کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە خوێن رژا، کەلە پژا، رۆڵە کوژا، خوێنڕژان خۆشە کە ئابڕوو نەڕژا (مەلا برایم مەجید پوور)

21:00 - 11 خاکەلێوه 2714

مەلا برایم مەجید پوور

یەکێک لە رۆژە هەرە رەشەکانی مێژووی سیاسیی کوردستان رۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی بەرانبەر به ٣٠ی مارسی ١٩٤٧ی زایینی، پێشەوا قازی و حەمەحوسێن سەیفی قازی و ئەبولقاسم سەدری قازی لەو رۆژەدا لە سێدارە دران. ٦٧مین ساڵڕۆژی شەهیدانی چوار چرایە. یەکەمین سەرکۆماری مێژووی گەلی کورد دەبێتە قوربانیی گەل و نیشتمان کە دەبێ ئەو گەلە بەڕێزەوە یادی بکاتەوە. ئەو رۆژەیە کە شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو وەک رۆژی شەهیدان پێشنیاری کردووە. ئەوەش رێزگرتن و وەفایە بۆ شەهیدان.

لەم جیهانەدا هەموو گەل و نەتەوەکان رۆژانی جێژن و شایی و رۆژانی شین و گریانیشیان هەیە. بۆ ئێمەی کورد ١٠ی خاکەلێوە رۆژێکی گەلێک گرینگ و جێگای فەخر و شانازییە. لە هەمان کاتدا ناخۆشترین و تاڵترین رۆژی مێژووی ژیانمانە. مەزنترین و بایخدارترین و شیرنترینیان رۆژی (٢)ی رێبەندان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە. تاڵترین و قورسترین و بەژانترینیشیان (١٠)ی خاکەلێوە رۆژی لە داردانی پێشەوامانە. جێێ شانازییە چونکە یەکەمین سەرکۆماری کوردستان لە بەرانبەر جوخەی ئێعدام رادەوەستێ و دەرسی نەترسی و سووربوون لەسەر داوای مافی رەوا فێری رۆڵەکانی گەلەکەی دەکا. پێیان دەڵێ رزگاری گەل و نیشتمان ئەوەندە دێنێ سەری لە پێناودا بدەی. بە دنیای نیشان دا گەلەکەی خاوەنی مافێکی ئەوەندە مەزن و پیرۆزە کەلە پێناویدا لە ‌هیچ چەشنە گیانبازی وخۆ بەخت کردنێک سڵ ناکا. رادەگەێەنێ مەرگ لە رێگای ئازادیی نیشتماندا ژیانێکی تاهەتاییە و هەتا کورد مێژووەکەی هەیە لە بیریان ناکا. ئەو گەلانەی سەرکەوتون و بە ئامانجەکانیان گەیشتوون ئەو رۆژانە دەکەنە جێژن و شایی و بە هەڵپەڕکێ و چەپڵە رێزان یادیان دەکەنەوە. ئێـمەی کورد رۆژی خۆش و ناخۆشمان هەن کە جیا لەمانای ئاسایی‌یان، مانا و ناوەڕۆکی تایبەتیی خۆیان هەیە. ئێمە هێشتا سەر نەکەوتوین و بە ئامانجە ئەسڵییەکەمان نەگەیشتوین، هەروا لە حاڵی شۆڕش و بەرەنگاری داگیرکەران داین. یادی ئەو رۆژە بۆ ئێمە پڕە لە ئەزموونی تێکۆشان و دەرسن بۆ خۆبەخت‌کردن و قوربانی دان، هاندەرمانن بۆ خۆ رێکخستن و سازماندان بۆ ئەوڕۆ و سبەینێ‌مان، بارهێنانە بۆ سەردان لە رێگای رزگاریی نیشتمان. پێشەوا پێمان دەڵێ پشت بە خۆتان ببەستن لە هیچ حاڵەتێکدا بڕوا بە داگیرکەران مەکەن. ئەوە نییە لە پای سێدارەدا دەفەرموێ: \'\'داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆیان لە پێناوی رزگاریی کوردستاندا یەک بخەن و باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن. بژی کوردستانو کورد\'\'. ئەوەی دەبێ سرنجی بدرێتێ ئەوەیە پێشەوا دەفەرموێ: یەکگرن. ئەو بە روونی پێمان دەڵێ: کلیلی سەرکەوتنتان یەکبوونتانە. هەر وەها نافەرموێ حکوومەتی پەهلەوی، چونکە بڕوای وا بووە دەسەڵاتدارانی تاران کێ بن و چی بڵێن بڕوایان پێ مەکەن، چونکە دەگەڵ هەر شیرنییەکیان کوشندەترین ژەهریان تێکەڵاو کردووە ئەوەش ئەگەر لە بیرمان نەچووبێتەوە هەمومان دیتومانە کە چۆن لە وتووێژی ئاشتیدا رێبەریان تیرۆڕ کردین خۆ شا نەبوو، هەم کۆمار و هەم ئیسلامی بوو!! ١٠ی خاکەلێوە پێمان دەڵێ گەلەکەمان دوژمنی گەلێکن و دوستی راستە قینەی نییە. داگیرکەرانی کوردستان قەول و بەڵێنییان هەرگیز جێگای بڕوا نییە بڕواتان بە خۆتان بێ و هاوکار و یەکگرتوو بن. ببنە هێزێک بتوانن پارسەنگی رووداوەکان بەلای خۆتاندا بخەن سەرنجی دنیای دەرەوە بۆلای خۆتان رابکێشن. دڵنیا بن هێزی خۆتانە دەتوانێ پشتیوانی زلهێزان وەدەست بێنێ. خاکەلێوە دەسپێکی سەر لەنوێ ژیانەوەیە، خوێنی پێشەوا داری ئاواتی گەلی ژیاندەوە، ئاگرێکی سوتێنەری بۆ گیانی داگیرکەران داگیرساندووە. رێبەر و پێشەوای گەلمان ئاڵایەکی هەڵکردووە هەروا شەکاوەیە، داری ئازادیی چەقاندووە، لق و پۆی ئەو دارە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە دنیاشدا پەخش بووە. پێشەوا بەو خۆ کردنە قوربانی بۆتە ئەستێرەیەکی گەشی درەوشاوەی ئاسمانی کوردەواری و رێگای خەباتی رەوای رووناک کردووە. ئەو قوربانی و راپەڕێنە، ئەو گریان و پێکەنینە. بانگەوازی رزگارییە، داوای تێکۆشان بۆ هەرمانە. پێشەوا لە پای سێدارە پێمان دەڵێی: هاوڕێیانم ئەو پەیامەم بۆ گەل بەرن، من نەمردووم و گۆشت و ئێسکم دەگەڵ خاکەکەم تێکەڵاوە، هەموو بەهاران لە خاکەلێوەدا دەگەڵ هەموو گیا و گۆڵێک سەر هەڵدەدەمەوە، دەگەڵ رزگاری کوردستان بە یەکجاری هەڵدەستمەوە. رێبازێکم بۆ داڕشتوون گەلێک روون و بایەخدارە، لەهەر لایەکڕا بۆی بچێ ئاسۆی روونت لێ دیارە. وەرن با ئەو فەرمودەی پێشەوامان لە دڵماندا جێگە بکەین کە فەرمویە: \'\'من لە زۆوە خۆم بۆ ئەوە ئامادە کردووە و بە باوەشی ئاوەڵا پێشوازی لەو مردنە دەکەم کەلە رێگای ئازادی میللەتەکەمدا دەکوژرێم، ئەوە بەڵێنە کە بە نەتەوەکەم داوە، لەگەڵیان بژیم و بۆ ئەوانیش بمرم\'\'. کە من ئەو رێبەرانەی ئەوەندە دڵسۆز و بە وەفا بن بۆ گەلەکەیان. هەستی بە مەرگ کردوە و گوێی پێ نەداوە و خۆشی بۆ ئامادە کردووە، ژیانی دەگەڵ گەلەکەی پێخۆش بووە بۆیە نەیتوانیوە بەجێیان بێڵێ و بۆ ئەوانیش مردووە، ئەوە نییە سەری لە پێناوی رزگاری ئەواندا داناوە. ئەمەگ داری بۆ ئەو فیداکارییە ، بۆ رێزگرتن لەو هەڵویست و بوێرییە، بۆ تێگەیشتن لەو هەمو دووربینییەی پێشەوا، با لەو رۆژە لەبیرنەکراوەی مێژووەکەماندا بەڵێن و پەیمان دەگەڵ شەهیدان و گەل نوێ کەینەوە، ئەرکی شەرعی خۆمان وەک کوردێکی نیشتمانپەروەر و وەفادار بە شەهیدان لەبیر نەکەین و بە قەدەر توانای خۆمان بەجێیان بێنین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە