دەزگای میتی تورکیە و چوو وڵاتی ئوسڵۆ لەگەڵ نوێنەری PKK دیداری کردووه و دوای روودانی گەندەڵیی ماڵی و بلاوکرانەوەی دەنگی تومارکراوی بەرپرسانی حکوومەتی و حیزبی و دۆزینەوەی چەند دەزگای گوێگرتن لە دام و دەزگای حکوومەتی، دەوڵەت دەستی کردە بە راماڵینی هەوادارانی فەتحوڵڵا گولەن. بە هەزاران بەرپرسی قەزای و دادگوستەری و بەرپرسانی پۆڵیس گۆڕدراون و خانەنشین کراون، بۆیە پێم وایە ئەوان سەرکەون چون وەک دیارە دەوڵەتی ئەردوغان لە پێش رەویی دایە. خەڵکی تورکیە باوەڕیان بە گرووپی خزمەت نییە، پشتی ئەردوغانیان گرتووە. بە بۆچوونی من ئەوە ئەو جارەش حیزبی AKP دەبێتە یەکەم و ئەوان ناتوانن رێرەوی چوونە پێش پرسی چارەسەری مەسەلەی کورد بگرن، چون وێدەچی ئەوان ئاخرین کارتەکانی یاری خۆیان بەکارهێنا بێ و کارتیان بە دەست نەمابێ، ئەگەر مابێ ئەوە بە نەزەری من ئەو کارتی کە مابێت پووچن. چونکە ئەو هەڵبژارتنە بە رێفراندۆم بۆ ئەردۆغان و حیزبەکی دانراوە. ئەگەر AKP بە دەنگی زۆرتر سەرکەوێ ئەوە لە هاوێنی داهاتوودا هەڵبژارتنی پۆستی سەرکوماری لە تورکیە هەیە و بۆ ئەم پۆستەش خودی ئەردۆغان بەربژاری سەرکۆمارییە، دەتوانێ سەرکەوێ، بۆیە حەریفەکانی خۆیان لە دار و بەرد دەدەن هێندەک پاشەکشە بە حیزبی داد و گەشە پێدان بکەن، بەڵام هەتا ئێستاش کە لەگەڵ ئێوە دەدوێم هیچ نیشانەیەک لە پاشەکشە لە حیزبی AKPدا دیار نییە.

بە نەزەری من رێزدار عبدوڵڵا ئۆجەلان لەو بارەوە زۆر هەستیارانە و بەرپرسانە دەدوێ و هەنگاو هەڵدەگرێ. بە شێوەیەکی زۆر سەرپۆشیدە هەنگاوەکانی لە پشتیوانی AKP و خودی ئەردوغانن. ئەوە لە جێی خۆی دایه. بە نەزەری من چونکە حیزبەکانی دیکەی تورکیە بۆ پرسی کورد هیچ بەرنامەیەکیان نییە. بگرە باوەریان پێ نییە و سوێند دەخۆن کە ئەگەر هاتنە سەرکار ئەو پرۆژانەی کە بە قازانجی کورد کەوتونەتە بواری جێ‌بەجێ کردن هەڵوەشێننەوە. تورکیە بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئاتاتۆرک، ئەگەر ئەوە بکرێت ئەوە سەدی سەد بە زەرەری کورد دەبێت بۆیە رێبەری PKK زۆر وشیارانە و هەستیارنە هەڵوێستی گرت کە بە نەزەری من جیی تەقدیرە.

دیمانە/ داریووش رەشیدی