کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنی ئەخلاق لە سیاسەتدا (ئیبراهیم لاجانی)

15:51 - 12 خاکەلێوه 2714

ئیبراهیم لاجانی

لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی حیزبی و رووناکبیریی نێو بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا، خەریکە باسی شوێنی ئەخلاق لە سیاسەت و لە نێوجوڵانەوەدا دەکەوێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. ئەوە خۆی لەخۆیدا شتێکی تازە نییە، بەڵام دیاردەیەکی پۆزەتیڤە. دوكتۆر قاسملووی شەهید دەیان ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی ئێمە تێدەکۆشین ئەخلاق بێنینە نێو سیاسەت. بەڵام ئەوەی لەو بارەوە تازەیە ئەوەیە کە ئەو مەسەلەیە خەریکە دێتە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبی و تەشکیلاتییەکانمان و بەدەنەی حیزب و جەماوەری حیزب بە ئێسک و پێستەوە هەست بە زەروورەتی هێنانە‌گۆڕی ئەو باسە دەکەن.
بایەخ و گرنگیی شوێنی ئەخلاق لە سیاسەتدا لە وەوە سەرچاوە دەگرێ کە سیاسەت گرنگییەکی زۆری لە کۆمەڵگای ئینسانیدا هەیە. ئەو مەسەلەیە هێندە گرنگە کەلە کۆمەڵناسیی سیاسیدا سیاسەت و کۆمەڵ پێکەوە دێن. واتە کۆمەڵ و سیاسەت هەندێک جار دوو دەستەواژەن کە بۆ بەیانکردنی یەک مانا بە کار دەبرێن. کۆمەڵ لە سیاسەت جودا نییە و سیاسەتیش لە کۆمەڵ جیا نییە. لەوەش زیاتر لێکۆڵەرەوەکان و کۆمەڵناسەکان سیاسەتی ناسالم بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگا ناسالمەکان و سیاسەتی سالم و دروست بۆ تاریفکردنی کۆمەڵگا سالمەکان دەکەنە پێوانە. واتە کۆمەڵگای سالم ئەو کۆمەڵگایەیە کە سیاسەت تێیدا سالمە. کۆمەڵگای ناسالمیش، کۆمەڵگایەکە کە سیاسەت تێیدا ناسالم و گەندەڵە. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا، تێبینییە ئەخلاقییەکان نەمێنن، ئیتر هیچ وزە و ئینێرژیەک بۆ کاری خێر و پێکهێنانی رێفۆڕم و چاکسازی نامێنێ.
مەسەلەیەکی دیکەش لەو بارەوە زۆر گرنگە. ئەویش ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر هەندێک کەس وەک تاک بشتوانن، لە رێگای بێ ئوسووڵی و لە ژێرپێنانی بایەخە ئەخلاقییەکانەوە، خۆیان بەرنە پێش یان جێگا و مەوقعیەتێک بۆخۆیان دەستە بەربکەن، کۆمەڵگا ئینسانییەکان ناتوانن کارێکی ئەوتۆ بکەن. کەڵەكە بوونی گەندەڵی، خراپی، پیسی و بۆگەنی لە کۆمەڵگادا، وەک خورە کۆمەڵگاکان لە بەر یەک هەڵدەوەشێنێ و لە نێوخۆڕا تەفروتونای دەکات. هەموو ئیمپڕاتۆرییە گەورەکانی مێژوو لە ژێرباری قورسایی گەندەڵی و ناسالمی گەنیوی و درۆدا تێک تەپیوون. (سوسیالیسمی واقعەن مەوجود، ئیمپڕاتۆری عوسمانی، ئیمپڕاتۆڕی رۆم و ......).
سیاسەت بێ دایک و باب نییە. سیاسەت هەموو هەر هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی نان و دەسەڵات و مەقام و ناوبانگ نییە. لە سیاسەتدا وەک دوکتور قاسملوو دەڵێ لانی کەم دەبێ هەندێک چوارچیوە و ئوسووڵ و پرینسیپ هەبن دەنا کاری سیاسی و حیزبایەتی بێ نێوەڕۆک دەبێت. سەروبنی قسەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە دەیگوت ئێمە حیزبێکی مەسئوولین، سیاسەتی ئێمە سیاسەتێکی ئوسووڵییە. بۆ کاری سیاسی لانیکەمی سڵامەتی ئەخلاقی و کاردروستی پێویستن. چۆن مرۆڤ پێویستی بە ویژدانە تا وەک مرۆڤ جوان و ئینسانانە بژی، چۆن مرۆڤ پێویستی بە ویژدانە تا وەک مرۆڤ جوان و ئینسانانە بژی و مرۆڤی بێ ویژدان هەم بۆخۆی و هەم بۆ دەوروبەری پڕ مەترسییە، کۆمەڵگاش و بەتایبەتی کۆمەڵگای سیاسیش پێویستی بە ویژدانە و بێ ویژدانێکی زیندوو و ئاگا و وەخەبەر، واتە ویژدانێک کە نیگابانی ئوسوول و نۆڕم و پرنسیپەکان بێ، کارایی خۆی لەدەست دەدا.
ئەگەر نۆڕم و پرنسیپ و بایەخە ئەخلاقییەکان لە کۆمەڵدا نەمێنن یان بێ مانا بکرێن، کۆمەڵگا تووشی دڕندەیی و بێ سەرەوبەرەیی و لێک هەڵوەشان و نەخۆشیی جۆراوجۆر و پووچیگەریی دەبێ. تاکی ئینسانی بۆ ئەوەی لەبەر چاوی خەڵک چاک بنوێنێ تووشی ریاکردن دەبێ. جا هەتا تاکەکان زۆرتر لە دەوری یەک کۆبنەوە مەیل بە ریاکاری زۆرتر دەبێت. هەر بۆیە کۆمەڵگای سیاسی باشترین مەیدانە بۆ سەرهەڵدانی ریا و گەندەڵی. جا ئەگەر چاو و گوێی کۆمەڵ، ویژدانی کۆمەڵ واتە راگەیەنەرەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، حیزبەکان، کۆڕ و کۆمەڵە دێموکراتیکەکان کاری خۆیان نەکەن گەندەڵی و درۆ و ریا سەرتاسەری کۆمەڵگا دادەگرێ و وەک مۆریانە تاروپۆی کۆمەڵ لێک هەڵدەوەشێنێ.
بۆ ئەوەی خەڵک رێک بخرێن یا دەبێ بڕوا و متمانەمان پێبکەن، یا دەبێ بتوانین فریویان دەین یا دەبێ لێمان بترسن و بە زەبری گۆپاڵ و سەرەنێزە و قامچی و چەک لە دەوری خۆمانیان رێکخەین. خەڵک مایەی ئەوەیان تێدایە بترسن. مایەی ئەوەیان تێدایە بە فریوبچن. سەرەڕای هەموو ئەوانە هیچ کارێکی گەورە نییە لە مێژوودا بێ بەشداریی بەرین و چالاکانەی مرۆڤەکان بە ئەنجام گەیشت بێ. ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی خەباتگێڕ و میللی نە دەتوانین خەڵک بترسێنین، نە دەشتوانین خەڵک فریو بدەین. ئێمە یەک رێگامان لە پێشە ئەویش ئەوەیە کە دەبێت بڕوا و متمانەی خەڵکی خۆمان وەستبێنین. بەبێ ئەوە بە هیچ کوێ ناگەین. بە خەتکردنی خەڵک بە زەبری سەرکوت و زەبر و زەنگ و درۆ و فریو هیچ ئاکامی نییە. نموونەی ئەو شێوە رێکخستنەمان زۆر دیوون کە ئەگەر کاتی هاتووە بەرگەی چرکە ساتێکیشیان نەگرتووە. هێمن دەڵێ کە گۆپاڵی خەڵک دەرهات لە خیزی ئیتر میری گەورە نامێنێ فیزی.
ئەوە کە دەلێین ئێمە حیزبێکی بەرپرسین و سیاسەتێکی ئوسووڵیمان هەیە، بەو مانایەیە کە ئێمە لە سیاسەتدا چوارچێوەمان هەیە و لە هیچ هەلومەرجێکدا ئامادە نین و نابین پێ لە ئوسوولەکانمان، لە نۆڕمەکانمان و لە پرنسیپەکانمان بنێین. حیزبی سیاسی بەوە نابێتە حیزبێکی جەماوەری و خەڵکی کە هەر رۆژەی بەهەوای زاری ئەم کەس و ئەو فیسارە کەس، سیاسەت و هەڵوێستەکانی بگۆڕێ. ئێمە بۆ خاتری دڵی هیچکەس، هیچ دەستە و تاقمێک ئامادە نین ئەسڵەکانی سیاسەتی حیزبی خۆمان بخەینە بن پێ. ئەگەر بۆ خاتری وەدەستهێنانی دڵی هەندێک کەس، یا چین و توێژێکی تایبەتی، ئەسڵەکانمان بخەینە لاوە، ئەو دەم سەرمایەیەکی گەورەترمان لە دەست دەچێ. کە ئەویش متمانەی میللەتەکەمانە. ئەو هێزە سیاسییانەی تێدەکۆشن بە فریو و درۆ بڕوای خەڵک وەدەست بخەن، تەنیا خۆیان فریو دەدەن. ئەو حیزبی دێموکراتە بەو هەموو زەبرە کە وێی کەوتووە ماوەتەوە، راست لەبەر ئەوەیە کە میللەت بڕاو و متمانەی پێ دەکات.
پارێزگاری لە ئەسڵەکان، لە نۆرمەکان، لە پرنسیپەکان بەوە دەکرێ کە پێوانە بۆ رەفتار و کار و کردەوەی سیاسی دانێین و سەختگیربین لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ یەکتر. کار دەگەڵ حەزرەتی عیسای مەسیح ناخۆش بووە، چونکە سەختگیر بووە. تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتیش سەختگیرە. ئەو دیسپلینە توندەی لە حیزبدا وەک حیزبێکی خەباتگێڕ هەیە، وێنەیەکە لەو سەختگیرییە. ئەو ئەسڵانەی وەک سیمای دێموکرات دیاریمان کردوون و تێکۆشەرانی دێموکراتیان پێ دەناسرێنەوە، ئەو پێوانانەن کە بەسەر رەفتار و کار و کردەوەکانماندا زاڵن. ئەو ئەسڵانە لە حیزبدا لە حیزبی ئێمەدا بوونەتە قاعیدەی گشتی. ئەوە ئەو ئەرکەمان دەخاتە سەرشان کە پێش هەموو شتێک بە چاوی رەخنەگرانەوە بڕوانینە خۆمان. چ وەک تاکی حیزبی و چ وەک حیزب زۆرمان پێویستی بەوەیە لە دەرەوەی خۆمانڕا بخرێنە بەرچای رەخنەگرانە تا باشتر لەگەڵ زیادەڕۆیی و کەموکۆڕییەکانی خۆمان ئاشنا بین.
ئێمە بە گشتی نوختەی بە هێزمان زۆرن و دەستیشمان بەتاڵ نییە و میللەتەکەشمان متمانەی پێمانە. هەر بۆیە پێویستە هەمیشە وەک تاکی حیزبی لە مەحدوودیەتەکانی خۆمان فەزیلەت دروست کەین. واتە دەبێ قبووڵ کەین کەموکۆڕیمان هەیە. گرنگترینی ئەو کەموکۆڕییە لاوازیە لا کاراکتەری ئێمەدا. لاوازی لە کاراکتەردا لە پێداگۆگی دا بە دوومانا دێت. یەکەم بە مانای تایبەتمەندیە خسوسیەکانی تاک. دووهەمیش کۆنسیستێنت مانەر. یانی ئەوە کە بناخەت هەبێ، چوارچێوەت هەبێ، دوور بڕوانی، ستراتیژیک بیربکەیەوە، لەبەرانبەر هەڕەشە و وەسوەسەدا راوەستی. کاراکتەر بەو مانایە بڵند فڕێن دەگەڵ خۆی دێنێ. واتە باڵی فڕێن بە بڵنانماندا پێ دەبەخشێ. ئەوەش مەسونیەتمان لە بەرانبەر وەسوەسە و فریودا دەداتێ.
ئەزموونی خۆمان و خەڵکانی دی ئەوە دەردەخا کەلە هەر جێیەک لەبەرانبەر وەسوەسە و فریودا توند راوەستاوین، بردوومانەتەوە. لە هەرجێیەک بە قەولێک سیاسەتمان بە خەرج داوە و زرنگیمان کردووە، تووشی ناکامی بووین. سیاسەت هەمووی مامەڵە نییە. ئامانجی سیاسەت خێری گشتییە. تاریخی حیزبی ئێمە نیشان دەدات لە هەرجێیەک راست و دروستی مەسەلەکانمان لەگەڵ میللەتی خۆمان باس کردوە، خەڵک وەک قەڵا لە پشتی حیزبی خۆیان راوەستاون.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە